لە سەرەتای مێژووی مرۆڤایەتی، پێش ئەوەی دەنگی شمشێرەکان بەرز ببێتەوە و خوێن ڕەنگی زەوی بگۆڕێت، ئاشتی هەناسەی یەکەمی ژیان بوو. مرۆڤ لە سەرەتادا بۆ ئەوە نەهاتووە شەڕ بکات، بەڵکو بۆ ئەوە هاتبوو لەگەڵ یەکتر بژی و هەڵبکا، هاوبەش بێت و بەیەکەوە و بەیەک دەست دنیایەکی ئارام دروست بکات، بەڵام کاتێک بەرژەوەندییەکان تێکچوون و ئارەزووی دەسەڵات لە ناخی مرۆڤدا گەشەی کرد، شەڕ وەک تاریکییەک لەنێو ڕووناکیی ئەو هەناسەیەدا دەرکەوت. لێرەوە ڕاستییەکی سادە دەردەکەوێت: ئاشتی بنەڕەتە، شەڕ تەنیا لادانێکی کاتییە لە ڕێڕەوی سروشتیی ژیان.
لە ئەدەبیاتی جیهاندا، ڕۆمانی «شەڕ و ئاشتی»ی تۆڵستۆی وەک نەخشی سەر بەرد، ئەم ڕاستییە بە قووڵی پیشان دەدات؛ ئەوەی کە مرۆڤ لە شەڕدا، بە ناوی سەرکەوتن بە دەستی دەکەوێت، بەڵام لە ناخدا شتێکی زۆرتر لە دەست دەدات؛ ئارامی، مرۆڤدۆستی و مانای ژیان.
ئەو سەرکەوتنەی بە توندوتیژی دەنووسرێتەوە، هەرگیز ناتوانێت ببێتە بنیاتێکی بەردەوام بۆ داهاتوو.
ئێمە، وەک نەوەیەک کە زۆرتر بە دەنگی تەقە و تۆپ و تەیارە و ئاوارەیی ئاشنا بووین تا لە ئارامی، نابێت ئەم چارەنووسە وەک یاسایەکی نەگۆڕ سەیر بکەین، چونکە ئاشتی تەنیا وشەیەکی جوان نییە؛ بەڵکو پێویستییەکی قووڵی مرۆڤایەتییە، وەک ئاوە بۆ ژیان، سۆمایە بۆ بینین.
ئاشتی، بەهەشتی سەر زەوییە؛ لە کاتێکدا شەڕ تەنیا جێهێشتن و کاولکاری و خۆڵ و خۆڵەمێشە.
ئەگەر پێناسەی ئەم دوو چەمکە بە سادەیی بکەین، دەڵێین:
-شەڕ؛ ئەو کاتەیە کە مرۆڤ لە مرۆڤبوونی خۆی نامۆ دەبێت.
-ئاشتی؛ ئەو دۆخەیە کە مرۆڤ تێیدا دەگەڕێتەوە بۆ خودی خۆی.
لە فەلسەفەی ژیاندا، کۆتری سپی و چڵی زەیتوون هەمیشە وەک هێمای ئاشتی و پاکی و بەردەوامی هاتوون. ئەوانە نیشانەی ئەوەن کە ژیان، هەرچەندە ئازاری شەڕ بچێژێت، بەڵام هەمیشە دەگەڕێتەوە بۆ ئاشتی. چونکە شەڕ کاتییە، بەڵام ئاشتی توانای ئەوەی هەیە سەرلەنوێ ژیان لە ناو خۆڵەمێشدا بدۆزێتەوە.
وەک غاندی بە جوانی دەڵێت: «ئاشتی ڕێگایە، نەک تەنیا ئامانج»؛ واتە ئەگەر ڕێگاکە بە شەڕ پڕ بێت، ناگاتەوە بە ئاشتی.
ئەمرۆ، کاتێک چاومان دەکەوێتە سەر شەڕەکانی ناوچەکە، دەبینین وێرانکاری تەنیا لە سنووری سیاسەتدا نەماوە؛ بەڵکو دەستی دەگاتە ناو ماڵەکان، ناو دڵەکان و ناو داهاتووی منداڵانیش. هەژاری، ترس، ئاوارەیی و دابڕان، هەموویان بەرهەمی ئەو شەڕانەن کە بە ناوی بەرژەوەندی دەکرێن.
لە نێو ئەم گەردوونە ئاڵۆزەدا، هەرێمی کوردستانیش پێویستی بە هۆشیارییەکی زۆر و ستراتیژییەکی عاقڵانە هەیە، بۆ ئەوەی خۆی لەم ئاگرەدا بپارێزێت. لەمەدا، ڕۆڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەر هێزێکی سیاسیی دیکە دەبێت لەسەر بنەمای پاراستنی ئاشتی و دایاڵۆگ و بەهێزکردنی دیپلۆماسی بنیات بنرێت؛ چونکە هێزی ڕاستەقینەی گەلان، بە ژمارە و قەبارەی جبەخانە و تەقەمەنی ناپێورێت، بەڵکو لە توانایاندا دێتە دیاریکردن کە چۆن ئاشتی پارێزن.
لە کۆتاییدا، شەڕ هەمیشە خێرا دەست پێ دەکات، بەڵام هەمیشە بەهێز نییە؛
لەکاتێکدا ئاشتی هێواش هێواش بەرقەرار دەبێت، بەڵام رەگی لە ناخی ژیاندا دادەکوتێت.
ئەگەر رۆژگار فێری کردبین چۆن شەڕ بکەین، ئێمە دەبێت فێری ئەوەبین چۆن ئاشتی مسۆگەربکەین، چونکە داهاتوو، تەنیا بۆ ئەوانەیە کە باوەڕیان بە ئاشتی هەیە نەک بە شەڕ.