(الفكر السياسي لجلال الطالباني) ناونیشانێكە لە لایەن تویژەر «عمار عباس محمود»ەوە ساڵی  2013 لە زانكۆی «وڵاتانی عەرەبی لە قاهیرە» بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر لە زانستە سیاسییەکاندا بە سەرپەرشتی پرۆفیسۆر «ماجدة علي صالح» پێشكەشكراوە، ماستەرنامەكە  لە نۆ بەشی سەرەكی پێکهاتووە و بە شێوەیەکی زانستی و ورد،  باسی لۆژیكی فکریی و كارنامەی سیاسیی جەلال تاڵەبانی دەکات، لەوانە: (نەتەوەیی و ناسیۆنالیزم، سۆشیالیزم و دیدگای دیموکراتی، لیبرالیزم و پڕۆسەی دیموکراسی، تێڕوانینی لە بارەی یەکێتیی خاكی عیراق و چۆنییەتی تێگەیشتن لە كێشەی كورد و رێگەچارەكانی). بەرمەبنای ناوەڕۆكە زانستییەكانی توێژینەوەكە، لۆژیكە فیكریی و سیاسییەکانی تاڵەبانی لەسەر سێ بنەمای سەرەکی دامەزراون، کە پێکەوە چوارچێوەیەکی یەکگرتووی فکریی پێكدێنن، ئەوانیش: (نەتەوەیی، سۆسیال - دیموكراتیی و  رێچكەی دیموکراسی هاوچەرخە)، كە بە بڕوای توێژەر، ئەم لۆژیكە فکرییە لە مێژووی تێکۆشانی نەتەوەیی کورددا، رووکارێکی نوێیان نیشانداوە و رێگەیەکی هاوچەرخیان بۆ خەباتی کورد دەستنیشان کردووە. هەربۆیە پێیوایە، تاڵەبانی وەك کەسایەتییەکی سیاسیی، ئاوێتەی فکری چەند رەوتێك بووە، کە پێکەوە شێوەی بیرکردنەوەی سیاسی و رێبازی خەبات و نۆرمێكی نوێی بەرخۆدانیان رسكاندووە
بیروباوەڕی نەتەوەیی 
لە ناوەڕۆكی ماستەرنامەكەدا هاتووە، یەکەم لۆژیكی فکریی تاڵەبانی پەیوەستە بە نەتەوایەتی و ناسیۆنالیزم، بەوپێیەی تاڵەبانی بیروباوەڕی نەتەوەیی وەك هەستێکی سروشتی دەناسێت، کە لە مێژووی هاوبەشی گەلان و بەشدارییکردنیان لە رێڕەوی ژیانێكی ئازاد و بە دەستهێنانی ئاواتەکانیانەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەم هەستە ناسیۆنالییە بەپێی بینینی تاڵەبانی، رێگری لە پێکهاتنی جیهانێکی هاوبەش و پێكەوەیی نییە، بەڵکو دەبێتە هۆی بەهێزبوونی پەیوەندیی نێوان نەتەوەکان لەسەر بنەمای رێز و هاوکاریی هەمیشەیی، بەم شێوەیە، نەتەوایەتی کورد لەلای تاڵەبانی، مافێکی سروشتییە، کە پێویستە لە چوارچێوەی ئامانج و ئاوات و دەسکەوتی هاوبەشی مرۆڤایەتییدا جێبەجێبکرێت، نەك لە بۆشاییەكی تەسكی ناوچەییدا.
سۆسیال دیموکراتی
جیا لەوە، دووەم لۆژیكی فکری تاڵەبانی بریتییە لە سۆسیالیزم و دیموكراتی، یان سۆسیال دیموکراتی هاوچەرخ، لەمبارەیەوە تاڵەبانی باوەڕی وابوو، کە ئازادیی نەتەوەیی، بێ بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی، واتای تەواو نییە. لێرەدا تاڵەبانی جەخت لەوە دەکاتەوە، کە تەواوی ئۆرگانەكانی حزبەكەی خۆی دەبێت لەسەر بنەمای یاسای کۆمەڵایەتی و یەكسانیی و رێکخستنی تاك بۆ کۆمەڵ و بەدیهێنانی دادپەروەریی بنیاد بنرێت، نەك بەپێچەوانەوە. ئەم رێبازە واتای ئەوە دەگەیەنێت، کە دەبێت سەرەتا کۆمەڵگەیەك دروست بکرێت، کە تێیدا رۆڵەكانی خاوەنی مافی یەکسان بن لە دامەزراندن و بنیادنانی رێكخراو و كۆڕ و كۆمەڵی خۆیاندا، پاشان ئەم رێکخراوانە بەپێی پێداویستی و مەرام و بەرژەوەندییەکانیان لە یەکتر جیابکرێنەوە.
رێچكەی دیموکراسی هاوچەرخ
سێیەم لۆژیكی فکری تاڵەبانی رێچكەی دیموکراسی هاوچەرخە، بەوپێیەی تاڵەبانی بە تێكڕا پڕۆسەی دیموکراسی وەك تاكە رێباز و پێناو بۆ چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەكان دەبینی، زیاتر لەوە پێی وابوو، ژیانی رێكخراوەیی دەبێت لەسەر بنەمای دیموکراسی راستەقینە دامەزرابێت و لە هەڵسوكەوت و پرەنسیپە گشتی و تایبەتییەكانیدا چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە، پەیڕەوی رەفتاری دیموکراتی بكات.  توێژەر ئەوەمان بیردێنێتەوە، كە بەپێی جیهانبینی تاڵەبانی، ناوەڕۆك و مانیفێستی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەر لە بنچینەدا لەسەر بنەمای دیموكراسی و سۆسیال دیموکراتی هاوچەرخ بنیادنراوە.
لە بواری پراکتیکی سیاسییدا، توێژەر ئاماژە بەوە دەكات، كە تاڵەبانی هەوڵیداوە لە نێوان مافە نەتەوەییەكانی کورد و یەکڕیزی و پاراستنی یەكێتیی عیراق، هاوسەنگی دروست بکات، پێی وایە کە دەبێت کورد بەشداریی چالاك لە سیستمی سیاسیی عیراقدا بکات و لە هەمانکاتدا مافە نەتەوەییەکانی خۆی بپارێزێت. ئەم رێبازەش لە بەرنامەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا روون دەبێتەوە، کە داوای خۆبەڕێوەبەری کوردستان لە چوارچێوەی یەکێتیی دیموکراتیکی عیراقدا دەکات، هەروەها تاڵەبانی پێی وابوو، کە دەبێت کورد رۆڵی چالاکانە لە بەڕێوەبردنی کاروباری عیراقدا بگێڕێت، بەم شێوەیە دەتوانێت مافەکانی خۆی بپارێزێت و لە هەمانکاتدا بەشداریی لە دروستکردنی عیراقێکی دیموکراتیکدا بکات.
لە کۆتاییدا، توێژەر ئەوە دەخاتەڕوو، كە فکری سیاسی تاڵەبانی تێکەڵەیەکە لە نەتەوایەتی، سۆسیال دیموکراتی و گرتنەبەری رێگەچارەی دیموکراسی بۆ چارەسەركردنی گرفتە بنچینەییەكانی عیراق. تاڵەبانی باوەڕی وابووە، پێویستە مافە نەتەوەییەكانی کورد، لە چوارچێوەی دەستوور و رەخساندنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دیموکراسیدا بەدیبێت، ئەم رێبازە فکرییەش، رێگەیەکی نوێی بۆ خەباتی نەتەوەیی کورد لەسەر بنەمای دیالۆگ، دانوستان و چارەسەری ئاشتیخوازانەی بنیادنەرانەی داهێنا و وەک سەرکردەیەکی سیاسی، تاڵەبانی هەوڵیداوە ئەم لۆژیكە فکریی و نەتەوەییە لەنێو پڕۆسەی سیاسیی عیراقدا بخاتە سەرڕێ.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved