ناڕەزاییەکانی پاریس تەنها تووڕەیی نییە، پرسیارێکی بنەڕەتییە لەسەر ئەوەی کێ بڕیار دەدات و کێ باجەکەی دەدات و دادپەروەری ئابووری لە چ دۆخێكدایە؟. 
لە تشرینی یەكەم 2018، جووڵانەوەی هێلەک زەردەكان لە دژی زیادکردنی باجی سووتەمەنی و بەهای ژیان سەریهەڵدا. دواتر داواکارییەکە فراوان بوو: مووچەی باشتر، باجی دادپەروەرانە، خزمەتگوزاری گشتی و گوێگرتن لە دەنگی ناوچەکانی دەرەوەی ناوەند. لێرەوە پاریس بووە شانۆیەکی دیار و ئاڵاهەڵگری ناڕەزایی. 
باجی کاربۆن دەتوانێت هۆکاری کەمکردنەوەی گازی گۆڕانی کەشوهەوا بێت، بەڵام کاریگەریی کۆمەڵایەتیی یەکسان و دادپەروەریی نییە. خێزانێکی دەوڵەمەند دەتوانێت ئۆتۆمبێلی کەم‌ سووتەمەنی بکڕێت یان لە گواستنەوەی گشتی سوود وەربگرێت، لەکاتێکدا کرێکارێکی ناوچەی دەرەوەی شار ناچارە بە ئۆتۆمبێل بگاتە کار. 
باج باری نایەکسان لەسەر شانیان دادەنێت. تەنانەت حكومەت ئاماژەی بەوە کرد کە خەڵکی دەرەوەی ناوەند پێویستییان بە ئۆتۆمبێل زیاترە و هەست بەوە دەکەن کە لە داهاتی گەشەی وڵاتدا بەشدار نین، لەبەرئەوە، سیاسەتی ژینگەیی بێ پشتگیریی کۆمەڵایەتی دەکرێت وەک سزایەک بۆ کرێکاران بخوێندرێتەوە.
هێلەک زەردەکان، بە پێچەوانەی وێنەی سادەی دژی باج، زۆرجار داواکارییەکانیان خوازیاری باجی پێشکەوتوو، پاراستنی مووچە و خزمەتگوزاریی گشتی بوون. 
لە مانگی کانوونی یەکەمی 2018، حکومەت زیادکردنی باجی سووتەمەنیی هەڵوەشاندەوە و ماکرۆن لە دوای چەند هەفتەی ناڕەزایی، رێکاری مووچە و باجی راگەیاند، بەڵام باجی سەرمایەدارانی نەگەڕاندەوە. 
 ئەم سنوورە گرنگە: دەستکەوتی شەقام بوو، بەڵام رێکخستنی بنەڕەتیی دابەشکردنی سامان و ژێرخانەكەی نەگۆڕا.  
لەگەڵ ئەوەشدا، جووڵانەوەکە بە پەرچەكردار و دژە و دیموکراتیخواز دەناسێنێت، بەڵام بە گشتی دژە کەپیتالیزم نەبوو، ناڕەزایی ئاڕاستەی سیاسەت و دامەزراوە حکومییەکان بوو، نەک راستەوخۆ دژ بە خاوەن ‌سامان و کۆمپانیاکان. 
هەندێک خاوەنکار و پیشەی سەربەخۆش لە ناویدا بوون، بۆیە پێویستە جیاوازی بکرێت لە نێوان رەخنە لە نایەکسانیی کەپیتالیستی، دژایەتی رژیمی ئابووریی ئێستا و داوای لابردنی خاوەندارێتی تایبەت.
پێشکەوتنی ئابووری، دیموکراسی و رەخنەی شەقام
شەقامەکانی پاریس، بەهۆی پلانی گۆڕینی خانەنشینییەوە بوونە ناوەندی ململانێ. پلانی حکومەت تەمەنی خانەنشینی لە 62 بۆ 64 ساڵ بەرز کردەوە و بۆ پڕکردنەوەی ماوەی دڵنیایی، ساڵانی کارکردنی زیاتری پێویست دەکرد. رۆژی 7ی مارسی 2023، وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاند نزیکەی 1.28 ملیۆن کەس لە سەرانسەری وڵاتدا بەشداریی خۆپیشاندانەکان بوون، سەندیکاکانیش ژمارەیەکی بەرزتریان باس دەکرد. 
ئەو جیاوازییە پێمان دەڵێت ژمارەی بەشداربووان لە سیاسەتدا تەنها پێوانە نییە، شێوازی ژماردن و سەرچاوەی ئاماریش گرنگن. حکومەت پاساوی ئەوەی دەهێنایەوە کە گۆڕانکارییەکە سیستمی خانەنشینی دەپارێزێت، بەڵام سەندیکاکان و خۆپیشاندەران دەیانگوت بارەکە دەکەوێتە سەر کارمەندانی دەستی و ئەوانەی تەندروستی و ژیانیان یارمەتی کارکردنی درێژتر نادات. 
ئەم ناکۆکییە لە ئاستی دارایی و ئەخلاقییە: کێ دەبێت مەترسیی پیری و نەبوونی پارەی خانەنشینی هەڵبگرێت؟ کاتێک حکومەت یاساکەی لە پەرلەماندا بەبێ دەنگدانێکی ئاسایی تێپەڕاند، دڵنیایی خەڵک بە دامەزراوە نوێنەرایەتییەکان لەرزین.
23ی مارس، وەزارەتی ناوخۆ ژمارەی بەشداربووانی سەرانسەری وڵاتی بە 1.089ملیۆن خەمڵاند و ژمارەی پاریسیشی بە 119هەزار راگەیاند، ناڕەزاییەکان زۆربەیان ئاشتییانە بوون.
ناڕەزایی بە ژمارەی خۆپیشاندەران یان توندوتیژیی تاکێک ناپێورێت. پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە: ئایا دەسەڵاتی سیاسی، خەڵک وەک هاوبەش بۆ بریاردان دەبینێت؟ یان تەنها وەک دابینکەری باج و هێزی کار؟ رێکخستنی خۆڕسک و بێ سەرکردایەتیی هێلەک زەرد، بەشداریی گشتی و هەستی هاوبەشی بەهێز کرد، بەڵام بێ ‌رێکخراویی دەتوانێت رێگە لە دروستبوونی بەرنامەی درێژخایەن و نوێنەرایەتیی بەرپرسیار بگرێت. توێژینەوەی کۆمەڵناسی نیشان دەدات هەندێک بەشداربووی یەکەمجار فێری قسەکردن لە سیاسەت بوون و پێیان وابوو خەڵک لە بەرامبەر دەسەڵاتداراندا دەنگیان نییە، ئەمە لە هەمان کاتدا هێزی دیموکراتیک و سنووری نوێنەرایەتییە. 
میتۆدی رەخنەیی داوامان لێدەکات نە شەقام پیرۆز بکەین، نە هەموو خۆپیشاندەرێک توندڕەو بخوێنینەوە، پێویستە دەنگی کرێکار، ژمارەی بەشداربووان، بڕیاری حکومەت، بەڵگەی هەژاری و نایەکسانی و زیانی توندوتیژی جیاواز بپشکنین. 
دەبێت ئەو پرسیارە بکرێت کە سیاسەتی کەمکردنەوەی کاربۆن چۆن دادپەروەرانە دەکرێت: بە گواستنەوەی گشتیی باشتر، یارمەتیی دارایی بۆ خێزانی کەم ‌داهات و داوای بەشداریی گەورەتر لە کۆمپانیا و سەرمایەداران. بێ ئەم هاوسەنگییە، (سەوزبوون) لەوانەیە وەک باری زیاتر بەسەر هەمان گروپدا بسەپێندرێت.
خۆپیشاندانەکانی پاریس لە هێلەکی زەردەوە تا شەڕی خانەنشینان، هەموویان پەیامی یەکسانیان نییە، بەڵام پرسیارێکی هاوبەشیان روون کردووەتەوە: کێ مافی دیاریکردنی نرخی پێشکەوتنی کۆمەڵگەی هەیە؟ ئەم پرسیارە دژە کەپیتالیزمی رادیکاڵ بە تەنها ناگرێتەوە، بەڵکو کێشەی دەسەڵات، کەرامەت و دادپەروەرییە. کاتێک بڕیارە ئابوورییەکان بێ گفتوگۆ لەسەر خەڵک جێبەجێ دەکرێن، شەقام دەبێتە دەزگایەکی گوشاری سیاسی، بەڵام چارەسەری پایەدار تەنها لە خۆپیشانداندا نییە. ئەگەر دەوڵەت و سەندیکا و نوێنەرە هەڵبژێردراوەکان بتوانن بڕیارەکان بە بەڵگەوە روون بکەنەوە، گوێ لە زیانلێکەوتووان بگرن و تێچووەکان بە دادپەروەریی دابەش بکەن، ناڕەزایی دەکرێت ببێتە دەستپێکی گۆڕان، نەک تەنها دووبارەبوونەوەی شەڕ لەسەر شەقام.
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە
د.ژیلوان لەتیف یارئەحمەد
عیراقی پاش هەڵبژاردن

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved