هەریەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران، كۆمه‌ڵێك چاکەی سیاسی‌یان بەسەر کوردی عیراقه‌وه هه‌یه، کە ناتوانرێت فەرامۆش بکرێن، یان لایەنگریی لایه‌كیان بکرێت لەسەر حیسابی ئەویتریان.
ئه‌مریكا، لە رێگەی بڕیاری نێودەوڵەتیی ژمارە (688)ه‌وه، کە له 5ی نیسانی 1991دا لە ئەنجومەنی ئاسایشه‌وه دەرچوو، بەشداربووه لە پاراستنی هەرێمی کوردستان، به‌تایبه‌تی دوای رووداوەکانی جەنگی دووەمی کەنداو و ئەو سەرکوتکارییانەی کە دواتر دووچاری راپەڕینەکانی ئەو كاته‌ی عیراق بووەوە، بەتایبەتی راپەڕینی گەلی کورد لە ناوچەکانی خۆیدا، واتە لە کوردستان.
رەنگە هەمووان بە باشیش لە یادیان بێت کە ئەم بڕیارە بووە بنەمایەکی یاسایی دەستوەردانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی، دواتر بووە هۆی دابینکردنی چەترێکی نێودەوڵەتییش بۆ کورد و دروستکردنی ناوچەی دژەفڕین لە هەرێمی کوردستاندا، كه ئەوە تا رادەیەکی زۆر رۆڵی هه‌بوو لە پاراستنی كورد لە هێرشەکانی رژێمی سەدام حسێن، بگره یارمەتیدەر بوو له ره‌خساندنی هه‌لومه‌رجێك كه تیایدا کورد کاروباری خۆی لەو ناوچانەدا به‌ڕێوه‌ببات کە دوای راپەڕینی دووەم (کە پێنج مانگ دوای یەکەمین راپەڕین بوو) كۆنترۆڵی كردن. دەرەنجامی ئەوەش دامەزراندنی دامەزراوە حکومی و فەرمییەکان بوو لە هەرێمدا، به‌تایبه‌ت دوای ئەوەی كه دەوڵەتی عیراق، بە مه‌رامی دروستکردنی بۆشاییەکی كارگێڕی و پەکخستنی توانای کورد لە بەڕێوەبردنی بارودۆخی کارگێڕی و بژێویی خۆیدا، داموده‌زگا ره‌سمی و كارگێڕییه‌كانی خۆی له كوردستاندا كشانده‌وه.
هه‌رچی ئێرانه، ئه‌وا ئه‌ویش چاکەی نکۆڵی لێنەکراوی بەسەر کوردی عیراقه‌وه هه‌یه، چونکە پاڵپشتی شۆڕش و بزووتنەوە سیاسییە کوردییەکانی له دژی رژێمی دیکتاتۆری لە عیراقدا كرد و سنوورەکانی خۆی بۆ کۆچی ملیۆنیی کورد بەرەو خاکەکەی كرده‌وه، به‌تایبه‌تی لەسه‌روه‌ختی سەرکوتکردنی راپەڕینەکەیاندا لەلایەن رژێمی سەدامەوەو له‌و كاته‌دا که زۆربەی گەلی کورد پەنایان بۆ برد.
هەروەها کۆماری ئیسلامیی ئێران بە رەسمی دانی نا بە واقیعی هەرێمی کوردستاندا وەک ناوچەیەکی خۆحوكمڕانی، کەناڵه سیاسی و دیپلۆماسی و بازرگانییه‌كانیشی لەگەڵدا کردەوە، كه بۆ هەرێم زۆر پێویست بوو بۆ ئەوەی دۆخی باشتر ببێته‌وه و وردە وردە سەقامگیریی بچەسپێنێت.
لەبەر ئەوە و لەم سۆنگەیەوە، کارێکی ناعەقڵانییە كه هەرێم، لە قازانجی لایه‌كیان له‌دژی ئەویتریان، بچێتە ناو هەر جەنگێکه‌وه کە لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا روودەدات، ئه‌مه جگە لە مافی سروشتی خۆیشی له‌وه‌ی كه هەڵوێستێكی بێلایەنانه‌ی هه‌بێت، مادام هه‌ڵوێستێكی وه‌ها گونجاوه لەگەڵ مەرجەکانی پاراستنی سەقامگیریی هه‌رێم و په‌لكێش نه‌كردنی بۆ ناو ئەجێندایەک کە رەنگە تایبەت بێت بە لایەنەكانی جه‌نگ نەک ئەو دەوڵەت و ناوچانەی كه دەکەونە ناو جوگرافیای جه‌نگه‌وه.
راستە هەم ویلایەتە یەکگرتووەکان و هەم کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش دڵخوازی ئه‌وه‌ن كه کورد هەڵوێستێکی پاڵپشتیکارانەی لەم جەنگەدا هه‌بێت، یەکەمیان ده‌شێت چاوەڕێی ئەوە بێت كه هەرێم گۆڕەپانێکی کراوە بێت بۆ رێکخستنی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و هاندانیان بۆ جووڵەكردن لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لەناو سنوورەکانی ئێراندان، دووەمیشیان چاوەڕێی ئەوەی لێبکات كه لە سایەی ئەم جەنگەی بەرپا بووه، لە هیچ جووڵەیەکه‌وه نه‌گلێت کە به دژی ئه‌و له‌قه‌ڵه‌م بدرێت، بەڵام بڕیاری نەگۆڕ لەلایەن سەرکردەکانی هەرێمەوە، تا ئه‌م چركه‌ساته و تا ئەوپەڕی كه له‌توانادا بێت، هه‌ر پابەندبوونە بە بێلایەنی، بەتایبەتی کە هەرێمی کوردستان خۆی بەدەست قەیرانی ئابووری، کەمی خزمەتگوزاری و کێشەکانی پەیوەست بە دابینکردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانەوە دەناڵێنێت، ئه‌مه جگە لە ئا‌ڵه‌نگارییه سیاسییه‌كانی دیکە. هەروەها هەرێم پابەندە بە سیاسەتی فەرمیی عیراقه‌وه، کە بریتییه له دروشمی «عیراق، پێش هه‌موو شتێك»، واتە پێشخستنی بەرژەوەندیی وڵات و خەڵک و خۆپاراستن لە گلانه هه‌ر جەنگێکه‌وه کە رەنگە تەڕ و وشک بەیەکەوە بسووتێنێت و ناوچەکە و هەرچی تێدایە، وێران بكات.
کورد لە عیراق نایانەوێت هیچ رۆڵێک لەم جەنگەدا بگێڕن، تەنها پاڵپشتیکردن نه‌بێت له‌و هەوڵانەی کە ئامانجیان راگرتنی جەنگەکە و گەڕانەوەی لایەنەکانە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ. سەرەڕای ئەوەی هەرێم رووبەڕووی هێرشی موشەکی یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووەتەوە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران، یان گروپە چەکدارە عیراقییەکانی سەر بەو وڵاتەوه، بەڵام بە عەقڵانییەتێکی باڵاوه بڕیاریداوە كه دان به‌خۆیدا بگرێت و بژاردەی دیپلۆماسی بخاتە پێش هەر بژاردەیەکی تره‌وه کە لەگەڵ هەڵوێستە مەبدەئییەکەی خۆیدا بەرامبەر به‌و جەنگه‌ی ئێستا، ناکۆک بێت. ئەم هەڵوێسته‌ش جۆرێکه لە دانایی سیاسی و دووربینی، به‌تایبه‌تی لە هەڵسەنگاندنی دەرەنجامەکانی جەنگ و کاریگەرییەکانی لەسەر ئه‌و تۆڕه له پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسی و ئابوورییه‌كان کە هەرێمی کوردستان بنیاتی ناون و هەوڵدەدات لە چوارچێوەی ستراتیژێکی فەرمیی عیراقییانه‌دا بییانپارێزێت، کە بریتییه له گێڕانی رۆڵی میانگیری لە ململانێکانی ناوچەکە و ده‌وره هه‌رێمایه‌تییه‌كه‌یدا.
• ده‌قی عه‌ره‌بیی ئه‌م وتاره له رۆژنامه‌ی (الزمان)ی نێوده‌وڵه‌تیدا بڵاوبۆته‌وه و ده‌قه كوردییه‌كه‌شی تایبه‌ته به كوردستانی نوێ.