بەهۆی گۆڕانکارییە بابەتی و خۆییەکانەوە، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم گۆڕانکاریی گەورەدایە، بەتایبەتی ناوچەکەی ئێمە رووبەڕووی رووداوی چاوەڕوان نەکراو دەبێتەوە.
کابینەی نوێ، بە جددی هەوڵی چارەسەرکردنی مووچەی خەڵک و بودجەی هەرێم بدات لەگەڵ حکومەتی فیدراڵدا، دوور لە ململانێ و بەرژەوەندیی حزبی
ئێمەی خەڵکی کوردستان لە دووڕیانی هات و نەهاتداین، چارەنووسمان شەتەکدراوە بەو ئاڵوگۆڕانەوە، ئەگەر خۆمان لە ئاستی  لێپرسراوێتی مێژووییدا نەبین، لەوانەیە تووشی کارەساتی گەورە ببینەوە. 
پێویستە و ئەرکی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستانە، لە ئاست ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆیاندابن و بە یەک دەنگ و یەک هەڵوێست رووبەڕووی هەر پێشهاتێکی ئەرێنی و نەرێنی ببنەوە.
منیش وەکو تاکێکی ئەم کوردستانە، لەم هەلومەرجەی ژیاندا هەم ئەرکم لەسەرە سەبارەت بە نیشتمان و گەلەکەم، هەم مافی ئەوەم هەیە هیوا و داخوازییەکانی خۆم بخەمەڕوو، لەوانە:
-کوردستانەکەمان دوور بێت لە پڕیشکی ئەم بورکانە و دوژمنەکانیشمان بگرێتە باوەش.
-کابینەی ئەمجارە کابینەی ئاشتبوونەوەی خەڵک و چارەسەری کێشەکانی هەرێم بێت.
-هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ببێتە مایەی خێر و ئاوەدانیی لە کوردستاندا.
-کابینەی نوێ بە جدیی هەوڵی چارەسەرکردنی مووچەی خەڵک و بودجەی هەرێم بدات لەگەڵ حکومەتی فیدراڵدا، دوور لە ململانێ و بەرژەوەندیی حزبی.
-مادەی (140) ی دەستوور جێبەجێ بکرێت.
-ئەنجومەنی ئیتحادی لە عیراقی فیدراڵدا  دروستبکرێت.
-هەرێمی کوردستان نەبێتە قۆچی قوربانیی سەرژمێریی ئەمساڵ.
- یەکێتییەکەمان بە هێزتر و رێبازەکەی مام جەلال پرشنگدارتر بێت.
-هەموو جیهان لە پەتای کوشندە و نەخۆشیی شێرپەنجە دوور بێت.  
-ئاشتی و خۆشگوزەرانیی و ئازادیی لە سەرتاسەری جیهان بەرقەرار بێت.
-مرۆڤایەتی دوور بێت لە بەڵای تووڕەبوونی سروشت بە هۆی تێکچوونی ژینگەوە.
-ئاخر خێریی بۆ هەمووان دەخوازم و ئاخر شەڕییش بۆ کەس ناخوازم.
-منداڵی دەرۆزەکەری سەر جادەکان نەبینین. 
-کوشتنی ژنان بە ناوی شەرەفەوە بنبڕ بکرێت.
ئەمانە و دەیان هیوا و ئاواتی ترم هەن سەبارەت بە نیشتمان و یەکێتی و خێزان و خانەوادەکەم.
ساڵی ئایندە بەم هەموو هیوا و ئاواتانەوە دەچمە ناو کەژاوەی 70 ساڵییەوە.
نزیکەی 70 ساڵ لەمەوپێش لە ژوورێکی تەنگەبەر و لا چەپ و بێ کارەبا و پەنجەرەدا، لەژێر سێبەری دارخورماکانی جەلەوە و هاژەی ئەڵوەندا، لە ئێوارە وەختێکی بەهاردا، لە خانووە قوڕەکەی خاڵو فەتحوڵڵادا بە ژان و ناڕەحەتیی منیان لە بەهەشتی منداڵدانی دایکم گەوهەر، دەربەدەر کرد ...!! 
بە بێ ئارەزووی خۆم منیان لە دنیای خاڵیی لە مەینەت و دەردەسەریی و هیوا و ئاواتخوازیی گواستەوە بۆ دنیای پڕ مەینەت و دەردەسەریی و دونیای فانی.
دایکم گەوهەر، بەم شێوەیە یاد و یادەوەرییەکانی  دەگێڕایەوە، دەیوت:لەدایکبوونی عیماد، لە ئێوارە وەختێکی باراناویدا بوو،  ئەڵوەن زیادی کرد و لافاو هەڵسا بوو.
میم تاووس (جدە) بە واتای مامان بوو،  هاجەری دایکم  و دایکی عەزیز لە ژوورەکە لە گەڵمدابوون، بە زیڕە و گریانێکی زۆرەوە عیماد هاتە دنیاوە. میم تاووس بە دەنگە پڕ لە سۆزەکەی هاواری کرد: هاجەر کوڕتان بوو و لای راستی روومەتی پەڵەیەکی سووری پێوەیە.
دایکی عەزیزیش وتی:  ئەم تفڵە زیتەڵەیە، جیاوازە و قەت ئەم کوڕەمان لێ ون نابێت!.
بۆ درامای لە دایکبوونم هەر ئەوەندەیان بۆ باسکردووم. منیش لەو ساتە وەختەدا بێ دەسەڵات و بە بەشێک لە کەسایەتییە تایبەتییەکەی خۆم پاوەنکراوبووم.
دەستنیشانی کات و سەعات و رۆژ و مانگ و ساڵەکە بە دەست و ئارەزووی خۆم نەبوو،  ناوەکەش (عیماد) و هەندێ خەسڵەتی تر لە دەسەڵاتی مندا نەبوون.
دوای ئەم دیمەنانە، درامای ژیانم بە تراجیدیا و کۆمیدیاکانییەوە بەندە، بە جوانیی و ناشیرینییەکانییەوە و بە خۆشی و ناخۆشییەکانیەوە، بەبێ دەسەڵات و بەبێ هیوا، هاتمە دنیاوە لە سووچێک لە خانوویەک لە جەلەوەی خانەقی و کوردستان چاوم بە دنیا هەڵهێنا.
ئێستا دوای نزیکەی 70 ساڵ، دنیام فراوانتر بووە و دەسەڵات و هیواشم زیاتر بووە. ئەرکی ئەخلاقیی و نیشتمانیم، ئەرکی ئینسانیم و نەتەوایەتییم، ئەرکی شەخسیم و خێزانیم بەر فراوان بوون.
هەروەها هیوایەکی زۆرم هەیە، سەبارەت بەخۆم و خێزان و کەسوکار و هاوڕێ و دۆستان و سەبارەت بە کوردستان و یەکێتی و بە دادپەروەریی و یەکسانیی و ئازادیی لە هەرێمی کوردستاندا 
بەشێکم بە دیهێناوە، ئەگەر عومر باقی بێت، هەوڵی بە دیهێنانی ئەوانیتریش دەدەم.   
بەکورتی و کرمانجی، دەتوانم بڵێم: بەبێ هیوا هاتمە دنیاوە بەڵام بە هیواوە دەژیم.
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە
عيماد ئه‌حمه‌د
هەڤاڵان وەرن بۆ زگار
عيماد ئه‌حمه‌د
لە جرجیانەوە بۆ عەقاری
عيماد ئه‌حمه‌د
عەون نەک فیرعەون
عيماد ئه‌حمه‌د
پایز و هەڵۆی سوور
عيماد ئه‌حمه‌د
خەونی سەوزی خانەقی
عيماد ئه‌حمه‌د
هەڤاڵان ؛ وەرن بۆ سەرام
عيماد ئه‌حمه‌د
یەکێتی بوون وەک شانازی

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved