بنەڕەتی چەمکی تیرۆر  و خەسڵەتەکانی

دانا عبدولکەریم
 بنەڕەتی چەمکی تیرۆر :
دیاردەی تیرۆر بە بەرچاوترین ئەو دیاردە کۆمەڵایەتی یانە دادەنرێت کە بەو مێژووەی هەیەتی خراپترین کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و دواتر لەسەر رەوتی بەرەوپێش چوون خوڵقاندووە . چەمکی تیرۆری تا بەو ماناو تێگەیشتنە ی ئێستای گەیشتووە چەند قۆناغێکی تێپەراندووە : دەکرێ سەرەتای پەیڕەوکردنی بگەرێتەوە بۆ فەرمانڕەوایان دواترو لەقۆناغێکی نوێتردا چەمکی ( تیرۆرزم – Terrorisme) لەلایەن گەلەوە لەدژی دەسەڵاتداران پەیڕەوکراوە .ئەوەی ئێمەی لێرەدا مەبەستمانە دەرخستنی بنەڕەتی بەکارهێنان و مانای هەریەکە لەدوو چەمکەی سەرەوەیە.
لەبنەڕتدا چەمکی تیرۆر لە Terreureی فەرەنسی یەوە هاتووە ئەویش لەئەسڵی لاتینی  Terreure-Tersereەوە داتاشراوە کەبەمانای ترساندن و دڵەراوکێ یاخود تۆقاندن دێت.
لەڕووی زمانەوانیەوە فەرهەنگی ئەکادیمیانی فەڕەنسی ساڵی ١٦٩٤بەم شێوەیە ڕاڤەی کردووە (( تۆقاندن ، ترسێکی توند ، تێکچوون و وێناکردنی شێوازێکی توندووتیژانە لەشێوەی شەڕەنگێزییەکی ئانی یاخود مەرتسیەکی نزیک )).
مانای تیرۆر بەم پێیە پەیوەندییەکی راستەو خۆی بەخودی سایکولوجیەتی تاکەکانەوە هەیە ، ئەوبارودۆخەیە کەگیان تیایدا دەژی یاخود ئەو حاڵەتە تووندوتیژییەی کەبەهۆیەوە نەیارەکان توشی شەڕانگێزییەک یاخود ئەگەری مەترسی یەک دەبنەوە و لەسەرەنجامدا کاریگەرییەکی راستەوخۆلەدەروونی بەرامبەر دەکات و دەیخاتە حاڵەتێکی نائاسایی یەوە . جگە لەمەش تیرۆر بەو مانایە ی فەرهەنگی ئەکادیمیانی فەڕەنسی سنووری تاکەکان دەبەزێنێ و قاڵبێکی سۆسولوجیانەش لەخۆدەگرێ، روونتربڵێین تیرۆر بەتەنها لای دەروونی تاکەکان ناوەستێ بەڵکو روودەکاتە کۆمەڵێک کەپەیوەندییەکی پتەوی کۆمەڵایەتی بەیەکیانەوە دەبەستێ ، سەرەنجام بریتی دەبێت لەحاڵەتێکی دەروونی کەتێکڕای کۆمەڵێکی یەکگرتوو بەیەک شێواز تیادادەژین.
لەلایەکی ترەوە ئەم مانایەی فەرهەنگی ئەکادیمیانی فەرەنسا دەمانگەیەنێتە ئەو تێگەیشتنەی کەتا ئەو ماوەیەی پێش شۆڕشی فەڕەنسی لەمێژووی زمانەوانی چەمکی تیرۆر، خودی تیرۆر ناکاتە ئەوەی کەئالیەتێکی یاخود میکانیزمێکی بێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجی سیاسیی – کۆمەڵایەتی بەو هەندەی کەتەنها بریتی بووە لە سەپاندنی هێزی ماددی و مەعنەوی چینی فەرمانڕەوا بەسەربەرامبەرەکاندا لەڕێگەی چاندنی تۆوی ترس وتۆقاندن لەدڵیاندا کەبەهۆی لاوازی هێزیان ناچاری ملکەچکردن بەو بارودۆخەی چینی فەرمانڕەوابوون . بەم ئاراستەیەدا تیرۆر بۆ ماوەیەکی زۆرئەم مانا لەقاڵبدراوەی لەخۆگرت ، بەڵام گۆرانکارییەکانی دوای ئەو ماوە مێژووییە، بەتایبەتی هەڵگیرسانی شۆرشی فەڕەنسا ساڵی ١٧٨٩ بەئاراستەی فراوانکردنی مانای تیرۆر رێچکەی شکاند بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانێک لەمانا سایکۆلۆژیەکەی بخوڵقێنێ .
شۆڕشی فەڕەنسا ئەگەر هیچ گۆڕانکارییەکی لەگەوهەری سایکولوجیەتی تیرۆردا نەهێنابێتە ئاراوە ئەوا بەدڵنیاییەوە لەمپەڕێکی سەرەکی بوو بۆ بڵاوبوونەوەی تیرۆربە نێو ناوەندە کۆمەڵایەتی وسیاسییەکان و ئەم شۆڕشە، کاریگەرییەکی پراکتیکیانەی لەسەر چەمکی تیرۆر بەجێهێشت ڕوونتر بڵێن شۆڕشی ناوبراو سەرەتای گۆڕانکارییەکی نوێ ی لەچەمکی تیرۆرTerreure خوڵقاندو فەزایەکی نوێی بەگرنگیدان بەڕەهەندی کۆمەڵایەتی و بەخشینی رۆڵێکی سیاسیانە بەم چەمکە هێنایە کایەوە سەرەنجامیش چەمکی تیرۆریزم Terrorisme ی لێکەوتەوە .
لەم قۆناغە مێژوویەدا ئەوەی کەجێی ئاماژەیە و بەنیسبەت ئێمەوە گرنگ و سەرەتاکانی بانگێشەی تیرۆری لێوە هەڵدەهێنجن گوتەکانی روبسپیبروسان گوستە (کەبانگێشە بووە بۆ ئایدۆلۆجیەتی جاکوبی و کۆنووسەکانی لیژنەی سەلامەتی گشتی یە.
تەوەری سەرەکی ئایدۆلۆجیای جاکۆبی لەبازنەی سیستەمی کۆماری و چەندین بەها و هزری نوێی ئازادی و یەکسانی گشتی دەخولایەوە کەپێویست بوو لەسەر گەلی فەڕەنسی رەچاویان بکات ، کاتێکیش کەجاکۆبی یەکان گەیشتنە دەسەڵات دەبوایە هەوڵی پاراستن و بەدیهێنانی هەموو ئەو ئامانجانە بدەن کە بەترۆپکی باوەڕیان دەناسرا ، بێگومان ئەمەش کارێکی ئاسان نەبوو بەتایبەتی لەناوبارودۆخە پڕلە ململانێ یەی کەئەوکات سەرتاسەری فەڕەنسای تەنیبۆوە، لەبەرئەوە ئاشناکردنی ناوەندی کۆمەڵایەتی بەو ئایدۆلۆجی یەتە بەتەنها لەڕێگەی پەنابردنەبەر تووندوتیژی و ئەنجامدانی تیرۆرەوە دەبوو.
لەناوەڕاستی ساڵی ١٧٩٣ لەکۆنگرەی نیشتیمانیدا لەگوتەی یەکێک لەئەندامانی کۆمەڵەی جاکوبی هاتووە کەداوا لە یاسادانەران دەکات کەکاتی ئەوە هاتووە پرۆسەی تیرۆر بخەنە بەرنامەی کاراوە. لەمەوە دەبینین کەپاڵپشتانی کۆماری جاکوبیزم تیرۆریان بەتەنها میکانیزمێک بۆ گەیشتن بەئامانجە باڵاکان ونەهێشتنی ئاستانگەکان ناسیوە.
دەکرێ بڵێین کەتێگەشتنی کۆماری جاکوبی لەسەرەتای فەرمانڕەوایەتیاندا بۆ چەکی تیرۆر جگە لەوڕەهەندە سایکۆلۆجییەی کەهەر لەسەرەتای سەرهەڵدانییەوە هەیبووە ڕێگە چارەیەکی کاراو خێرابوو بۆ بڵاوکردنەوە وچەسپاندنی پرنسیپە کۆمەڵایەتی و سیاسیی یەکانی جاکۆبیزم ، ئالیییەتێکی بەرپەرچدانەوە و بەرگری بووە بەدەست گەلی فەڕەنساوە دژبە دوژمنانی شۆڕش ، دەسەڵاتیش لەپێناوگەیشتن بەئامانجە باڵاکەی لەمینبەری خۆیەوە پاساوی رەوای و دادگەرێتی بۆدەهێنایەوە .لەدوای ئەمە تیرۆر بووە رەگەزیکی سەرەکی سیستەمی سیاسی جاکوبییەکان ڕۆڵێکی دیاری هەبوو لەخوڵقاندنی گۆڕانکاری و بەپەلەکردن و چەسپاندنی پرنسیپەکان ، جاکوبیەکان ئەم ڕێوشوێنەیان لەگەڵ هەموو ئەو دەنگ و بۆچوونە نەیارانەی کەلەدژی ئایدۆلۆجیای جاکوبیزم رادەوەستان بەکاردەهێنرا ،سەرئەنجام وای لێهات کەباس کردنی ئەو ئایدولوجیەتە بەبێ تیرۆر کارێکی ئەستەم بێت .
دوای ئەوەی لەکۆنگرەی نیشتیمانیدا داوای تیرۆر خرایە نێو بەرنامەی کارکردن ، هەوڵی جاکوبیەکان بەئاقاری هێنانەکایەی دامەزراوەی وەهادا رێچکەی شکاند کەڕەوای بەپرۆسە تیرۆریەکان بدات ،لەم سەربەندەوە دادگایەکی تاوانی ئیستیسنائییان بنیات نا کەلەپاڵ بانگەشەکردن بۆنەهیشتنی کاری تاوانکاری پێگەیەکی یاسایی پەنابردنەبەر تیرۆری هێنایەکایەوە بەمەش هیچ پەردەیەکی لەسەر ئەو بۆچوونە نەهێشت کەتیرۆر بۆتە ڕەگەزێکی سەرەکی سیستمەکەو لەدوایشدا راڤەیەک بووە بۆ ئەو قۆناغە مێژووییە کەتیایدا تیرۆر پرۆسەیەکی پەیڕەو کراوە.
دەکرێت ئەم جۆرە تیگەیشتنە لە گوتەکانی رۆبسپییر بەدی دەکرێت ، هەروەک دەڵێ (هیچ هاونیشتیمانیەک لەکۆمارەکەماندا نیییە بێجگەلە کۆمارییەکان) هەروەها لەڕاپۆرتێکی لیژنەی سەلامەتی گشتی رۆبسپییر دەڵێ (ئەرکی ئێمە نیە تۆوی تیرۆر لەدڵی هاووڵاتیاندابچێنین ، بەڵکو ئەوە تەنها بۆ تاوانباران راستە کەخوێنی گەلی فەڕەنسی  دەخۆنەوە).
شکستهێنانی رۆبسپییر ولەسێدارەدانی لەساڵی دووەمی سیستەمی کۆماریدا رووداوێکی گرنگی مێژووی فەڕەنسا بوو، گرنگی ئەو رووداوە بەلای ئێمەوە لەو کاریگەرییە تایبەت و راستەو خۆیەی لەسەر بەکارهێنانی  چەمکی تیرۆر هێنایە کایەوە.
گەرلێرەدا بەراوردێکی زمانەوانی بۆ چەمکی تیرۆر ترۆریزم لەنێوان هەردوو زمانی فەڕەنسی و عەرەبیدا بکەین کەلەزمانی فەڕەنسیدا هەریەک لەوچەمکانە خەسڵەتێکی دیارو جیاوازی هەیە و لەدوو قۆناغی میژووییدا سەریان هەڵداوە ، بەڵام لەزمانی عەرەبیدا دەبینین چەمکی تیرۆر بەمانای (ذعر-رعب-رهبة)دێت هەروەک چۆن بەرامبەر(ارهاب) یش دێت ، چەمکی تیرۆریزمیش هەمان مانای لێدەکەوێتەوە .بۆیە دەکرێت بڵێن کەچەمکی تیرۆریزم (ارهاب) لەزمانی عەرەبیدا گشتاندنیی (رهبة) یەو روانگەیەکی گشتگیرترە.
لەڕووی ناوەرۆکەوە دەکرێ جیاوازی لەنیوان هەردوو چەمکی تیرۆرو تیرۆریزم بەدی بکرێت ، لەگەڵ ئەوەی کەهەردوو چەمکەکە مانایەکی سایکولوجی لەخۆدەگرن بەڵام گەرلەرووی سیاسی یەوە سەیری بکەین دەبینین چەمکی تیرۆر بەلەبەرچاوگرتنی ئەو قۆناغە مێژووییەی کەییایدا سەری هەڵداوە ئالیەتێک بووە بەدەست دەسەڵاتەوە و لەپێناو چەسپاندنی پرینسیپەکانی بەکارهاتووە ، دواتریش بووەتە رەگەزێکی پێکهێنەری سیستمی سیاسی ، لەکاتێکدا کەچەمکی تیرۆریزم بەوپرۆسەیە ووتراوە کەلەدژی دەسەڵاتی سیاسی ئەنجام ئەدرێ کەئەمەش بەڕوونی لەفەرهەنگەکانی(Furetiere) و(Richelet )ی فەڕەنسیدا دەردەکەوێت.
ئەم جیاوازییە لەگەڵ سەرهەڵدانی چەند ڕەوتێکی نوێ بەشێوەیەکی زەقتردەرکەوت و هەریەکەیان مانایەکی دیاری لەخۆگرت ،لەوانەش بزوتنەوەی ئانارشزم(الفوضوية) کە کاریگەرییەی کەلەسەرچمکی تیرۆر بەستنەوەی بەمانایەکی نوێ وە هەیبووە لەترۆپکی بۆچوونیان لەمەڕ سیستەمی سیاسی یەوە سەرچاوەی گرتبوو کەهەموو جۆرە شێوازێکی دەسەڵاتیان رەت دەکردەوە، لێرەوە ئانارشزماکان پێیان وا بوو کەدەوڵەت ئەو (ش)ە یەکە پێویستە ریشەکێش بکرێت و شۆڕشێک لەدژی دەسەڵات و سیستەمەکان بەرپا بکرێت و سیستمێک لەسەر بناغەی هاریکاری و دادگەرێتی بێنێتە کایەوە .
لەم سۆنگەیەوە دەکرێت مانایەکی ترلەو جۆرە بۆچونەی کەئانارشیزمەکان بۆ چەمکی تیرۆر بەدی بکرێت کەپێچەوانەی مانای پێشووە . لەبارو دۆخی شۆڕشی فەڕەنسا بینیمان کەدەسەڵاتی سیاسی لەقۆناغی مێژووی تایبەتدا تیرۆری کردبووە میکانیزمێکی گونجاوبۆ پاریزگاریکردن لەبارودۆخەکە وپاشانیش چەسپاندنی پرنسیپەکانی و لەسەرئەنجامیشدا بەخشینی فۆڕمێکی یاسایی پێی ، بەڵام ئانارشیزم بکەر وئاراستەی پرۆسەکەیان پێچەوانە کردەوە بەجۆرێک کەتیرۆر ئالیەتێک بوو لەدژی دەسەڵات وحوکمەتەکان . بەواتایەکی روونتر لێکەوتەی ئەو گۆرانکارییەی کەهاتەکایەوە ئاشنایەتی بەجۆرێکی تر لەتیرۆر بوو ئەویش تیرۆریزمی  چینە لاوازەکان یاخود ئەوانەی لەدەسەڵاتدا نەبوون دژبە دەسەڵاتدارو سیستەمی سیاسی کەهەندێک بەتیرۆریزم لەخوارەوە Terrorisme Form below 
هەندێکی تر بەتیرۆریزمی سپی White  terrorisme  ناوی دەبەن، لەبەرامبەریشدا تیرۆری دەسەڵاتداران لەپێناو چەسپاندن و فۆرمەڵەکردنی حوکمی فەرمانڕەوایەتی خۆیان کەهەندێک بەتیرۆریزم لەسەرەوەTerroisme for above و هەندێکی تر بەتیرۆریزمی سوور Red terrorisme ناوی دەبەن.
لێرەدا دەکرێت بڵێین کە ئەو مانایەی کەشۆڕشی فەڕەنسی و بزوتنەوەی ئاناشیزم بەچەمکی تیرۆر و تیرۆیزمیان بەخشی تاکۆتایی سەدەی نۆزدەهەم بریتی بوو لەبەخشین و دیاریکردنی چوارچێوەو پێگە گشتی یەکانی ئەو چەمکە، واتە ڕادەیەک تێگەیشتنێکی چەسپاویان خستەڕوو کە دەکرێ رەگەزە سەرەکی و تێگەیشتنە بابەتی و مانا سیاسی و کۆمەڵایەتیی یەکان دەربخا، لەوەبەدواوە خوێندنەوە و هەڵوێستی ئایدۆلۆجیانەی دوای ئەو ماوەیە سەریان هەڵدا لەوسەرەنجامانەی کەئەزموونی شۆڕشی فەڕەنسی و بزوتنەوەی ئانارشیزم لەمەڕ تیرۆریزم بونیادی نا سەرچاوە دەگرێت. بزوتنەوەی بەلشەفی روسی لەدیارترین ئەو بزوتنەوانەش بوو کەکاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر پەیڕەوکردنی تیرۆر لەسەر هەردوو ئاستی چینی بێ دەسەڵات و دەسەڵاتدارەکاندا کرد. لەگەڵ ئەوەی کەبزوتنەوەی ئانارشیزم باوەڕی تەواوی بەپرنسیپە سوسیالیستیەکان و دیاریکردنی کەموکورتیە کۆمەڵایەتیی یەکان هەیە بەڵام ئەو خاڵە دیارەی کە لەگەڵ بزوتنەوەی بەلشەفی جیایی دەکردەوە، تەرکیزکردنیان بوو لەسەر تیرۆریزم لەئاستی تاکەکان نەک لەئاستی دامەزراوەکان، ئەو پرۆسەیەیان ڕووبەڕووی سەرمایەدارەکان دەکردەوە نەک دژی سەرمایەداری وەک ئایدولوجیەتێک، بەپێچەوانەی بۆچوونی(لینین)کە پێی وابوو کارکردن بەو شێوەیە هیچ خزمەتێک بەئامانجە باڵاکەیان ناکات ئەمجۆرە تێگەیشتنەش تەواو پێچەوانە بووە لای لینین کە پێی وابوو دەبێتە مایەی زیاد دواکەوتنی رێکخستنی جەماوەر بەشێوەیەکی شۆڕشگێڕانە.
ئەوەی دەکرێ لەگوتەکانی لینین لەسەرەتای خۆئامادەکردن بۆ شۆڕش هەڵبهێنجرێت کەنەک تەنها باوەڕی بەتیرۆرە بەڵکو وەک تاکە ئالیەتێک بانگەشەی بۆ دەکات و بەجۆرێک لەجۆرەکانی جەنگ لەقەڵەمی داوەکەناکرێ پشتگوێ بخرێت و بەروویەکی تریشدا وەک بەجەنگیی پارتیزانی باسی دەکات.

پێناس و خەسڵەتاکانی تیرۆر:
لەدەستپێکی پێناسی هەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی کۆمەڵێک کێشەوگرفت سەرهەڵدەدەن کەدەبێتە مایەی یەکنەگرتنەوەی بۆچوونەکان لەمەڕ پێناسەیەکی یەکگرتوو گشتگیر کەهەموو لایەنەکانی ئەو دیاردەیە لەخۆبگرێ. دیارە ئەم دیاردەیەش چەندین فاکتەری خۆی هەیە کەوا دەکات هەر ناوەندێک پێوانەی خۆی هەبێت و لەوێوە دیاردەکان جیاواز لەوی تر ببینێت، بەرچاوترین ئەو فاکتەرانەش چڕی و هەمەلایەنەی دیاردە کۆمەڵایەتیەکان و بەیەکداچوونی هۆکارە سایکۆلۆجی و رۆشنبیری و سیاسی و... هتد..ەکانە.
لەم سەروبەندەوە دیاردەی تیرۆر یەکێکە لەو دیاردانەی کە ئێستا پێناسەیەکی گشتگیری بۆ دانەنراوە بەگوتەی لێکۆڵیارێکی ئەمەریکی( ئەرنوڵد)وەسفکردنی ئاسانترە لەپێناسەکردنی کەئەمەش بەپلەی یەکەم پەیوەندی بەسروشتی دیاردەکەوە هەیە کە تاڕادەیەکی زۆر هەمەلایەن و گۆڕاوە بەجۆرێک ئەوەی ناوەندێک بەتیرۆری لەقەڵەم دەدا لایەنێکی تر بەپرۆسەیەکی رەوا و میکانیزمێکی شیاو بۆ گەیشتن بەئامانجەکان ئاماژەی بۆ دەکات، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کەپێوانەیەکی گشتگیر نی یە کە هەموو لایەنەکان لەسەری کۆک بن و ئەو تێکەڵاوییەی کە لەتێگەیشتن و چەمکی تیرۆر لەگەڵ چەندین چەمکی تر کە تاڕادەیەک سیمایەکی تووندوتیژانەیان هەیە پێ جیابکرێتەوە.
لەم پێودانگەدا دەبینین زیادلە(١١٠)پێناسی جۆراوجۆری سیاسی و کۆمەڵایەتی و یاسایی... بۆ تیرۆریزم کراوە، لێرەدا ئاماژە بەهەندێکیان  دەکەین.
لەفەرهەنگی سیاسیدا هاتووە کەتیرۆر(مانای بەکارهێنانی یان هەڕەشەکردن بە بەکارهێنانی تووندوتیژییەکی نایاسایی لەڕێگەی شێوەکانی وەک کوشتن(اغتیال) و ئازاردان و کاری تێکدەرانە لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجێکی سیاسی وەک لەناوبردنی گیانی بەرگری و روخانی وورەی دەزگاو دامەزراوەکان، یاخود وەک ئامرازێکی بەدەستهێنانی زانیاری و بەکارهێنانی زۆرلێکردن بۆ ملکەچ پێکردنی بەرامبەر بۆ ئیرادەی لایەنی ئەنجامدەر). ئەم پێناسەیەی فەرهەنگی سیاسی ئاماژەیە بۆ ئەو پرۆسەیەی کە بەتیرۆریزمی سوور یاخود تیرۆریزم لەسەرەوە ناودەبرێ، بەکارهێنانی تووندوتیژی نایاسایی یاخود هەڕەشەپێکردن ئەو بانگەشەیەیە کەدەسەڵاتی سیاسی هەوڵی بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ ی تۆقاندنی پێدەدات لەکۆمەڵگادا تالەوێوە بەرامبەر ملکەچ بکات و رێگربێت لەهەر ئاشنایەتی یەک لەگەڵ جموجۆڵ و پێشکەوتنەکانی سەردەم، سەرەنجامیش رەخساندن و چەسپاندنی پرنسیپ و خەسڵەتەکانی دەسەڵاتی سیاسی لێکەوتەی ئەو بارودۆخە خوڵقاوە دەبێت. لەفەرهەنگی سیاسی نوێشدا هاتووە کە ووشەی(تیرۆریست وەسفێکە بۆ کۆمەڵێکی سیاسی کە پەنا بۆ تووندوتیژی دەبات وەک میکانیزمێک بۆ فشار خستنەسەر حکومەتەکان لەپێناو ئەنجامدانی کاری گۆڕانکاری ریشەیی کۆمەڵایەتی).
بەپێی ئەم پێناسەیە ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی لەزۆربەی حاڵەتەکاندا ئامانجێکی کۆمەڵایەتی لەپشتەوەیە بەپێی ئەو بەرنامەیەی کەبکەرانی پرۆسەی بانگەشەی بۆ دەکەن و ئاراستەی دەسەڵاتی سیاسی دەکەن، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە تیرۆریزمی سپی یاخود تیرۆریزم لەخوارەوە دەکرێ ئامانجی ئەنجامدانی ریفۆرمی کۆمەڵایەتی لەخۆبگرێت.
هەروەها لەفەرهەنگی زانستە کۆمەڵایەتیەکاندا هاتووە کەتیرۆریزم ئاماژەیە بۆ جۆرێکی تایبەت لەتاکڕەوی نایاسایی بەبێ گوێدانە ئارامی و ئاسایش لێدانەکانی بەئاراستەی ئامانجەکانی رێچکە دەشکێنێ کەخۆی لەخوڵقاندنی بارودۆخێکی تایبەت لەترس و نەهێشتنی گیانی بەرگری دەبینێتەوە.
جگە لەم پێناسە فەرهەنگیانە بۆ تیرۆر هەوڵی زانا یاسایی یەکان و کەسایەتیەکان بەردەوام بووە بۆ دانانی چوارچێوەیەکی گشتی و دیاریکردنی لایەنەکان بەڵام لەسەرەنجامدا بریتی بووە لەتەنها بۆچوونێک و لەسەروبەندی ئایدولوجی یەتێکەوە هەوڵیداوە ناوەرۆک و چوارچێوەگشتی یەکەی تیرۆریزم دیاری بکات هەر بۆیە تووشی گازەندەیی ئەزموونی بوونەتەوە، بەجۆرێک جێبەچێکردنی لەسەر هەر ئەزمونێکی دیار چەندین لایەنی دیار دەمێنێتەوە کە ئەو پێناسەیە نەیگرتونەتە خۆ.
هەندێک لەزانایان لەو باوەڕەدا بوون کەتیرۆر دیاردەیەکی لەڕادەبەدەر ترسناکە، لەبەر ئەوە داڕشتنی هەر پێناسەکی پێشوەخت بۆی پرۆسەیەکی پراکتیکانە نی یەو لەسەرەنجامدا چەندایەتی بۆچوونی لێدەکەوێتەوە، ئەم بۆچوونەش لەدوای ئەو هەوڵانە دێت کەگیرانەبەر لەپێناو داڕشتنی پێناسەیەکی گشتگیر، لەبەرامبەر ئەم بۆچوونەشدا  هەندێک پێیان وایە کەکۆک بوون لەسەرپێناسەیەک کارێکی حەتمیەو بەبێ ئەوە ناکرێ لەهۆکارو چارەسەرەکان بکۆڵرێتەوە. ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە لێرەدا دیاریکردنی خەسڵەتەکانی دیاردەی تیرۆرە کە دەکرێ لەو پێناسانەی کە خراونەتە روو دیاریبکرێن .
د.سەلاحەدیین عامر دەڵێ( تیرۆریزم بریتی یە لەبەکارهێنانی تووندوتیژی لەلایەن رێکخراوێکی سیاسییەوە لەڕێگەی تەرکیزکردنە سەر هاووڵاتیان و خوڵقاندنی بارودۆخێکی نائاسایی لەپێناو گەیشتن بە ئامانجێکی سیاسی).
دەکرێت بڵێین کەلایەنی سەرەکی ئەنجامدەری تیرۆر بەپێی ئەم پێناسەیە تەرکیزکردنە لەسەر رێکخراوێکی سیاسی بەپلەی یەکەم بەم پێییەش لایەنی ئەنجامدەری تر وەک تاکەکان و دەوڵەت... هتد نەگرتۆتە خۆ، لەپێناو گەیشتنیش بەو ئامانجە سنوری یاسایی و رەوایەتیی تێدەپەڕێنێ و پەنا دەباتەبەر بەکارهێنانی توندووتیژی کەراستەوخۆ کار لەدەروونی بەرامبەر دەکات و دەیانخاتە بارودۆخێکی نائاسایی یەوە، هەموو ئەمانە دەکرێنە خەسڵەتێکی دیاری تیرۆریزم. مەحمود شەریف بەسیونی سەبارەت بەپێناسەی تیرۆر دەڵێ:
(ستیراتیجی یەتی هاندانی تووندوتیژییەکە لەلایەن تاکەکانەوە ئەنجام ئەدرێ بۆ گەیشتن بەدەسەڵات). ئەم پێناسەیە بکەری پرۆسەکە لەتاکەکاندا سنووربەند دەکات و ئەو ئامانجەش کە هەوڵی بۆ دەدات راستەوخۆ لەدژی سیستمی سیاسیەکەو دەسەڵاتی ئانی یە کە گەیشتنە بەدەسەڵات کە ئەمەش تاڕادەیەک دوورە لەو بۆچوونە گشتگیریەی کەلێکۆڵەرەوان لەمەڕ ئامانجی تیرۆر لەسەری کۆکن.
بەبۆچوونی ئەلوازی Aloisiتیرۆریزم (هەر پرۆسەیەکە کەئامانجی هەڵتەکاندنی بنەمای ئابووری و یاسایی دەوڵەت بێت. هەروەها جۆرج لافاسبییر دەڵێ تیرۆریزم (بریتی یە لەبەکارهێنانی بەئەنقەستانەی چەند ئامرازێک بۆ ووروژاندنی دڵەڕاوکێ و تۆقان لەپێناوی بەدیهێنانی چەند ئامانجێک).
سۆرنتۆ Thoronton ئاماژە بەتیرۆریزم دەکات وەک پرۆسەیەکی سیمبولی کەئامانجی فشار خستنە سەر سلوکی سیاسییە لەڕێگەی میکانیزمی نەشیاوەوە، کەئەمەش هەمان ئەو تێگەیشتنەیە کە ئەرک موریسErik morris ئاماژەی بۆ دەکات کەبریتیە لە بەکارهێنان یاخود هەرەشە بە بەکارهێنانی تووندوتیژییەکی نائاسایی بۆ بەدیهێنانی ئامانجێکی سیاسی، هەروەها جەخت لەسەر ئەوە دەکات کە ئەو پرۆسەیە زیاتر سیمبولییە واتە کاریگەرییەکی لەسەر دەروون زیاترە لەکاریگەریی ماددی. بەواتایەکی تر ئەو تووندوتیژییەی کەشڵەژانێکی سیاسی لێدەکەوێتەوە لەئاستێکی نزمتر لەتووندوتیژی رەها دەبینرێ کەڕەنگە ئامرازی بەکارهێنانی بەهێزتر
لەخۆبگرێ بەئامانجی گۆڕانێکی ماددی و بەو سروشتە سیمبولییەی جیادەکرێتەوە کەتەنها پرۆسە تیرۆریەکەی پێ کاراتر دەکات، لەمەدا مەبەستە بڵێم کەتووندوتیژی ناکاتە تیرۆریزم بەڵکو هەریەکەیان کۆمەڵێ خەسڵەتی تایبەتی هەیە و لەوی تر جیای دەکاتەوە.  جگە لەو خەسڵەتانەی کەلەپێناسەکانەوە بەدیار دەکەون دەکرێت ئاماژە بەکۆمەڵێکی تر لەخەسڵەتی گشتی تیرۆریزم بکرێت، لەگەڵ ئەوەی کەسەرجەم ئەو پێناسەی کە خراونەتە ڕوو تاڕادەیەک لێکچوون و ئاماژەی هاوبەشی تێدا بەردیدەکرێت، بەڵام لەسەرەنجامدا هیچیان کۆدەنگییەکیان دروسنەکردووە و هەریەکەیان لەسەروبەندێکی ئایدولوژی، سیاسی، یاسای،ئابووری تایبەتەوە هەوڵی پێکانی ئامانجی داوە.
تیرۆر دیاردەیەک نییە کەلایەن و زۆرکات ئامانجەکەی روون و دیاربێت، رێدەکەوێت ئامانجی تیرۆر لەسەرەنجامدا تەنها تێکدانی بارودۆخ و هێنانەدی بەرژەوەندییەکی تەسکی تاکەکانەو پاشانیش لایەنێک یاخود رێکخراوێکی سیاسی لێی سوودمەند دەبێت.
لەمەوە دەکرێت بڵێین لەخەسڵەتێکی دیاری تیرۆر بوونی ناکۆکییەکی نهێنی و شاراوەو پەردەپۆشە لەنێوان دوولایەن وەیان زیاتر بەبێ ئەوەی کە ئەو لایەنە ناکۆکانە لەڕووبەڕووبوونەوەیەکی راستەوخۆدا بەیەک بگەن بگرە کارە تیرۆریستیەکان خۆیان دەبنە سەرەتای هەڵوێست وەرگرتن لەمەڕ بڕیارێک یاخود کارێک لەدژی لایەنی بەرامبەر کە هیچ ئامادەیی یەکی بۆ رووبەڕووبوونەوە تێدا نیە، گەر ئامادەیی یەکی پێشوەختیش هەبێت ئەوا لەبەر کتوپڕو تووندی کارە تیرۆریستیەکان پەشێویی و شڵەژان دەکەوێتە سەرجەم ریزەکان کە زۆرکات بەئەستەم دەتوانرێ بارودۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە، پێدەچێت کە ئەو نهێنی و پەردەپۆشییەی ئامانج و لایەناکان باڵ بەسەردوای نانەوەی گرژی و ئاڵۆزیەکانیشدا بکێشێ. پێویستە لەدیاریکردنی خەسڵەتەکاندا ئاماژە بۆ سەرچاوەی بەدەستهێنانی هێزی تیرۆریزم بکرێت. لایەن و رێکخراوە

تیرۆریستیەکان:
لەئەنجامدانی پرۆسەکانیاندا خۆیان بەهیچ رێساو یاسایەکی دیار نابەستنەوە، واتە هیچ سیفەتێکی رەوایەتی لەیاسا نیشتمانی و  نێودەوڵەتیەکانەوە وەرناگرن، پێچەوانەی ئەمە لەزۆربەی حاڵەتەکاندا لەبەرچوارچێوە و فۆڕمی تیرۆریزم دەردەچێ خەسڵەتی دیاردەیەکی تر لە لەخۆدەگرێ، بەڵکو ئەو ئامانج و خزمەتکردنە بەو پرەنسیپانەی کە بەترۆپکی باوەڕیان دەناسرێ و لەپشت ئەنجامدانی پرۆسەکەوەیە دەبێتە یاساو دەستووری یەکەم و کۆتایی.
ئەو ئامانجانەی کەتیرۆریزم هەوڵیان بۆ ئەدا لەروویەکی ترەوە پڕوپاگەندەیە بۆ مەسەلەیەک کەبەهۆیانەوە رای گشتی بووروژێنێ و پشتگیرییەکی جیهانی بۆ دەستەبەر بکات، کەبەهۆی بارودۆخی سیاسەتی نێودەوڵەتی یەوە تارادەیەک پشتگوێ خراوەو بەچارەسەر نەکراوی ماوەتەوە.
ئالەم کاتەدا ئەو گروپەی کەخۆی بەخاوەن دۆزەکە دەزانێ پەنابردنەبەر کاری تیرۆیستی بە پرۆسەیەکی رەوای خۆی دەزانێ تا بەهۆیەوە سەرلەنوێ رای گشتی جیهانی بەلای دۆزەکەیدا بووروژێنێ.
لەمەوە دەکرێت دووخاڵ بخەینەڕوو، یەکەمیان ئەو شێوازە بەهایەی کەتیرۆریزم هەیەتی کەوای کردووە هەندێک بەخەباتی رەوا لەپێناو گەیشتن بەمافەکانی و هەندێکی تریش بەپرۆسەیەکی تووندوتیژی رەهای دابنێن، دووەمیان ئەو رەهەندە جیهانییەی کەتیرۆریزم هەیەتی، رەنگە لەزۆربەی حاڵەتەکاندا زەنگێک بێت بۆ گشت دەوڵەتانی جیهان بۆ وەئاگاهاتنەوەیان لەمەڕ کێشەو دۆزەیەکی چارەسەرنەکراو، هەر بۆیە مەرج نییە کەهەڵوێست و لێدانەکانی لایەنی تیرۆریست بەتەنها سنووری ئەو هەرێمەبێت کەتاڕادەیەک پێوەی بەندە بەڵکو رەنگە ئاراستەی هەموو ئەو لایەنانە بکرێت کەبە دوژمن و رێگری یەکەمی بەدیهێنانی ئامانج و بەرژەوەندییەکانی دادەنرێت لەهەر کوێیەک بێت.  ئەو خەسڵەتەی کەزیاتر تیرۆری پێ دەناسرێ جیاوازی نەکردنیەتی لەنێوان چەکدارو مەدەنی یاخود ئامانجی سەربازی و مەدەنی لەداڕشتنی بەرنامەیدا هەموو ناوەندو دەزگاو دامەزراوە... هتد بەیەک پێوانە دەبینێ و جیاوازی ناکات لەنێوان حاڵەتەکاندا، چونکە ئامانجی لەسەرەنجامدا چاندنی تۆوی ترس و دڵەراوکێیە لەدڵی بەرامبەرداو کەمتر لایەنی ستراتیجی لەکارەکانیدا بەدی دەکرێت، باشترین ناوەند بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکانی ناوچە مەدەنی وقەرەباڵغ و ناوەندە کۆمەڵایەتیەکانە هەرچەندە مەبەستی سەرەکیشی زۆرلێکردن لەدەسەڵات و سیستمی سیاسی بێت لەپێناو  دەرکردن یاخود پاشگەزبوونەوە لەبڕیارێک یاخود گۆڕانێک لەشێوازی کاری حکومەت.
لەمەوە دەڵێین لەگەڵ ئەوەی کە تیرۆریزم لەزۆربەی حاڵەتەکانیدا شێوازێکی سیاسیانە لە خۆدەگرێ بەڵام ناکرێ بڵێین کەتاوانە سیاسییەکان بریتین لە تیرۆریزم، بگرە هەریەکەیان لەبانگەوازی ئاشکرایی و لایەن خەسڵەتدا جیاوازن و لەزۆربەی یاساکاندا جیاوازی لەپرنسیپی سزادانیاندا  هەیە جگە لەوەی کە بەهیچ جۆرێک لەئامانجەکانیاندا یەکناگرنەوە. لەکۆتای ئەم خستنەڕووە دەکرێ بەکورتی ئاماژە بەخەسڵەتە گرنگ و دیارەکانی دیاردەی تیرۆریزم بکەین کەدەکرێ پێناسێکی گشتگیری لێبکەوێتەوە:
_بەکارهێنان یاخود هەڕەشە بە بەکارهێنانی تووندوتیژی دوور لەبازنەی رەوایەتی، بەهۆیەوە گیان و ماڵ دەکەوێتە مەترسییەوە.
-بڵاوکردنەوەی ترس و کاریگەر خستنەسەر دەروونی خەڵکی.
-ئاراستەی تاکەکان یاخود دامەزراوەکان وەیاخود بەرژەوەندییەکی تایبەتی دەوڵەت دەکرێ.
-تاکێک یاخود گروپێکی سیاسی پاڵپشت بەدەوڵەتێک یاخود خودی دەوڵەتەکە ئەنجامدەری دەبێت.
-زۆربەی حاڵەت ئامانجی سیاسی هەیەو هەندێک جار سنووری ئەو ئامانجە دەبەزێنێ و جیاوازی ناکات لەنێوان چەکدار و مەدەنی و لەوێوە رەهەندێکی جیهانی بەپرۆسەکە دەدات .

ئەم بابەتە لە ژمارە 1ی گۆڤاری بیروهۆشیاری ساڵی 2002 بڵاوبووەتەوە، بیروهۆشیاری، گۆڤارێکی فیکری وتیۆریی ی وەرزیە

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved