یه‌كێك له‌و دۆسێ هه‌ستیارانه‌ی كه لای عه‌لی زه‌یدی، ده‌روازه‌ی گێڕانه‌وه‌ی شكۆیه بۆ به‌های فه‌رمانڕه‌وایی له وڵات‌دا، دۆسێی گه‌نده‌ڵییه. دوای ئه‌وه‌ی كه جاڕیش درا له ریزی پێشه‌وه‌ی كارنامه‌دا ده‌بێت، ئه‌م پرسه ئیتر بووەته ماڵ به‌سه‌ر كابینه‌كه‌یه‌وه!، به‌تایبه‌تی كه ماسمیدیا و سه‌كۆ حزبی و مه‌ده‌نییه‌كانی سۆشیال‌میدیا له وڵات‌دا، بنمیچی چاوه‌ڕوانیی خه‌ڵكیان له دۆسێكه‌دا، زۆر به‌رزكردۆته‌وه.
ئێستا به‌شێكی رووماڵی میدیایی رۆژانه‌ی زۆربه‌ی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن له عیراقدا، ته‌رخانه بۆ ئه‌م دۆسێیه و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی، گرنگییه‌كی زۆر ده‌درێت به‌و بڕیار و رێكار و رووداوانه‌ی كه تایبه‌تن به رووبه‌ڕووبوونەوەی گه‌نده‌ڵكاران، هیوایه‌كی زۆریش لای شه‌قامی عیراقی دروستكراوه كه سه‌رده‌مه‌كه ئیتر سه‌رده‌می ئاوابوونی خۆری گه‌نده‌ڵكارانه!.
به ده‌بڕینێكی روونتر، ئێستا گه‌نده‌ڵی بووەته پرسی پله یه‌ك له عیراقدا. زه‌یدی ئه‌گه‌ر پێوه‌رێكی هه‌بێت بۆئه‌وه‌ی كابینه‌كه‌ی خۆی له‌وانی پێشتر جیابكاته‌وه، به‌رده‌وامبوونه له‌سه‌ر ئه‌م دۆسێیه، هه‌ڵدانه‌وه‌ی تایپه جیاوازه‌كانێتی و ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تبارانه، ئیتر له‌هه‌ر پله‌و پایه‌یه‌كدا بن.
راسته گروپی سیاسی و چه‌كدار هه‌ن كه گومانی سیاسی‌یان هه‌یه و ناهێڵن كه‌مپینه‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی بگاته سه‌ر سه‌ره گه‌وره‌كان!، یان گه‌یشتن به‌و سه‌ره‌داوانه‌ی كه سه‌ره گه‌وره‌كانی گه‌نده‌ڵیی رێكخراو ئاشكرا ده‌كه‌ن، به‌ڵام وادیاره كه له‌مه‌شدا زه‌یدی پلانێكی هه‌یه، بۆیه هاوكات له‌گه‌ڵ دۆسێی گه‌نده‌ڵیدا، دروشمی بابه‌تی داماڵینی چه‌كی له‌ده‌ستی گروپه چه‌كداره‌كانیشدا به‌رزكردۆته‌وه، كه ئه‌میان دۆسێیه‌كی زۆر هه‌ستیارتره، ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و شه‌قام به‌گشتی پشتیوانیشی بن، ئه‌وا په‌یوه‌ندیی ئه‌و گروپانه به لایه‌نی ده‌ره‌كی و كاركردنیان بۆ كارنامه و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له عیراقدا ده‌بێته مایه‌ی دروستكردنی گرژی. به كرده‌وه‌ش گرژیی له ئارایه، به‌ڵام تازه تیره‌كه‌ی زه‌یدی-یش له كه‌وان ده‌رچووه!، ئه‌گه‌ر دۆسێكه نه‌پێكێت و چه‌ك له ده‌ستی ته‌نها ده‌وڵه‌تدا كۆنه‌كاته‌وه، دۆسێی گه‌نده‌ڵیش شكست ده‌هێنێت، ئه‌گه‌ریش له‌سه‌ری بڕوا، بێ گرژی و به‌ریه‌ككه‌وتن نابێت، كارێك كه زه‌یدی نایه‌وێت، به‌هۆیه‌وه، كارته‌كان تێكه‌ڵ ببن و پلانه‌كه‌ی لێی تێكبدرێت، بۆیه زیاتر له مانگێكه، له كه‌ناڵی جیاجیای دیپلۆماسییه‌وه ده‌یه‌وێت به‌بێ هیچ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی چه‌كداری، چاره‌سه‌ر بكرێت.
ئه‌وه‌ی كه له‌م دوو دۆسێیه‌دا جێی پرسیاره، سیناریۆی زه‌یدی-ییه بۆ هه‌رێمی كوردستان. راسته هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان ده‌زگاكانی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵ و ده‌سته‌ی نه‌زاهه و ده‌زگا ئه‌منیییه‌كاندا هه‌یه بۆئه‌وه‌ی هیچ گه‌نده‌ڵكارێك له هه‌رێمدا په‌نا نه‌درێت، یان راده‌ستی به‌غدا بكرێت، له‌مه‌دا به‌ره‌وپێشچوون هه‌یه، به‌ڵام له كارنامه‌ی زه‌یدی-دا خه‌ونی هه‌ماهه‌نگییه‌كه له‌وه‌دا راناوه‌ستێت.
به‌و پێیه‌ی كورد له ساڵی 2005ەوه به‌شداریی له دامه‌زراوه فیدراڵییه‌كانی عیراقدا هه‌یه و به هه‌زاران كادری كورد به‌رپرسیارێتی و پۆستیان تێدا وه‌رگرتووه، دۆسێكه دێته سه‌ر به‌رپرسانی كوردیش. ئه‌مه قۆناغی دووه‌مه كه هێشتا كاتی نه‌هاتووه!، چونكه هه‌ركات رێكاره‌كانی ده‌ستگیركردنی گه‌نده‌ڵكاران له پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و باشووردا چڕتربوونه‌وه، ئه‌وسا ئیتر سه‌ره‌ی هه‌رێمیش دێت. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر زه‌یدی خۆشی بیه‌وێت ئاسانكارییه‌ك بۆ به‌رپرسانی هه‌رێم بكات، ئه‌وا هێزه سیاسییه‌كانی تری عیراق و میدیاكان و رای گشتی قبوڵی ناكه‌ن و لێی ده‌كه‌ن به هه‌ڵڵا، ره‌نگه ئاماژه‌ی ئاشكرا له‌سه‌ر ئه‌م راستییه دۆسێی داماڵینی چه‌ك بێت له گروپه چه‌كداره‌كان، كه له ئێستاوه و له زیاتر له ناوه‌ندێكه‌وه داوا ده‌كرێت هێزی پێشمه‌رگه‌ش بگرێته‌وه، ره‌نگه رووداوی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌سه‌ده-ش له سوریا و تواندنه‌وه‌ی له‌ناو سوپای ئه‌و وڵاته‌دا، ئه‌و ده‌نگانه له عیراقدا زوڵالتر بكات!.
به‌مانایه‌كی تر، پێناچێت دۆسێی گه‌نده‌ڵی، هه‌ڵاوێردكاری تێدا بێت. سیناریۆكه وایه كه قۆناغی دواتر كاربه‌ده‌ستانی تێوه‌گلاوی كورد له به‌غدا ده‌كاته ئامانج، ئیتر به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌یه‌ك بێت یان وه‌زیر و په‌رله‌مانتاری كۆن و نوێ، پاشان دێته سه‌ر كاربه‌ده‌ستانی هه‌رێم خۆشی!. راسته پرۆسه‌كه ئاڵۆزه و به‌غداش هێشتا گره‌نتی سه‌رخستنی له‌سه‌ر ئاستی عیراق نه‌كردووه، به‌ڵام خواستێكی به‌هێز له‌ناو رای گشتیی خه‌ڵكی كوردستانیشدا هه‌یه كه رێكاره‌كان بگه‌نه سه‌ر هه‌رێمیش، ئه‌مه نه‌ك به‌و قه‌زاوه‌ته پێشوه‌خته‌ی كه هه‌موو به‌رپرسێك له هه‌رێم وه‌ك تاوانبارێك له‌قه‌ڵه‌م بدرێت، نا، به‌ڵكو له‌و روانگه مه‌بده‌ئییه‌وه كه گه‌نده‌ڵی له هه‌رێمی كوردستانیشدا زۆره، ته‌نانه‌ت سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم و كاربه‌ده‌ستانی تریش دانی پێدا ده‌نێن، جا پێش ئه‌وه‌ی به‌غدا چوكڵی خۆی تێوه‌ربدات!، راستتر وایه كه دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێم خۆیان، به كرده‌یی و شه‌فافی، بیسه‌لمێنن كه پرۆژه‌یه‌كیان بۆ ئه‌م دۆسێیه پێیه و لێپرسینه‌وه‌یان ده‌ستپێكردووه، پێش سه‌لماندنی ئه‌وه‌ش، واقعی حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ر تێپه‌ڕێنرێت، كه دوای نزیكه‌ی دوو ساڵ، هه‌ر خۆی جۆرێكه له گه‌نده‌ڵی، بگره وایكردووه بانگه‌واز بكرێت بۆئه‌وه‌ی به‌غدا له‌مه‌شدا قسه‌ی هه‌بێت.