یه‌كی ئایار، رۆژێكی ئاسایی نییه... به‌ڵكو هه‌ناسه‌یه‌كه، جیهان به‌ناوی كرێكاره‌وه تۆمار ده‌كات. له‌نێوان ماندووبوونی رۆژانه و ئاواتی ئازادی‌دا. یه‌كی ئایار وه‌ك ده‌نگێكی به‌رز هه‌ڵده‌چێت؛ ده‌نگی كرێكارێك كه له‌ژێر باری كاردا به‌ته‌نیا نامێنێته‌وه، به‌ڵكو خۆی ده‌گۆڕێت بۆ هێزێكی مێژوویی. ئه‌م رۆژه ته‌نیا یاده‌وه‌ری نییه، به‌ڵكو بانگه‌وازێكه بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ له پڕۆسه‌ی كاردا ته‌نیا «به‌رهه‌م» نه‌بێت، به‌ڵكو ببێته «به‌رهه‌مهێنه‌ری مێژوو». سه‌رچاوه‌ی ئه‌م رۆژه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و كاته‌ی كرێكارانی شیكاگۆ بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مافی هه‌شت كاتژمێر كار، به خوێنی خۆیان خه‌باتیان كرد، له‌وێوه یه‌كی ئایار بوو به رۆژی جیهانیی كرێكاران؛ رۆژێك كه تێیدا ره‌نجده‌رانی جیهان بۆ چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی، یه‌كده‌نگ ده‌بن.
له دیدگای سۆشیالیستی زانستیدا، «كار» بنه‌مای دروستبوونی مرۆڤایه‌تییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كار ببێته زنجیر، ئه‌وا مرۆڤ له خودی خۆی نامۆ ده‌بێت. لێره‌دا یه‌كی ئایار وه‌ك پرسیارێكی جه‌وهه‌ری رووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه:
ئایا كار بۆ مرۆڤه، یان مرۆڤ بۆ كار؟.
له هه‌رێمی كوردستان و عیراقدا، كرێكار هێشتا له‌نێوان چه‌قۆكێشیی بێكاری و پێشێلكردنی مافه‌كانیدا ده‌ژی. به‌م هۆیه‌شه‌وه، یه‌كی ئایار ده‌بێت ببێته بانگه‌وازی كردار، نه‌ك ته‌نیا دروشم، پێویسته ئه‌م رۆژه بكرێته هه‌وێنی هه‌نگاوی راسته‌قینه به‌ره‌و دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی.
كاتێك باس له مافی كرێكار ده‌كه‌ین، ته‌نیا باس له دروشم ناكه‌ین، به‌ڵكو باس له واقیعێكی تاڵ ده‌كه‌ین، به‌پێی دوایین راپۆرته ئامارییه‌كان، رێژه‌ی بێكاری له‌نێوان گه‌نجاندا له هه‌رێمی كوردستان زۆره، له‌لایه‌كی تره‌وه، ته‌نیا رێژه‌یه‌كی كه‌می كرێكارانی كه‌رتی تایبه‌ت له سندوقی ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی (بیمه) تۆماركراون، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌یه كه زۆرینه‌ی هێزی كار؛ له داهاتوویه‌كی نادیار و بێ خانه‌نشینی ده‌ترسن.
خه‌باتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان وه‌ك حزبێكی سۆشیال دیموكرات، له‌م یاده‌دا له سێ خاڵی سه‌ره‌كیدا چڕده‌بێته‌وه:
-له‌سه‌ر ئاستی چینایه‌تی: داكۆكیكردن له مافی «ره‌نجده‌رانی بیر و بازوو» و دابینكردنی یاسایه‌كی دادپه‌روه‌رانه بۆ كار و بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی.
-له‌سه‌ر ئاستی نیشتمانی: خه‌بات بۆ دابینكردنی بژێوی و مووچه‌ی شایسته، چونكه نیشتمانپه‌روه‌ری؛ له پاراستنی كه‌رامه‌تی هاووڵاتیانه‌وه ده‌ستپێده‌كات.
-له‌سه‌ر ئاستی نه‌ته‌وه‌یی: پاراستنی ناسنامه‌ی كوردستانیبوونی كه‌ركوك و ناوچه دابڕێنراوه‌كان، كه زۆرینه‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی چینی زه‌حمه‌تكێشن.
یه‌كێتی پێیوایه ئازادیی نه‌ته‌وه‌یی، به‌بێ دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی مه‌حاڵه، كرێكارێكی تێر و خاوه‌ن ماف، زۆر باشتر ده‌توانێت به‌رگریی له خاك و نه‌ته‌وه‌كه‌ی بكات. یه‌كی ئایار هێمای ئه‌وه‌یه كه مێژوو به‌ده‌ستی ئه‌وانه ده‌نووسرێته‌وه، كه هۆشیارانه بۆ گۆڕانكاری تێده‌كۆشن.
«خوایه وه‌ته‌ن ئاواكه‌ی» ئاوێته‌ی «خوایه گوزه‌رانی كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشانی وڵاته‌كه‌م باشتركه‌ی»، نایابترین دروشمه بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه.
*دوێنێ: خه‌بات بۆ 8 كاتژمێر كار بوو.
*ئه‌مڕۆ: خه‌بات له‌پێناوی شكۆمه‌ندی و دابینكردنی بژێویی ژیان و پاراستنی ژینگه‌ی كاردایه.
*سبه‌ی: ئاسۆی ئێمه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه تێیدا ته‌كنه‌لۆژیا و ژیریی ده‌ستكرد نه‌بنه‌هۆی بێكاركردنی مرۆڤ، به‌ڵكو ببنه ئامرازێك بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ كاتی زیاتری بۆ داهێنان و ژیان هه‌بێت.
تا ئه‌وكاته‌ی یه‌ك چه‌وساوه له جیهاندا مابێت، یه‌كی ئایار كۆتایی نایه‌ت. ئه‌م یاده ته‌نیا بۆ گێڕانه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كان نییه، به‌ڵكو بۆ داگیرساندنی مه‌شخه‌ڵی ئومێده. با یه‌كی ئایار بكه‌ینه سه‌كۆیه‌ك بۆ یه‌كگرتوویی، بۆ ئه‌وه‌ی نان و ئازادی بۆ هه‌مووان بێت.
یه‌كی ئایار وانه‌یه‌كی مێژووییه كه هێشتا ته‌واو نه‌بووه، ئه‌و رۆژه هێمای ئه‌وه‌یه كه دادپه‌روه‌ری به‌ته‌نیا نایه‌ته دی، به‌ڵكو به تێكۆشان و هۆشیاری.
له كوردستان و عیراقدا، ئه‌م رۆژه ده‌بێته بانگه‌وازی نوێ: بانگه‌وازی یه‌كگرتن و ماف، بانگه‌وازی ئه‌وه‌ی كه كرێكار ته‌نیا به‌رهه‌مهێنه‌ر نییه، به‌ڵكو داهێنه‌ری مێژووه.
ئه‌مڕۆ كاتی ئه‌وه‌یه بپرسین: ئایا یه‌كی ئایار ته‌نیا یاده‌وه‌رییه، یان ده‌ستپێكی سه‌ره‌تایه‌كی نوێ؟.
سڵاو له ده‌سته زبره‌كان، سڵاو له‌و ناوچه‌وانانه‌ی شه‌رم له ئاره‌قه ناكه‌ن و له‌و شكۆمه‌ندییه‌ی له «كاركردن»دا هه‌یه.