- به‌شی یه‌كه‌م –
ئه‌م په‌یپه‌ره‌ی لێره‌دا ده‌یخوێنیته‌وه، يه‌كێكه له ته‌وه‌ره‌كانی دیدارێكی زانستی، كه زانكۆی راپه‌ڕین– كه‌مپه‌سی قه‌ڵادزی، رۆژی 2ی ئه‌م مانگه، له ژێر ناونیشانی (رۆڵی ئاشتی و میانڕه‌وی له بنیادنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سه‌قامگیردا) رێكیخستبوو. ئه‌م ته‌وه‌ره، ته‌واوكراوی بابه‌تی دیداره‌كه‌یه كه د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا پێشكه‌شی كردووه).
كوردستانی نوێ
سه‌رنجی گشتی و كۆمه‌ڵێك فاكت
بابه‌تی ئه‌م دیداره، شایه‌نی ئه‌وه‌یه گفتوگۆی دوورودرێژتری له‌باره‌وه بكرێت، ئێمه لێره‌دا هه‌ندێک سه‌رنجی گشتی و كۆمه‌ڵێك فاكت ده‌خه‌ینه‌ڕوو. ئه‌م فاكت و سه‌رنجانه، بۆ ئه‌وه نین نائومێدمان بكه‌ن، یان له ئیراده‌ی ئاشتی و میانڕه‌وی پاشگه‌زمان بكه‌نه‌وه، به‌ڵكو زیاتر بۆ ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و گرفته تیۆری، یان پراكتیكییانهیه كه دێنه رێی ره‌وتی ئاشتی و میانڕه‌وی له جیهاندا و ناهێڵن سه‌قامگیریی دوورمه‌ودا، یان سه‌قامگیرییه‌كی به‌رده‌وام، بێته ئاراوه.
له‌لایه‌كی تر، رێكه‌وت وایه كه سازدانی ئه‌م دیداره، به‌داخه‌وه هاوكاتی، سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی جۆرێك له ناسه‌قامگیریی و به‌كارهێنانه‌وه‌ی هه‌ندێک توندوتیژییە له چاره‌سه‌ركردنی ناڕه‌زایه‌تییه كۆمهڵگهییهكانماندا، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی كه له گوندی لاجان و قه‌زای خه‌باتدا روویدا. هاوكاتیشه له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی ئاشتی له باكووری كوردستان له نێوان ده‌وڵه‌ت و كورددا و گفتوگۆ و دانوستانی نێوان رۆژئاوای كوردستان و حكومه‌تی نوێی سوریاش دوای كۆمه‌ڵێك گرژی و دروستبوونی كێشه له‌به‌رده‌م رێككه‌وتنامه‌كه‌ی نێوانیاندا، كه له 10ی ئازاری ئه‌مساڵ له دیمه‌شق ئیمزا كرا.
ئه‌م دیداره کە هاوكاتی ئه‌م رووداوانه‌یه، به‌هایه‌كی مه‌عنه‌ویی ده‌به‌خشێت به گرنگیدانی ئه‌م ناوه‌نده ئه‌كادیمییه به پرسی ئاشتی و میانڕه‌وی و سه‌قامگیریی له وڵات‌دا و ده‌ریده‌خات كه به‌شداره له فه‌زای گشتی و له مشتومڕی دۆزه‌كانی كۆمه‌ڵگادا.
تیۆرێكمان هه‌یه به‌ناوی (ئاشتی له رێگه‌ی هێزه‌وه/ Peace through strength)، گریمانه‌كانی وایه كه خاوه‌ندارێتیكردن له هێزێكی سه‌ربازیی مه‌زن، رێگه له ركابه‌ران ده‌گرێت كه جه‌نگ به‌رپا بكه‌ن
ئاشتی و تێزی ئه‌مانوێل كانت
سه‌ره‌تا، پێشوه‌خت ده‌ڵێین: به راستی، هه‌موو رووداوه‌كانی جه‌نگ و ململانێ و كۆمه‌ڵكوژییه‌كان، چ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و چ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی وڵاتاندا، به ئاشكرا تێزێكی فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی ئه‌مانوێل كانت Immanuel Kant (1724-1804ز) له باره‌ی ئاشتییه‌وه ده‌سه‌لمێنن كه ئه‌م فه‌یله‌سوفه، پێش زیاتر له دوو سه‌ده، له كتێبی(Perpetual Peace: A Philosophical Sketch - ئاشتی هەمیشەیی: سکێچێکی فەلسەفی -1795ز) دا باسی كردووه.
كانت ده‌ڵێت: «ئاشتی ته‌نها راوه‌ستانی جه‌نگه‌كان نییه، وه‌كچۆن دۆخێكی سروشتی نییه، به‌ڵكو ئاشتی ئامانجێكه كه ده‌بێ به‌دیبهێنرێت.» له‌وه‌ش زیاتر بیرمان ده‌خاته‌وه كه ئاشتییه‌كی به‌رده‌وام پرۆژه‌یه‌كی عه‌قڵمه‌ندانه و یاساییه. ئه‌و بە راشكاوی بیرمان ده‌خاته‌وه كه‌وا ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی عه‌قڵ و یاسا فه‌رمانڕه‌وایی ده‌كات و میلله‌ته‌كه‌شی ئازاده، هه‌ڵپه‌ی ئه‌وه‌ی نابێت كه جه‌نگ به‌رپا بكات، چونكه ده‌بێت تێچوو و باجه‌كه‌ی بدات، بۆیه بانگه‌وازی كانت، بانگه‌وازه بۆ فه‌رمانڕه‌واییه‌كی كۆماری-دیموكراسی و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان له یه‌كتر و رێزگرتن له مافه‌كانی مرۆڤ. تێزی ئه‌م فه‌یله‌سوفه، ئه‌وه دووپات ده‌كاته‌وه كه ئاشتی و سه‌قامگیری، پێدراوێكی ئاسان نین. ئه‌م تێزه، هه‌رخۆی به‌سه بۆئه‌وه‌ی ئێمه له وه‌همی سه‌قامگیرییه كورتخایهنهكاندا نه‌ژین و وا تێنه‌گه‌ین كه له جیهانێكی ئارامداین.
دۆزێكی نێوده‌وڵه‌تی
ئه‌و كۆمه‌ڵه فاكت و سه‌رنجه گشتییانه‌ی، كه له‌باره‌ی ئاشتی و میانڕه‌وی و سه‌قامگیرییه‌وه هه‌مانه، به‌گشتی، ئه‌مانه‌ن:
یه‌كه‌م: جارێک ئه‌وه بیر ده‌خه‌ینه‌وه كه بابه‌تی ئه‌م دیداره، ئه‌گه‌رچی گرنگه، به‌ڵام له هه‌مانكاتدا ئاڵۆزه، به‌تایبه‌تی كه دۆزی ئاشتی و سه‌قامگیری، دۆزێكی ناوخۆیی Local نییه، تایبه‌ت نییه به‌و مییللهتانهی چه‌شنی ئێمه، كه قوربانی ده‌ستی جه‌نگه‌كانن و له هه‌مانكاتدا له‌ناوخۆی خۆیشیاندا - به‌داخه‌وه - هێشتا، ناوبه‌ناو، له توندوتیژی و ململانێ و بهرككهوتندا ده‌ژین!.
ئاشتی له هه‌موو دۆخێك‌دا، دۆز و دۆسییه‌كی زیندووی نێونه‌ته‌وه‌ییه International، ئه‌م سه‌ری گۆی زه‌ویی بۆ ئه‌وسه‌ری، به‌خۆیه‌وه سه‌رقاڵكردووه. بۆ سه‌لماندنی ئه‌مه، به‌نده كۆمه‌ڵێك داتای وردم لایه، كه به‌داخه‌وه هه‌ر هه‌موویان ده‌ریده‌خه‌ن كه جه‌نگه‌كان، ململانێكان، توندوتیژیه‌كان، له نیو سه‌ده‌ی رابردوودا، هیچ كیشوهرێكیان نه‌بواردووه. كه‌واته جه‌نگ و ململانێكان، بابه‌تی ناوچه‌یه‌كی دیاریكراو نین، به‌ڵكو بهربهرهكانییهكی جیهانین.
ئاشتی وه‌ك كایه‌یه‌كی زانستی
دووه‌م: ئه‌مڕۆ ململانێ و ئاشتی، جێی گرنگی پێدانی چه‌ندین بواری پسپۆریی زانستییه، له‌وانه، زانسته سیاسییه‌كان، په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، كۆمه‌ڵناسی، جوگرافیا، ئابووری، میدیا و كۆمه‌نیكه‌یشن، ده‌روونناسی، یاسای نێوده‌وڵه‌تی، توێژینه‌وه‌كانی په‌ره‌پێدان، مافه‌كانی مرۆڤ .. و هتد.. واته بوونه‌ته خه‌مێكی مه‌عریفی و به هه‌موو میتۆده‌كانی توێژینه‌وه ئیشیان له‌سه‌ر ده‌كرێت، له‌وانه، میتۆده‌كانی وه‌ك: شیكاریی ململانێكان، توێژینه‌وه‌كانی كه‌یسCase study، شیكاریی ستراكچه‌ری، شیكاریی میدیایی بۆ دیسكۆرسی رق و كینه، به‌راوردكاریی نێوده‌وڵه‌تی، توێژینه‌وه چۆنایه‌تی و مه‌یدانییه‌كان و زۆر میتۆدی تری بواری زانسته مرۆیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.
هاوكات، ململانێ و ئاشتی، هه‌ر خۆی، نزیكه‌ی یه‌ك سه‌ده‌یه بۆته كایه‌یه‌كی ئه‌كادیمی و زانستیی تایبه‌تمه‌ندیش به ناوی (Peace Science)، كه گه‌وره بیرمه‌ند و زانایانی وه‌ك (یۆهان گالتۆنگ Johan Galtung ، ساڵ93) له دامه‌زرێنه‌ره هاوچهرخهكانێتی و هه‌ر خۆیشی به هاوكاری توێژه‌رانی تر، بونیادنه‌ری په‌یمانگای توێژینه‌وه‌كانی ئاشتییه له ئۆسلۆ. ئه‌م كێڵگه مه‌عریفییه ته‌رخانه بۆ شیكردنه‌وه‌ی زانستی و به‌دواداچوونی هۆكاره‌كانی توندوتیژی و جه‌نگ، لێكۆڵینه‌وه له مه‌رجه‌كانی به‌رگرتن له ململانێكان، بونیادنانی ئاشتییه‌كی به‌رده‌وام. بێگومان كۆمه‌ڵێك كۆنسێپتی بنه‌ڕه‌تیی خۆیشی هه‌یه، له‌وانه:
- ئاشتیی نه‌رێنی: كه ته‌نها بریتییه له راگرتنی جه‌نگ و هیچیتر.
- ئاشتیی ئه‌رێنی: كه بریتییه له نه‌بوونی توندوتیژیی بونیادی و بوونی دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌ره‌پێدان.
- توندوتیژیی بونیادی: كه زاده‌ی هه‌ژاری و په‌راوێزخستن و چه‌وساندنه‌وه‌یه.
- توندوتیژیی كەلتوری: كه بریتییه له پاساودانی توندوتیژی له رێگه‌ی ئاین، یان میدیا، یان ئایدیۆلۆژیاوه.
گرنگیپێدانی بێ ئاكام!
سێیه‌م: راسته بابه‌تی سه‌قامگیریی و ئاشتی، له‌سه‌ر ئاستی جیهان، جێی گرنگی پێدانی زۆر لایه‌نه، له ناویاندا: وڵاته زلهێز و بڕیاربه‌ده‌سته‌كان، رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ناوه‌نده زانستی و ئه‌كادیمییه‌كان، سه‌نته‌ره‌كانی توێژینه‌وه و راپرسی، به‌ڵام راستییه‌كی تاڵ ئه‌وه‌یه كه به‌و گرنگی پێدانانه‌شه‌وه، تاوه‌كو ئێستا چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی و به‌رده‌وام و ناكۆتا بۆ زۆر جه‌نگ و ململانێ، له كۆمه‌ڵێك ناوچه‌ی گڕتووی جیهاندا، نه‌دۆزراونه‌ته‌وه و بێ ئاكامه.
به‌رده‌وامیی توندوتیژی و جه‌نگه‌كان له زۆنه جیاجیاكانی جیهاندا، به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ن كه گرفتی گه‌وره هه‌یه، چ گرفت بێت له راستگۆیی و شێلگیریی خودی ئه‌و گرنگی پێدانه!، یان گرفت بێت له په‌رۆشیی ئه‌و هێزو ده‌وڵه‌ت و رێكخراو و دامه‌زراوانه‌ی كه په‌یوه‌ندیدارو باڵاده‌ستن و بڕیار وایه به‌رپرس بن له مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆزه‌دا.
كێشه‌یه‌كی ئه‌زه‌لی
چواره‌م: كێشه و ململانێ و ماخۆلانی ئاشتی و سه‌قامگیری، مێژووییه‌كی دێرین و دوورودرێژیان هه‌یه، ئه‌مانه له‌و بابه‌تانه‌ن كه پێیانده‌وترێت پرسه ئه‌زه‌لییه‌كان. بۆ نموونه، وه‌ك چۆن ویست بۆ دادپه‌وه‌ری و بۆ ئازادی، هه‌روه‌ك بیرمه‌ندی عه‌ره‌بی- ئه‌مریكی، ئیداورد سه‌عید (1935 – 2003ز) له كتێبی(وێنه‌كانی رووناكبیر)دا ده‌ڵێت: «ویستێكی ئه‌زه‌لین و له مرۆڤ دانابڕێن، ئاوهاش ململانێ و خواست بۆ ئاشتی و سه‌قامگیری، ماخۆلانێكی ئه‌زه‌لین.» ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه، ئه‌م دۆزه، له‌بنه‌ڕه‌تدا، ره‌گی دێرینی له شارستانییه‌تی مرۆڤایه‌تیدا هه‌یه، نه دوێنێ ده‌ستی پێكردووه و نه سبه‌ینێ كۆتایی دێت، واته مه‌رج نییه هیچ ئاشتی و سه‌قامگیرییه‌ك، به بێ چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی، به‌رده‌وام بێت.
بۆ نموونه به‌یاننامه‌ی 11ی ئازاری ساڵی 1970ی نێوان حكومه‌تی عیراق و بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی كورد، كۆتایی شه‌ڕ نه‌بوو له‌نێوان كورد و ده‌وڵه‌تدا، یان دانوستانی ساڵی 1984 له‌نێوان شۆڕش و رژێمی پێشوودا، به مانای ئاشتی و پێكهاتنی نێوانیان نه‌بوو، یان رووخانی رژێمی سه‌دام (2003ز) مانای ئازادی و كۆتایی جه‌نگ و ماڵوێرانییه‌كان نین له عیراقدا. تۆ به‌رده‌وام ده‌بێت چاوه‌ڕوان بیت كه بچیته‌وه به‌رده‌م ئه‌گه‌ری ناسه‌قامگیری و توندوتیژی و شه‌ڕی دیكه‌وه. له نموونه‌ی عیراقدا، واقعی دوای پرۆسه‌ی ئازادی، به روونی ئه‌م به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌ی بۆ سه‌لماندین.
ئیراده‌یه‌كی به‌رده‌وام، به‌ڵام..!
پێنجه‌م: ئه‌زموونه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی، به درێژایی مێژوو، ده‌ریانخستووه كه وه‌كچۆن جه‌نگ و ململانێكان به‌رده‌وامن، ئیراده ئاشتی و سه‌قامگیرییش، ئیراده‌یه‌كی زیندووه له كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تیدا. ئه‌مه فاكتێكی باشه، بڕێك ئومێد به‌خشیشه له جیهانێكدا كه جه‌نگ و توندوتیژیی لێ نابڕێت.
واته سه‌ره‌ڕای هه‌موو به‌ربه‌ره‌كانییه‌كان، ئیراده‌ی ئاشتی به‌رده‌وامه و نه‌گه‌یشتۆته بنبه‌ست، عه‌ره‌ب وته‌نی: دهوامهیهكی مێژووییه، به‌ڵام نهێنیی زیندووێتیی ئه‌م ئیراده‌یه ئه‌وه نییه كه ئه‌مه زاده‌ی دۆخی سروشتیی مرۆڤ بێت، به‌ڵكو نهێنییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه - به‌داخه‌وه - جه‌نگ و ململانێكان له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی و له‌م جیهانه‌دا، ره‌هه‌ندێكی حه‌تمییان وه‌رگرتووه.
به مانایه‌كی راشكاوتر، ئیراده‌ی ئاشتی، له زۆر سه‌رزه‌مینی ئه‌م گه‌ردوونه‌دا، زاده‌ی جه‌نگ و ململانێكانه، یان له‌ژێر كاریگه‌ریی تارمایی جهنگهكاندایه، یان له ترسی به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمییه، به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی كه ئه‌م چه‌كه كۆمهڵكوژهیان هه‌یه، نه‌ك پرۆژه‌یه‌كی عه‌قڵانی و قانونیی به‌رده‌وام بێت هه‌روه‌ك ئه‌مانوێل كانت له تێزه‌كه‌ی خۆی و له كتێبه به‌ناوبانگه‌كه‌یدا، تیۆریزه‌و داوای ده‌كرد.
پارادۆكس: جه‌نگ له پێناوی ئاشتیدا !
شه‌شه‌م: له‌لایه‌كی تر، ئه‌وه‌ی كه جێی تێڕامانه و وا ده‌كه‌وێته‌وه كه جۆرێكه له
پارادۆكس-یش له گۆتاری ئاشتی و ئاشتیخوازی و سه‌قامگیریدا، ئه‌وه‌یه كه، كۆمه‌ڵێك تیۆری سیاسیی و سۆسیۆلۆژی هه‌ن، كه ململانێ و جه‌نگ و توندوتیژی، وه‌ك ئامرازێك ده‌بینن بۆ ئاشتی و سه‌قامگیرییه‌كی درێژخایه‌نتر، واته هه‌ندێك لە تیۆرە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان، توندوتیژی یان شەڕ، بە ئامرازێک دەزانن بۆ دووبارە داڕشتنه‌وه‌ی سیستەم و سەپاندنی ئاشتییەکی نوێ، جا چ لە رێگەی: رێگریکردن و بهرچهرچدانهوهوه بێت، یان هاوسەنگی هێز، یان دووبارە دابەشکردنەوەی دەسەڵات، یان گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و مێژوویی. به پێی ئه‌و تیۆرانه، مه‌رج نییه خۆلادان له جه‌نگ، له هه‌موو دۆخێك‌دا، ئاشتی و سه‌قامگیری دروست بكات، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر به‌شێك نه‌بێت له سیسته‌می بیركردنه‌وه و ره‌فتار لای هه‌مووان، چ وه‌ك تاك و وه‌ك گروپ و چ وه‌ك ده‌وڵه‌تان، واته نه‌بووبێته پرۆژه‌یه‌كی عه‌قڵمه‌ندانه و به یاسایه‌ك كه پابه‌ندبوون دروست بكات.
له‌و تیۆرانه، بۆ نموونه، تیۆرێكمان هه‌یه به‌ناوی(ئاشتی له رێگه‌ی هێزه‌وه/ Peace through strength)، گریمانه‌كانی وایه كه خاوه‌ندارێتیكردن له هێزێكی سه‌ربازیی مه‌زن رێگه له ركابه‌ران ده‌گرێت كه جه‌نگ به‌رپا بكه‌ن. هاوكات پێیوایه ئاشتی ئه‌و كاته دێته‌دی كه لایه‌نی ده‌ستدرێژیكه‌ر به‌بۆنه‌ی ترسی له كاردانه‌وه، له نیازی به‌رپاكردنی جه‌نگ پاشگه‌ز ببێته‌وه. ئه‌م تیۆره، زۆر له مێژه كۆمه‌ڵێك زلهێز و ده‌وڵه‌ت په‌یڕه‌ویی ده‌كه‌ن.
تیۆرێكی تر، بریتییه له تیۆری هاوسه‌نگیی هێز(Balance of Power) كه گریمانه‌ی وایه، هه‌ندێکجار، جه‌نگ هاوسه‌نگی دروست ده‌كات دوای ئه‌وه‌ی كه ده‌وڵه‌تێكی دیاریكراو به‌سه‌ر ئه‌وانیتردا زاڵ ده‌بێت. پێی وایه، له دوای جه‌نگ ئاشتییه‌كی نوێ دێته ئاراوه، چونكه هێزه‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ئاستێك كه زاڵبوون و ههژموونكردن قه‌ده‌غه ده‌كات.
هه‌روه‌ها تیۆری جه‌نگه دادپه‌روه‌ره‌كان -مان
هه‌یه (Jest War Theory)، كه له بنه‌ڕه‌تدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ تێزه‌كانی فه‌یله‌سوف و لاهوتییهكی مه‌سیحیی تاغاست -ی وه‌ك (سان ئۆگه‌ستین
Saint Augustine of Hippo.354 -430) و هه‌روه‌ها فه‌یله‌سوف و لاهوتییهكی مه‌سیحیی ئیتاڵی وه‌ك (تۆما ئه‌كوینی
Thomas Aquinas 1225 -1274).
ئه‌كوینی پێی وایه كه ده‌شێت جه‌نگ له كۆمه‌ڵێك هه‌لومه‌رجی دیاریكراودا ئارگیۆمێنتێكی ئه‌خلاقیی هه‌بێت. لای ئه‌و هۆكارێكی دادپه‌روه‌رانه بۆ جه‌نگ بریتییه له به‌رگریكردن له‌خۆت، یان به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ده‌ستدرێژی، یان گێڕانه‌وه‌ی مافێكی زه‌وتكراو. ئه‌كوینی، جه‌نگی دادپه‌روه‌رانه گرێده‌داته‌وه به نیازی دادپه‌روه‌رانه‌وه، كه لای ئه‌و، بریتییه له به‌دیهێنانی ئاشتی نه‌ك تۆڵه‌كردنه‌وه و فراوانخوازی. ئاشتی له دیدی ئه‌كوینی-دا ده‌بێته دوا مه‌به‌ستی جه‌نگ، پێشی وایه كه جه‌نگ له خودی خۆیدا چاكه‌ی تێدا نییه، به‌ڵكو خراپه‌یه‌كه كه به ناچاری ده‌بێت به‌رگه‌ی بگریت. ئه‌م تێزه‌ی ئه‌كوینی ره‌وایه‌تی ده‌دات به به‌ره‌نگاری و به‌رگرییه‌كانی گه‌لانی چاوساوه و بنده‌ست به گه‌لی كوردیشه‌وه، به‌ها ده‌به‌خشێت به خه‌بات و شۆڕش و راپه‌ڕینی گه‌لانی سه‌ركوتكراو، بۆیه بانگه‌واز نییه بۆ جه‌نگ، ئه‌وه‌نده‌ی بانگه‌شه‌یه بۆ جه‌نگێكی دادپه‌روه‌رانه له به‌رامبه‌ر نادادپه‌روه‌ری و داگیركاری و ده‌ستدرێژی و باڵاده‌ستیی ده‌وڵه‌تان.
بابەتی زیاتر