ده‌سته‌واژه‌ی (سیاسه‌تی نه‌گۆڕ)، به‌و پێوه‌ره هه‌ڵوێستێكی باشه كه په‌یوه‌ندیی به داكۆكییهوه هه‌بێت له كۆمه‌ڵێك پره‌نسیپ، كه په‌یوه‌ندییان به ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، یان به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای وڵاته‌وه هه‌بێت، یان بۆ چاكه‌ی گشتی و قازانجی كۆمه‌ڵگه بێت، یان ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ست بوو به گروپێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه، له‌سه‌ر حسابی كۆمه‌ڵگه و ده‌وڵه‌ت نه‌بێت، به‌و پێیه‌ی، ئه‌م دووانه‌یه، راگری یه‌كترن و نابێت هیچ سیاسه‌تێك، به زیانیان بشكێته‌وه.
سیاسه‌تی نه‌گۆڕ، ته‌نها له‌م كۆنتێكسته‌دا چه‌مكێكی به‌جێیه، ده‌نا له‌مانه به‌ده‌ر، ده‌بێته جۆرێك له چه‌قبه‌ستوویی، دژه كرانه‌وه، ناكۆك به گۆڕانكاریی ئه‌رێنی، هه‌ندێجاریش وه‌ك له كه‌لله‌ڕه‌قی و بێباكی، ده‌رده‌كه‌وێت.
له كایه‌ی سیاسه‌تدا، ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه، له‌ناو هه‌مان هاوكێشهدایه، بگره قووڵتریش!. ماكیاڤیلی(1469ز- 1527ز) كه خاوه‌نی كتێبی (میر)ه و له فه‌یله‌سوفه سیاسییه به‌ناوبانگه‌كانی جیهانه، كاری سیاسی وا تیۆریزه ده‌كات كه پێویسته خۆی له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجه گۆڕاوه‌كاندا بگونجێنێت، پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرێت كه فه‌رمانڕه‌وایان له‌سه‌ریانه مرونه‌تی ته‌واویان له كاروباری سیاسی‌دا هه‌بێت، سه‌ركه‌وتنی سیاسیشیانی گرێداوه‌ته‌وه به‌وه‌ی توانای ئه‌وه‌یان هه‌بێت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشان و داكشانهكانی چانس و هه‌لومه‌رجه‌كاندا بكه‌ن.
هه‌رچی هینری كیسنجه‌ر-ه (1923ز-2023ز) كه خاوه‌نی (70) ساڵ ئه‌زموون و شاره‌زایی كردارییه له سیاسه‌تدا، زۆر به ساده‌یی بیرمان ده‌خاته‌وه كه سیاسه‌ت هونه‌ری خۆگونجاندنه له‌گه‌ڵ باڵانسی هێز و هه‌لومه‌رجه‌كاندا، پێویستیشی به واقعبینی و مرونه‌ت هه‌یه. ئه‌و له ئه‌زموونی خۆیشیدا، ئه‌م تیۆره‌ی له كاری دیپلۆماسی و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكادا، په‌یڕه‌و ده‌كرد.
سیاسه‌تی نه‌گۆڕ، ره‌فتارێكی خراپه ئه‌گه‌ر ببێته مایه‌ی هه‌لومه‌رجێك كه كۆمه‌ڵگه و ده‌وڵه‌تیش، پێكه‌وه، لێی زه‌ره‌رمه‌ندبن. سیاسه‌ت ده‌بێت بگۆڕدرێت ته‌نها له‌و كاتانه‌دا نه‌بێت كه به‌رگری بن له دۆزێكی ره‌وای گه‌لێك، وڵاتێك، قه‌واره‌یه‌كی سیاسی. ته‌نها له‌و بابه‌تانه‌دا جێی ستایش و پیاهه‌ڵدانه كه ببێته مایه‌ی زیندووهێشتنه‌وه و به‌ره‌وپێشبردنی دۆزێك، یان كه‌یسێك كه چاره‌نووسی جڤاتیان پێوه به‌ندبێت.
دوێنێ یادی 80 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی (پ.د.ك) بوو. یاده‌كه بۆ ئه‌و هێزه و له یاده‌وه‌ریی خه‌ڵكی كوردستانیشدا چۆنه و چۆن نییه، بابه‌تێكی تره. عورفی سیاسی ئه‌وه‌یه پیرۆزباییان لێ بكرێت، پیرۆزیشیان بێت، به‌ڵام جه‌دوای سیاسیی ئه‌و بیره‌وه‌رییه ئه‌وه‌یه كه له‌ناو چ هه‌لومه‌رجێكی سیاسی و ئیداری و ئابووری و دارایی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونیدا به‌ڕێوه ده‌چێت؟ سووده‌كه‌ی ئه‌وه‌یه: كاتێك پارتی دیموكراتی كوردستان ئاوڕ له مێژووی دوورودرێژی خۆی ده‌داته‌وه و به‌رپرسیارێتییه‌كانی ئێستاشی له‌به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگه و قه‌واره‌ی هه‌رێمدا بیرده‌كه‌وێته‌وه، چ هه‌نگاوێك ده‌نێت؟ به كام سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی خۆیدا ده‌چێته‌وه كه مومكینه ده‌ستیان هه‌بێت له هه‌لومه‌رجی باو و ئێستادا؟ ئایا حزبی فه‌رمانڕه‌وا چۆن ده‌ڕوانێته په‌یوه‌ندییه نیشتمانییه‌كانی و تا چه‌ند ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ی پاراستووه و كردوونی به شاڕێی جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه نیشتمانییه گه‌وره‌كان؟
ئایا ده‌كرێت دوای 80 ساڵ خه‌بات بۆ دۆزی نه‌ته‌وه‌یه‌ك، ئه‌وه حاڵی نه‌ته‌وه‌كه و ئه‌وه‌ش دۆخی باشووری كوردستان بێت كه پڕه له قه‌یرانی سیاسی و ئیداری و ئابووری؟ حزبی سیاسی چۆن ده‌توانێت دڵخۆش بێت به مێژووی خۆی ئه‌گه‌ر هه‌ر سێ پایه گرنگه‌كه‌ی مێژوو ره‌چاو نه‌كات كه دوێنێ و ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێیه؟ ئایا ئه‌مڕۆی هه‌رێم به نموونه، ئه‌مڕۆیه‌كی باشه؟ هاونیشتمانیان له كایه‌ی سیاسه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌ی سیاسیمان رازین؟ ئه‌گه‌ر نا؟ بۆ و كێی لێی به‌رپرسه؟ چی له پشت ئه‌و چه‌قبه‌ستنه سیاسییه‌وه‌یه له كوردستاندا كه بۆته سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كیی زۆر قه‌یرانی تر؟ چی ئه‌و په‌یوه‌ندییه نیشتمانییانه‌ی نێوان هێزه سیاسییه‌كانی لاوازكردووه كه كار بگاته ئه‌وه‌ی نزیكه‌ی دوو ساڵ نه‌توانن بۆشایی ئیداری و قانونیی وڵات پڕ بكه‌نه‌وه و هه‌رێمه‌كه‌ش پڕبێت له ته‌نگژه؟
به راشكاوی ده‌یڵێین: هۆكارێك له هۆكاره‌كان بریتییه له (سیاسه‌تی نه‌گۆڕ) كه پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌به‌رامبه‌ر دۆسێیه‌كانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ش هه‌یه‌تی، به‌تایبه‌تی له ئاست قه‌یرانی په‌یوه‌ندییه نیشتمانییه‌كان، بۆشایی ده‌سه‌ڵاتێكی نوێی راپه‌ڕاندن، كاراكردنی دامه‌زراوه‌ی یاسادانان، ئاڵوگۆڕه سیاسییه‌كانی ناو هه‌رێم.
(پ.د.ك) له‌هه‌موو ئه‌م بوارانه‌دا، پێویستیی به‌وه‌یه مرونه‌تی سیاسی بنوێنێت و به‌شداری كرده‌یی هه‌بێت - نه‌ك ته‌نها میدیایی - له كۆتاییهێنان به هه‌لومه‌رجی چه‌قبه‌ستووی هه‌رێم. ناكرێت سیاسه‌تی خۆت له ته‌واوی ئه‌و دۆسێیانه‌دا وه‌ك خۆیان بهێڵیته‌وه و چاوه‌ڕوان بیت ته‌نها ئه‌وانی دیکە بێنه پێشه‌وه. مه‌سه‌له‌كه ئه‌گه‌ر ئه‌ندازه‌ی به‌رپرسیارێتییش بێت، ئه‌وا به پله‌ی یه‌كه‌م، ئه‌و به‌رپرسیاره، كێ خۆی به حزبی نمره یه‌ك له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات، نابێت له بهرپرسارێتیدا نمره 3 و 4 بێت!. سیاسه‌تی نه‌گۆڕ، به ئاشكرا زیانی له هه‌رێم و دانیشتوان و قه‌واره‌كه‌شی داوه، بۆیه كاتێتی پیاچوونه‌وه‌ی پێدا بكرێت.
بابەتی زیاتر