لە مێژووی دوورودرێژی مرۆڤایەتیدا، کەم چەمک هەن هێندەی “دادپەروەری” و “یەکسانی” لەناو دڵ و هزری مرۆڤدا رەگیان داکوتابێت. ئەمانە تەنها وشەی گەورە، یان دروشمی سیاسی نین، بەڵکو بنەمایەکی ئەخلاقی و شارستانیی گشتگیرن، کە هەر کۆمەڵگەیەک بەپێی نزیکی، یان دووریی لەم دوو چەمکەوە، هەڵدەسەنگێنرێت. کاتێک دادپەروەریی باڵادەست دەبێت، مرۆڤ هەست بە ئارامی دەکات، کاتێکیش یەکسانی دەچەسپێت، کەس هەست بە ستەم و بێبەشی ناکات، بەڵام ئەگەر ئەمانە تەنها لە چوارچێوەی وشەدا قەتیس بمێنن، کۆمەڵگە بەرەو تاریکییەکی بێ ئاسۆ هەنگاو دەنێت.
دادپەروەریی وەک فەرمانێکی خودایی و یەکسانی وەک مەرجی خۆشەویستی و هاوبەشیی مرۆیی دەبینرێت
سەرهەڵدانی ئەم دوو چەمکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ساتەی مرۆڤ یەکەمین هەنگاوی بەرەو دروستکردنی کۆمەڵگە و داڕشتنی یاسا هاویشت. لە سەرەتادا، “داد” زۆرجار لەلایەن بەهێزان و دەسەڵاتدارانەوە پێناسە دەکرا، نەک لەسەر بنەمای رەوایی، بەڵام لە سەردەمی رۆشنگەرییدا، بیرمەندانی گەورەی وەک “ژان ژاک رۆسۆ” بانگەوازی ئەوەیان کرد کە مرۆڤ یەکسانە بە سروشت و ئەوە کۆمەڵگەی نادادپەروەرە ئەو یەکسانییە تێکدەشکێنێت. لەم دیدگایەدا، دادپەروەریی تەنها جێبەجێکردنی یاسا نییە، بەڵکو پاراستنی کەرامەتی مرۆڤە.
دواتر و لە سەردەمی گەشەسەندنی بیرۆکە سۆشیالیستییەکاندا، بیرمەندانی وەک «کاوتسکی»، «پلیخانۆف»، چەمکی یەکسانییان فراوانتر کرد. بە بڕوای ئەوان، یەکسانی تەنها لەبەردەم یاسادا بەس نییە، بەڵکو دەبێت لە ژیانی راستەقینەدا، لە هەلی کار، دابەشکردنی سامان و دەرفەتەکاندا رەنگبداتەوە. «رۆزا لۆکسمبۆرگ» پێی وابوو ئازادی بەبێ یەکسانی، مانایەکی نییە، چونکە کاتێک مرۆڤێک توانای بەکارهێنانی ئازادییەکەی نەبێت، ئەو ئازادییە تەنها ناوێکی بەتاڵە.
لە سەدەی بیستەمدا، ئەم بیرۆکانە بە شێوەیەکی رێکخراو لەلایەن حزبە سۆشیال-دیموکراتەکانەوە لە جیهاندا پەیڕەو کران. ئەوان هەوڵیاندا یەکسانی لە دەرفەتی خوێندن، تەندروستی و کاردا دابین بکەن و دادپەروەریی لە دابەشکردنی سامانی گشتیدا بچەسپێنن. سیستمە پێشکەوتووەکانی تەندروستی و پەروەردەی گشتی، بەرهەمی ئەم تێکۆشانەن، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە هەمیشە ئەوەیە: ئایا دەکرێت یەکسانی تەنها بە یاسا بسەپێنرێت، یان پێویستی بە گۆڕانی کەلتوریی و رۆحی کۆمەڵگەش هەیە؟
لە دیدی ئایینە جیاوازەکانیشدا، دادپەروەریی و یەکسانی بنەمایەکی هاوبەشن. دادپەروەریی وەک فەرمانێکی خودایی و یەکسانی وەک مەرجی خۆشەویستی و هاوبەشیی مرۆیی دەبینرێت.
لە ئایینی زەردەشتییدا، راستی و داد وەک کۆڵەکەی ژیان دەناسرێن، ئەمە دەیسەلمێنێت کە ئەم دوو چەمکە پێش ئەوەی ببنە دروشم لە سیاسەتدا، لە قوڵایی رۆحی مرۆڤدا بوونیان هەبووە.
لە چوارچێوەی کوردستاندا، بەتایبەتی لەناو لایەنە سیاسییەکاندا، زۆرجار دادپەروەریی و یەکسانی وەک دروشم دەبینرێن، بەڵام خەباتی راستەقینە لەوێوە دەستپێدەکات کە ئەم وشانە ببنە سیستم و کردار: کاتێک یاسا بەسەر هەموواندا وەک یەک جێبەجێ دەکرێت، کاتێک دەسەڵات لێپرسراو و وەڵامدەرەوە دەبێت و کاتێک لایەنەکان لە ناوخۆیاندا دەبنە مۆدێلێکی باڵای دادپەروەری.
دادپەروەریی و یەکسانی، دوو باڵی پێویستن بۆ فڕینی هەر کۆمەڵگەیەکی تەندروست. ئەگەر یەکێکیان نەبێت، ئەوی دی ناتوانێت کۆمەڵگە بەرز بکاتەوە. دادپەروەریی بێ یەکسانی، دەبێتە دادپەروەرییەکی لاواز و فۆرمالیستی و یەکسانیی بێ دادپەروەریی، دەبێتە هاوشێوەیەکی زۆرەملێ و بێ گیان.
پەندی پێشینان: دەڵێت “هەق بڵێ با سەرت بشکێ”، واتە دادپەروەریی پێویستی بە بوێری و باجدانە، نەک تەنیا قسەی خۆش.
حاجی قادری کۆییش دەڵێت، رزگاری لە “قانوون و عەدل”دایە. لێرەدا یەکسانی تەنیا خەون نییە، بەڵکو دەبێت ببێتە “یاسا”. هەروەها دادپەروەری وەک تەرازوویەکی بێلایەن و یەکسانی وەک تیشکی خۆر وایە، کە بەبێ جیاوازی دەبێت بەسەر هەموواندا دابەش بێت.
ژیان بەبێ ئەم دوو باڵە، وەک دەستەواژە ئەدەبییەکان دەڵێن: “ناوێکی بەتاڵ و هەناسەیەکی ساردە”.
لە کۆتاییدا، ئەم دوو چەمکە نابێت تەنیا لە وتار و دروشمەکاندا بمێننەوە. پێویستە ببنە رەفتاری رۆژانە، بڕیاری سیاسی، یاسای کارا و کەلتورێکی چەسپاو، چونکە کاتێک دادپەروەری لە دڵی کۆمەڵگەدا نیشتەجێ دەبێت و یەکسانی لە کرداری رۆژانەدا دەردەکەوێت، ئەو کاتە مرۆڤایەتی نەک هەر دەژی و پێشدەکەوێت، بەڵکو دەدرەوشێتەوە.