بەتەنیا لەگەڵ سێبەرەكەم، لە باخچەی ماڵە كۆنەكەی مامۆستا یونس ئەفەندی، لە گەڕەكی عەقاریی شاری سلێمانی، لەسەر كورسییەكی پلاستیكیی كۆن دانیشتووم.
ئەم تەنیاییە جیاوازە لە تەنیایی جاران، كاتێك لە ژوورە تاریك و بێ پەنجەرەكەی خانووەقوڕەكەی خاڵۆ موسا، لەسەر زەوی، لەگەڵ هاژەی ئەڵوەن و بۆنی باخەكانی گەڕەكی جەلەوە لە خانەقین دادەنیشتم. ئەوسا بیرم دەفڕی بەرەو داهاتووی وڵاتەكەم، خێزانەكەم و خۆم، بەڵام ئێستا لەتەنیشت قۆرییە شكاوەكە و لەنێو دەنگی سەیارەكان و بۆنی شێ و ئەشكەنجەی زیندانی ئەمنەسوورەكەدا، بیرم دەگەڕێتەوە بۆ رابردوو، بۆ ئەو رۆژانەی پڕ لە تەم و گومان بوون، بەڵام هیوا وەك چرایەكی بچووك لەدڵماندا دادەگیرسا.
ئەوسا ژوورەكە تاریك بوو، بەڵام داهاتوو رووناك، ئێستا دنیا رووناكە، بەڵام داهاتوو لێڵ و رابردوو پڕشنگدارە.
ئەوسا كاتم بە چركەكانی كاتژمێر دەپێوا، ئێستا بە درێژیی سێبەر.
سێبەرەكەم بەسەر دارێكی گوڵەباخدا كەوتبوو. تەنیا گوڵێكی سووری ئاڵ بە دارەكەوە مابوو، وەك دڵێك لەنێو سەوزایی باخچەدا. دارەكە بە هەموو لق و گەڵاكانییەوە گوڵەكەی لە باوەش گرتبوو و گەڵاكان بەهێواشی باوەشێنیان دەكرد، وەك ئەوسای دایكم، «گەوهەر» كە لە نیوەڕۆی گەرمای تاقەتپڕوكێنی هاوینی خانەقیندا، بە مقەبا باوەشێنی چوار منداڵە بێباوك و بێنازەكەی دەكرد تا خەویان لێبكەوێت.
چاوەكانم لە جوانیی دیمەنەكە مەست و سەرسام بوون، لەناكاو پەپوولەیەكی سپی هات و چركەیەك لەسەر پەنجەی دەستی راستم نیشتەوە. منی بەرەو گوڵەكە راكێشا، پاشان باڵی لێدا و بەرەو ئاسمان فڕی، منی بە تەنیا لەبەردەم گوڵە سوورەكەدا بەجێهێشت.
گوڵەكە هاتە قسە:
-عیماد، بۆچی ئاوا سەرسامی؟
وتم:
-لە جوانی و بۆنخۆشیی تۆ مەستم. لەنێو ئەم هەموو لق و گەڵایەدا، تۆ وەك ئاڵایەكی سوور، بە تەنیا ماویتەوە.
گوڵەكە بە ناز و شەرمێكی منداڵانەوە وتی:
-من ئەمساڵ تاقانەی دایكمم. بە دڵ و گیان بەخێوی كردووم، لە گەرما و سەرما و رەشەبای شار پاراستوومی. ئێستا پێمخۆشە بمكەیتە دیاریی بۆ كەسێك كە شایەنی من بێت و نرخی جوانی و بۆنم بزانێت.
لەو ساتەدا نۆیەمین ساڵیادی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال هاتە خەیاڵم. دڵم لە عەقارییەوە فڕی بۆ دەباشان، بۆ ئەو گۆڕەی هەرگیز بەتەنیا نەماوە. خەڵك دێن و دەڕۆن، چەپكەگوڵ دادەنێن، فاتیحایەك دەخوێنن، ساتێك بێدەنگ دەوەستن و لەگەڵ یادەوەرییەكانی خۆیان دەگەڕێنەوە.
بە گوڵەكەم وت:
-لە دایكت جیاتناكەمەوە. هەر لەم باخچەیە و لەنێو باوەشی ئەم دارەدا بمێنەوە، بەڵام رۆحت بگەیەنە مەزاری مام جەلال لە دەباشان. بەهێمنی پاڵ بە مەزارەكەوە بدە، با تەنانەت دڵۆپە شەونمێكیش لەسەر گەڵاكانت نەلەرزێت.
پێی بڵێ: «مام جەلال، بەتەنیا هاتووم. دەزانم حەزت لە چەپكەگوڵ بوو، بەڵام من گوڵێكی تاقانەم، جوانیی هەموو گوڵەكان و بۆنی هەموو باخچەكانی كوردستانم بۆ هێناویت».
گوڵەكە وەڵامیدامەوە:
-بەسەرچاو. تائێستا ئەم سەفەرەم بۆ كەس نەكردووە، بەڵام مام جەلال شایەنی ئەوەیە رۆحی گوڵێك بۆی ببێتە پەیامبەر.
وتم:
-لەدڵەوە سوپاسگوزارم، چونكە من «جەواهیری» نیم تا بتوانم بڵێم:
شوقاً «جلالُ» كشوق العين للوسنِ
كشوقِ ناءٍ غريبِ الدارِ للوطنِ
من شاعیرێكی گەورە نیم تا شەوق و خۆشەویستیی خۆم بۆ مام جەلال بكەمە شیعر. مرۆڤێكم، بەشێك لە ژیانم لەگەڵ ئەو بووە، لەنزیكەوە گەرمیی دەستی ئەوم هەستپێكردووە و دەنگی ئەوم لە هەوراز و نشێوی خەباتدا بیستووە.
مام جەلال لە یادەوەریی مندا جارێك بە پێكەنینە ناسراوەكەی دەردەكەوێت، جارێك بە قسەیەكی پڕ لە پەند و جارێك بەو چاوە دووربینانەی كە لەپشت هەورە رەشەكانیشەوە رووناكیی بەیانیی دەبینی.
من ئەوم تەنیا لە رۆژانی ئاساندا نەناسیوە، بەڵكو لە رۆژانی قورسدا بینیومە. ئەو كاتانەی رێگا تاریك و هەواڵەكان دڵتەنگكەر بوون، مام جەلال لە قسەكردن و گەڕان بەدوای خەون و ئاسۆدا ماندوو نەدەبوو. جارێك بە پێكەنین، جارێك بە پەندێك و جارێك بە قسەیەكی كورت، دڵی ئەوانەی دەوروبەری خۆی ئارام دەكردەوە.
من شەیدای ئەو چركەساتانەم، ئەو ئێوارانەی مام جەلال بە تەلەفۆن بانگی كاك كۆسرەت، كاك عومەر فەتاح، كاك دلێری سەید مەجید و منی دەكرد بۆ نانی ئێوارە لە دەباشان.
دوای نان، لە دەوری مێزە خڕەكەی ژووری مەكتەبەكەی، لە نهۆمی سەرەوە، دادەنیشتین. لەنێوان قسەوباسی سیاسەت و كاروباری یەكێتی و پێكەنینەكانماندا، هەڵمی چا و قاوە لەگەڵ دووكەڵی سپی و شینی سیگارە كوبییەكەی دەستی راستی مام جەلال تێكەڵ دەبوون. بۆنەكە هێشتا، وەك نیشانەی ئامادەبوونی ئەو و گەرمای ئەو شەوانە، لەناخمدا ماوەتەوە.
ئەو «مرافعە»یەی مام جەلال لە ئەنجومەنی حوكمدا، دەربارەی كەركوك، پێشكەشیكرد، هەرگیز لەبیرم ناچێتەوە.
لە شاخ و زیندان و ئاوارەییدا، خەڵك ناوی مام جەلال-یان لەگەڵ هیوا دەهێنا، دایكی شەهیدێك، پێشمەرگەیەكی بریندار، زیندانییەكی سیاسی، یان ئاوارەیەك لە سنوورێكی دوور، هەریەكەیان بەشێوەی خۆی دەیناسی. هەر بۆیە یادەكەی بە دەباشان سنووردار نەبووە، لەنێو ماڵ و دڵی خەڵكدا ماوەتەوە.
نۆ ساڵە جێی هەناسەكانی بەتاڵە. لەم ماوەیەدا زۆر رووداو روویاندا، زۆر قسە كران و زۆر دەرفەتیش لەدەستچوون. هەر كاتێك دووبەرەكی؛ قووڵتر و زمانی گفتوگۆ لاوازتر دەبێت، جێی ئەو زیاتر بەدیدەكرێت.
ئێوارە خۆی بەسەر باخچەكەدا دادەدا. سێبەرەكەم درێژتر دەبوو و گوڵە سوورەكە هێشتا بە دارەكەوە بوو. پەپوولە سپییەكە لە دوورەوە گەڕایەوە، چركەیەك بەسەر گوڵەكەدا سووڕایەوە و دیسان بەرەو ئاسمان فڕی.
لە دڵی خۆمدا وتم:
رەنگە ئێستا رۆحی گوڵەكە گەیشتبێتە دەباشان، رەنگە بەهێمنی پاڵی بە مەزاری مام جەلال-ەوە دابێت و پێی بڵێت:
«مام جەلال، من تەنیا گوڵێكی سوور نیم، من بۆنی هەموو باخچەكانی كوردستانم. عیماد؛ لە باخچەی ماڵە كۆنەكەی مامۆستا یونس ئەفەندییەوە ناردوومی، تا پێت بڵێم: نۆ ساڵە لەناوماندا نیت، بەڵام هێشتا فەرمایشت و پێكەنینەكەت لەنێو یادەوەرییەكانماندا دەبیسترێت، رێبازەكەت لەدەستی نەوەی دێرین و نوێدا پارێزراوە و ناوت وەك گوڵێك لە باخچەی مێژوودا، هەمیشە گەشە و هەرگیز هەڵناوەرێت».
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە
عيماد ئه‌حمه‌د
لەنێوان چەک و قەڵەمدا
عيماد ئه‌حمه‌د
ئاشتی؛ بنەمای ژیان
عيماد ئه‌حمه‌د
هەڤاڵان وەرن بۆ زگار
عيماد ئه‌حمه‌د
لە جرجیانەوە بۆ عەقاری
عيماد ئه‌حمه‌د
عەون نەک فیرعەون
عيماد ئه‌حمه‌د
پایز و هەڵۆی سوور
عيماد ئه‌حمه‌د
خەونی سەوزی خانەقی
عيماد ئه‌حمه‌د
هەڤاڵان ؛ وەرن بۆ سەرام
عيماد ئه‌حمه‌د
یەکێتی بوون وەک شانازی

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved