مێژووی مرۆڤایەتی هەمیشە لەنێوان دوو مەیداندا نووسراوەتەوە؛ مەیدانی جەنگ و مێزی گفتوگۆ. لە یەكەمیاندا هێز هەوڵدەدات ئیرادەی خۆی بسەپێنێت و لە دووەمیاندا دانایی هەوڵدەدات سنوور بۆ هێز دابنێت، بەڵام هەندێك ساتی دەگمەن هەن كە تێیدا ئەم دوو جیهانە لەیەك نزیك دەبنەوە؛ كاتێك یاریی و سیاسەت، سۆز و بەرژەوەندیی، پێشبڕكێ و دیپلۆماسیی لە یەك وێنەدا كۆدەبنەوە.
ساڵی 2026 لەو جۆرە ساتانەیە. لەلایەكەوە ملیۆنان مرۆڤ چاویان لەسەر جامی جیهانیی تۆپی پێیە؛ رووداوێك كە جیاوازیی زمان و نەتەوە و ئایین بۆ ماوەیەك لەژێر ئاڵای یارییدا كۆدەكاتەوە. لەلایەكی دیكەشەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چاودێریی هەوڵەكانی گفتوگۆ و رێككەوتن لەنێوان ئەمریكا و ئێران دەكات؛ گفتوگۆیەك كە دەرئەنجامەكەی تەنیا بۆ دوو وڵات نییە، بەڵكو بۆ تەواوی ناوچەكە و هاوكێشەی نوێی هێز و ئاسایش گرنگە.
لە رووكاردا، یەكێك یارییە و ئەوی دیكە سیاسەت، بەڵام لە قووڵاییدا هەردووكیان بەدوای یەك شتدا دەگەڕێن كە دۆزینەوەی هاوسەنگییە.
تۆپی پێ بەبێ یاسا مانای نابێت، ئەگەر هەر یاریزانێك بە ویستی خۆی بجووڵێت و هیچ سنوورێك نەبێت، مەیدان دەبێتە گۆڕەپانی شەڕ. سیاسەتیش هەمان حاڵەتە. ئەگەر هەر دەوڵەتێك تەنیا بە زمانی هێز قسە بكات، جیهان دەبێتە مەیدانی ململانێیەكی بێ كۆتایی. هەر بۆیە شارستانییەت لەسەر بنەمای یاسا و رێككەوتنەكان بنیات نرا؛ چونكە یاسا ئەو هێڵە سپییانەن كە سنووری یاریی دیارییان دەكات، بەڵام لە هەر یارییەكی گەورەدا، تەنیا یاریزانەكان چارەنووس دیاریی ناكەن، ناوبژیوان هەیە؛ ئەو كەسەی كە نە هێرش دەكات و نە بەرگریی، بەڵام بێ بوونی ئەو، یارییەكە دەبێتە شەڕگە. ناوبژیوان گۆڵ تۆمار ناكات، بەڵام رێگا لەوە دەگرێت كە گۆڵەكان بە زەبری مشت، یان پێشێلكردنی یاسا تۆماربكرێن. هێزی ناوبژیوان لە بێلایەنی و پاراستنی رێساكاندا دەبینرێت، نەك لە پشتگیریی یەك لایەندا.
فەلسەفەی سیاسەتیش هەمان بنەما پەسەند دەكات. دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان، یاسا نێودەوڵەتییەكان و وڵاتانی ناوبژیوان زۆرجار هەمان رۆڵی ناوبژیوان دەبینن. رەنگە هەمیشە دادپەروەر نەبن، رەنگە هەندێكجار لەژێر كاریگەریی بەرژەوەندییەكاندا بن، بەڵام هەرچییەك بێت، بوونیان لە نەبوونیان باشترە، چونكە دنیا بەبێ ناوبژیوانیی، زۆر خێرا دەگەڕێتەوە بۆ یاسای دارستان؛ یاسای ئەوەی كە بەهێزترە، مافی زیاتر هەبێت.
لە روانگەیەكی دیكەوە، گفتوگۆی ئەمریكا و ئێران تەنیا پەیوەندیی نێوان دوو دەوڵەت نییە. لەپشت ئەم هاوكێشەیەوە ژمارەیەك یاریزانی دیكە هەن. ئیسرائیل نیگەرانی ئاسایشی خۆیەتی و بە چاوی گومانەوە سەیری هەر گۆڕانكارییەك دەكات. لوبنان هێشتا لەژێر بارودۆخێكی ناسەقامگیردایە و چاوەڕێی ئەوەیە بزانێت داهاتووی هاوكێشەی ناوچەكە چۆن دەبێت. حزبوڵڵا لەنێوان واقیعی سیاسی و میراتی سەربازیی خۆیدا، هەوڵی دۆزینەوەی شوێنی نوێ دەدات، وەك لە جامی جیهانیدا، لە سیاسەتیشدا هیچ تیمێك بەتەنیا یاریی ناكات؛ بردنەوە و دۆڕاندنی هەر یەك لە تیپەكان، كاریگەریی لەسەر ئەوانی دیكەش دەبێت.
مێژوو وانەیەكی گرنگمان فێردەكات: زۆربەی جەنگەكان لە مەیداندا دەستپێدەكەن، بەڵام لە ژوورەكانی گفتوگۆدا كۆتاییان پێدێت. دوای ساڵانی تێچوونی سامان و خوێن، هەموو لایەنەكان ناچار دەبن بگەڕێنەوە بۆ ئەو مێزەی كە لە سەرەتاوە لێی هەڵهاتبوون. ئەمە نیشانەی لاوازیی نییە؛ بەڵكو نیشانەی ئەوەیە كە لە كۆتایی كاردا، هێز بە تەنیا چارەسەر نییە. هێز دەتوانێت دەرگا بكاتەوە، بەڵام هەر گفتوگۆیە كە دەتوانێت لەو دەرگایەوە بچێتە ژوورەوە.
گرنگترین وانەی جامی جیهانیی 2026 ئەوە دەبێت كە سەركەوتن تەنیا بە هێز بەدەست نایەت. تیمی پاڵەوان ئەوە نییە كە هەمیشە بەهێزترین، یان توندترین یاریی دەكات؛ بەڵكو ئەوەیە كە باشتر یاساكان دەزانێت، باشتر لە هاوڕێكانی تێدەگات و باشتر هاوسەنگیی لەنێوان هێز و زیرەكیی، هێرش و بەرگریی، واقیع و ئارەزوودا دروست دەكات.
لە سیاسەتیشدا هەمان یاسا كار دەكات. ئەو لایەنە سەركەوتووە كە بتوانێت لەنێوان بەرژەوەندیی خۆی و بەرژەوەندیی ئەوانی دیكەدا هاوسەنگیی دروست بكات، چونكە سەركەوتنی راستەقینە ئەوە نییە نەیارەكەت بشكێنیت؛ ئەوەیە سیستمێك دروست بكەیت كە تێیدا هەمووان بتوانن بژین.
لە كۆتایی هەر یارییەكدا فیكەیەك لێدەدرێت و تیپی سەركەوتوو جامەكە بەرزدەكاتەوە، بەڵام لە یارییە سیاسییەكانی مێژوودا، بردنەوەی راستەقینە ئەو كاتەیە كە وڵاتان لە جەنگ رزگاریان بێت و داهاتوویەكی ئارامتر بەدەستبهێنن، چونكە جامی جیهانیی دوای چەند هەفتەیەك كۆتایی دێت، بەڵام ئاشتی، یان جەنگ دەتوانێت بەردەوام بێت و چارەنووسی نەوەكان بگۆڕێت. هەر بۆیە، وەك تۆپی پێ، لە سیاسەتیشدا پێویستمان بە یاریزانە باشەكان هەیە؛ بەڵام زیاتر لەوەش پێویستمان بە ناوبژیوانە دادپەروەرەكان و یاسا رێز لێگیراوەكان هەیە، چونكە بەبێ یاسا، مەیدان دەبێتە وێرانە و بێ رێككەوتن، داهاتوو تەنیا دووبارەبوونەوەی رابردوو دەبێت.
فیشەكەكان لە مەیداندا دەتەقێندرێن، بەڵام پەیماننامەی ئاشتی تەنیا لەسەر مێزەكان واژوو دەكرێن. مێژوو هەرگیز ئەوە بە پاڵەوان نازانێت كە زیاترین چەكی هەبوو؛ بەڵكو یادی ئەوە دەكاتەوە كە لە ساتی هەستیاردا گفتوگۆی هەڵبژارد نەك جەنگ، رێككەوتنی سەرخست بەسەر تێكچوونی بارودۆخەكەدا. هەر ئەوەش لە فەلسەفەی ژیان و سیاسەتدا، بردنەوەی راستەقینەیە