- به‌شی سێیه‌م و كۆتایی -
زاڵبوونی ئه‌نگێزه‌ی مه‌رگدۆستی!
هه‌شته‌م: له‌كاتێكدا بیرۆكه‌ی ئاشتی، بیرۆكه‌یه‌كی كۆنه و له سه‌ده‌ی سێی پێش زاینییه‌وه فه‌یله‌سوفه رواقییه‌كان Stoicism، بوونه‌ته ئاڵا هه‌ڵگری. له‌كاتێكدا كه ئاشتی و سه‌قامگیری، وه‌ك دۆزێكی ئه‌زه‌لی و زیندوو، به‌شێكیشه له گوتار Discourse و خواستێكی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، به‌ڵام به‌وانه‌شه‌وه هێشتا ئاشتی، به به‌راورد به ئیراده‌ی ململانێ و توندوتیژی و گیانی شه‌ڕەنگێزی و جه‌نگ لای مرۆڤ و ده‌وڵه‌تان، نه‌بۆته ئه‌نگێزه‌یه‌كی چه‌سپیو و هه‌میشه‌یی له شارستانییه‌تی مرۆڤایه‌تییدا.
تا ئێستا له چه‌ندین ناوچه‌ی جیاجیای جیهاندا، ژماره‌یه‌كی زۆر جه‌نگی خوێناوی و ململانێ هه‌ن، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه له‌م دوو سێ ساڵه‌ی رابردوودا روویانداوه و له زیاتر له كیشوه‌رێكدا ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تییان له‌بار بردو‌وه، ئه‌مه جگه له تراژیدیا مرۆییه‌كان و زیانه گیانی و ماڵییه‌كانیان كه له ژماردن نایه‌ن، له‌وانه، بۆ نموونه: (جه‌نگی روسیا-ئۆكرانیا، جه‌نگی كراوه‌ی ئێران-ئیسرائیل، پێكداهه‌ڵپرژانه‌كانی هیندستان-پاكستان، شه‌ڕی ئه‌رمینیا-ئازه‌ربایجان، پاكستان-ئه‌فغانستان، ئیسرائیل-لوبنان، ئیسرائیل-فه‌له‌ستین، سعودیه-یه‌مه‌ن، ململانێی و توندوتیژییه ناوخۆییه‌كانی سودان، شه‌ڕه ئه‌هلییه‌كانی سۆماڵ، شه‌ڕه ئه‌هلییه‌كانی لیبیا، پێكداهه‌ڵپرژانی ناوبه‌ناوی نێوان پاكستان و ئه‌فغانستان، ململانێكانی ناوچه‌ی كه‌نارده‌ریاكانی ئه‌فریقیا، ململانێ خوێناوییه‌كان له كۆنگۆی دیموكراتی و میانمار و زۆر ناوچه‌ی تری گڕگرتوو.)
هه‌موو ئاگادارین كه ئه‌م جه‌نگ و ململانێیانه، تا ئه‌مڕۆ به‌شێكیان هه‌ر به‌رده‌وامن و به به‌رچاوی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه رووده‌ده‌ن، به‌شێكیشیان له دۆخێكی مۆله‌ق و پڕ له دڵه‌ڕاوكێی ئاگربه‌ستدان، به‌شێكیشیان له‌به‌رده‌م ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ن. هه‌موو ئه‌م ئه‌زموونه هاوچه‌رخانه‌ش، ده‌ریده‌خه‌ن كه وێڕای ئه‌وه‌ی گه‌لانی جیهان به ده‌یان تاقیكردنه‌وه‌ی تاڵی مێژوویی‌دا تێپه‌ڕیوون، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له تاوان و زیانه‌كانی جه‌نگ تێگه‌یشتوون و ژماره‌ی دامه‌زراوه و رێكخراوه ناوخۆیی و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كانی مامه‌ڵه‌كردنیش له‌گه‌ڵ جه‌نگ و ململانێكاندا، ده‌یانجار له رابردوو زیاترن، به‌ڵام هێشتا هیچیان نه‌بوونه‌ته هۆی سه‌ركه‌وتنی سیاسه‌ته‌كانی ئاشتیپارێزی(حفظ السلام).
له‌وه‌ش زیاتر، زۆرجار، به‌داخه‌وه، به‌ناوی سه‌پاندنی ئارامی، سه‌روه‌ریی (یاسا)، ره‌واندنه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه، به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی دوژمن، رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریزم، كۆنترۆڵكردنی یاخیبووان، هاوسه‌نگیی هێز، به‌رقه‌راركردنی ئاشتی، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داگیركه‌ر، به ئه‌زموون دووپات بۆته‌وه كه تاوان و شه‌ڕی زۆر خوێناوی ئه‌نجام ده‌درێن، بگره جه‌نگ و زه‌بروزه‌نگ ده‌بنه ئه‌لته‌رناتیڤی شێوازه‌كانی تری چاره‌سه‌ری ئه‌قڵانی و ئاشتییانه‌ی ململانێكان له جیهاندا. واته به مانا فرۆیدییه‌كه‌ی، كه مه‌به‌ست له گه‌وره زانای ده‌روونشیكاریی، سیگمۆند فرۆید -ه(1856 -1939ز)، ئه‌نگێزه‌ی مه‌رۆگدۆستی Thanatos، كه ئه‌نگێزه‌ی هاندانه بۆ شه‌ڕەنگێزی و توندوتیژی و وێرانكردن، هێشتاو له سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا، به‌هێزتر ده‌رده‌كه‌وێت له ئه‌نگێزه‌ی ژیاندۆستی Eros، كه هانی مرۆڤ ده‌دات بۆ ئاشتی و مانه‌وه و خۆشه‌ویستی و هاریكاری و بونیادنان.
جه‌نگ، ئاكام و چاره‌نووسی هاوبه‌ش
نۆیه‌م: هه‌ر له چوارچێوه‌ی فاكته واقعییه‌كاندا، به‌پێی راپۆرتێكی خاچی سووری نێوده‌وڵه‌تی كه له‌ساڵی پێشوودا بڵاوبۆته‌وه، نزیكه‌ی(204) ملیۆن كه‌س له جیهاندا له‌و ناوچانه‌دا ده‌ژین كه گروپه چه‌كداره‌كان كۆنترۆڵیان كردووه، یان ناوچه‌ی گه‌رمی ململانێی خوێناوین، كه له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا ده‌كه‌ونه ناو جیۆپۆلۆتیكی نزیكه‌ی 60 ده‌وڵه‌ته‌وه. ئه‌مه مانای چییه؟ زۆر به روونی مانای ئه‌وه‌یه له كۆی (195) ده‌وڵه‌تی سه‌ر گۆی زه‌وی به ڤاتیكان و فه‌له‌ستینه‌وه، هێشتا (60) ده‌وڵه‌ت له‌ناو ده‌ورانی جه‌نگ و ململانێدان!، واته نزیكه‌ی(٪31)ی مرۆڤایه‌تی له‌هه‌موو هه‌لومه‌رجێكی ئاشتی و سه‌قامگیری بێبه‌شن، ئه‌مه‌ش ده‌یسه‌لمێنێت كه ئێمه، به گشتی، له جیهانێكی ناسه‌قامگیرداین و چاره‌نووسمان گره‌نتی و دڵنیایی تێدا نییه.
ده‌یه‌م: فاكتێكی تری مه‌ترسیدار ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر ئاشتی و سه‌قامگیری له هه‌ر به‌شێكی جیهانیشدا هه‌بێت، ئه‌وا به‌شه‌كانی تری، كه جه‌نگ و توندوتیژییان تیایه، ده‌بنه سه‌رچاوه‌ی قه‌یران و كێشه‌ی زۆر بۆیان. ئه‌مڕۆ دیارترین ئه‌و قه‌یران و كێشه و دیاردانه‌ی، كه زاده‌ی به‌رده‌وامبوونی جه‌نگ و مه‌ینه‌تییه سیاسی و ئابووری و مرۆییه‌كانیان له‌جیهاندا، بریتین له: ئاواره‌بوون و په‌نابه‌رێتی، كۆچبه‌ری، ره‌گه‌زپه‌رستی و رقهه‌ڵگرتن له بێگانه، قه‌یرانی ئابووری و گوزه‌ران، قه‌یرانی وزه و سووته‌مه‌نی، تێكچوونی بازاڕی كار، كێشه‌كانی نیشته‌جێبوون، به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخه‌كان(سه‌یری كاریگه‌ریی جه‌نگی ئۆكرانیا له‌سه‌ر ئه‌وروپا بكه‌ن!)، زیادبوونی بێكاری، كه‌مبوونه‌وه‌ی بیمه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و خزمه‌تگوزارییه‌كان..هتد
هه‌موو ئه‌مانه، بۆمانی روونده‌كه‌نه‌وه كه له‌گه‌ڵ جه‌نگ و ململانێ خوێناوییه‌كان و نه‌بوونی ئاشتی و ئارامیدا له به‌شه‌كانی تری جیهان، دڵنیایی و ئاسووده‌یی له‌هیچ رووبه‌رێكی تری ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌دا نایه‌ته‌دی، ئه‌مه‌ش له دواجاردا به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه كه چاره‌نووسی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی هاوبه‌شه و جیهان به‌گشتی له بارودۆخێكی مرۆیی و سایكۆلۆژیی نائاساییدا ده‌مێنێته‌وه و به‌شه سه‌قامگیره‌كه‌شی، باجی گه‌وره‌ی ناسه‌قامگیریی زۆنه‌كانی جه‌نگ و ململانێكان، ده‌دات.
شكستی دامه‌زراوه و رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان
یانزه‌یه‌م: یه‌كێكی تر له هه‌ڕه‌شه‌كان بۆ سه‌ر ئاشتی و سیاسه‌ته نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی ئاشتیپارێزی له جیهاندا، بریتییه له ئیفلیجی و ناكارایی دامه‌زراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی وه‌ك نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش، كه له زۆر جه‌نگ و ململانێی خوێناوی و كۆمه‌ڵكوژیدا له‌سه‌ر ئاستی جیهان شكستیان هێناوه، ئه‌وه‌ش به‌هۆی كۆمه‌ڵێك هۆكاری زه‌ق و ئاشكراوه، له‌وانه:
- ناكارایی هێزه‌كانی ئاشتیی پارێزیی، ئه‌وانه‌ی كه خاوه‌نی (كڵاوه شینه‌كان)ن و وه‌ك سوپایه‌كی جیهانیی ئاشتیخواز ده‌ناسرێن.
- شكستهێنان له زۆر كاری میانگیریی دیبلۆماسی له‌نێوان ده‌وڵه‌تان و لایه‌نه به‌شه‌ڕهاتووه‌كاندا.
- ناكارایی، یان جیاكاری، یان به‌كارنه‌هێنانی سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان وه‌ك پێویست به‌سه‌ر ده‌وڵه‌ت و گروپه چه‌كداره‌كاندا كه جه‌نگ و توندوتیژییه‌كان به‌رپا ده‌كه‌ن.
- جه‌مسەر‌گیرییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندیی به‌ریه‌ككه‌وتووی وڵاتانی بڕیاربه‌ده‌ستی ناو ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش، كه بێگومان هه‌ر له جه‌نگ و كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی رواندا(1990-1993ز) و بۆسنه (1992 -1995ز)دا، به‌رجه‌سته نه‌بوون، به‌ڵكو جه‌نگه‌كانی وه‌ك سوریا و غه‌ززه و ئۆكرانیا و ئیسرائیل - ئێران-یش ده‌ریانخست كه زیانیان له ئاشتیی جیهانی Global Peace داوه.
- لاوازیی رۆڵی رێكخراوه ئاشتیپارێزه هه‌رێمایه‌تییه‌كانی وه‌ك یه‌كێتیی ئه‌وروپا و په‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی(ناتۆ) و یه‌كێتی ئه‌فریقا و وڵاتانی كۆمكاری عه‌ره‌بی.
- ناكارایی رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه قه‌زائی و مافپه‌روه‌رییه‌كانی وه‌ك: دادگای دادی نێوده‌وڵه‌تی (ICJ)و دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی (ICC).
فرۆشتنی چه‌ك به وڵاتان و گروپه په‌ڕگیره‌كان و لۆبیكردن له‌ناو ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی جیهاندا، كه كڕینی چه‌كی زیاتر و نوێ بكرێته پێویستییه‌كی ئه‌منی، وه‌ك بۆمبڕێژكردنی جیهان وایه و ئاماده‌كردنی ناوچه جیاجیاكانێتی بۆ ئه‌گه‌ری به‌رپابوونی چه‌ندین جه‌نگی تر
كۆمپانیاكان و به‌سه‌ربازگه‌كردنی جیهان!
دوانزه‌هه‌م: فاكتێكی تری مه‌ترسیدار بۆ هه‌لومه‌رجی ئاشتی و سه‌قامگیری له‌جیهاندا، كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنانی چه‌ك و جبه‌خانه‌ی سه‌ربازین. ئه‌و كۆمپانیایانه، ئه‌م هه‌ساره‌یه‌یان كردۆته سه‌ربازگه‌یه‌كی گه‌وره و بوونه‌ته هۆی به‌رزكردنه‌وه‌ی بودجه‌ی به‌رگری له زۆربه‌ی وڵاتاندا. ئه‌مڕۆ به‌بازاڕكردن Marketing بۆ هه‌ڕه‌شه ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كان و هاندانی پێشبڕكێی خۆپڕچه‌ككردن و درێژه‌كێشانی جه‌نگه‌كان و فرۆشتنی چه‌ك به وڵاتان و گروپه په‌ڕگیره‌كان و لۆبیكردن له‌ناو ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی جیهاندا، كه كڕینی چه‌كی زیاتر و نوێ بكرێته پێویستییه‌كی ئه‌منی، وه‌ك بۆمبڕێژكردنی جیهان وایه و ئاماده‌كردنی ناوچه جیاجیاكانێتی بۆ ئه‌گه‌ری به‌رپابوونی چه‌ندین جه‌نگی تر.
لۆژیكی پیشه‌سازیی سه‌ربازیی ئه‌و كۆمپانیایانه ته‌واو وه‌ك نموونه‌ی كاری (قه‌برهه‌ڵكه‌نان)ی لێهاتووه، وه‌ك چۆن سروشتی ئه‌و كاسبییه وایه كه ژیان له‌سه‌ر مردنی زیاتری مرۆڤه‌كان بێت، ئه‌وهاش قازانجی ئه‌و كۆمپانیا جیهانی و هه‌رێمایه‌تییانه له گرژی و جه‌نگی زیاتر و زۆرتره له جیهاندا، ئه‌مه‌ش مه‌ترسی و مه‌ینه‌تییه‌كی ئێ‌كجار گه‌وره بۆ گه‌لانێكی وه‌ك گه‌لی كورد دروستده‌كات، كه له‌لایه‌ك ده‌وڵه‌تی خۆی نییه و دابه‌شكراوه و بێبه‌شه له مافی خۆپڕچه‌ككردن، له‌لایه‌كی تریشه‌وه به‌هۆی توانای گه‌وره‌ی سه‌ربازیی ده‌وڵه‌تانی سه‌رده‌سته‌وه، هه‌میشه له‌به‌رده‌م ئه‌گه‌ری دووباره‌بوونه‌وه‌ی چه‌وساندنه‌وه و جینۆسایدكردندایه.
قه‌یرانه‌كان و توندوتیژی
سیانزه‌هەم: فاكتێكی تری زۆر زه‌ق و زیندوو، كه سه‌رچاوه‌یه‌كی تری دروستكردنی ناسه‌قامگیریی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌منییه، له هه‌ر وڵاتێكدا بته‌نێته‌وه و په‌ره‌بستێنێت هه‌لومه‌رجی ئاشتی له‌بار ده‌بات و زیان له بیری ناتوندوتیژی و میانڕه‌وی ده‌دات، په‌یوه‌سته به رستێك دیارده‌وه كه له واقعی زۆر به‌شی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تیدا هه‌ن، له‌وانه: نه‌بوونی دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی، دابه‌ش نه‌كردنی دادپه‌روه‌رانه‌ی ده‌سه‌ڵات و سامان له‌وڵاتدا، لاوازیی ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زراوه‌كان، غیابی سه‌روه‌ریی یاسا، بوونی گه‌نده‌ڵیی زۆر و مه‌حسوبییه‌ت و...هتد ئه‌م فاكتانه، زۆرتر له وڵاته نادیموكراته‌كان و له‌واقعی ئه‌و جڤاتا‌نه‌دا هه‌ن كه له‌قۆناغی گواستنه‌وه‌دا‌ن به‌ره‌و دیموكراسی، بۆیه به‌سروشتی حاڵ ناسه‌قامگیریی گه‌وره روویان تێده‌كات، ئه‌گه‌ر جڵه‌و و چاره‌سه‌ریش نه‌كرێن، نائارامی و ململانێی خوێناوی دروستده‌بن، ره‌نگه ململانێ و توندوتیژییه خوێناوییه‌كانی دنیای دوای راپه‌ڕینی باشووری كوردستان (1991ز) و عیراقی دوای پرۆسه‌ی ئازادیی (2003ز)، باشترین به‌ڵگه بن.
جه‌نگ و ئاشتی و جیاوازیی شارستانییه‌ته‌كان
چوارده‌هه‌م: دۆزه‌كانی ئاشتی و سه‌قامگیری، گرفتێكی تریشیان هه‌یه كه گرفتی كەلتوری و شارستانییه. به‌پێی جیاوازیی كایه‌كانی چالاكیی مرۆڤ و دیسكۆرسی ئایینی و ئه‌زموونی ئایین و ئایینزاكان و تایبه‌تمه‌ندییه ئه‌تنیكی و كەلتورییه‌كان، تێڕوانینی جیاواز بۆ هه‌لو‌مه‌رجه‌كانی ئاشتی و سه‌قامگیری هه‌ن، یان بۆ پێشمه‌رج و هۆكار و ئامرازه‌كانیان.
ئه‌م گرفته كه‌لتوری و شارستانییه لای بیرمه‌ندێكی وه‌ك سامویل هانتنگتن(1927 -2008ز)، بۆته تێزێكی فكری بۆ راڤه‌كردنی ره‌هه‌ندێكی نائارامی له جیهاندا، كه بریتییه له پێكدادانی شارستانییه‌كانی وه‌ك شارستانییه‌تی رۆژئاوایی، لاتینی، ژاپۆنی، چینی، هیندی، ئیسلامی، ئه‌رسه‌دۆكسی، ئه‌فریقی و بوزی.. به ئه‌زموونیش ده‌ركه‌وتووه كه به‌شێك له گریمانه‌كانی ئه‌م بیرمه‌نده ئه‌مریكییه، كه له‌كتێبی:The Clash of Civilizationsدا هاتوون، له زیاتر له رووبه‌رێكی جیهاندا هاتوونه‌ته‌دی و نموونه و به‌ڵگه‌ی زۆری له‌سه‌ر هێناونه‌ته‌وه، چونكه هۆكارێكی زه‌قی ناكۆكی و دابه‌شبوونی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی، په‌یوه‌ندییان به بیروباوه‌ڕ و به‌ها سیاسی و فكری و ئه‌خلاقییه‌كان و هه‌ڵوێستی جیاوازی ئه‌و شارستانییه‌ته جیاجیانه‌وه هه‌یه كه له‌به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵێك به‌های گه‌ردوونییدا هه‌یانه و پاساودانی زۆرێك له‌و جیاوازییانه‌ش به‌ناوی تایبه‌تمه‌ندێتییه‌وه. بۆ نموونه: (زۆر ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه، یان هێزی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ن، كه باوه‌ڕی هاوشێوه و هاوبه‌شیان بۆ به‌هاكانی مافی مرۆڤ، دیموكراسی، لێبوورده‌یی، پێكه‌وه‌ژیان، پلورالیزم، هاووڵاتیبوون، ئه‌قڵانییه‌ت، عه‌لمانییه‌ت، ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ری و میدیا، ره‌خنه‌گرتن، جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان) نییه، كه هه‌موو ئه‌مانه، به پێی گریمانه‌كانی كه‌له‌پوری فكری فه‌لسه‌فیی نوێ و هاوچه‌رخ، كۆمه‌ڵێك پێشمه‌رج و به‌های گڵۆباڵی پێویستن بۆ به‌دیهێنانی میانڕه‌وی و ئاشتی و سه‌قامگیریی له هه‌ر وڵاتێكدا.
به پوختی
بابه‌تی ئاشتی و میانڕه‌وی و سه‌قامگیری، كۆمه‌ڵێك دۆزی زۆر هه‌ستیار و ئاڵۆزن و به ئاسانی له هیچ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مرۆڤایه‌تیدا، نه دێنه‌دی و نه به‌رده‌وامیش ده‌بن. بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كی جینۆسایدكراوی وه‌ك كورد، كه تائێستا خاوه‌ن قه‌واره‌ی تایبه‌ت به خۆی نییه، تارمایی مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌كان له‌سه‌ری زیاتر و زۆرترن، به‌تایبه‌تی كه ئاشتی و ئارامی له‌جیهان و ناوچه‌كه‌دا دنیایه‌ك كێشه ئاڵه‌نگاری پێشمه‌رجی خۆیان هه‌یه، كه پێویسته ره‌چاو بكرێن و خه‌باتی زیاتری نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تییان بۆ چڕبكرێته‌وه. له‌وه‌ش زیاتر چیتر جیهان، به‌گشتی، پێویستی به‌وه‌یه كه به‌دیدێكی ره‌خنه‌گرانه‌وه بڕوانێته ئه‌زموونه‌كانی سیاسه‌تی ئاشتیپارێزیی خۆی و سه‌رله‌نوێ به‌رنامه و پلان و میكانیزمی نوێ و كارا‌و هاوبه‌شیان بۆ دابڕێژێت.
سه‌رچاوه‌كان:
1) كانط، إیمانویل، (1952م)، (مشروع للسلام الدائم)، ترجمة: عثمان أمین، مكتبة الا‌نجلو المصریة، القاهرة.
2) هوبز، توماس،(2011م)، (اللفیاثان، الا‌صول الطبیعیة والسیاسة لسلطة الدولة)، ترجمة: دیانا حبیب حرب و بشری صعب، دار الفارابي، أبو ظبي.
3) عبدالفتاح، امام، (2007م)، (الفلسفة السیاسیة عند هیغل)» ط3، دار التنویر، بیروت.
4) عثمان، احمد، (1989م)، (الا‌دب اللاتینی و دوره الحضاري)، سلسلة عالم المعرفة (141) الكویت.
5) عانی، لبطرس- حیری، محمود، (1976م)، (المدخل إلی علم السیاسة)، ط5، دار النهضة المصریة للطباعة والنشر، القاهرة.
6) خریسان، باسم علی، (2018م)، (العنف البنیوي، دراسة في نظریة جوهان غالتونج لتفسیر العنف)، مجلة العلوم السیاسیة، العدد (55)، مركز الدراسات الا‌ستراتیجیة الدولیة -جامعة بغداد، العراق.
7) ناصر، لخضاري – بركان، حسان، (2024م)، (مآ‌ل العنف الثوري عند كارل ماركس)، مجلة المقدمة للدراسات الإنسانیة و الإجتماعیة، العدد(1)، المجلد (9)، الجزائر.
8) محسن، حاتم حمید،(2016م)، (فلسفة ارسطو في المساواء و السلام و الدیمقراطیة)، موقع شبكة النبأ، الرابط: https://annabaa.org/arabic/authorsarticles/8330
9) جمال، بدور، (2022م)، (نظریة الحرب العادلة Just War Theory)، الموسوعة السیاسیة، https://political-encyclopedia.org/dictionary/%D9%
10)ألهوانی، احمد فؤاد،(1954م)، (فخر الفلسفة الیونانیة قبل سقراط)، دار احیا‌ء الكتب العربیة، القاهرة.
11) العبیدي، حسن مجید، (2024م)، (الفلسفة والحرب)یوم 22 مارس.
بابەتی زیاتر