جەنگ هەمیشە بە دەنگی تەقەمەنی و گڕی بارووت ناگیرسێتەوە، هەروەها چارەنووسی گەلانیش تەنیا لە مەیدانی شەڕدا دیاریی ناکرێت. زۆرجار مێژووی راستەقینە لەو ساتەوە دەستپێدەکات کە دەنگی چەکەکان خامۆش دەبن، سەربازەکان بۆ  ناو خێزانەکانیان دەگەڕێنەوە و شارە خاپورکراوەکان ئاوەدان دەکرێنەوە. لەو ساتانەدا پرسیارێکی گرنگ لە هۆشیاریی کۆمەڵگەدا دەمێنێتەوە: چی روویدا؟ بۆچی روویدا و کێ راستیی ئەو رووداوانە بۆ نەوەکانی داهاتوو دەگێڕێتەوە؟
لێرەدا ململانێکە لە مەیدانی شەڕەوە دەگوازرێتەوە بۆ ناو یادەوەری و هۆشیاریی گشتی؛ لە چەکەوە دەگۆڕێت بۆ وشە. لەوێ  شوێنی رۆژنامەگەری و رۆڵی رووناکبیر دەردەکەوێت. لەم قۆناغەدا وشە تەنیا وەک ئامرازێکی دەربڕین نامێنێت؛ بەڵکو دەبێتە بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و مێژوویی.
کاری رۆژنامەوان تەنیا گواستنەوەی هەواڵ نابێت؛ بەڵکو بەشدار دەبێت لە دروستکردنی هۆشیاریی کۆمەڵگە و پاراستنی یادەوەریی گەلەکەی لە ونبوون و لە دەستکاریکردن. هەندێکجار، وتارێک یان هەواڵێکی دروست و ئازاد، کاریگەرییەکی گەورەی هەیە، زۆر زیاتر لە دەیان قەڵغان و چەک. جۆرج ئۆروێل پێیوابوو کە ئەوەی کۆنترۆڵی رابردوو بکات، دەتوانێت داهاتووش ئاراستە بکات.  کڵاوڤیتیز-یش جەنگی بە بەردەوامیی سیاسەت ناساند، بەڵام لە سەردەمی ئێمەدا، دەشێت بڵێین میدیا و زانیارییش بوونەتە بەشی سێیەم لەم هاوکێشەیەدا.
لە ناوچەکەی ئێمەدا، کە ساڵانێکە بە تاقیکردنەوەی جەنگ، گۆڕانکاری، ململانێ و قەیراندا تێپەڕیوە و تێدەپەڕێت، کار و بەرپرسیاریی رۆژنامەوان زۆر لە گواستنەوەی هەواڵ گەورەتر بووە. ئەرکی سەرەکی ئەوەیە کە راستی بپارێزێت لەنێوان بانگەشەی سیاسی، بەرژەوەندییە تایبەتییەکان و ئاڵۆزیی سەردەمەکەماندا.
لە هەمانکاتدا، رووناکبیر تەنیا بینەرێکی بێدەنگ نییە؛ بەڵکو ئەو کەسەیە پرسیارە گەورەکان دەخاتە بەردەم کۆمەڵگە و بە قەڵەمەکەی مانای قووڵتر بۆ رووداوەکان دەدۆزێتەوە. لە ئەزموونی ئەلبێرت کامۆ-وە فێربووین، نووسین لە کاتی قەیراندا تەنیا هونەر نییە؛ بەڵکو هەڵوێستێکی ئەخلاقییە. هەروەک لە شیعرەکانی مەحمود دەروێش-دا دەبینین، وشە دەتوانێت ببێتە ئامرازی پارێزگاریی لە ناسنامە و یادەوەری.
گەلێک کە یادەوەریی خۆی نەپارێزێت، ناچار دەبێت هەڵەکانی رابردوو دووبارە بکاتەوە و گەلێک مێژووی خۆی بەدەست بانگەشە و دەستکاریکردنەوە بدات، کەم کەم ناسنامە رەسەنەکەی خۆی لەدەست دەدات.
بۆیە کاتێک جەنگ بێدەنگ دەبێت، ئاشتیی راستەقینە ئەو کاتە دەستپێدەکات، ئەوەش ئەو کاتەیە کە  قەڵەم دەست بە نووسینی راستی دەکات؛ نە بە رق، نە بە ترس، بەڵکو بە ویژدانەوە دەنووسێت، چونکە جەنگ رووداو دروست دەکات، بەڵام ئەوە وشەیە، مانا دەخوڵقێنێت.
لە کۆتاییشدا مێژوو تەنیا بەهێزەکان ناینووسن، بەڵکو ئەوانە دەینووسن کە بوێرییان هەیە راستییەکان بڵێن.
لە ناوچەیەکدا کە هێشتا دەنگی جەنگ، قەیران و ململانێی سیاسی لە ئاسمانی گەلاندا دەنگ دەداتەوە، پرسیارێکی گەورە دەمێنێتەوە ئەویش ئەوەیە: دوای خامۆشبوونی چەکەکان، کێ داستانی ئەو سەردەمە دەنووسێت؟ کێ راستییەکان لەنێوان بانگەشە سیاسییەکان، بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ئاڵۆزیی ناوخۆدا دەپارێزێت؟
ئەمڕۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قۆناغێکی هەستیاردا دەژی؛ لە جەنگی کەرتی غەزە، ئاڵۆزیی سوریا، تا گرژییە سیاسی و ئەمنییەکانی عیراق، شەڕی سەپێنراو، تێکچوونی تەرازووی هێز، هەموو ئەمانە ناوچەکەیان کردووە بە مەیدانی گۆڕانکارییە گەورەکان. لەنێوان ئەم ئاڵۆزییانەدا، کورد تەنیا تەماشاکار نەبووە؛ بەڵکو لە زۆر قۆناغدا بووەتە هێزی هاوسەنگی، هێزی ئاشتی و گفتوگۆ لە ماوەی چەند دەیەی رابردوودا. هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەموو کێشە سیاسی و ئابوورییەکان، توانیویەتی ببێتە پەناگەیەک بۆ ئارامیی سیاسی و پێکەوەژیان. ئەمە بە رێکەوت نەبووە؛ بەڵکو بەرهەمی خوێن و تێکۆشان و بیرکردنەوەی ستراتیژییە.
لە مێژووی نوێی کوردستاندا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رۆڵێکی دیاری  بینیوە؛ لە شۆڕش لە شاخ، تا دامەزراندنی دەزگا و دامەزراوەکان، لە کاتی جەنگەوە تا قۆناغی دروستکردنی هەرێمی کوردستان و دامەزراندنی حوکمڕانی. ئەم رێکخراوە تێکۆشەرە، لە مێژووی سیاسیی کورددا، تەنیا هێزێکی سیاسی نەبووە؛ بەڵکو لە زۆر ساتدا بووەتە قوتابخانەی بیرکردنەوەی نیشتمانی و هاوسەنگی سیاسی و گەڕان بەدوای چارەسەری ئەقڵانییدا.
ئەمڕۆش، لە کاتێکدا ناوچەکە بە قۆناغی نوێی ململانێ و گۆڕانکاریدا تێدەپەڕێت، پێویستە  هەرێم رۆڵی خۆی وەک هێزی هاوسەنگی و دیالۆگ بپارێزێت، چونکە هێزی گەلان تەنیا بە چەک ناپێورێت؛ بەڵکو بە توانا و داناییان لە پاراستنی ئاشتی، دروستکردنی دامەزراوە، سەروەریی یاسا و نووسینەوەی مێژوو بە ویژدانەوە. جەنگ دەتوانێت سنوورەکان بگۆڕێت، بەڵام ئەوە قەڵەم و هۆشیاریی نیشتمانییە کە داهاتوو دروست دەکات.
کاتێکیش جەنگ بێدەنگ دەبێت، ئەوانە مێژوو دەنووسن و دەچنە مێژووەوە کە لەکاتی ئاڵۆزیدا، لەگەڵ نیشتمان و خەڵکەکەی خۆیان وەستاون.
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە
عيماد ئه‌حمه‌د
لەنێوان چەک و قەڵەمدا
عيماد ئه‌حمه‌د
ئاشتی؛ بنەمای ژیان
عيماد ئه‌حمه‌د
هەڤاڵان وەرن بۆ زگار
عيماد ئه‌حمه‌د
لە جرجیانەوە بۆ عەقاری
عيماد ئه‌حمه‌د
عەون نەک فیرعەون
عيماد ئه‌حمه‌د
پایز و هەڵۆی سوور
عيماد ئه‌حمه‌د
خەونی سەوزی خانەقی
عيماد ئه‌حمه‌د
هەڤاڵان ؛ وەرن بۆ سەرام
عيماد ئه‌حمه‌د
یەکێتی بوون وەک شانازی

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved