مرۆڤ لەسەر سێ هێڵی نادیار دەژی: دوێنێ، کە وەک سێبەرێک بەدوامان دەکەوێت، ئەمڕۆ کە وەک هەناسەیەکی گەرم لەناو سینەدا دەجووڵێت و سبەینێ کە وەک خەونێکی هێواش لە چاودا دەدرەوشێتەوە.
ئەم سێ چەمکە تەنها پێوانەی کات نین، بەڵکو رەنگدانەوەی شێوازی بیرکردنەوە و هەستکردنی مرۆڤن، هەر یەکێکیان بە شێوەیەکی تایبەت رۆح و مێشکمان دەگۆڕن.
دوێنێ، نیشتمانی یادەوەرییەکانە، شوێنی ئەو شتانەی کە تێپەڕیوون، بەڵام کاریگەرییان هێشتا ماوە. 
لە دیدی دانایاندا، کات پەیوەندییەکی توندوتۆڵی بە گۆڕانکارییەوە هەیە و دوێنێ بریتییە لەو گۆڕانکارییانەی روویانداوە و تەواو بوون.
دیدی مرۆڤ بۆ دوێنێ جیاوازە، منداڵ بە شەکرێکی شیرین دەیبینێت، هەرزەکار بە دڵتەنگی و پیر بە بارێکی قورس.
لە خانەقین، دوێنێ بۆنی لمی کەناری ئەڵوەنە، لە شاخ، دەنگی خەبات و هاواری با، لە شار، جەنجاڵی ژیان.
دوێنێ، هەرچەندە بناغەی ئەمڕۆیە، بەڵام ئەگەر لێی تێنەگەین، دەکرێت ببێتە زنجیرێک کە مرۆڤ بە دوای خۆیدا رابکێشێت، ئەمڕۆ ساتی هەڵوێست وەرگرتنی بەرپرسیارانەیە.
ئەمڕۆ وەک قۆناغی هەرزەکارییە، کاتی هەڵبژاردنە لە نێوان رێگاکاندا.
لە دنیای سیاسەتدا، ئەمڕۆ مەیدانی تێکۆشانە، شوێنی هەڵبژاردنە لەنێوان ئازادی و بێدەنگیدا. ئەمڕۆ وەک ئاگرێکە، دەکرێت رووناکیی ببەخشێت، یان بسووتێنێت و ئەمە بەستراوەتەوە بەوەی چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین.
سبەینێ، ئەو خەونەیە کە هێشتا نەهاتۆتەدی، بەڵام هەموو ئەگەرێکی تێدا چاوەڕوانکراوە.
لە دیدی سارتەرەوە، مرۆڤ خۆی خۆی دروستدەکات و سبەینێ ئەو بوارە فراوانەیە بۆ ئەو دروستکردنە.
منداڵ بە خەون سەیری سبەینێ دەکات، هەرزەکار بە ئاوات و پیر بە ترس و پەشیمانی. سبەینێ شوێنی ئەوەیە کە تێیدا ئاواتەکان دەبنە دەستکەوت، یان لەناودەچن، ناوبانگ دروستدەبێت، یان دەفەوتێت.
لەنێوان ئەم سێ کاتەدا، مرۆڤ وەک دارێکی ئەرخەوان وایە، رەگەکانی لە دوێنێدا، قەدی لە ئەمڕۆدا و گەڵاکانی لە سبەینێدا دەردەکەون. ئەگەر رەگەکان فەرامۆش بکرێن، دارەکە وشکدەبێت، ئەگەر قەدەکە بەهێز نەبێت، بەرگریی ناکات و ئەگەر گەڵاکانیش نەبن، هیوایەک نامێنێت.
گەلێک کە لە دوێنێی خۆیەوە شتێک فێر نەبێت، ئەمڕۆی لێ تێکدەچێت و سبەینێشی لەدەست دەچێت. سیاسەتیش تەنیا بڕیارێکی کاتیی ئێستا نییە، بەڵکو بەردەوامییەکی فەلسەفییە کە لەنێوان یادەوەری و هیوادا دروست دەبێت.
بێگومان، مرۆڤ تەنیا لە کاتدا ناژی، بەڵکو کات لە ناو مرۆڤدا دەژی، ئەگەر بتوانین لە دوێنێ فێربین، لە ئەمڕۆدا کار بکەین و بۆ سبەینێ تێبکۆشین، ئەوا نەک تەنیا دەژین، بەڵکو مانایەکی راستەقینە بە بوونی خۆمان و ئەوانی تر دەبەخشین. وەک ئیمامی عەلی (ک . و) دەفەرموێت: “بۆ دنیات وا کار بکە وەک ئەوەی هەمیشە دەژیت و بۆ دواڕۆژیشت وا کار بکە وەک ئەوەی سبەی دەمرێت”.
فەیلەسوفە ناودارەکانی جیهان “کات” بەم شێوەیە پێناسە دەکەن: کانت دەڵێت: “کات لای ئێمەیە”.
هیگڵ دەڵێت: “گەشەیە”
دیکارت دەڵێت: “نوێبوونەوەیە”.
سپینۆزا دەڵێت: “تەنها خەیاڵە”.
 منیش لەوانەیە بتوانم بڵێم: لە خەودا نە مێژوو هەیە نە ئایندە، تەنیا کاتێک هەیە کە لە راستیدا بوونی نییە.
ئەتهەم باقی، پیاوێکی قسەخۆش و تەنزئامێز لە گەڕەکی تێڵخانەی خانەقین، خاوەنی گرێمانەی سێ «نە» بوو، دەیگوت: (نە حزبی شیوعی عیراقی دێتە سەر حوکم، نە فەلەستین رزگار دەبێت، نە کوردستان دەبێت بە دەوڵەت).
بڕوای بە ئایندە نەما بوو، رۆژێک لە کافتریای مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی، گوێم لە گفتوگۆیەکی هاوڕێیانەی نێوان دوو ئەندامی  مەکتەبی سیاسی بوو کە لە تەنیشت پەنجەرەیەکی رووە و قیبلە دانیشتبوون. یەکەم وتی: دیدی یەکێتی بۆ یەکسانی و دادپەروەریی لە کوردستان چییە؟
دووەم وتی: هاوڕێ واز لە دید و هەڵوێست بهێنە، با چایەکەمان بەئیسراحەت بخۆینەوە.
ئەویتر وتی: رەشبین مەبە، گەشبین بە.
دووەم وتی: ئایندەمان رەنگدانەوەی مێژوومانە، سەرەرای سەرکەوتن و دەسکەوتمان بۆ گەل و نیشتمان، بەڵام مێژوویەکی سەخت و پڕ لە کارەساتی جەرگبڕمان هەبووە.
یەکەم وتی: ئیشاڵڵا، ئایندەمان پڕ خێر دەبێت.
ئەویتر وتی: ئێمە زۆرمان چووە و کەممان ماوە، ئایندەی چی؟ ئێستا ئێمە لە ئایندەدا دەژین!
منیش لای خۆمەوە وتم: ئایندە تەنیا ئەو کاتە نییە کە ئێمە تێیدا دەژین، بەڵکو ئەو شوێنەوارەیە کە جێی دەهێڵین.
ئەگەر تەمەنمان کەمیش مابێت، قسەکردنمان لەسەر دادپەروەری و یەکسانی وەک چاندنی دارێک وایە، لەوانەیە خۆمان لە سێبەرەکەیدا دانەنیشین، بەڵام نەوەکانمان لەسایەیدا دەحەسێنێتەوە. مرۆڤ تەنیا لە کاتدا ناژی، بەڵام مرۆڤ کاتێک هەست بە مرۆڤبوونی خۆی دەکات، کات لە ناویدا دەتوێتەوە!!
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە
عيماد ئه‌حمه‌د
ئاشتی؛ بنەمای ژیان
عيماد ئه‌حمه‌د
هەڤاڵان وەرن بۆ زگار
عيماد ئه‌حمه‌د
لە جرجیانەوە بۆ عەقاری
عيماد ئه‌حمه‌د
عەون نەک فیرعەون
عيماد ئه‌حمه‌د
پایز و هەڵۆی سوور
عيماد ئه‌حمه‌د
خەونی سەوزی خانەقی
عيماد ئه‌حمه‌د
هەڤاڵان ؛ وەرن بۆ سەرام
عيماد ئه‌حمه‌د
یەکێتی بوون وەک شانازی

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved