دەوترێت مێژوو مامۆستای گەلانە، بەڵام ئەم مامۆستایە زۆرجار بەشێوەیەکی تاڵ وانەکانیمان فێردەکات. کاتێک لاپەڕەکانی مێژووی مرۆڤایەتی دەخوێنینەوە، کەم سەردەم هەیە کە لە ئاگری شەڕ بەدوور بووبێت، وەک ئەوەی کتێبی مێژوو زۆرجار نەک بە مەرەکەب، بەڵکو بە خوێن نووسرابێت.
هەر جارێک شەڕ دەستپێدەکات، دەنگی چەک و هەواڵی سەرکەوتن هەموو شوێنێک پڕ دەکات و هەندێک لایەن وادەزانن کە هێز دەتوانێت هەموو کێشەیەک چارەسەر بکات، بەڵام کاتێک ئاگری شەڕ دادەمرکێت و دەنگی تۆپ و تەقە بێدەنگ دەبن، زۆر جار ئەوەی کە دەمێنێتەوە تەنیا خۆڵی وێرانکارییەکانە، خەمی دڵان و یادەوەرییەکانە. شارەکان دەتوانن دووبارە بنیات بنرێنەوە، بەڵام زامەکانی دڵی مرۆڤ زۆرجار بە ساڵانیش ساڕێژ نابن.
ئەگەر مرۆڤ بە ئارامی، پەڕەکانی مێژوو بخوێنێتەوە، دەبینێت کە زۆربەی ئەو شەڕانەی لەکاتی خۆیاندا بە ناوی سەرکەوتن ناسراون، لە دوای ماوەیەک تەنیا وەک کارەساتێکی مرۆڤایەتی باسکراون.
سەرکەوتنەکانی شەڕ زۆرجار وەک سێبەرن، کاتێک خۆر دەگۆڕێت، ئەوانیش دەگۆڕێن.
هاوپەیمانەکانی ئەمڕۆ، دەشێت ببنە نەیاری یەکتر
ئەوەی ئەمڕۆ بەهێز دەردەکەوێت، لەوانەیە سبەینێ تەنیا یادەوەرییەکی دوور بێت، بۆیە دانایانی گەلان لە پەندێکی سادەدا ئەم راستییەیان خستووەتەڕوو: (ئاگر بە ئاگر ناکوژێتەوە، توندوتیژی زۆرجار تەنیا توندوتیژیی زیاتر دروست دەکات).
لە دنیای سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، هەمان راستی دەردەکەوێت، مێژوو نیشانیداوە کە دۆستایەتی و دوژمنایەتی هەتاهەتایی نییە. ئەوانەی ئەمڕۆ لە یەکتر دوورن، دەتوانن لە داهاتوودا هاوپەیمان بن و ئەوانەی ئەمڕۆ هاوپەیمانن، دەشێت رۆژێک رکابەر بن. بۆیە سیاسەتی ژیر و دانا ئەوەیە کە بڕیارەکان لەسەر هەست و میزاج نەدرێن، بەڵکو لەسەر بنەمای ئەقڵ و تێگەیشتن بن.
خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ناوچەیەکە، کە مێژووی نوێی بە شێوەیەکی زۆر لەسەر بنەمای شەڕ، رێککەوتنە نهێنییەکان و هاوسەنگیی هێزە جیهانییەکان دروست کراوە.
لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، کاتێک نەخشەی سیاسی ناوچەکە دروست کرا، گەلانی زۆر خۆیان لە دەرەوەی بڕیارەکان بینییەوە، ئەو بڕیارانە بنەمای ئەو سنوورانەیان دانا کە تا ئەمڕۆش کاریگەرییان لەسەر ژیانی گەلانی ناوچەکە هەیە.
کاریگەریی راستەوخۆی هەیە
لەناو ئەم گۆڕانکارییانەدا، کوردستان هەمیشە لە شوێنێکی جیۆپۆلیتیکی هەستیاردا ماوەتەوە. ئەم هەڵکەوتەیە هەم هەلێکە و هەمیش بارێکی قورسە. هەلە، چونکە کوردستان لە ناوچەیەکی گرنگی ستراتیژییدا هەڵکەوتوو و لەبارە، چونکە هەر ململانێیەکی ناوچەیی، کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەری دەبێت. بەم شێوەیە زۆرجار کورد خۆی لەناو شەڕێکدا دۆزیوەتەوە کە نە دەستی لە دروستبوونیدا هەبووە و نە توانایەکی تەواویش بۆ ئاڕاستەکردنی و لەو نێوەندەشدا باجی گرانی داوە.
لەگەڵ ئەمەشدا، ئەزموونی مێژووی کورد، دەریخستووە کە گەورەترین هێز بۆ پاراستنی گەل، بەتەنیا چەک نییە، بەڵکو دانایی و بەرپرسیارێتی سیاسییە.
بۆیە لە زۆربەی شەڕ و کێشە ناوچەییەکاندا، هەڵوێستی کورد، بەتایبەتی هەرێمی کوردستان، هەوڵی بۆ پاراستنی ئارامی و نەچوونە ناو ئاگری ململانێیەکە کە دەرەنجامەکەی هەر وێرانکارییە.
بەهای ئاشتی لای گەلی کوردە
ئەم هەڵوێستە نیشانەی ئەوەیە، گەلێک کە تاڵیی شەڕی تاقییکردووەتەوە، زۆرتر بەهای ئاشتی دەزانێت. گێڕنیکا بووە هێمای هونەر و ئەدەبیش زۆرجار ئەو راستییەی شەڕ بە شێوەیەکی قووڵتر دەردەخەن. کاتێک شاری گێڕنیکا لە شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا بۆمباران کرا، هونەرمەندی ناودار جیهان، بیکاسۆ تابلۆی ناوبانگی (گێڕنیکا)ی دروستکرد. لەو تابلۆیەدا هیچ سەرکەوتنێک نییە، تەنیا هاوار، ترس و ئازاری مرۆڤایەتی پیشان دەدرێت. ئەم تابلۆیە بوو بە یەکێک لە گەورەترین هێماکانی دژایەتی شەڕ، چونکە هونەر توانای ئەوەی هەیە کە راستییەکان بەشێوەیەک پیشانبدات کە دەنگی مرۆڤایەتی تێدا بەرز ببێتەوە.
بێگومان مەسەلەی کورد بابەتێکی نوێ نییە کە لە دەرەنجامی رووداوەکانی ئەمڕۆدا دروست بووبێت. ئەم مەسەلەیە لە بنەڕەتدا مەسەلەی ماف و ناسنامەیە. ئەو کێشانەی لەسەر بناغەی ماف دروست دەبن، بە هێز لەناو ناچن، چونکە کات دەتوانێت شێوەی کێشەکان بگۆڕێت، بەڵام ناوەرۆکیان هەر دەمێنێت.
لە کۆتاییدا، مێژوو وەک مامۆستایەکی بێدەنگ هەمیشە یەک وانە دووبارە دەکاتەوە: شەڕ دەنگی بەرزە، بەڵام تەمەنی کورتە. ئەوەی دەمێنێت نە ئاگری شەڕە و نە هێزی چەک، بەڵکو ئەقڵ، دادپەروەری و دانپێدانانە بە مافەکاندا. کاتێک جیهان پڕ دەبێت لە شەڕ، پێویستە دەنگی ئەقڵ بەرزتر بێت، چونکە تەنیا ئەقڵ دەتوانێت ئەو رێگایە بدۆزێتەوە کە مرۆڤایەتی لە وێرانکاریی رزگار بکات و مافەکان بە راستی بپارێزێت.