هەندێك قۆناغ هەن، لە تەمەنی نەتەوەكاندا تەنها بەشێك لە مێژوو نین، بەڵكو ئەو چركەساتانەن كە ئاراستەی داهاتوو دیاری دەكەن. لەو ساتانەدا، رووداوەكان گرنگن، بەڵام بڕیارەكان چارەنووسسازن؛ هێز كاریگەرە، بەڵام متمانە بناغەی هەر هێزێكە. مێژوو بەڕوونی سەلماندوویەتی كە هیچ قەوارەیەك تەنها بە سنوور، سامان یان هێزی چەكداری نامێنێتەوە؛ ئەوەی دەوڵەت و نەتەوەكانیان پاراستووە، متمانەی نێوان هاووڵاتی، دامەزراوە و دەسەڵات بووە. كاتێك ئەو پەیوەندییە بشكێت، رووخان لە ناوەوە دەست پێدەكات، پێش ئەوەی مەترسیی دەرەكی دەربكەوێت.
هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ لە یەكێك لە هەستیارترین قۆناغەكانی مێژووی خۆیدایە. ئەوەی لەبەردەمماندایە تەنها قەیرانێكی سیاسی، ئابووری یان كارگێڕی نییە، بەڵكو قەیرانێكی متمانەیە. ئەگەر متمانە لاواز بێت، باشترین یاساكانیش كاریگەریی خۆیان لەدەست دەدەن، دامەزراوەكان بێ گیان دەبن و هاووڵاتی هەست بە هاوبەشیی نیشتمانی ناكات، بەڵام ئەگەر متمانە بونیات بنرێتەوە، تەنانەت قەیرانە گەورەكانیش دەكرێت بگۆڕدرێن بە دەرفەتی چاكسازی.
لە جیهانی ئەمڕۆدا، متمانە گرانبەهاترین سەرمایەی ستراتیژییە. ئەو وڵاتانەی باوەڕی هاووڵاتییان بە یاسا و داد و دامەزراوەكان پاراستووە، لە گەورەترین تاقیكردنەوەكانیشدا سەقامگیرییان پاراستووە. بەپێچەوانەوە، ئەو دەوڵەتانەی متمانەیان لەدەست داوە، هەرچەند سامان و هێزیان زۆر بووە، هێواش هێواش لە ناوەوە لاواز بوون و توانای بەرگرییان كەم بووەتەوە.
دانایان دەڵێن: «مێژوو رووداوەكان دووبارە دەكاتەوە؛ جارێك بە تراژیدیا و جارێك بە گاڵتەجاڕی!» بەڵام لە پشت ئەم وتەیەدا راستییەكی قووڵ هەیە: زۆربەی نەتەوەكان پێش ئەوەی لە مەیدانی جەنگدا شكست بخۆن، لە مەیدانی متمانەدا دەڕووخێن. كاتێك هاووڵاتی باوەڕی بە دادپەروەری و یەكسانی و بەرپرسیارێتی نامێنێت، هیچ هێزێك ناتوانێت ئەو كەلێنە پڕ بكاتەوە.
لەبەر ئەوە، ئەركی هێزە سیاسییەكانی هەرێم، بەتایبەتی یەكێتی و پارتی و نەوەی نوێ، تەنها بەڕێوەبردنی ململانێی سیاسی نییە، بەڵكو پاراستنی قەوارەی هەرێم و نوێكردنەوەی متمانەی گشتییە. ئەو ئامانجە بە دروشم و وتار بەدەست نایەت، بەڵكو بە سەروەربوونی یاسا، دامەزراوەی بەهێز، شەفافییەت، دادپەروەری، دابەشكردنی یەكسانیی دەسەڵات و سامان و دانانی بەرژەوەندیی نیشتمانی لە سەرووی هەر بەرژەوەندییەكی ترەوە دەستەبەر دەبێت. هەرێم پێویستی بە پەیماننامەیەكی نوێی نیشتمانی هەیە؛ پەیمانێك كە بناغەی مانەوەی قەوارەكە بێت، نەک چارەسەری كاتیی قەیرانەكان.
ئەمڕۆ دوو رێگا لە بەردەم هێزە سیاسییەكانی هەرێم كراونەتەوە: یەكەم، بەردەوامبوون لە ململانێ، دابەشبوون و لاوازكردنی دامەزراوەكان؛ رێگایەك كە كۆتاییەكەی گەورەكردنی قەیرانەكەیە. دووەم، هەڵبژاردنی متمانە، هاوبەشیی نیشتمانی، چاكسازی و دامەزراندنی دەوڵەتی دامەزراوەكان؛ رێگایەك كە دەتوانێت هەرێم لە قۆناغی بەرگرییەوە بگوازێتەوە بۆ قۆناغی پەرەپێدان.
مێژوو بڕیار لەجیاتی كەس نادات، بەڵكو بڕیارەكانی ئەمڕۆمان دەكاتە چارەنووسی سبەینێ. پرسیارەكە ئەوە نییە كە هەرێمی كوردستان چۆن لەم قەیرانە دەربچێت؛ پرسیارە راستەقینەكە ئەوەیە كە ئایا هێزە سیاسییەكان ئازایەتیی هەڵبژاردنی متمانەیان هەیە؟ چونكە هەر قەوارەیەك متمانەی هاووڵاتیی خۆی لە دەست بدات، هێواش هێواش بناغەی خۆی لە دەست دەدات و بنكۆڵ دەبێ و لەناكاو هەرەس دەبا!
بێگومان، لە هەموو وەرچەرخانێكی مێژووییدا، ئەوەی دەمێنێتەوە نە ژمارەی چەكەكانە، نە بەرزیی قەڵاكانە و نە درێژیی تەمەنی دەسەڵاتەكانە؛ ئەوەی دەمێنێتەوە ئەو متمانەیەیە كە نەتەوەیەك لەنێوان خۆی و دامەزراوەكانی خۆیدا دروستی كردووە. هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ لە نێوان متمانە و مەترسیدا وەستاوە؛ ئەو هەڵبژاردنەی ئەمڕۆ دەكرێت، تەنها چارەنووسی ئەم قۆناغە دیاری ناكات، بەڵكو بەشێك لە مێژووی نەوەكانی داهاتووش دادەڕێژێ و دەینووسێتەوە.