لەم شەوانەدا کە تەمومژی  بێ متمانەیی و دوودڵی و ترس، باڵ بەسەر ژیانی گەلی کوردستاندا دەکێشێت، تەنیا چرایەکی بچووک هەیە کە دەتوانێت رێگاکەمان بۆ رووناک بکاتەوە و رێگای راستمان نیشانبدات؛ ئەویش ناوی «رەخنە»یە. ئەم چرایە ئەگەر بە دەستی ویژدان و نیازپاکیی هەڵبگیرێت، دەبێتە رێنیشاندەر، بەڵام ئەگەر کینە و بوغز دایبگیرسێنێت، تاریکییەکە قووڵتر و شەوەکە درێژتر دەکات.
لە ژیانی رۆژانەماندا، رەخنە زۆرجار لەنێوان دوو مانای دژبەیەکدا دەگوزەرێت: هێرشێکی بێ لۆژیک و «شەلم کوێرم، کەس نابوێرم»، یان ئامرازێکی چاکسازیی، بەڵام لە جەوهەری خۆیدا، رەخنە تەنیا وشەیەکی رووت نییە؛ هەڵوێستێکی ئەخلاقی و سیاسییە. هەر لەم رەهەندەوەیە کە جارێک دەبێتە یاخییەکی سەرکێش و جارێکی تر دەگۆڕێت بۆ رزگارکەرێکی هێمن.
رەخنە ئەو کاتە دەبێتە «چەکی وێرانکەر»، کە لە کینە، تەنیا خۆبینی، یان نەزانییەوە سەرچاوە دەگرێت. لەم دۆخەدا، وشەکان وەک تیر دەوەشێنرێن و دیالۆگ دەگۆڕێت بۆ شەڕێکی بێدەنگ. لێرەدا راستی لەناو دەچێت، چونکە هەموو شتێک لەژێر باری هەستە نەرێنییەکاندا دەشکێنرێت و دەکوژرێت، بەڵام رەخنە دەتوانێت رۆڵێکی تر بگێڕێت؛ رۆڵی رزگارکەر کاتێک لە ویژدانێکی زیندووەوە هەڵدەقوڵێت و دەبێتە چرایەک کە تاریکییە شاراوەکان دەردەخات و رووداوەکان بەڕوونیی دەبینێت. ئەمجۆرە رەخنەیە بۆ شکاندن نییە، بەڵکو بۆ بنیادنانەوەیە؛ ئەوکاتە وشەکان نابنە دیوار، بەڵکو دەبنە پرد. نابنە بنبەست، بەڵکو دەبنە رێگا.
رەخنەی راستەقینە وەک ئاوێنەیە؛ مرۆڤ وەک خۆی نیشاندەدات، نەک وەک ئەوەی حەزی لێیەتی. ئەمە سەختترین جۆری رووناکییە، چونکە کاتێک راستی دەدرەوشێتەوە، هیچ شوێنێک بۆ خۆشاردنەوە ناهێڵێتەوە.
لێرەدا پرسیارێکی بنچینەیی سەرهەڵدەدات: ئایا ئێمە بوێریی بینینی ئەم رووناکییەمان هەیە؟ زۆرجار مرۆڤ شەیدای وێنە خەیاڵییەکەی خۆیەتی و بەرگەی راستی ناگرێت. هەر بۆیە  دەڵێن: «لە سەردەمی فێڵ و چەواشەکارییدا، وتنی راستی کردەیەکی شۆڕشگێڕانەیە». ئەمەش ئەوەمان فێر دەکات کە رەخنەی راستەقینە هەمیشە ئاسان نییە؛ نە بۆ ئەوەی دەیڵێت و نە بۆ ئەوەی دەیبیستێت.
لە بواری سیاسییدا، رەخنە تەنیا مافی هاووڵاتی نییە، بەڵکو پارێزگارییە لە دیموکراسی. ئەوە رەخنەیە کە رێگریی دەکات لەوەی دەسەڵات بگۆڕێت بۆ سەرکوتکارییەکی بێ ‌سنوور. بەبێ رەخنە، دەسەڵات دەگۆڕێت لە زریانێکەوە بۆ لافاو و کارەسات. رەخنە لە هەمانکاتدا تاقیکردنەوەی ویژدانە. ئەو کەسەی رەخنە دەگرێت، خۆی دەخاتە تاقیکردنەوەی راستگۆییەوە و ئەو کەسەی گوێی لێ دەگرێت، خۆی دەخاتە ناو تاقیکردنەوەی بوێرییەوە. وشەکان، ئەگەر لە راستییەوە بێن، رێگاکان دەکەنەوە، بەڵام ئەگەر لە کینەوە بێن، دەرگاکان دادەخرێن، لەم نێوانەشدا چارەنووسی کۆمەڵگە دەنووسرێتەوە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک هێزێکی خاوەن مێژوو، قوربانیدان، بەرپرسیارێتییەکی گەورەی هەیە. ئەو هێزەی کە بە دیالۆگ و فرەیی ناسراوە، دەبێت ئەمڕۆش پێشەنگی رەخنەی بنیاتنەر بێت؛ رەخنەیەک کە ناڕەزایەتی دەگۆڕێت بۆ پڕۆژە و جیاوازیی دەگۆڕێت بۆ هێز.
رۆڵی هێزە سیاسییەکان تەنیا لە بەشداریکردنی دەسەڵاتدا نییە، بەڵکو لەوەدایە کە گوێ بۆ دەنگی راستەقینەی خەڵک بگرن، هەڵەکانیان چارەسەربکەن و رێگا بۆ نوێبوونەوە بکەنەوە. ئەو کاتە رەخنە دەبێتە چرای رووناکی، نەک چەکی وێرانکاری. بۆیە، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ بنەما ئەخلاقییەکانی رەخنە؛ ئەو رەخنەیەی کە بەرژەوەندیی گشتی دەخاتە سەروو بەرژەوەندیی تایبەت. 
 دەمانەوێت بە میدیا و میدیاکاران و نووسەران بڵێین کە  تەنیا لە رێگەی راستگۆیی و رەخنەی بنیاتنەرانەوە دەتوانین نیشتمان لە بنبەستەکان رزگار بکەین، چونکە لە کۆتاییدا، رەخنە یان دەبێت بە چەکێک بۆ وێرانکردن، یان دەبێت بە چرایەک بۆ رووناککردنەوەی رێگا.
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە
عيماد ئه‌حمه‌د
ئاشتی؛ بنەمای ژیان
عيماد ئه‌حمه‌د
هەڤاڵان وەرن بۆ زگار
عيماد ئه‌حمه‌د
لە جرجیانەوە بۆ عەقاری
عيماد ئه‌حمه‌د
عەون نەک فیرعەون
عيماد ئه‌حمه‌د
پایز و هەڵۆی سوور
عيماد ئه‌حمه‌د
خەونی سەوزی خانەقی
عيماد ئه‌حمه‌د
هەڤاڵان ؛ وەرن بۆ سەرام
عيماد ئه‌حمه‌د
یەکێتی بوون وەک شانازی

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved