ئه‌گه‌رچی به راستی گومانمان هه‌یه له‌وه‌ی تا ئێستا حزبە کوردستانییەکان خاوەنی په‌یپه‌رێكی کاری ئه‌وتۆ بن، کە داخوازییه بنچینه‌ییه‌كانی په‌یوه‌ست بە چاوه‌ڕوانییه‌كانی پێکهاتەی کورد-ی، وەک پێکهاتەیەکی رەسەنی عیراق، لەخۆگرتبێت و دانوستانیان له‌باره‌وه بكرێت، یان وەک مەرجی پێشوەختەی به‌خشینی متمانە بێت بە هەر کابینەیەکی وەزاری یان وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانە لێی له داهاتوودا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بێگومان له‌وه تێده‌گه‌ین کە بەرزکردنەوەی داخوازی، یان مەرجی لەو چه‌شنه، لەم هه‌لومه‌رجه سیاسییەی ئه‌مڕۆدا، کارێکی دژوار و قورسه، بەتایبەتی کە عیراق زۆر پێویستی بەوە بوو ئاسته‌نگ و ناکۆکییەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەت لاببرێن و کۆتایی بە بۆشایی كارگێڕیی وڵات بهێنرێت.
ئاخاوتن لەسەر ئەم پرسه، له‌مڕۆدا، بە مانای رازیبوون نییه بە دۆخی ئێستای وڵات و بیانوو و پاساوەکانی، یان تێپه‌ڕاندنی بنەما زانستییەکانی دانوستانی نیشتمانیی نێوان هێزە سیاسییەکان، ئه‌وه‌نده‌ی كه پرسه‌كه پەیوەستە بەو دۆخە تایبه‌ت و نائاساییه‌ی كه وڵاته‌كه‌ی پێدا تێپەڕ دەبێت و تیایدا هێزە کوردستانییەکان نایانەوێت دۆخه‌كه زیاتر ئاڵۆز و قووڵتر ببێتەوە و دواتر لایه‌نی كوردیی تێیدا تۆمه‌تبار بكرێت.
بە مانایه‌كی تر، بنەما عەقڵانی و باوەکان بۆ هەر دانوستانێک لەنێوان هێزە سیاسییە سەرکەوتووەکاندا، بریتییە لە تاوتوێکردنی ئاراستە و دیده جیاوازەکان سەبارەت بە پێویستییەکانی كارنامه‌ی حکومەت و مەرجەکانی، ئه‌مه جگە لە داخوازیی لایەنەکانی دانوستان لە یەکتر بۆ گەیشتن بە جۆرێك له هاوبەشی و رێککەوتنی سیاسی، کە یه‌كه‌مجار به‌خشینی متمانه به کابینەی وەزاری مسۆگه‌ر بكات، پاشان وه‌رنه‌گرتنه‌وه‌ی متمانە لێی لە داهاتوودا. ئەم بنەمایە، به سروشتی حاڵ، راستترین رێگایە بۆ خۆپاراستن لە ناکۆکییەکانی داهاتوو لەسەر ئەو دۆسێیانەی کە ره‌نگه به‌هۆی خێراکردنی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەکەوه، دانوستانیان لەباره‌وه دواخرابێت.
سەبارەت بە پێکهاتەی کورد لە عیراقدا، داخوازییه سیاسی و دەستوورییەکان هه‌ر وه‌ك خۆیانن، تەنانەت ئەگەر حزبە سیاسییەکان لە پێناو ئامانجی بابەتیدا، یان مەبەستی حزبی کە پەیوه‌ندیی بە وه‌رگرتنی پله‌و پۆسته‌وه هه‌بێت، سازشیان له‌سه‌ر کردبێت. ئەم داخوازییانه راست و ره‌واشن، بگره عیراقێکی ئارام و سەقامگیر و حکومەتێکی کارایان له‌سه‌ر به‌نده، کە گرنگی بە چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان بدات و بەپێی كارنامه‌یه‌كی نیشتمانیی حکومی کار بۆ یەکلاییکردنەوەیان بكات.
گرنگترین ئەو داخوازییانە، پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە، کە هێشتا جێگەی نیگەرانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە و تا ئێستا بەشێوەیەکی لێبڕاوانه و یاسایی یەكلانەکراوەتەوە، هەروەها چارەنووسی ناوچەكانی جێی ناکۆكی و ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی، کە پێویستی بە ویستێكی راستەقینە هەیە بۆ تەواوکردنی قۆناغەکانی جێبەجێکردنی، چونكه ده‌بێ ئه‌و مه‌ترسیییه ره‌چاوبكرێت كه ئه‌و مادده‌یه تەنها وەک مه‌ره‌كه‌بی سه‌ر کاغەز بمێنێتەوە، به‌وه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی لەسەر سه‌رله‌نوێ توندكردنی هەڵوێستە سیاسییەکان و هەڵکشانی ناکۆکییەکانی نێوان دانیشتووانی ئەو ناوچانە و نوێنەرە سیاسییەکانیان، هه‌بێت.
سه‌رباری ئه‌وه، دۆز‌و داخوازییه‌كی تر هه‌یه كه ئه‌ویش پێگەی کورده لە ناو سیستمی بەرگریی و سوپادا، کە تا راده‌یه‌كی زۆر بۆته پرسێكی پەرواێزخراو، ئه‌مه لە کاتێکدا ئەم سیستمە رووخساری راستەقینەی یه‌كڕیزیی هەر وڵاتێکە، یەکێکە لە گرنگترین ئەو بوارانەی كه دەوڵەتی مۆدێرن و بونیادنانی نیشتمان و هاووڵاتیبوون و یەکخستنی وڵاتی لەسەر دەوەستێت. ئەمەش به مانای ئەوەیە کە نائاماده‌بوونی ئەم پێگەیە بۆ کورد، بەتایبەت لە سوپای عیراقدا، زیان بە بنەماکانی دەوڵەتی هاووڵاتیبوون دەگەیەنێت.
جگه له‌وه، كورد داواکارییەکی دیکەشی هه‌یه، کە ره‌نگه گرنگترینیان بێت، ئەویش بریتییە لە بەهێزکردنی بنەماکانی سازان و بەشداریی سیاسیی راستەقینە، چونکە به‌خشینی متمانە بە کابینەی وەزاری کە لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا روویدا و ئاماده‌بوونی كورد لە ناو دامه‌زراوه‌ی راپه‌ڕاندنی وڵات‌دا، بەو مانایه نایه‌ت کە ئیتر كورد لە ده‌ركردن و دروستكردنی بڕیاره‌كانی عیراقدا به‌شداره، بەتایبەتی لە سایەی دیاردەی دەوڵەتی قووڵدا (The deep state)، کە تا ئێستا هیچ سنوورێکمان بۆ دانەناوە و نه‌مانتوانیوه پێگەی شایستە بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەتی عیراق، بگێڕینه‌وه.
* ئەم وتارە تایبەتە بە رۆژنامەی کوردستانی نوێ و دەقە عەرەبییەکەشی، رۆژنامەی (الصباح)ی زمانحاڵی حکومەتی عیراق.
بابەتی زیاتر