کات چەند بەخێرایی تێدەپەڕێت؟!
وا 30 ساڵ زیاترە ماڵمان لە گەڕەکی عەقاریی شاری سلێمانییە، شاری هەڵمەت و قوربانیی و پایتەختی رۆشنبیریی و میهرەبانی کە بە بەراورد بە جەلەوە و خانەقی، لێرە زیاتر ژیاوم. دەتوانم بڵێم عەقاری بۆ من بۆتە دیوێکی دیکەی بەهەشتی جەلەوە و سلێمانیش بۆتە نیوەکەی تری نوسفی جیهانەکەی خانەقی، لە دڵ و یادگاریی و رۆحی مندا.
لەم شەوانەدا بە تەنیا لە حەوشە دانیشتبووم، هەر خۆم لەگەڵ خۆمدا بووم، سەیری ئاسمانم دەکرد، ئەستێرە لە ژمارە نەهاتووەکان هەموویان بە دوور و نزیکەکانەوە مێشکمیان داگیرکرد و بیر و هۆش و خەیاڵی منیان بە لای خۆیاندا راکێشا و بردمیانە ناو بیرکردنەوەی سەیر و ئەندێشەی سەمەرەوە.
لەم شەوەدا مانگی تابان، نوری دەباراندە سەر تاریکایی شەو.
سەیری مانگ و ئەستێرەکانم دەکرد، مانگ نزیک و ئەستێرەکان دوور، مانگ گەورە و ئەوانەی دی لەم گەردوونە پڕ پەنهانییەدا بچووک دیاربوون کەچی لە راستیدا و بەپێی  زانستی گەردونناسیی و ئەوەی تا ئێستا مەعلومە، مانگ لە زۆربەی هەرە زۆری ئەستێرەکانی دیکەی ئەم ئاسمان و گەردوونە بچووکترە، بەڵام لای ئێمەی مرۆڤی نیشتەجێی سەر زەوی  بە رووکەش وا دەردەکەوێت کە لە هەمووان گەورەتر و رەونەقدارترە و پاشای ئەستێرەکانە!
لە دێر زەمانەوە، ئەوەندەی شیعر و پەخشان و پیاداهەڵدان پێشکەش بە مانگ کراوە، بە ئەستێرەکانی تر نەکراوە، ئەگەرچی لە حەقیقەتدا ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە لە مانگ گەورەتر و جوانتر و رەونەقدارتر نییە لە ئاسمان و لەناو گەردوونی لەبن نەهاتوودا، بەڵام ئێمە وەکو خۆیان نایانبینین، قسەیەکی کوردەواریی خۆمان هەیە دەڵێت: (ئەوەی لەبەرچاوانە، لەبەردڵانە).
 بەداخەوە ئەم دیاردەیە تا رادەیەک لە خەبات و تێکۆشان و شۆڕش و ژیانی رۆژانە و واقعیشماندا رەنگیداوەتەوە.
 زۆر سەربازی ون هەن، کە سەردەمانێک ئەستێرەی نزیک و پرشنگداری خەبات و شۆڕش بوون، خاوەن رەنج و فیداکاریی بوون، کەچی ئێستا دوورە دەستن، بەشێکیان خۆیان دوورە پەرێزن و بەشەکەی دیکەیش بێبەشن لە چاوی رەحمەتی بڕیار بەدەستانی گۆڕەپانەکە!.
ئەم نادادپەروەرییە لە زۆربەی شوێن و سەردەمەکاندا هەبووە و هەیە، لای خۆشمان ئەم دیاردەیە روون و ئاشکرایە بە هۆی کوردایەتی و شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی کوردستان بەگشتی و شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بەتایبەتی، ژمارەیەک پێشمەرگەی ماندوو، کادری رێکخستی ناوشار و کەمئەندامی سەنگەر و زیندانی سیاسیی هەن کە مافی ماددیی و مەعنەوی و هەقی شایستە بە خۆیان وەرنەگرتووە، دوای سەرکەوتنی شۆڕش و دامەزراندنی قەوارەی هەرێمیش، چونکە ئەوانە بە هەر هۆیەک بێت لە بەرچاونەبوون و فەرامۆشکراون.
 
 زۆر سەربازی ون هەن، کە سەردەمانێک ئەستێرەی نزیک و پرشنگداری خەبات و شۆڕش بوون، خاوەن رەنج و فیداکاریی بوون، کەچی ئێستا دوورە دەستن، بەشێکیان خۆیان دوورە پەرێزن و بەشەکەی دیکەیش بێبەشن لە چاوی رەحمەتی بڕیار بەدەستانی گۆڕەپانەکە!
ئەمە وێڕای فەرامۆشکردنی ناو و ناوبانگی کۆمەڵێک شەهیدی سەنگەر و قارەمانی زیندانەکانی سەردەمی رژێمی بەعسی دڕندە و داگیرکەر کە تەنانەت مافی کەسوکاریشان وەکو پێویست نییە.
دوای ئەم دیمەنانە چاوم کەوتەسەر دار نارنجی حەوشەکەمان کە بە نەمامیی لە خانەقینەوە هێنامان بۆ سلێمانی، چەند باڵابەرز و سەوزپۆشە و ژمارەیەکی زۆر نارنجی گرتووە و خۆی کردەوە بە ئاسمانی نارنجەکان و ئەوانیش وەک ئەستێرەکان، درەختەکەیان رازاندۆتەوە. ئاشکرایە ئەم درەختە بە رەگەکانی، خۆی لە ناخی زەویدا قایمکردووە و بە ساق و لقی گەڵاکانیش ژیان بۆ خۆی لەناو گوزەری وەرزەکانی ساڵدا مسۆگەر دەکات. لێرەدا دەمەوێت بڵێم کە یەکێتی و هەر حزبێکی سیاسی دیکە وەک ئەو درەخت و دار نارنجە وایە، چونکە مەحاڵە بتوانێت بە بێ رەگ و لق و گەڵا لە سووڕێکی سروشتیدا بژی.
  بە کورتی و پوختی، ئەرکی سەرەکیی سەرکردایەتیی یەکێتییە لەم سەردەمەدا شانبەشانی سەرکەوتنەکانی پاش کۆنگرەی پێنجەمی خۆی، بیرێکی زۆر جددیی لە چارەسەری ئەم ناهەقی و ناعەدالەتییە بکاتەوە، بێگومان لە چوارچێوەی  بەرنامەیەکی چڕوپر و واقیعی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو و بە هیمەتێکی لۆژیکییانە و شۆڕشگێرانەوە برینەکانی چەند ساڵی رابردوو ساڕێژ بکات، بێگومان بەمەش یەکێتی خۆی بەهێز و ئایندەشی مسۆگەرتر و روونتر دەکات، چونکە لەلایەک زاخاوی رێی خەباتی خۆی دەدات و لەلایەکی دیکەشەوە، برینەکانی ساڕێژ دەکات و لە داهاتوودا ئاشتبوونەوەیەکی گشتیی دەکات بە نەخشەڕێگای سەرکەوتنەکانی کە ئەمەش بەجۆرێک دەبێت، یەکێتی بە ئاسانی دەتوانێت رۆڵی فراوان و  کاریگەرتر و شایستەتر بەخۆی بگێڕێت، لە هەموو کایەکان و ئاستەکانی خەبات چ لە هەرێم و عیراقی فیدراڵدا، چ لە ئاستی ناوچەکەدا وەک حزبێکی بەرپرسیار و رێبەر لە نەخشەڕێگای بەدیهێنانی مافی رەوای گەلەکەمان و  سەرخستنی رێبازی راستەقینەی کوردایەتیدا.
* ئەندامی مەکتەبی سیاسیی (ی.ن.ک)

ئەم وتارە، لەڕۆژنامەی کوردستانی نوێ وەرگیراوە
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە
عيماد ئه‌حمه‌د
هەڤاڵان وەرن بۆ زگار
عيماد ئه‌حمه‌د
لە جرجیانەوە بۆ عەقاری
عيماد ئه‌حمه‌د
عەون نەک فیرعەون
عيماد ئه‌حمه‌د
پایز و هەڵۆی سوور
عيماد ئه‌حمه‌د
خەونی سەوزی خانەقی
عيماد ئه‌حمه‌د
هەڤاڵان ؛ وەرن بۆ سەرام
عيماد ئه‌حمه‌د
یەکێتی بوون وەک شانازی

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved