- به‌شی دووه‌م –
حه‌وته‌م: تێڕوانینی ئه‌رێنی و واقعی بۆ جه‌نگه‌كان و سه‌یركردنی توندوتیژی و ململانێ خوێناوییه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ندێکجار و له هه‌ندێ هه‌لومه‌رجدا، پێویست و ره‌وا بن، ئیتر به‌ناوی جه‌نگی دادپه‌روه‌رانه‌وه بێت وه‌ك له نموونه‌ی ئایدیای لاهۆتییانه‌ی سان ئۆگه‌ستین و تۆما ئه‌كوینی-دا ده‌ستنیشانمان كرد، یان به بیانووی هاوسه‌نگیی هێز، یان به‌دیهێنانی ئاشتی له رێی هێزه‌وه
Peace through strength وه‌ك له هه‌ندێ تیۆره سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا هه‌ن، له دواجاردا، به‌گشتی، ئه‌و فاكته‌ن كه له‌گه‌ڵیدا بیر و ئیراده‌ی ئاشتیخوازی و هه‌وڵه ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی ئاشتیپارێزی سه‌ختتر ده‌بن و ئه‌گه‌ره‌كانی به‌دیهێنانی سه‌قامگیری و ئارامیش، ئاڵۆزتر.
ئه‌و تێڕوانین و روانگانه بۆ جه‌نگ و فۆرمه‌كانی تری توندوتیژی، هه‌ر له‌م ره‌هه‌ندانه‌ی چالاكیی مه‌عریفی و هزریشدا نه‌ماونه‌ته‌وه، به‌ڵكو تێزی به‌شێكی به‌رچاوی فه‌یله‌سوفانی نێوداری مێژوون!، به تایبه‌تی له فه‌لسه‌فه‌ی خۆرئاواییدا.
ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه، كه له قۆناغی یۆنانی دێرین (سه‌ده‌ی شه‌شی پێش زاین)ه‌وه ده‌ستپێده‌كات بۆ سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست و دواتریش فه‌لسه‌فه‌ی نوێ و پاشان هاوچه‌رخ، شوێنه‌واری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ره‌وتی مێژوو و رووداوه‌كانی و له‌سه‌ر شارستانییه‌تی مرۆڤایه‌تی به‌جێهێشتووه، بگره فه‌لسه‌فه‌ی خۆرئاوایی، به حوكمی هه‌ژموونی ئایدیای ئیرۆسه‌نته‌ریزم Eurocentrism له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی تره‌وه باڵاده‌ستیی سیاسی، ئابووری، سه‌ربازی، ته‌كنۆ‌لۆژیی خۆرئاوا خۆیه‌وه به‌گشتی، بووه‌ته كه‌له‌پورێكی زیندوو و كاریگه‌ر، هه‌م بۆ میتۆدی بیركردنه‌وه و تێز و هه‌ڵوێست و ره‌فتار لای زۆرێك له تیۆرسێنانی سیاسی و سیستمە سیاسییه‌كانی جیهان، به‌تایبه‌تی له مامه‌ڵه‌دا له‌گه‌ڵ دوانه‌ی جه‌نگ و ئاشتی، هه‌م جۆرێك له وه‌حی دنیایی بۆ دیده لاهۆتی و ئایینییه‌كانیش، به‌تایبه‌ت كاتێك كه كایه‌كانی ئایین و فه‌رمانڕه‌وایی تێكه‌ڵ به یه‌كتر ده‌كرێن و له واقعدا تاقیده‌كرێنه‌وه و ململانێ و ناكۆكییه‌كانیان پێ یه‌كلا ده‌كرێته‌وه.
جه‌نگ و پێودانگه‌كانی پاساودانی
بۆ نموونه، لای یۆنانییه دێرینه‌كان، كه سه‌رزه‌مینی گه‌وره فه‌یله‌سوفانه، جه‌نگ، كه به پۆلیمۆس (Polemos) ناوده‌برێت، هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك ئامانجی گه‌وره‌تره له‌وه‌ی له كۆنسێپتی جه‌نگی دادپه‌روه‌رانه‌دا به‌دی ده‌كه‌ین.
هه‌ندێك له ماناكانی جه‌نگ به‌لای یۆنانییه‌كانه‌وه، به‌رجه‌سته‌بوونی جه‌نگه وه‌ك هێمای ئازایه‌تی، كه‌رامه‌ت، پاڵه‌وانێتی، شكۆمه‌ندی و ته‌نانه‌ت ئه‌رك و زه‌روره‌تێك بۆ له‌ناوبردنی هه‌مه‌جی و به‌ربه‌رییه‌كان و كۆی ئه‌وانه‌ی كه به زمانی یۆنانی نادوێن و خاوه‌ن عه‌قڵ و فه‌لسه‌فه و یاسا و شار(Polis) و دیموكراسییه‌تی ئه‌سینایی نین!.
له‌وه‌ش زیاتر، به‌هایه‌كی یۆنانیبوون، به‌لای ئه‌وانه‌وه، زۆرجار یه‌كسان بووه به جه‌نگاوه‌ربوون. هیراكلیتس-ی فه‌یله‌سوفی یۆنانی
(535-470پ.ز)، جه‌نگی به دایكی هه‌موو شته‌كان زانیوه، ئه‌و پێیوایه كه ململانێ و جه‌نگ پره‌نسیپێكی گه‌ردونگه‌رایه Universal و ته‌نیا رووداوێكی سه‌ربازی نییه، هه‌ر بۆیه جه‌نگ له‌و شارستانییه‌ته و له كه‌له‌پوره فه‌لسه‌فییه‌كه‌یدا مانا و ده‌لاله‌تی ستایشكارانه‌ی زۆری به‌سه‌ردا بڕاوه.
له زۆربه‌ی ئایینه ئاسمانی و زه‌مینییه‌كانیشدا، به هه‌مانشێوه، كۆمه‌ڵێك ده‌سته‌واژه و كۆنسێپت هه‌ن كه رۆڵی گه‌وره‌یان له دیاریكردنی چاره‌نووسی پێكه‌وه‌ژیانی گه‌لان و ئاشتی و سه‌قامگیریدا هه‌یه، بگره بوونه‌ته هۆی جۆرێك له ئاساییكردنه‌وه‌ی Normalization به‌ریه‌ككه‌وتنه خوێناوییه‌كان و فۆرمه جیاوازه‌كانی توندوتیژی، له‌وانه كۆنسێپته‌كانی وه‌ك: ئه‌ویتری كافر، هه‌ڵگه‌ڕاوه، بێ دین، زه‌ندیق، هه‌رته‌قی، بتپه‌رست، مونافیق.. هتد.. به‌تایبه‌تی له‌و سه‌رده‌مه‌وه كه ئیتر ئایین، له‌سه‌ر ده‌ستی ره‌وته په‌ڕگیره‌كانی ناوی، له په‌یامی خوداپه‌رستی و هیدایه‌ت و بانگه‌وازی ئاشتی و لێبوورده‌ییه‌وه، وه‌رده‌چه‌رخێت بۆ بیروباوه‌ڕێكی ئایدیۆلۆژیی فراوانخواز و گرێده‌درێته‌وه به پرۆژه‌كانی فه‌تحكردنی وڵاتان و سه‌پاندنی سه‌ربازییانه‌ی ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌ریی ده‌وڵه‌تی ئایینی، هه‌روه‌ك ئه‌م فاكته هه‌م له ئه‌زموونی قۆناغێكی ده‌سه‌ڵاتی خه‌لافه‌ته‌كانی راشیدین و ئه‌مه‌وی و دیوه خوێناوییه‌كه‌ی فتوحاتی ئیسلامی‌دا (سه‌ده‌ی 7و 8ی زاینی) به‌دی ده‌كرێت، هه‌م له شاڵاو و جه‌نگه دڵڕه‌قه‌كانی «خاچپه‌رستاندا»
(The Crusades (1096 - 1291، كه كریستیانه لاتینی و كاسۆلیكه ئه‌وروپییه‌كانی خۆرئاوا به‌رپایان كرد، ئه‌وه با باس له جه‌نگ و خوێنڕێژییه‌كانی مێژووی هاوچه‌رخیش نه‌كه‌ین، كه به ناوی جیهاد و شه‌ریعه‌تی خودا و ده‌وڵه‌تی دینییه‌وه، ئاشتی و دڵنیاییان له زیاتر له سه‌رزه‌مین و كیشوه‌رێكی جیهاندا بڕیوه و كوردستانیش به‌رده‌وام یه‌كێك بووه له قوربانییه‌كان.
جه‌نگ و ئاشتی، ئایین و فه‌لسه‌فه
هه‌ر له‌و سیاقه‌دا، بۆ نموونه، كاتێك لاهۆتییه‌كی وه‌ك تۆما ئه‌كوینی باس له جه‌نگی دادپه‌روه‌رانه ده‌كات، له ژێر كاریگه‌ریی فه‌لسه‌فه‌ی رۆمانی و یۆنانی-دایه، به‌تایبه‌تیش فكری فه‌یله‌سوفێكی رۆمــــــــــانی وه‌ك شیشــــــــیرۆن/كیكیرۆ
(106-43 پ.ز)، كه پێیوایه پارێزگاریكردن له خه‌ڵك/گه‌ل پێویستی به په‌نابردنه بۆ توندوتیژی له‌پێناوی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی دوژمن‌دا. لێره‌دا شیشیرۆن ئارگیۆمێنتێكی ئه‌خلاقی و سیاسی به جه‌نگ ده‌دات كه به‌رگرییه له گه‌ل و بیروباوه‌ڕه‌كانی. ئه‌م تێڕوانینه فه‌لسه‌فییه بۆ جه‌نگ هه‌ر لای شیشرۆن-یش نییه، به‌ڵكو به هه‌ندێ پێشمه‌رجه‌وه له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی ئه‌فڵاتۆن-یشدا (427 - 347 پ.ز) به‌دی ده‌كرێت.
له زۆربه‌ی ئایینه ئاسمانی و زه‌مینییه‌كانیشدا كۆمه‌ڵێك ده‌سته‌واژه و كۆنسێپت هه‌ن كه رۆڵی گه‌وره‌یان له دیاریكردنی چاره‌نووسی پێكه‌وه‌ژیانی گه‌لان و ئاشتی و سه‌قامگیریدا هه‌یه
جه‌نگ له روانگه‌ی ئه‌فڵاتۆن و ئه‌رستۆوه
ئه‌فڵاتۆن ئه‌گه‌رچی جه‌نگ ره‌تده‌كاته‌وه و دیدی ره‌خنه‌گرانه‌ی بۆی هه‌یه، به‌ڵام وایده‌بینێت كه مۆركێكی ئه‌نگێزه‌یی (طبيعة غريزية) له مرۆڤدا هه‌یه و له هه‌لومه‌رجی زۆر تایبه‌تدا ده‌بێته پێویستی، به‌ڵام پێویستییه‌كی هه‌ڵاوێردكراوی ئه‌خلاقی، واته جه‌نگ ته‌نها له‌پێناوی ئاشتییه‌كی به‌رده‌وامدا.
هه‌رچی ئه‌رستۆ-یه (384-322پ.ز)
ئه‌وا پێیوایه دوو شت دەبنە هۆی سەرهەڵدانی جه‌نگ، یه‌كه‌میان: بیرۆکەی چەسپاوی ململانێ و شه‌ڕ لەناو دەروونی مرۆڤدا و دووەمیان: ژینگەی کۆمەڵایەتیی چەسپاو لە پەروەردەکردنی ململانێ و شه‌ڕدا.
له‌لایه‌كی تره‌وه، ئه‌رستۆ وای ده‌بینێت بۆئەوەی سیستمێكی سیاسی ئاشتییانە سه‌روه‌ربێت، پێویسته هاووڵاتییان له فه‌رمانڕه‌واییدا بەشداربن، چونکە ئه‌وه هۆکاری بەردەوامبوونی سیستمەکەیه. واته ئه‌م فه‌یله‌سوفه یۆنانییه، لای خۆیه‌وه، جه‌نگ و ئاشتی ده‌به‌ستێته‌وه به دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانییەوە و به دیاریكراویش به به‌شداریی هاووڵاتییانه‌وه له ژیانی سیاسی‌دا، ده‌نا ململانێ و توندوتیژی ده‌بێته پێویستی و به‌رپا ده‌بێت.
ساده‌ترین ئه‌نجامگیریی ئێمه بۆ لێكه‌وته پراكتیكییه‌كانی ئه‌م تێزه فه‌لسه‌فییه ئه‌وه‌یه كه جه‌نگ و توندوتیژی، ده‌كاته قه‌ده‌ری لێبڕاوه‌ی هه‌موو ئه‌و وڵات و كۆمه‌ڵگانه‌ی كه بونیاد و سیستمی سیاسی‌یان دادپه‌روه‌ر و دیموكرات نییه و هاووڵاتییان تیایاندا بێ رۆڵ و په‌راوێز خراون، ئه‌مه‌ش گریمانه‌یه‌كه كه بێگومان له‌واقعدا فاكتێكی زه‌قی ره‌وشی ده‌یان وڵاته له جیهانی ترسناكی ئه‌مڕۆماندا و ئاڵه‌نگارییه‌كی گه‌وره‌شه بۆ سه‌قامگیریی سیستمی فه‌رمانڕه‌وایی كورد خۆی و ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ش كه كوردیان به‌سه‌ردا دابه‌شكراوه، به‌بێ ئه‌وه‌ی مافی هاووڵاتیبوونی ته‌واوی بۆ بسه‌لمێنن.
هۆبز و لۆژیكی به‌رقه‌راركردنی ئاسایش و ئارامی!
لای تۆماس هۆبز (1588-1679ز)، په‌رۆشیی بۆ دابینكردنی ئاسایش و ئاشتییه‌كی راسته‌قینه، زۆرجار ئاشتی ده‌كاته جۆرێك له وه‌هم!. ئه‌م فه‌یله‌سوفه ئینگلیزییه جه‌نگ گرێده‌داته‌وه به غه‌ریزه‌ی مانه‌وه و حاڵه‌تی سروشتییه‌وه. له دیدی ئه‌ودا حاڵه‌تی سروشتی بریتییه له جه‌نگێكی به‌رده‌وام نه‌ك ئاشتی، بگره بریتییه له جه‌نگی هه‌مووان به‌سه‌ر هه‌موواندا، چونكه ئه‌مه په‌یوه‌سته به سروشتی مرۆڤه‌وه.
له دیدی ئه‌ودا، ئه‌وه‌ی كه مرۆڤی سروشتی ده‌جوڵێنێت بریتییه له پاڵنه‌ره‌كانی حه‌ز و ئاره‌زوو و ته‌ماح و سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر ئه‌وانیتردا. بۆ وێناكردنی ئه‌م حاڵه‌ته سروشتییه‌ش، و‌ته‌زایه‌كی به‌ناوبانگی هه‌یه و ده‌ڵێت:»مرۆڤ گورگه بۆ مرۆڤی برای خۆی»، كه ده‌سته‌واژه‌یه‌كه له نووسه‌ری رۆمانی، سینیكا-ه‌وه وه‌ریگرتووه.
تێزی هۆبز بۆ دانانی سنوورێك بۆ جه‌نگ و ته‌ماحكاری و مه‌ترسیی مرۆڤه‌كان بۆ سه‌ر ئاسایشی یه‌كتر و بۆ سه‌ر ئاشتی و پێكه‌وه ژیانیان، ئه‌وه‌یه كه گرێبه‌ستێكی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌نێوانیاندا هه‌بێت، گه‌وهه‌ری ئه‌م گرێبه‌سته بریتی بێت له سازشكردن بۆ ده‌سه‌ڵاتێكی ره‌ها كه له دڕنده‌یی یه‌كتر بیانپارێزێت و ئاشتی و ئارامی به‌رقه‌رار بكات!.
به بۆچوونی ئێمه‌ش، ئه‌وه‌ی له‌م تێڕوانینه هۆبزییه‌دا هه‌یه بۆ جه‌نگ و ئاشتی، به ئاشكرا گۆڕینی ده‌وڵه‌ته بۆ عه‌زیایه‌كی گه‌وره!، بۆ ده‌سه‌ڵاتێكی دیكتاتۆری و ره‌ها، بگره كردنه‌وه‌ی ده‌ستی فه‌رمانڕه‌وایی سیاسییه بۆ ئه‌وه‌ی ئاشتی و ئارامی به زه‌بری هێز و له رێی توندوتیژییه‌وه به‌دیبهێنێت، ئه‌مه‌ش له‌دیدی ئێمه‌دا، هه‌ر خۆی، وێرانكردنێكی تری بنه‌ماكانی ئاسایش و به‌رقه‌راركردنی هه‌لومه‌رجێكی ناسه‌قامگیر و سه‌پاندنی ئاشتییه‌كی ساخته‌یه، كه بێگومان هه‌م به‌رده‌وام نابێت، هه‌م له هه‌ر جێیه‌كی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ی مرۆڤایه‌تیشدا په‌یڕه‌و كرابێت، كۆمه‌ڵگه و ده‌وڵه‌تی كردووه به‌گژ یه‌كتردا، دروست وه‌ك واقعی هه‌لومه‌رجی نائارام و پڕ ململانێی به‌شێكی به‌رچاوی وڵاتانی جیهانی سێ و ناوچه‌ی خۆر‌هه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جه‌نگه ئه‌هلییه‌كانی ده‌وڵه‌ته پۆلیسی و تۆتالیتا‌ر و نادیموكراته‌كانی دنیا، كه به‌داخه‌وه تا رۆژگاری ئه‌مڕۆشمان به‌رده‌وامن و كوردیش یه‌كێك بووه له‌و نه‌ته‌وه سته‌ملێكراوانه‌ی كه قوربانی ده‌ستی ئه‌و جۆره ده‌وڵه‌ته تۆتالیتا‌ر و هۆبزییانه‌یه و تائێستاش رزگاری نه‌بووه.
جه‌نگ وه‌ك پێویستییه‌كی ده‌وڵه‌ت!
هه‌رچی هیگڵ-ه (1770-1831ز)، ئه‌وا له تێزه سیاسی و فه‌لسه‌فییه‌كانیدا، خه‌ونی ئاشتی كه فه‌یله‌سوفان و ریفۆرمخوازانی پێش ئه‌و و له ده‌ورانی ئه‌ودا خه‌ونیان پێوه بینیوه، به خه‌ونێكی نا واقعی له قه‌ڵه‌م ده‌دات.
لای هیگڵ جه‌نگ له واقعدا بوونی هه‌یه. هه‌رچ شتێكیش واقعی بوو ماقوڵیشه!. هه‌ر به‌م مانایه، دووپاتیده‌كاته‌وه كه فه‌یله‌سوف نابێت به‌سه‌ر واقعی خۆیدا بازبدات و دوای خه‌یاڵ بكه‌وێت، چونكه جه‌نگ به‌دیوێكدا به‌شێكه له سروشتی مرۆڤ و پێویستیی ده‌وڵه‌ت، به دیوه‌كه‌ی تریشدا به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه شتێك نییه له واقعدا به ناوی ئاشتی هه‌میشه‌یی.
ئێمه به‌م روانگه هیگڵییه، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه لای ئه‌م فه‌یلسوفه‌ش ئیراده‌ی ئاشتیخوازی به‌ر ئیراده‌یه‌كی چه‌سپیو و سروشتی ده‌كه‌وێت كه به‌داخه‌وه ئیراده‌ی جه‌نگ و توندوتیژییه.
ئه‌م فاكته له دیدی ئێمه‌دا له به‌شێكی كه‌له‌پوری فكری فه‌لسه‌فی و ئایینی و له تیۆره سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا پشتڕاست ده‌كرێته‌وه، تا رۆژگاری ئه‌مڕۆش، وه‌ك فاكتێكی واقعی، توێژینه‌وه و تیۆریزه‌سازیی بۆ ده‌كرێت، چونكه به فعلی توندوتیژی و جه‌نگ و كۆمه‌ڵكوژییه‌كان له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا به فۆرمی جیاجیا به‌رده‌وامن، دۆز و دۆسیه چاره‌سه‌رنه‌كراوه‌كانیش پرۆژه‌ی شوومی چه‌ندین جه‌نگی دیکەی خوێناوین كه ره‌نگه دره‌نگ یان زوو، له كات و شوێنی جیاجیای ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌دا رووبده‌ن.
ماركس و توندوتیژی و ئاشتی
یه‌كێكی دیکە له‌و فه‌یله‌سوفه به‌ناوبانگانه‌ی كه دنیابینی و تێزه‌كانی كاریگه‌رییان له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی و زۆر سیستمی فه‌رمانڕه‌وایی و سه‌دان حزب و ره‌وتی سیاسی و ئایدیۆلۆژی و ته‌نانه‌ت زانستی و ئه‌ده‌بی و هونه‌رییش له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا هه‌بووه و تائێستاش ئه‌و كاریگه‌رییانه له‌سه‌ر به‌شێكیان ماون، كارل ماركس-ه(1818-1883ز).
ماركس له باره‌ی ئاشتی و جه‌نگه‌وه، پێیوایه ئاشتیی راسته‌قینه له هیچ سه‌رزه‌مینێكدا نایه‌ته‌دی تاوه‌كو ده‌سه‌ڵات و سیستمی سه‌رمایه‌داری باڵاده‌ست بێت.
ماركس جیاوازیی چینایه‌تی له كۆمه‌ڵگه و له سایه‌ی ئه‌و سیستمه‌دا به بۆمبی به‌رپاكردنی ناڕه‌زایه‌تی و شۆڕش و توندوتیژییه‌ك ده‌بینێت كه له فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌ودا بۆ گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویی، زۆر پێویستن.
به مانایه‌كی دیکە، ماركس هه‌ر خۆی بۆ كۆتاییهێنان به هه‌ژموونی سیستمی سه‌رمایه‌داری كه تا ئه‌مڕۆش له زۆر رووبه‌ری جیهاندا باڵاده‌سته، بانگه‌واز بۆ به‌كارهێنانی توندوتیژیی شۆڕشگێڕانه ده‌كات، پێشیوایه ئه‌و ئاشتییه كۆمه‌ڵایه‌تییه ئاشتییه‌كی ساخته‌یه كه بۆرجوازییه‌ت داوای ده‌كات و ململانێی چینایه‌تی ده‌شارێته‌وه.
ماركس جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه ئاشتی و خۆشگوزه‌رانی و دادپه‌روه‌ری له‌و‌كاته‌دا دێته‌دی كه كۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تی نه‌مێنێت و سه‌رمایه‌داری كۆتایی هاتبێت و سیستمێكی كۆمۆنیستی و سۆشیالیستی به‌رقه‌راربێت.
له دیدی ئێمه‌شدا، روونه كه فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی ئه‌م فه‌یله‌سوفه ئه‌ڵمانییه بۆ توندوتیژی و توندوتیژیی شۆڕشگێڕانه و بۆ ئاشتی و سه‌قامگیری، هه‌ڵگری پاڵپشتی و بانگه‌وازه بۆ شۆڕشكردن و راپه‌ڕین و خه‌باتی چه‌كداری، ئیتر به هه‌ر ئارگیۆمێنت و بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێكی مێژوویی په‌یوه‌نداریداربێت به هه‌لومه‌رجی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه و جیهانه‌وه. هه‌مووشمان ده‌زانین كه بیروباوه‌ڕی ئه‌م فه‌یله‌سوفه كه تایتڵه گه‌وره‌كه‌ی ماركسیزم-ه، هه‌ر به ته‌نها تیۆرێکی نێونه‌ته‌وه‌یی تایبه‌ت و هه‌ژموونداری له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تیدا دانه‌مەزراند، بەڵکو به كردار له زۆر رووبه‌ری جیهاندا شوێنكه‌وته‌ی سیاسی په‌رگیر و رادیكاڵی دروستكرد و تێز و بانگه‌وازه‌كانی تاقیكرانه‌وه، بگره بوونه مانفێست و بنه‌مای ئایدیۆلۆژی بۆ چه‌ندین شۆڕشی سیاسی، كه له ئاكامدا جه‌نگ و شه‌ڕی ناوخۆیی و ناسه‌قامگیریی زۆریان به‌دوای خۆیاندا هێنا، ئیتر به‌بێ ئه‌وه‌ی، له زۆربه‌ی ئه‌زموونه‌كاندا، نه به‌هه‌شتێكی سیاسی و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی به‌ختیار به‌دیبهێنن، نه ئاشتییه‌كی هه‌میشه‌یی بۆ گه‌لان.
بابەتی زیاتر