تەرازوو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا رۆڵی گرنگی بینیوە، تەنانەت لە قورئانی پیرۆزدا چەندینجار ناوی هاتووە، هەروەها لە ئەدەبیاتی کوردیشدا حەزرەتی نالی لە ستایشی چاوی حەبیبەدا باسی تەرازووی نازی کردووە.
پێم دەڵێن مەحبووبە خێل و قیچە مەیلی شەڕ دەکا
خێل و قیچە، یا تەرازووی نازی نەختی سەر دەکا؟!
تەرازوو سەرەتا بە مەزەندە واتە بە گۆترەکاریی بوو، لە دواییدا بە ئامێری سادە شتەکان پێوانە کراوە.
تەرازوو وەک ئامێر بۆ کێش و پێوانەی شتی بابەتی، بە سادەترین شێوە دروستکراوە و لەگەڵ رۆژگاردا وەک ئامراز و ئامێرەکانی دیکە لە کۆمەڵگەدا، قۆناغی گەشەکردنی بڕیوە تا گەیشتۆتە ئەمڕۆ و بووە بە تەرازوووی پێشکەوتووی ئەلکترۆنی کە سووکترین شت دەکێشێت، بێگومان قورسترین شتیش.
جۆری تەرازوو زۆرە، وەک تەرازووی باخ و عەلوە و دوکان و ئەلکترۆنی و تەرازووی زەڕەنگەر و تاقیگە و ...هتد
تەرازووو لە بورجەکانی بەختدا حەوتەمین بورجە(23/ئەیلول - 22/تشرینی یەکەم). هەروەها تەرازوو بێجگە لە کێشانی شتە بابەتییەکان، وەک میتافۆرێک بۆ کێشان لە سیاسەت و فەلسەفە و ئایین و دەوڵەتداریدا بەکاردێت. تەرازوو بە واتای گشتی، بە مانای دادپەروەریی و راستی دێت.
لە شاری خانەقین، قەڵای دمدمی کوردستان، شاری خەبات و بەرخودان و تێکۆشەران، شاری جاروڵڵا و دەروێش باوەخان، لەگەڵ تەرازوودا سەربوردە و یادوەریی خۆی هەیە کە لەسۆنگەیەوە دەمەوێت ئەمجارەیان لەبارەی دوو سیمبولی پاک و بێگەرد و سەر راستی ئەو شارە بنووسم.
جاروڵڵا پیاوێکی سوبی (صابيئه)ی زەرەنگەر بوو، لە مامەڵەدا سەرڕاست و پاک بوو.
جاروڵڵا پیاوێکی، سپی رەنگ و باڵابەرز و چاوکاڵ بوو، سمێل قەیتانی و قژپڕ و رەش و جەستەیەکی باریکی هەبوو، دشداشەی سپی لە بەردەکرد و غوترەی لە سەر دادەنا. دوکانەکەی نزیکی کەبابخانەی ئەحمەدە خەجە بوو، لە گەڕەکی تێلخانە نیشتەجێبوو.
ئەمڕۆ بۆ پاراستنی هەرێم و چاکسازی لە دەسەڵاتدا و نەهێشتنی گەندەڵی لەناو کۆمەڵگەدا، پێویستیمان بە تەرازووی راست و پێوانەی دروستە بۆ هەموو بوارەکانی ژیان
ئەم زاتە، لە کاتی کڕین و فرۆشتنی زێردا، فوی بە هەردوو لای تەرازووەکەیدا دەکرد، بۆ لادانی تۆزی سەر قاپی تەرازووەکە، نەک ببێتە کێش و کڕیار، یان فرۆشیار زەرەرمەند بێت.
جاروڵڵا وتەیەکی بەنرخی هەبوو دەیوت؛ لە دنیای فانیدا زێڕ بە تەرازوو پێوانە دەکرێت، بەڵام لەودنیا و لای خوای گەورە، ئەم زێڕە نرخی نییە، رەوشت و دادپەروەری و پاکیی دەروونی بە تەرازووی زۆر ورد پێوانە دەکات و ئینجا پاداشتی خاوەنەکەی دەکات.
دەروێش باوەخان، پیاوێکی نورانیی و لە خواترس بوو، دوکانێکی گەورەی وشکەفرۆشی هەبوو لە دەستی راستی دوکانی خورما فرۆشییەکەی مامم محەمەد سەیفور بوو، بەردەوام جلێکی سپی هەرزانی لەبەر دەکرد و سەندەلیی چەرمی بەبێ گۆرەوی لەپێ دەکرد و غوترەی لەسەر دادەنا. سەر و ریشی سپی وەک بەفر، باڵا کورت و جەستە لاواز، چاوی لە زەوی هەڵنەدەگرت، تەنیا لە کاتی نوێژ و تاعەتدا سەری بەرزدەکردەوە بۆ ئاسمان. ئەم زاتە لە گەڕەکی جەلەوە لە بەرامبەر ئەڵوەن نیشتەجێبوو.
دەروێش باوەخانیش لە کاتی پێوانە و کێشاندا کیسەیەکی کاغەزی بەتاڵی بۆ لاکەی خۆی دادەنا بۆ یەکسانی ئەو کیسەیە کە شتەکانی تێ دەکرد.
ئەم دوو زاتە و خەڵکانی دیکەش هەبوون کە نەیانویستووە رزقی حەرام بەنسیبیان ببێت و شەوان خەویان لێنەکەوێت!
ئەمڕۆ بۆ پاراستنی هەرێم و چاکسازی لە دەسەڵاتدا و نەهێشتنی گەندەڵی لەناو کۆمەڵگەدا، پێوستیمان بە تەرازووی راست و پێوانەی دروستە بۆ هەموو بوارەکانی ژیان.
وابیردەکەمەوە وێڕای تێپەڕبوونی رۆژگار، بەڵام هێشتا هەر لەم سەردەمەشدا بۆ هەموو کارێک جا ئەو کارە بازرگانی بێت، یان سیاسی و بەڕێوەبردن و تەنانەت لە ژیانی رۆژانەشدا هەر دیسان پێویستیمان بە کەسانی وەکو جاروڵڵا و دەروێش باوەخان هەیە.
خوایە کوردستانەکەم بێبەش نەکەی لەم نیعمەتە، لە تەرازووی هاوسەنگی و یەکسانی و دادپەروەری.