پێشەکی یادی پەنجا ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان پیرۆزبێت، یادی یەکێتی، یادی ئەو رۆژگارە سەختانەی خەباتی کوردایەتییە کە ئەمڕۆی ئازادییان هێنایەدی.
یادتان بەخێر ئەی هەموو ئەوانەی بە خەبات و رەنج و ماندبوونتان لە شەوەزەنگی بێ ئومێدیدا، بە ئاڵای شۆڕشێکی نوێ و هێزێکی نوێ، هەڵسانەوەی بزووتنەوەی کوردایەتیتان بەرزکردەوە و خەباتی نوێی سیاسیی و چەکداریتان زاخاو دایەوە و کردتان بە دیفاکتۆ.
پەنجا ساڵ لەمەوبەر لە خانەقی، لانکەی کوردایەتی و کانگەی تێکۆشەران و رۆشنبیران و هونەرمەندان و شاری جوانیی و میهرەبانی، ئێمەی گەنجانی تازەپێگەیشتوو، لە رێی هەرێمی (باوەڕ)ەوە لە گەرمەسێر، شانمان دایە بەر ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوایەتی سەخت و کەم وێنە، کە لە دواییدا هەرێمی (باوەڕ) بوو بە هەرێمی (پێشڕەو)، هەروەها بوو بە یەکێکیش لە هەرێمە هەرە بەناوبانگەکانی کۆمیتەی هەرێمەکانی سەردەمی رێبەرایەتیی کاک ئارام.
گەیشتنی بەیاننامەی دروستبوونی یەکێتی
هەرگیز ئەو رۆژەم لەبیر ناچێتەوە کە بەیاننامەی دروستبوونی یەکێتی و نامیلکەی (الاتحاد الوطني الکردستاني لماذا)، گەیشتە دەستمان، خودایە چەند دڵخۆش و بە ئومێدی کردین!
لە بیرمە لەگەڵ سەی تالب و کەمال محەمەد ئەمین بە سێ قۆڵیی لە هەورەبانی ماڵی کاک کەمال لە (حەی رەمەزان) دانیشتبووین، من بە نهێنی بڵاوکراوەکانم لە باخەڵم دەرهێنا و بە دەنگێکی لەسەرخۆ خوێندمانەوە. ئای کە لەو سەردەمانەدا خۆشحاڵبووین بە ناوەڕۆک و شێوە و شێوازی بڵاوکراوەکان و ئەدەبیاتی یەکێتی و شۆڕشی نوێ!..
بە راستی لەو رۆژگارەدا بەهۆی راستیی رێبازی یەکێتی و مافی رەوای خەڵکی کوردستانەوە، لە تەمەنی نزیک بیست ساڵیدا بێ ترس لە رژێمی دیکتاتۆری و داپڵۆسینی بەعس، وەک خەمخۆری میللەت کارمان دەکرد و ئەرکی پیرۆزی خودایی، ئینسانی، ئەخلاقی، نیشتمانی و نەتەوایەتیمان جێبەجێ دەکرد. هەر لەو رۆژگارەدا بە خەبات و تێکۆشان، مەڵۆ بە دوای مەڵۆدا، خەرمانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرزدەبووەوە و کڵپەی خەباتێکی نوێ زیاتر پەرەی دەسەند.
ئەرکی ئەمڕۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، خۆی لە پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕش، راپەڕین، سەقامگیریی، ئاشتی و برایەتی، فەراهەمکردنی ئازادی، چەسپاندنی سیستمی دیموکراسی و خۆشگوزەرانی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا دەبینێتەوە
درێژەدان بە خەبات و تێکۆشان
لە راستیدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، قوتابخانەی بەرخودان و فیداکاریی و داهێنان بوو لە خەباتدا. بێگومان جێی شانازییە هەڵوێستی جوامێرانەی خاڵە شیهاب و هاوڕێکانی و کاک ئارامی داهێنەر و هەڵسێنەرەوەی کۆمەڵە و عەلی عەسکەری شەهیدی غەدر و قین بهێنینەوە یادمان، بێگومان لەگەڵ یادی سەدان داستان و تێکۆشەری گیان بەختکردووی دیکەدا.
وەک روونە مێژووی یەکێتی هەڵبەز و دابەزی زۆری بەخۆیەوە بینیووە، بەڵام هەرکات لە دوای هەر نشوستێکی کاتیی، بەردەوام بەهێزتر هەڵساوەتەوە و درێژەی بە خەبات و تێکۆشان داوە لەپێناوی مافی رەوای خەڵکی کوردستاندا، وەک دار حەیزەران بەرز و قایم و وەک داربەڕوو رەگ و ریشەی داکوتاوە لە ناخی رەنجدەرانی بیر و بازوودا.
بێگومان هەموومان، تێکۆشەرانی ئەو رۆژگارانە، شانازیی بە خەباتی ئەو سەردەمانەوە دەکەین، شانازیی بە یاد و یادەوەریی پیرۆزی هاوڕێکانیشمانەوە دەکەین کە بەشێکیان بوون بە قوربانیی و چوونە کاروانی شەهیدانەوە، بەشێکیشیان دوای مێژوویەک لە خەباتی بێگەرد، کۆچی دواییان کرد و ئێمەیان لە دنیای فانیدا بەجێهێشت.
یەکێتی، حزبی هیوای نەوەی تازە
لێرەدا گرنگە یەکێتی وەک چۆن حزبی سەروەرییەکانی رابردوو بووە، ئاواش حزبی هیوای نەوەی تازە و خەڵکی ئەم رۆژگارانە و داهاتووی کوردستان بێت. بۆیە ئەرکی ئەمڕۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، خۆی لە پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕش، راپەڕین، سەقامگیریی ئاشتی و برایەتی، فەراهەمکردنی ئازادی، چەسپاندنی سیستمی دیموکراسیی و خۆشگوزەرانی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا دەبینێتەوە.
لەپێناوی بە دیهێنانی ئەو ئامانجانەی سەرەوەدا، گرنگە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خۆی نوێ بکاتەوە، خوێنی تازەی گەنجان موتوربەی جەستەی پیرۆزی خۆی بکات و زاخاوی بیر و بۆچوونی خۆی بداتەوە، بە شێوەیەک گونجاوبێت لەگەڵ گەشەکردنی دنیای تەکنۆلۆژیا، بیری ئازاد و کۆمەڵگەی مەدەنیی ئەم سەردەمەدا. ئاشکرایە یادکردنەوەی پەنجا ساڵەی یەکێتی بەبێ یادکردنەوەی مام جەلال، رابەر و داینەمۆی یەکێتی نابێت، لەبەرئەوەی کارێز بەبێ کانی دروست نابێت.
وەرچەرخانی بنەڕەتی بۆ گەشەسەندن
یادی بەخێر کاک جەبار فەرمان (فیلەتەنەکەی یەکێتی) دەیگێڕایەوە، کاتی خۆی لە (بانمیل) لە گوندەکەیان، ژنێکی دەم بەهاوار و شەڕفرۆش هەبووە، ئێواران کە کوڕەکەی دەهاتەوە ماڵەوە، لێی دەپرسی: عەباسی لە دەیشت دەنگووباس چەسە؟ ئەویش دەیوت: دایکە هەر باس باسی دایکی عەباسە! ئیستاش لای خۆمان هەر باس باسی گۆڕانکارییە لە دەوروبەر و ناوچەکەدا، کەواتە بۆئەوەی تووشی کارەساتێکی دیکە نەبین وەک ساڵانی پێشتر و سوودمەندبین لە هەر هەلێکی گونجاو و رەخساو بۆ میللەتەکەمان و بەگژداچوونەوەی هەر کارەسات و مەینەتییەک کە خوانەکردە رووبەڕووی گەلی کوردستان ببێتەوە، ئەوا پێویستە یادی یۆبیلی زێڕینی لەدایکبوونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکەینە وەرچەرخانێکی بنەڕەتی بۆ گەشەسەندن و پەرەپێدانی یەکێتی لە کاری ریکخراوەیی و سیاسی و ئیداریدا، بۆ نوێبوونەوە، چاکسازی ناوخۆیی، یەکڕیزیی سیاسی لە هەرێم، دامەزراندنی حکومەتێکی رەشید، چەسپاندنی ئاشتی و ئازادی و فراوانکردنی ئاوەدانی و گەڕانەوەی متمانە لە نێوان دەسەڵات و خەڵکی کوردستاندا.
لە کۆتاییدا سەری رێز و وەفا بەرامبەر گڵکۆی گشت شەهیدانی کورد و کوردستان دادەنەوێنین، سڵاو و رێز دەنێرین بۆ هەموو ئەوانەی بە خەبات و ماندووبوونیان یەکێتییان بەهێز کرد و کوردستانیان پاراست.
رێزی بێ پایانمان بۆ هەردوو سیمبولی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (کاک کۆسرەت و هێرۆ خان)، کە بەهۆی تەندروستییانەوە ناتوانن بەشداریی لە یۆبیلی زێڕینی یەکێتیدا بکەن، لە کاتێکدا ئەوان سەرمەشقی خەباتێکی بێگەرد بوون، گەنجێتیی و تەمەنی جوانیی خۆیانیان بە یەکێتی و کوردایەتی و خەڵکی کوردستان بەخشی.