رێگای دیموكراسی
بێگومان لێره‌دا مشت‌ومڕ له‌سه‌ر ئه‌و میكانیزمه نییه كه ده‌بێت، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان-ی، وه‌ك بونیادێكی مێژوویی، پێی بپارێزرێت و به‌هۆیه‌وه ئه‌م حزبه سه‌ره‌كییه بمێنێته‌وه و به‌هێزتر ببێت. تێڕوانینی ستراتیژیی ئێمه، پێچه‌وانه‌ی پره‌نسیپه باوه‌كانی كایه‌ی سیاسه‌ت نییه، هیچ ئه‌لته‌رناتیڤێك بۆ رێگه راست و كلاسیكییه‌كه‌ی مێژووی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی پێشكه‌ش ناكات، كه رێگه‌ی دیموكراتییه.
له‌م رووه‌وه، وایده‌بینین كه ی.ن.ك یش، وه‌ك هه‌ر هێزێكی تر، مه‌حكومه به ئیراده‌ی خه‌ڵكی وڵاتی خۆی و هه‌ر ده‌بێ واش بمێنێته‌وه. یه‌كێتی هه‌ر خۆیشی، به ئه‌زموون بۆی سه‌لماندووین كه له‌م بۆنه دیمو‌كراتی و نیشتمانییانه‌دا پابه‌ندی سه‌ره‌تاكانێتی، رێز له ئازادیی ده‌نگدان و بژارده‌ی دڵخوازی هاووڵاتیان ده‌گرێت، به‌ڵام هاوكات چاوی له‌وه‌شه كه له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا خه‌ڵكێكی زۆری ده‌نگده‌ر، كه ده‌شێت به‌شێكیان له‌ناو ده‌نگده‌رانی ناكارادا Inactive Voter بن، پشتیوانی بن و له‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌دا به‌شداربن و به‌هێزی بكه‌ن.
به‌پێی ئه‌و فۆرم و داتا و ئامارانه‌ی كه له به‌رده‌ستیدا هه‌ن، یه‌كێتی، تا راده‌یه‌كی زۆر، له جه‌ماوه‌ری خۆی دڵنیایه، به‌ڵام له‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌دا چاوی له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی پێگه‌یه‌كی به‌هێزتره
ئه‌م گره‌وه، هه‌تا ئێستا، به‌پێی په‌یامی هه‌موو كه‌مپینه‌كانی هه‌ڵبژاردن كه به‌ڕێوه‌یان ده‌بات، گره‌وێكی گه‌رم و به‌رده‌وامه، هاوكات بارگاوییه به بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی گه‌وره‌تر به یه‌كێتی بدرێت و سه‌رله‌نوێ متمانه‌ی پێ ببه‌خشرێتەوە، ئه‌مه به‌بێ فه‌رامۆشكردنی ئه‌و راستییه سیۆسیۆ-سیاسییه‌ش كه به‌شێكی گرنگی به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌و خواستی خه‌ڵك له‌سه‌ر هه‌ر پارتێكی سیاسی، به سروشتی حاڵ، له‌سه‌ر پایه‌یه‌كی تری كاروان و مێژووی ئه‌و پارته سیاسییه خۆی راده‌وه‌ستێت، كه هه‌ڵوێست و ئه‌زموونه‌كانێتی له هه‌لومه‌رجه جیاوازه‌كانی وڵات‌دا.
هاوكێشه‌ی متمانه‌وه‌رگرتن!
به مانایه‌كی تر، له‌م تێڕوانینه‌دا ئه‌وه له‌یاد نه‌كراوه كه حزبی سیاسی، رووبه‌ڕووی تاقیكردنه‌وه‌ی جیاواز و قۆناغی جیاجیای هه‌ڵكشان و داکشان ده‌بێته‌وه. ئه‌م قه‌ده‌ره ده‌شێت به باش و خراپ، ره‌نگدانه‌وه‌یان له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن هه‌بێت.
یه‌كێتی خۆی، له ته‌واوی كه‌مپینه‌كانیدا راشكاوانه گوزارشت له‌م هاوكێشه‌یه ده‌كات و له‌گه‌ڵ گێڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ری و خزمه‌ت و ده‌سكه‌وته‌كانیدا، كه‌م و زۆر، دان به هه‌ڵه و كه‌مته‌رخه‌مییه‌كانیشدا ده‌نێت.
ئه‌م هێزه ده‌زانێت كه ئینتیما بۆ حزبی سیاسی، لای زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی حزب خۆیشی، زۆرجار به‌نده به‌و ئه‌زموون و قۆناغانه‌وه، متمانه‌ی زۆربه‌ی دانیشتوانیش به‌هه‌مان شێوه.
به‌هێزبوونه‌وه، بۆ یه‌كێتی، به پاشخانی ئەزموونی نیو سه‌ده‌وه، ده‌رفه‌تێكی مێژوویی له‌بار ده‌بێت بۆ ئه‌نجامدانی گۆڕانكاری و چاكسازیی گه‌وره‌تر له داهاتووی خۆیدا
له‌م باره‌یه‌وه، یه‌كێتی ئه‌زموونی له زۆر حزبی تر زیاتره، له‌وه بێگومانه كه تا ئه‌دای حزبایه‌تی و فه‌رمانڕه‌وایی باشتر و دڵخوازتر بێت، تا ئومێدی چاكسازی و گۆڕانكاریی زیاتری لێ بكرێت، تا رۆڵی زۆرتر له چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كانی وڵات‌دا بگێڕێت، ئینتیما بۆی پته‌وتر و سه‌قامگیرتر ده‌بێت، به پێچه‌وانه‌شه‌وه تا له دۆخی متبوون و پاشه‌كشه و قه‌یراندا بێت، ئه‌م ئینتیمایه له‌گه‌ڵیدا داخوراوتر و پڕ كێشه‌تر ده‌بێت، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و حزبانه‌ی كه بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر نوێنه‌رایه‌تیی سیاسیی دانیشتووانیان كردبێت و به‌شێكی دانه‌بڕاو بن له مێژووی سیاسیی وڵات.
ئینتیما دوای 25 ساڵ!
له به‌رامبه‌ر ئه‌و فاكت و به‌ڵگه‌نه‌ویستانه‌دا، بێگومان هەندێک راستی دیكه هه‌ن كه ده‌شێت زۆرجار وه‌ك چانس و ئیمتیازێك بن بۆ حزبه به ئه‌زموون و دێرینه‌كان. له‌م باره‌یه‌وه، له رووی تیۆری و له ئه‌نجامی توێژینه‌وه مه‌یدانییه‌كاندا، ئه‌وه ده‌ركه‌وتووه كه حزبی سیاسی، دوای 25 ساڵ له ئه‌زموون، بنه‌مای هه‌ڵسه‌نگاندن و نرخاندنیشی فراوانتر ده‌بێت و ده‌گۆڕێت.
توێژەرانی وەک سیمۆر مارتن لیپسێت Seymour Martin Lipset و جیۆڤانی سارتۆری Giovanni Sartori پێیانوایە «حزبی سیاسی پێویستی بە یەک یان دوو نەوەی کارکردنی بەردەوام هەیە 20-30 ساڵ بۆ ئەوەی لەڕووی رێکخراوەییەوە سەقامگیر بێت و لە کەلتوری سیاسیی جڤاتدا ناسراو بێت و کاریگەرییەکی روونی لەسەر سیستمی سیاسی هه‌بێت”. یه‌كێك له‌و تیۆرانه، كه پێ له‌سه‌ر ئه‌م فاكته داده‌گرێت، تیۆری فێربوونی سیاسییه (Political Learning Theory) كه پێمانده‌ڵێت: «تاک و گروپه‌كان لە ئەزموونەکانی رابردووه‌وه فێردەبن، جا ئه‌و ئه‌زموونانه سەرکەوتن بووبن یان شکست». ده‌شڵێت:»حزبێک کە ئەزموونی لەکاری سیاسی و ئیداریدا کەڵەکە کردبێت، باشتر توانای تێگەیشتنی لەپێداویستییەکانی کۆمەڵگە هەیە و گوتار‌و بەرنامەکانیشی لەگەڵ واقیعدا باشتر ده‌گونجێنێت». (بڕوانه: Deutsch, Karl W, (1963), (The Nerves of Government: Models of Political Communication and Control). Free Press.)
بێگومان، وه‌ك گریمانه، ئێمه‌ش پێمانوایه چاره‌كه سه‌ده‌یه‌ك له پراكتیك و تێكۆشانی سیاسی، بۆ هه‌ر حزبێك، هه‌ر به واتای كه‌ڵه‌كه‌كردنی ژماره و ته‌مه‌ن نامێنێته‌وه كه هیچ كاریگه‌رییه‌ك به‌جێ نه‌هێڵێت، به‌ڵكو ده‌بێته بنه‌ما و پێوه‌رێك بۆ به‌راوردكردن و جیاكردنه‌وه‌ی له حزبی تر.
به‌پێی تیۆرسازی و توێژینه‌وه‌كان، 25 ساڵ ئه‌زموون، سه‌رمایه‌یه‌كی ره‌مزیی گرنگه. رۆبه‌رت د‌یڤید بۆتنام Robert D. Putnamكه زانایه‌كی سیاسی و سۆسیۆلۆژییه له زانكۆی هارڤاردی ئه‌مریكی، یه‌كێكه له‌وانه‌ی جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه «شاره‌زایی كرده‌نی لای پارت و رێكخراوه سیاسییه‌كان سه‌رمایه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییان پێده‌به‌خشێت كه واده‌كات سه‌ركه‌وتووتر و به‌رده‌وامتر بن»
جگه له‌وه، بێگومان فاكته‌ری ساڵانی ئه‌زموون، هۆكارێكی سه‌ره‌كییه بۆ پێگه‌یشتنی سیاسی-یشPolitical maturity، كه بۆ حزب و رێكخراوه‌كان بریتییه له هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیارێتیی زیاتر، كۆكردنه‌وه‌ی متمانه‌ی گه‌وره‌تر، هاوسه‌نگی را‌گرتن و هه‌ناسه‌ی درێژتر، واقعبینی و هه‌ڵوێستی سه‌نگینتر، به‌ده‌ستهێنانی شاره‌زایی زۆرتر، هۆشیاریی پڕتر و سه‌قامگیریی باشتری دامه‌زراوه‌كان.
ئه‌م پێگه‌یشتنه، حزب، قۆناغ به قۆناغ، ده‌كاته خاوه‌ن بونیادێكی مێژوویی ئه‌وتۆ، كه ئه‌گه‌ربێت و هیچ گرفتێك له ئایدیۆلۆژیاكه‌یدا نه‌بێت و ره‌نگدانه‌وه‌ی واقعی كۆمه‌ڵگەكه‌ی خۆی بێت، ئه‌وا به سروشتی حاڵ زیاتر له چین و توێژ و زیاتر له نه‌وه‌یه‌ك تیایدا ده‌بنه بكه‌ر، پتر له فاكته‌رێكیش ده‌بنه هۆكاری مانه‌وه و كۆمه‌ككردن و درێژه‌كێشانی.
ئینتما بۆ حزب، به پێی ئه‌م تیۆر و گریمانانه بێت، له‌و ده‌ورانه مێژووییه به‌دوا، ئیتر ته‌نها به ئه‌زموونه باش و خراپه‌كانی حزبه‌وه به‌ند نابێت، نابێته په‌یوه‌ندییه‌كی هه‌ڵچوو و كاتی و راگوزه‌ر، به‌ڵكو لای هەندێک له دانیشتووانی وڵات ده‌بێته به‌شێك له یاده‌وه‌ری.
په‌یوه‌ستبوون به حزبه‌وه وه‌رده‌چه‌رخێت بۆ ئه‌ركێكی ره‌مزی و بۆ چه‌شنێك له نه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی، بگره ده‌بێته دیوێك له دیوه‌كانی شوناسی سیاسیی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ. واته ته‌واو وه‌ك نیشته‌جێبوونی لێ دێت له ئه‌پارتمانێكی دێرین و به‌رزدا كه پڕه له یاده‌وه‌ری و به‌شێكه له شوناس، ئه‌مه ئه‌گه‌ر ئینتیما بۆ بونیادێكی وا، له هەندێک هه‌لومه‌رج و به‌ربه‌ره‌كانیدا، لای به‌شێك له ئه‌ندام و ده‌نگده‌ران، نه‌بێته جۆرێك له توندڕه‌وی و ده‌مارگیریی، ته‌نانه‌ت له راقیترین وڵاته دیموكراتییه‌كاندا!، دروست وه‌ك نموونه‌ی په‌لاماره‌كه‌ی لایه‌نگرانی حزبی كۆماری و دۆناڵد ترامپ بۆ سه‌ر یه‌كێك له گرنگترین ره‌مزه‌كانی دیموكراسیی ئه‌مریكا كه بینای كاپیتۆڵی ئه‌مریكی U.S. Capitol)- كۆنگرێس) بوو له 6ی كانونی دووه‌می ساڵی 2021دا!.
به‌م مانایه، هەندێک حزب، كه ئه‌م بونیاده مێژووییه پێكده‌هێنن، له‌هەمانكاتدا، هێزێكی ده‌نگده‌ری سه‌قامگیریان بۆ دروست ده‌بێت كه حزبی تر، به‌بێ ئه‌و بونیاده، هه‌رگیز ناتوانێت به‌ده‌ستیان بهێنێت.
ئه‌م هێزه له ده‌نگده‌ر هیچ حزبێكی تر به ئه‌لته‌رناتیڤ نازانن و ناهێڵن حزبه‌كانیان بكه‌ون، به‌وه‌ش ململانێی ئه‌و حزبانه له‌وه تێده‌په‌ڕێت كه پرسیار بێت له‌وه‌ی له گۆڕه‌پانه‌كه‌دا ده‌مێننه‌وه یان ده‌كرێنه ده‌ره‌وه؟ به‌ڵكو ململانێ‌یان ده‌چێته سیاقی تێكۆشانی تری سیاسییه‌وه، كه زۆرجار دوو ئامانجی سه‌ره‌كی له‌خۆ ده‌گرێت، جێبه‌جێكردنی ئه‌و ئامانجانه‌ش سه‌ركرده‌ی كارامه و شاره‌زا، دامه‌زراوه‌ی به‌هێز، كادر و هێزی مرۆیی پرۆفیشناڵ و خاوه‌ن بیركردنه‌وه‌ی ستراتیژی و ریفۆرمخواز-ی ده‌وێت، ئه‌و دوو ئامانجەش، ئه‌مانه‌ن:
یه‌كه‌م: په‌ره‌پێدانی ئه‌و سیاسه‌ت و هه‌ڵوێست و چاكسازییانه‌ی كه رێڕه‌وی حزب راستده‌كه‌نه‌وه و وێنه‌ی له‌به‌رده‌م رای گشتیدا،Public opinion، دڵخواز ده‌كه‌ن.
دووه‌م: كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه خراپه‌كانی ئه‌و رووداو و قه‌یرانانه‌ی كه له ئه‌زموونی سیاسیی حزبدا روویانداوه و زیانیان له متمانه و پێگه‌ی داوه.
مانه‌وه‌و خه‌ونی گه‌وره‌تر..!
بۆ هێزێكی سیاسیی وه‌ك ی.ن.ك، كه له یه‌ككاتدا هه‌م قه‌واره‌یه، واته بونیادێكی مێژوویی 50 ساڵه‌یه، هه‌م ئه‌زموونیشه، واته بكه‌ری ئه‌و سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستانه‌یه كه ده‌یانگرێته‌به‌ر، ئه‌و گریمانه‌یه له‌باره‌ی ته‌مه‌نی ئه‌زموونی پارتی سیاسییه‌وه، تا راده‌یه‌كی زۆر دروسته. بۆ یه‌كێتی، ئێستا ئاڵه‌نگارییه‌كه، له رووی ستراتیژییه‌وه، مانه‌وه و پاراستنی پێگه نییه وه‌ك هه‌ر حزبێكی تری سه‌ر شانۆی سیاسی، به‌ڵكو هه‌ستانه‌وه و گه‌شه‌كردنه وه‌ك بكه‌رێكی كاراتر، به‌ده‌سه‌ڵات تر، ده‌نگ زوڵاڵتری ناو سیستمی دوو حزبیTwo-Party System.
ئه‌وه‌ی كه به وردی سه‌رنجی له دیسكۆرسی بانگه‌شه‌كانی سه‌رۆكی یه‌كێتی له هه‌موو شار و ناوچه‌كاندا دابێت، به روونی د‌رك به‌م ستراتیژه ده‌كات، تێده‌گات كه یه‌كێتی، به‌پێی ئه‌و فۆرم و داتا و ئامارانه‌ی كه له به‌رده‌ستیدا هه‌ن، تا راده‌یه‌كی زۆر، له جه‌ماوه‌ری خۆی دڵنیایه. نیو سه‌ده ئەزموون و خه‌بات، لانیكه‌م، 200 هه‌زار ده‌نگده‌ری مسۆگه‌ری بۆ دروستكردووه كه كه‌سوكاری شه‌هیدان و تێكۆشه‌رانی سیاسی و كادر و كارمه‌ندانی ناو دامه‌زراو و ئۆرگانه‌كانی خۆیه‌تی، به‌ڵام ئه‌و له‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌دا چاوی له‌سه‌ر متمانه‌ی گه‌وره‌تر و به‌ده‌ستهێنانی كورسی زیاتر و پێگه‌یه‌كی به‌هێزتره، بۆ ئه‌و ئامانجه‌ش ئه‌و به‌شه له كۆمه‌ڵگه‌ی ده‌نگده‌ری كردۆته تارگێت كه بنمیچی داخوازی و چاوه‌ڕوانییان له‌م هێزه به‌رزتره.
وروژاندنی به‌رده‌وامی ئه‌و مه‌رجانه‌ی كه یه‌كێتی له به‌رامبه‌ر پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمدا هه‌یه‌تی و به ده‌نگی به‌رز جاڕیان ده‌دات، له بۆشاییه‌وه نییه، به‌ڵكو زاده‌ی نواندنی ئاماده‌یی ئه‌م هێزه‌یه بۆ ململانێی قورس‌تر و نوێنه‌رایه‌تیكردنی بنكه‌ی فراوانتری ده‌نگی ناڕه‌زایی له‌كۆمه‌ڵگه‌دا، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر بێت و متمانه‌یه‌كی زیاتری ده‌نگده‌رانی هه‌رێم و ناوچه كوردستانییه‌كان به‌ده‌ست بهێنێت.
به شێوه‌یه‌كی گشتییش، ئه‌وه راسته كه ئه‌مڕۆ خه‌ونی سه‌رۆكی ی.ن.ك، وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی گه‌نج و خاوه‌ن ئیراده و وه‌ك كاراكته‌رێكی ناته‌قلیدییش له جووڵه و وزه‌ی سیاسی، له‌وه گه‌وره‌تره كه پێگه‌ی ئێستای حزبه‌كه‌ی بپارێزێت و گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی كه یه‌كێتی له‌ناو سیستمه‌كه‌دا ببێته هێزی ژماره یه‌ك، به‌ڵام له ده‌ره‌وه‌ی خه‌ون و چاوه‌ڕوانییه حزبییه‌كان، هه‌ر مانه‌وه‌ی یه‌كێتی خۆی، لانیكه‌م، وه‌ك هێزێكی بنه‌ڕه‌تی بۆ دروستكردنی باڵانسی هێز، بۆ به‌رگرتن له تاكڕه‌ویی سیاسی، بۆ ئاسایشی ئازادییه دیموكراتییه‌كان، بۆ مانه‌وه‌ی كه‌ناڵێكی سیاسه‌تكردنی عه‌قڵانی و واقعی له عیراق، بۆ پاڵپشتیكردنی پارچه‌كانی تری كوردستان كه به فیعلی باجی گه‌وره‌ی بۆ داون!، وه‌ك پێویستییه‌كی سیاسی و ستراتیژییه بۆ ئه‌زموونی باشووری كوردستان و نه‌ته‌وه‌ی كورد.
له‌چاوه‌ڕوانیی ده‌نگدانی ژیرانه‌دا
بۆ قۆناغی ئێستا، ئه‌م مانه‌وه و به‌هێزبوونه، بۆ ئه‌م هێزه سیاسییه، به پاشخانی خیبره‌ی نیو سه‌ده‌وه، له ئاستی تردا ده‌بێته ده‌رفه‌تێكی مێژوویی له‌باریش بۆ ئه‌نجامدانی گۆڕانكاری و چاكسازیی گه‌وره‌تر له داهاتووی خۆی و به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی متمانه‌ی زیاتری جه‌ماوه‌ریش له باشووری كوردستان و عیراق.
ئه‌و ده‌رفه‌تانه، كه به‌ندن به ئه‌نجامه‌كانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌وه، یه‌كێتی ده‌كاته كۆڵه‌که و پاڵپشتێكی جێی گره‌و بۆ بونیادێكی میژوویی له‌خۆی گه‌وره‌تریش، كه قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه كوردستانییه‌كانه له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی تریشەوە ئه‌و بلۆكه نه‌ته‌وه‌ییه‌یه له هه‌ماهه‌نگی، كه سێ ده‌یه‌یه له‌گه‌ڵ به‌شه‌كانی تری كوردستاندا دروستبووه و یه‌كێتی رایه‌ڵ و بكه‌ری سه‌ره‌كیی ناویه‌تی.
ئه‌مڕۆ ئه‌م بونیاده مێژووییه، له ناو ژیانی سیاسیی ئه‌م به‌شه‌ی كوردستاندا، كه مه‌به‌ست له هێزێكی وه‌ك یه‌كێتییه، له هه‌ركاتێك زیاتر پێویستیی به ده‌نگدانی ژیرانه و پاڵپشتیی ئه‌و به‌شه‌یه له جه‌ماوه‌ری ده‌نگده‌ر، كه هێشتا بڕیار و بژارده‌ی خۆیان یه‌كلانه‌كردۆته‌وه Undecided Voter، یان دایان ناوه به‌شداریی هه‌ڵبژاردن نه‌كه‌ن و ده‌نگ نه‌ده‌نProtest Voter، یان تووڕه‌ن و به نیازن متمانه به هێزی تر ببه‌خشن.
له تێڕوانینی ستراتیژیی ئێمه‌شه‌وه، ئه‌مڕۆ پاڵپشتییه‌كی وەها بۆ ئه‌م هێزه، رووداوێكی چاره‌نوسسازه، جیا ناكرێته‌وه له هه‌ر پرۆژه‌یه‌كی ستراتیژیی راسته‌قینه و دوورمه‌ودا، كه ئامانجی باڵا تێیدا به‌رگری بێت له دانیشتوانی هه‌رێم و رێگه چاره‌ی هیوابه‌خش بێت بۆ قه‌یرانه‌كانیان و پاراستنی ئه‌زموونی كوردستان و زیندووڕاگرتنی دۆزی ره‌وای كوردیش له ناوچه‌كه‌دا.