ئەمڕۆ14/11/2026 لە مەراسیمێکی تایبەتدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەک نوسەرو ڕۆشنبیرو ڕۆژنامەنوس لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، چاپکراوێکی نوێی بۆردی هۆشیاری مەکتەبی ڕاگەیاندن و هۆشیاری کە تایبەتە بە گێرانەوەی چیرۆکی تراژیدیی ڕاگواستن وکوشتنی بەکۆمەڵی گەلی ئەرمەن مەراسیمی ناساندن و بڵاوکردنەوەی بۆکرا.
لە مەراسیمەکەدا کە بەهاوکاری ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ ئەنجام درا، مامۆستا محەمەد حەمە ساڵح کە ئەم کتێبەی لەزمانی ئینگلیزیەوە وەرگێراوەتە سەرزمانی کوردی باسی لە بەشێک لە ناوەڕۆکی کتێبەکەی کرد کە بەگشتی وەک ماموستا ئاماژەی پێکرد بریتییە " لە باسوخواسێکی چڕی چیرۆکی تراژیدیی ڕاگواستن و کوشتنی بەکۆمەڵی گەلی ئەرمەن و ئەوانەشیان کە بە رێکەوت و بە هەزار فەلاکەت لە کوشتن دەرباز بوون، بە هاوکاری خەڵکی باش و چاکەخوازی کورد و تورک و عەرەب بووبێت، یان ئەوەیە کە دەستبەرداری ئایینی مەسیحی بوون و جاڕی موسڵمانبوونی خۆیان دا و بە گوزارشی رەسمی دەوڵەت «لە دەمی شمشێر دەرباز بوون»، ئەوان لە رێگەی سەخت و دوور و درێژی راگواستنیاندا بە پیادەڕۆیی بەرەو بیابانەکانی شام بە زۆری دەکوژران و جیاوازیی ژن و منداڵ و پیاویان نەدەکرا و ماندوێتی و نەخۆشی و برسێتی تەنگی پێهەڵچنیبوون و قڕی تێخستبوون. لەم پرۆسەدا دەیان هەزار منداڵ پەرتەوازە بوون و خرانە هەتیوخانەکەنەوە و لەوێوە دەدرانە ماڵان ، بەم رەنگە دەیان و بگرە سەدان هەزار منداڵ کەوتنە ماڵە کورد و تورکەکان و ناسنامەی خۆیان ونکرد و وەک موسڵمان گەورە کران و تێکەڵ بە کۆمەڵگەی عوسمانی کران و زۆربەی ئەو منداڵانە کچ بوون، چونکە بە زۆری منداڵە کوڕەکانیان دەکوشت و کچەکانیان دەهێشتەوە. لەبەرئەوەشە کە ئەمڕۆ چەندین خێزانی کۆمەڵگەی تورکیا هەن کە بە رەچەڵەک باپیرە، یان بەزۆری داپیرەیان ئەرمەنە، یان ئەوەیە کچێک یان ژنێکی گەنج موسڵمان بووە و بەر ڕاگواستن و کوشتن نەکەوتووە و دواتر شووی کردووە بە تورک، یان کوردێک و وەچەی ڕەگ ئەرمەنییان لێکەوتووەتەوە. 

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved