پێده‌چێت، زۆرجار، له‌ناو كات و زیاتریش له تاقیكردنه‌وه سه‌خته‌كاندا، به‌شێك له‌و راستییانه خۆیان ده‌ربخه‌ن و بسه‌لمێنن كه پێشتر، له ئه‌نجامی قوڵبوونه‌وه‌ی فیكری و زانستیی رووناكبیران و توێژه‌ران و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌زموونی گه‌لاندا، پێشبینییان بۆ كراوه، یان ده‌ستنیشان كراون.
كوردستانیبوون ئه‌وه نییه سه‌روه‌ت و سامان و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م هه‌رێمه بۆ ناوچه‌یه‌ك و بنه‌ماڵه‌یه‌ك و شارێك و گروپێكی سیاسی مۆنۆپۆڵ بكرێت و له‌و سه‌ریشه‌وه به‌ناوی هه‌موو كوردستان و كوردستانییانهوه بدوێیت!
ساڵانێكی زۆره، هه‌م له‌سه‌ر ئاستی عیراق و هه‌م كوردستانیش، ئه‌و به‌ڵگه‌نه‌ویسته دووباره ده‌كه‌ینه‌وه كه عیراقیبوون، بریتی نییه له مانا جوگرافییه‌كه‌ی. هه‌ركه‌س و گروپ و هێزێك له عیراقدا، له به‌سره‌وه تا ده‌گاته لای خۆمان، دروشمی عیراقیبوونی به‌رزكرده‌وه و وای گریمانه كرد كه ئیتر ده‌توانێت هه‌ڵگری ناسنامه‌كه‌ی بێت، ئه‌وا له وه‌همدا ده‌ژی.
عیراقیبوون، پێش ئه‌وه‌ی ره‌گه‌زنامه‌ی شارستانی و فۆرمی خۆراك و شوناسی سه‌ر پاسپۆرته‌كانمان بێت، پێش ئه‌وه‌ی گوزارشت بێت له جوگرافیایه‌كی سیاسیی كه په‌یوه‌ستبوونی تاك به خاكێكی دیاریكراوه دروست بكات، بریتییه له په‌یوه‌ندییه‌كی فكری. ئه‌م په‌یوه‌ندییه روونادات و بینا ناكرێت به‌بێ قبووڵكردنی بیری نوێخوازی كه پێش هه‌ر دهركهوتێك، بریتییه له زاڵبوون به‌سه‌ر هه‌موو په‌یوه‌ستبوونێكی تری لاوهكیدا، مه‌به‌ستمان په‌یوه‌ستبوونه به‌و بیروباوه‌ڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه تهقلیدییانهوه كه له بۆشایی بیری مۆدێرندا ده‌تكه‌ن به ئه‌ندامێكی ده‌مارگیر له چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رته‌سك و دیاریكراودا، به‌هۆی ئه‌وه‌شه‌وه، هیچ خاڵێكی كۆكه‌ره‌وه، یه‌كخه‌ر، یاده‌وه‌ریی هاوبه‌ش، پابه‌ندبوونێكی به‌كۆمه‌ڵ، له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتری هاونیشتمانیدا روونادات و له پراكتیكیشدا هیچ نرخێكیان نامێنێت.
نوێخوازیی فكری، بۆ گه‌لان و نه‌ته‌وه‌كان، راسته‌وخۆ، یه‌كسانه به كۆكردنه‌وه‌ی ته‌واوی ناسنامه تایبه‌تییه‌كان له‌ناو ناسنامه‌یه‌كی گه‌وره‌تر و كۆكهرهوهدا كه ناسنامه‌ی هاونیشتمانێتییه/هاووڵاتیبوون Citizenship به جیاوازی ره‌گه‌ز، ئایین، مه‌زهه‌ب، نه‌ته‌وه، ناوچه‌كه، بنه‌چه و هتد.. هه‌ر كه‌س و گروپێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی، ئه‌م بنه‌ما فكرییه‌ی ره‌چاو نه‌كرد، ناتوانێت لافی په‌یوه‌ندی به نیشتمانه‌وه لێ بدات ئه‌گه‌ر به هه‌زاران ساڵیش له‌سه‌ری ژیابێت!.
نوێخوازی فیكری Intellectual Modernity، ئه‌و وه‌رچه‌رخانه گه‌وره‌یه‌یه له مێنتاڵێتی مرۆڤ كه فێری هه‌رسكردنی جیاوازییه سۆسیۆلۆژی و كەلتوری و هزرییه‌كانی ده‌كات، له‌سه‌ر پره‌نسیپه‌كانی لێبوورده‌یی و پلۆرالیزم و ئازادییه‌كان رایده‌هێنێت، هه‌مووان له به‌رده‌م یاسادا یه‌كسان ده‌كات و سه‌رزه‌مینی سیاسیی نه‌ته‌وه و كۆی ئه‌و دانیشتووانه‌ی كه له‌سه‌ری ده‌ژین، ده‌كاته پێوه‌ر بۆ به‌های هاووڵاتیانی خۆی.
هه‌ر لێره‌وه، تۆ بۆ ئه‌وه‌ی عیراقی بیت، پێویستیت به‌وه‌یه كه له یه‌ككاتدا كوردبوون، سوننه‌بوون، شیعه‌بوون و هه‌ر پێكهاته‌یه‌كی تری سۆسیۆلۆژی له وڵات‌دا وه‌ك به‌شێك له سه‌رمایه‌ی نیشتمانی ببینیت، هیچ ده‌مارگیری و ره‌گه‌زپه‌رستی و عهسهبییهتێكی لاوه‌كیت له ئاستیاندا نه‌بێت، ئه‌و ئاستانه‌ی ئینتماش، هه‌ر هه‌موو، تا ئه‌و شوێنه به‌هادار و رێزلێگیراوبن كه به‌سه‌ر خۆیاندا دانه‌خرێن و ئهواینتر ره‌ت نه‌كه‌نه‌وه، ده‌نا عیراقیبوون هیچ نرخێكی نامێنێت و كۆمه‌ڵگه‌ش ده‌بێته گۆڕه‌پانی دووبه‌ره‌كی و ململانێ و بگره به‌ریه‌ككه‌وتنی توندوتیژی نێوان پێكهاته‌كان.
ئێمه له پێش و دوای پرۆسه‌ی ئازادیشه‌وه (2003ز)، به‌رده‌وام پێمان وابووه كه سه‌رچاوه‌یه‌كی هه‌موو ناسه‌قامگیری و ململانێ تائیفی و نه‌ته‌وه‌یی و ناوچه‌ییه‌كانی ناو ئه‌و وڵاته‌ی كه پێی ده‌ڵێین عیراق، ئه‌وه‌یه كه عیراقیبوون، هێشتا به‌و مانا و ده‌لاله‌ته فیكری و سۆسیۆلۆژییانه، له عیراقدا نه‌خه‌مڵیوه، بۆیه له باشترین حاڵ‌دا ته‌نها هه‌روه‌ك دروشمێك و ناسنامه‌ی سه‌ر ره‌گه‌زنامه‌ی باری شارستانی و كارتی نیشتمانی و پاسپۆرته‌كانمان و دیسكۆرسی فریوده‌رانه‌ی ماسمیدیاكان و دروشمی دیماگۆجییانهی هێزه سیاسییه‌كانمان ده‌مێنێته‌وه و هیچیتر.
بۆ پرسی كوردستانیبوونیش، هه‌مان هاوكێشهمان هه‌یه!. كوردستانیبوون په‌یوه‌ستبوون نییه به‌و جوگرافیا پانوپۆڕهوه كه لانیكه‌م، له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ی (ناسیۆنالیزم)ی كوردیدا و نزیك به سه‌ده و نیوێكه پێمان ده‌ناسرێت، ئه‌و دروشمه نییه كه پارته سیاسییه‌كانمان و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن باسی ده‌كه‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی له مانا قووڵ و ستراتیژییه‌كانی تێبگه‌ن، به‌ڵكو ئه‌و ناسنامه سیاسی و سیۆسیۆلۆژییه مۆدێرنه‌یه كه تاك و گروپ، له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا، له ئه‌ندامی بنه‌ماڵه و خێڵ و عه‌شیره‌ت و ناوچه و تایه‌فه و نه‌ژاد و ئایین و ئایینزا و پێكهاته‌ی تری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، ده‌گۆڕێت بۆ بوونه‌وه‌رێكی نیشتمانپه‌روه‌ر و هاونیشتمانی، ده‌یانكاته ئه‌ندامی چوارچێوه‌یه‌كی سیاسی و سۆسیۆلۆژیی گه‌وره‌تر له كۆی ئه‌و ئینتیما لاوهكییانهی كه هاونیشتمانییان هه‌یانه.
ئه‌گه‌ر كوردستانیبوون، له‌م هێما و واتایانه خاڵی بكرێته‌وه، ئه‌گه‌ر كرده‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌وڵه‌تداری و ئیداری له‌م بنه‌ما فكرییانه‌ی كوردستانیبوونهوه سه‌رچاوه نه‌گرێت، ئه‌وا بێگومان ده‌بێته ناوێكی په‌تی، ده‌بێته دروشمێكی پووچ و بێ ناوه‌رۆك، بگره ده‌بێته كه‌ره‌سته‌یه‌كیش بۆ بازرگانیكردنی سیاسی به‌ناویه‌وه!.
كوردستانیبوون، پێش ئه‌وه‌ی زاده‌ی ژیانكردنی مرۆڤگه‌لێك بێت له‌سه‌ر جوگرافیایه‌كی دیاریكراو، بیروباوه‌ڕێكی سۆسیۆلۆژیی مۆدێرنه كه تاك له ئینتیما ترادیشناڵ و ده‌مارگیره‌كان داده‌ماڵێت و ده‌یكاته‌وه به مرۆڤ، پاشان جێی ئه‌م مرۆڤه له‌ناو سیستمێكی دیاریكراوی بیركردنه‌وه و ره‌فتاری ئه‌وتۆدا ده‌كاته‌وه كه دواجار پابه‌ندی به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی ئه‌و هاووڵاتییانه بێت كه به ته‌واوی جیاوازییه‌كانیانه‌وه له‌سه‌ر خاكی كوردستان ده‌ژین.
كوردستانیبوون ئه‌وه نییه سه‌روه‌ت و سامان و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م هه‌رێمه بۆ ناوچه‌یه‌ك و بنه‌ماڵه‌یه‌ك و شارێك و گروپێكی سیاسی مۆنۆپۆڵ بكرێت و له‌و سه‌ریشه‌وه به‌ناوی هه‌موو كوردستان و كوردستانییانهوه بدوێیت!. كوردستانیبوون ئه‌و گرێبه‌سته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌یه كه تاك به ده‌وڵه‌ت و سیستمه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه و تاكه‌كانیش، هه‌موو وه‌ك یه‌ك، له به‌رده‌م یاسادا یه‌كسانن و ماف و ئه‌ركیشیان، بێ هیچ جیاكارییه‌ك، پارێزراوه. به پێچه‌وانه‌شه‌وه، هه‌ر قۆزتنهوهیهكی پێگه‌ی ده‌وڵه‌تی، له‌ناو سیستمی به‌ڕێوه‌بردندا، بۆ تێكدانی ئه‌و هاوكێشه نه‌گۆڕ و مهبدهئییانهی چه‌مك و ماناكانی كوردستانیبوون، هه‌ر زوو ره‌وایه‌تی نوێنه‌رایه‌تیكردنی كۆمه‌ڵگه و هاووڵاتیانی وڵاتت لێ وه‌رده‌گرێته‌وه.
نه‌ك ته‌نها له هه‌رێمی كوردستان، له هه‌ر وڵاتێكدا، هه‌ر سیستمێكی فه‌رمانڕه‌وایی كه ده‌سه‌ڵات و سامانی وڵاتی، دادپه‌روه‌رانه، دابه‌ش نه‌كرد و بگره بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی چوارچێوه ته‌قلیدییه‌كانی ئینتمای سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی، پاوانیكردن و قۆزتنیهوه، ئه‌وا له‌ناو كۆمه‌ڵگه و له‌لایه‌ن گروپه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان خۆیانه‌وه، په‌رچه‌كردار دروست ده‌كات، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات و سامانی وڵات بووبێته هۆی زیانی ماددی و مه‌عنه‌وی له به‌شه جیاجیاكانی دانیشتووانی وڵات، یان ته‌نانه‌ت هه‌ر ناوچه و رووبه‌رێكی جوگرافی كه هاووڵاتیانی له‌سه‌ر بژی.
كه ده‌ڵێین كوردستانیبوون، بریتییه له مێنتاڵێتییهكی مۆدێرن كه هه‌موو كه‌س و گروپێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ناتوانێت له ئاستیدا بێت، له بۆشاییه‌وه نادوێین، به‌ڵكو ئه‌مه ئه‌نجامگیریی بنه‌ما زانستییه‌كانه. فیرنارد برۆدیل Fernand Braudel (1902-1985ز) كه مێژوونووس و بیرمه‌ندێكی فه‌ره‌نسیی به‌ناوبانگه و دامه‌زرێنه‌ری قوتابخانه‌ی حهولیات-ه (به فه‌ره‌نسی:Ecole des Annales) و له ناسینی مێژووی رووداو و وهرچهرخانهكاندا گرنگی به مه‌ودای دوورودرێژی مێژوو (La longue duree) ده‌دات، به روونی پێمان ده‌ڵێت كه ده‌شێت بیروباوه‌ڕه‌كان، زۆرجار، بۆ ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ ببنه زیندانێك بۆ مرۆڤه‌كان، گۆڕانكارییش له مێنتاڵێتیی مرۆڤه‌كاندا پێویستی به هه‌شت سه‌د ساڵ بێت!.
كه له‌و وته‌زایه‌ی برۆدیل ورده‌بیته‌وه، راستییه‌كی ئازاربه‌خش ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌مان بیرده‌خاته‌وه كه ئێمه، هه‌ر به راستی، هێشتا له پارادایمی Paradigm كڕكهوتووی دێرینی خۆمان‌داین، هێشتا نه‌چووینه‌ته سه‌رده‌می بیركردنه‌وه‌ی مۆدێرنه‌وه، هێشتا هه‌ر له ناو زیندانی بیروباوه‌ڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی سه‌رده‌می ئهمارهتهكان و قه‌ڵه‌مڕه‌ویی خێڵه كوردییهكانداین، ده‌نا بێگومان زۆر ده‌مێك بوو كوردستانیبوون ده‌بووه ئینتیمایه‌كی مۆراڵی و پیرۆز و پابه‌ندكار، ده‌بووه هێزێكی به‌رگریی گه‌وره له جه‌سته‌ی نیشتمانی ئێمه‌دا، هه‌ر جاره‌ش به دۆسێ و ناكۆكییه‌كی دیاریكراو، له قۆناغێكه‌وه بۆ قۆناغێكی تر، پارچه پارچه نه‌ده‌بووین و نه‌ده‌گه‌یشتینه ئه‌م رۆژگاره تاریكه‌ی ئه‌مڕۆمان كه ته‌نها یه‌ك ناونیشان هه‌ڵده‌گرێت: شكستی كوردستانیبوون..!
بابەتی زیاتر