له درێژه‌ی خستنه‌ڕووی جۆرێك له رێبه‌ر بۆ دیاریكردنی بنه‌ماكانی كه‌مپینی هه‌ڵبژاردن، ئه‌مجاره‌یان له‌سه‌ر لایه‌نێكی تری گرنگ ده‌وه‌ستین، كه په‌یوه‌سته به شێوازی كاری راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندیگرتنه‌وه Communication.
له كه‌مپینی هه‌ڵبژاردندا، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به‌م ته‌وه‌ره‌وه هه‌بێت، سه‌ره‌تا پێویسته قه‌واره به‌شداربووه‌كان و كاندیدەکانیان، ره‌چاوی هه‌ڵبژاردنی زمانێكی پاراو و به‌ڕێز بكه‌ن بۆ بانگه‌شه.
زمانی پاراو و به‌رز و باڵا، پێش هه‌ر شتێك ئه‌وه‌یه كه، خاڵی بێت له جیاكاری و دوژمنایه‌تی و سووكایه‌تیكردن به هەر گروپێكی كۆمه‌ڵگه، هاوكات ده‌سته‌واژه و رسته و وشه‌كان كه هه‌ڵده‌بژێردرێن، پۆزه‌تیڤ بن، دڵ و متمانه‌ی خه‌ڵك و ده‌نگده‌ران بۆ لای خۆیان رابكێشێن، ته‌نانه‌ت كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ركابه‌رانیش هه‌بێت و ناچار به هه‌ڵبژاردنی هه‌مان زمانی بانگه‌شه‌یان بكه‌ن.
له‌م رووه‌وه، نابێت ئه‌و رسته و وشانه به‌كاربهێنرێن كه قه‌واره به‌شداربووه‌كان، له بری بینینیان وه‌ك پێشبڕكێكار، یان ركابه‌ر، وه‌ك دوژمن و نه‌یار وێنا بكرێن!، كه به‌داخه‌وه له‌م كه‌مپینه‌ی كوردستاندا ده‌یبینین!. بۆ نموونه ئێمه به زه‌قی دێڕێكی هۆنراوه‌ی شاعیرێكی گه‌وره‌ی كورد له شه‌قام و شوێنه گشتییه‌كاندا به‌دیده‌كه‌ین، كه نا لۆژیكییانه، خزێنراوه‌ته ناو بانگه‌شه‌ی سه‌رۆكی حزبێكه‌وه له‌كاتێكدا هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به سیاقی Context كات و شوێنی ئه‌م كه‌مپینه‌وه نییه!، چونكه هه‌م قه‌واره به‌شداربووه‌كان دوژمنی یه‌كترنین، هه‌م كه‌یسی سه‌رۆكی ئه‌و قه‌واره‌یه له‌سه‌ر سكاڵای خه‌ڵكی مه‌ده‌نی بووه نه‌ك قه‌واره‌یه‌كی سیاسی تا وه‌ك دوژمن له‌قه‌ڵه‌م بدرێت.
هاوكات، زمانی بانگه‌شه پێویستی به‌وه‌یه كه خۆی له ریزكردنی دوالیزمه‌كان به‌دوور بگرێت، كه‌س به فریشته و كه‌سیش به شه‌یتان نه‌چوێنرێت، هیچ قه‌واره‌یه‌ك نه‌كرێته ناپاك و ئه‌وانیتر نیشتمانپه‌روه‌ر، به‌تایبه‌تی كه به‌شداریكردن له پرۆسه‌كه خۆیدا، بۆ ئامانجێكی نیشتمانییه، كه ده‌ستنیشانكردنی گه‌ڕێكی تری نوێنه‌رایه‌تیكردنه‌وه‌ی هاونیشتمانییانه له دامه‌زراوه‌یه‌كی نیشتمانیدا كه ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقه. له هه‌مانكاتدا، وا پێویسته كه وه‌ڵام و وه‌ڵامكاریی نێوان قه‌واره‌كان و كاندیدەکانیان، بابه‌تێكی ته‌واو لاوه‌كی بێت وه‌ك چۆن ده‌بێت دوور بێت له هه‌ر هه‌ڵچوون و زێده‌ڕۆیی و تۆمه‌ت و وتراوێكی بێبه‌ڵگه، یان ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت پڕوپاگه‌نده‌ی ره‌ش Black Propaganda.
ئه‌گه‌ر له مێژووی ئه‌زموونه سیاسییه‌كان و فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی‌دا، كه‌سانی وه‌ك جۆزیف گۆبڵز (1897-1945ز) وه‌زیری پڕوپاگه‌نده‌ی ئه‌ڵمانی هیتله‌ر و فه‌یله‌سوفێكی ئیتاڵی وەک نیكۆڵا ماكیاڤیلی (1469-1527ز)، ره‌وایه‌تییان به‌م شێوازه له بیركردنه‌وه و كۆمه‌نیكه‌یشنە دابێت، ئه‌وا ئه‌ده‌بیاتێكی ره‌خنه‌یی زۆر هه‌ن كه دژی به‌كارهێنانیانن.
نابێت ئه‌و رسته و وشانه به‌كاربهێنرێن كه قه‌واره به‌شداربووه‌كان، له بری بینینیان وه‌ك پێشبڕكێكار، یان ركابه‌ر، وه‌ك دوژمن و نه‌یار وێنا بكرێن
قوتابخانه‌ی فرانكفۆرت، ئه‌م شێوازه وه‌ك به‌شێك له ته‌ماحی هه‌ژموونكردنی كەلتوری و سیاسیی سه‌یری ده‌كات، گه‌وره فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسی جان بۆدریارد (1929-2007ز) به رووكارێك له رووكاره‌كانی لاساییكردنه‌وه Simulacra ده‌یبینێت، كه تیایدا وێنه‌ی فه‌یك له‌جێی وێنه‌یه‌كی واقعی بۆ دنیای دیارده‌كان پێشكه‌شده‌كات.
گه‌وره بیرمه‌ندی ئه‌مریكی-یش نۆم چۆمسكی وای ده‌بینێت كه بریتییه له پیشه‌سازیی رازیكردن بۆ دروستكردنی ره‌زامه‌ندیی میللی بۆ هه‌ندێ سیاسه‌تی دیاریكراو. وه‌لحاڵ، قه‌واره و كاندیدەکان، پێویسته خۆیان له‌هه‌ر هه‌ڵچوون و په‌رچه‌كردارێك بپارێزن كه بیانخه‌نه ناو ته‌ڵه‌زگه‌ی ئه‌م شێوازه ناشارستانییانه‌ی مامه‌ڵه‌ی میدیایی و په‌یوه‌ندیگرتنه‌وه له كه‌مپینی هه‌ڵبژاردندا.
هه‌ر له‌م ته‌وه‌ره‌دا، ئەوان له‌سه‌ریانه كه بۆ بانگه‌شه، ئامرازی جیاجیای ماسمیدیا هه‌ڵببژێرن. له‌م رووه‌وه، بێگومان بڕیاری ریكلامكردن و ماركێتینگی سیاسی له هه‌ریه‌كه له ئامرازه‌كانی میدیای په‌خشكراو Broadcast media ته‌لەڤزیۆن و رادیۆ، میدیای نوێ New media، میدیای چاپكراو Print media ، میدیای نمایشی سه‌ر شه‌قام و شوێنه گشتییه‌كان Outdoor media و هتد، بڕیارێكی گرنگ و ستراتیژییه، به‌ڵام هاوكات ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی زانستی و پشكنین و دڵنیابوونه‌وه بێت له بری كاریگه‌ریی هه‌ریه‌كێك له‌و ئامرازانه.
بۆ نموونه، له‌م كه‌مپینه‌دا، ریكلامی ئاوتدۆری قه‌واره‌یه‌كی سیاسیی وه‌ك (ی.ن.ك) زۆر فراوان و به‌رچاوه و بێگومان تێچووی زۆریشی هه‌یه، به‌ڵام له‌رووی زانستییه‌وه نازانرێت تاچه‌ند له كۆمه‌نیكه‌یشنی راسته‌وخۆ و سه‌ردانی مه‌یدانی بۆ لای ده‌نگده‌ران، گرنگتره؟.
ئیشكردن له‌سه‌ر قه‌واره‌كانی به‌رامبه‌ر له هه‌موو ئامرازه‌كانی میدیادا لای زۆربه‌ی هێزه به‌رهه‌ڵستكاره‌كان زۆر زه‌قتره له ئیشكردن بۆ روونكردنه‌وه‌ی راسته‌وخۆ و رووبه‌ڕووی face to face به‌رنامه‌ی نوێی ئه‌و هێزانه بۆ جه‌ماوه‌ری ده‌نگده‌ر!.
هه‌موو ئه‌و شێوازانه‌ی كاری راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندیگرتن له كه‌مپینی هه‌ڵبژاردندا، له‌دیدی پسپۆڕیی ئێمه‌وه، بنه‌مای زانستیی خۆیان هه‌یه، ره‌نگه به‌شێكیان هه‌ر له‌ناو ماوه‌ی یاسایی بانگه‌شه‌دا ده‌ستنیشان بكرێن، به‌ڵام ئه‌وه تیمی شاره‌زای جیاجیای خۆی ده‌وێت، كه له رێگه‌ی داتا‌و زانیاری و راپرسیی رۆژانه‌وه كاربكات و كۆبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وام و ژووری كرده‌ڕێژی Operating room تایبه‌ت به هه‌ڵبژاردنیشی، هه‌بێت.