به‌ده‌ر له‌و رووداوه هه‌ڵه‌یه‌ی كه له په‌رله‌مانی كوردستاندا روویداو له ئێستادا بووه‌ته مایه‌ی هه‌ژانێكی سیاسی بۆ هه‌رێم و مه‌ترسییش بۆ سه‌ر په‌یوه‌ندیی یه‌كێتی و پارتی و هێزه سیاسییه‌كانمان، هاوكێشه‌یه‌ك له هه‌رێم و عیراق و ناوچه‌كه‌دا هه‌یه، كه پێویستوایه له‌لایه‌ن نوخبه‌ی خوێنده‌وار و په‌رۆشی ناو هێزه‌كانمان ره‌چاوبكرێن، ده‌نا له‌گه‌ڵ دریژه‌كێشانی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستادا، سیناریۆی مه‌ترسیدارتر دێته پێشه‌وه!.
ئێمه په‌رۆشی ئه‌وه‌ین كه یاده‌وه‌ریی هاوبه‌شی ناو ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه پارێزراو بێت، له‌وه زیاتر كوردبوون ماندوو و بێ به‌ها و بێچاره نه‌كرێت
یه‌كه‌مین خاڵ له‌و هاوكێشه‌یه‌دا ئه‌وه‌یه كه، دابه‌شبوونی ئیداری، هه‌ر به ته‌نیا به مانای دابه‌شبوونی سیاسی نییه. ئه‌گه‌ر په‌رۆشیی سیاسی نه‌مابێت و په‌ند له‌و زیانه بێژمارانه وه‌رنه‌گیرابێت كه ئه‌و دوو تایپه‌ی دابه‌شبوون بۆ وێنه‌و پێگه‌ی كورد له جیهان و ناوچه‌كه دروستیانكردووه، ئه‌وا دابه‌شبوونی جوگرافی و كۆمه‌ڵایه‌تی، وه‌ك دوو ده‌ره‌نجامی تری چاوه‌ڕوانكراو، زیانه‌كانیان زۆر زیاتر ده‌بن بۆ دنیای ئێمه، به‌تایبه‌تی كه ساڵانێكه ماسمیدیای زه‌به‌لاحی به‌رپرسان، كه له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو لێپرسینه‌وه‌یه‌كی دامه‌زراوه‌یی و سه‌ندیكایی و چاودێرییه‌كی پیشه‌ییدان، له گوتاری ئاراسته‌كراوی خۆیاندا، به ئاشكرا، له رووی سیاسی و سایكۆلۆژییه‌وه، ئیش له‌سه‌ر راهێنانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ده‌سته‌واژه‌كانی وه‌ك زۆنی سلێمانی و هه‌ولێر، له ئاستێكی ئه‌وتۆ له نابه‌رپرسیارێتیی نیشتمانیشدان كه به‌های بوون و كاریگه‌رێتیی خۆیان گرێبده‌نه‌وه به وروژاندنی به‌رده‌وامی ناكۆكی و گرژی و كێشه‌كان، كولاندنه‌وه‌ی برینه‌كان، هه‌ڵدانه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه شوومه‌كان، چاندنی گومان و به‌دگومانییه‌كان له په‌یوه‌ندیی نێوان هێز و گروپه سیاسییه‌كانماندا.
دابه‌شبوونی جوگرافی و كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ نه‌ته‌وه بنده‌سته‌كان، زۆرجار، له‌ناو مێژوودا، ده‌بێته به‌شێك له یاده‌وه‌ریی به‌كۆمه‌ڵ Collective Memory، قووڵكردنه‌وه و به دیفاكتۆكردنیشی ده‌بێته هۆكارێك بۆ ئه‌وه‌ی مه‌ناعه‌ی ئه‌و نه‌وه‌یه لاواز ببێت كه پارێزگاری له شوناسی كۆكه‌ره‌وه ده‌كات و كوردستان وه‌ك جیپۆلۆتیكێكی یه‌كپارچه و پارچه‌كانیشی وه‌ك زاده‌ی نه‌خشه‌ی كۆڵۆنیاڵیزم و داگیركه‌ران ده‌بینێت. له‌وه مه‌ترسیدارتر، هاتنه پێشه‌وه‌ی نه‌وه‌یه‌كه كه ئیتر، ناكۆكییه سیاسییه‌كان و قه‌یرانه ئابووری و داراییه‌كان و كاریگه‌ریی راسته‌وخۆیان له‌سه‌ر گوزه‌ران و ستایلی ژیانیان، وایان لێده‌كات كه چیتر بایه‌خ به‌و به‌ها سیاسی و نیشتمانی و مه‌عنه‌وییانه نه‌ده‌ن كه نه‌وه‌ی پێش خۆیان، وه‌ك ئه‌مانه‌تێكی نیشتمانی و چاره‌نووسساز، بۆیانی به‌جێ ده‌هێڵن، به‌تایبه‌تی كه سه‌رده‌می ته‌كنۆ‌لۆژیای مۆدێرن و جیهانگیریی كەلتوری Cultural Globalization، هه‌ر خۆیان، وه‌ك چه‌ند فاكته‌رێكی ده‌ره - ئیراده‌و نالۆكاڵ، ململانێی نێوان نه‌وه‌كان، ده‌هه بۆ ده‌هه، فراوانتر ده‌كه‌ن، به راده‌یه‌ك كه، نیشتمان و خاكی نه‌ته‌وه‌یی، زمان، ستایلی ژیان، به‌ها و دابه‌ونه‌ریت، كه‌له‌پور و فۆلكلۆر، شوناسی تایبه‌ت، قه‌واره‌ی نه‌ته‌وه‌یی، له‌ناو هه‌مان ئه‌و سیستمە له ئاماژه و واتابه‌خشیندا نه‌هێڵن كه لای نه‌وه‌كانی پێشتر هه‌بوون و هه‌ن.
به‌مانایه‌كی روونتر، هه‌ر دابه‌شبوونێكی ئیداری و سیاسیی نوێ له هه‌رێمی كوردستاندا، هه‌ر گورز نییه له ئومێد و چاوه‌ڕوانیی پارچه‌كانی تری كوردستان له‌م هه‌رێمه‌ی باشوور، هه‌ر نابێته سه‌پاندنی ئۆتۆماتیكییانه‌ی دابه‌شبوونی جوگرافی و كۆمه‌ڵایه‌تییش له هه‌رێمدا، به‌ڵكو یاده‌وه‌ریی هاوبه‌شی نێوان نه‌وه‌كانیش ناهێڵێت كه به‌هۆی گواستنه‌وه‌ی كەلتور و به‌ها باڵاكانی نه‌ته‌وه‌وه، له نه‌وه‌ی پێشتره‌وه بۆ نه‌وه‌ی نوێ، دروست ده‌بن و ده‌پارێزرێن.
ئێمه ده‌بێت ئه‌م پرسه له هاوكێشه‌كه‌دا به جددی وه‌ربگرین، چونكه ره‌نگدانه‌وه‌ی جیاوازیی نێوان نه‌وه سیاسییه‌كانی ناو جووڵانه‌وه‌ی كورد خۆی له ئاماژه هه‌ره مه‌ترسیداره‌كانه!، نه‌وه‌ی سیاسیی ئێستا، وه‌ك ئه‌وه‌ی مێژوویان نه‌خوێندبێته‌وه و هیچ په‌ندێكیان لێ وه‌رنه‌گرتبێت، هه‌نگاو به‌ره‌و جوینه‌وه‌ی ئه‌و بڕگه تاریكانه له مێژووی سیاسیی كورد ده‌نێن كه ده‌یان ساڵ به‌ره‌و دواوه‌وه‌یان بردووین، نێوبانگی كوردیان له جیهاندا ناشیرین كردبوو، هه‌موو دۆزه‌كه‌یان كورت كردبووه‌وه بۆ بۆڕبۆڕێنی نێوان گروپه سیاسییه‌كان، ئاویان كردبوو به ئاشی داگیركه‌رانه‌وه، یه‌ك نه‌ته‌وه‌یان، سه‌رله‌به‌ر، نا‌ئومێد و دڵشكا و و سه‌رگه‌ردان كردبوو.
ئێمه په‌رۆشی ئه‌وه‌ین كه یاده‌وه‌ریی هاوبه‌شی ناو ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه پارێزراو بێت، له‌وه زیاتر كوردبوون ماندوو و بێ به‌ها و بێچاره نه‌كرێت، به‌تایبه‌تی كه نه‌ته‌وه‌كانی وه‌ك تورك و عه‌ره‌ب و فارس، له رێگه‌ی ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌كانیان و په‌روه‌رده و پێگه‌یاندنه‌وه یاده‌وه‌ریی هاوبه‌شی خۆیان و ناسنامه‌ی كۆكه‌ره‌وه‌یان پاراستووه.
خۆیشمان، بۆ ئه‌و ئامانجه، پێویستیمان به جووڵه‌ی نه‌وه‌ی مارانگەستەی پێشوو و هه‌موو هێز و گروپێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه بۆ ئه‌وه‌ی گه‌ڕانه‌وه بۆ بژارده شكستخواردووه‌كانی 30 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، كه دابه‌شكردنه‌وه‌ی هه‌رێمه‌كه‌یه، روونه‌دات، به‌تایبه‌تی كه مێژووی ئێستای عیراق و ناوچه‌كه و جیهانیش، هه‌مان ده‌ورانی مێژوویی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو نییه، كه تیایدا هێشتا خواست بۆ پاڵپشتیكردن له كورد و دۆزه ره‌واكه‌ی و هاوكات جڵه‌وكردنی ده‌سه‌ڵاته دیكتاتۆره‌كانی ناوچه‌كه و له‌سه‌روویانه‌وه سه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵێك به‌های گه‌ردوونی وه‌ك مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادیی گه‌لان، زیندوو بوون. ئێستا و له‌م سه‌رده‌مه‌دا، ئه‌وه‌ی كه به‌ده‌ست هاتووه، له‌ده‌ستبدرێت، به ئاسانی به‌ده‌ست نایه‌ته‌وه.
ئه‌بێ بزانین ئه‌مجاره‌یان هه‌ر پاشه‌كشه و شكستێك له ئه‌زموونی هه‌رێمدا رووبدات، پێش ئه‌وه‌ی له عیراق و ده‌رودراوسێوه، قووڵتر بكرێته‌وه، له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی خۆیه‌وه، ته‌واو ده‌كرێت!، چونكه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نائومێدكراوه، خه‌ون تیایدا، له‌ژێر زه‌بری قه‌یرانه‌كان و فه‌رمانڕه‌واییه‌كی نابه‌رپرسیاردا، ته‌نها له ژیان و گوزه‌راندا كورتبۆته‌وه و هیچیتر، هه‌ر كۆمه‌ڵگەیه‌كیش بگاته ئه‌و قۆناغه، ئه‌وا له بێزاری و تووڕه‌ییدا، باكی به چاره‌نووسی سیاسی و به به‌ها نیشتمانی و مه‌عنه‌وییه‌كان نابێت كه هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك بۆ مانه‌وه و یه‌كڕیزیی خۆی پێویستیی پێیانه.
بابەتی زیاتر