قەیرانی فرەلایەنی ڤەنزوێلا، کە خۆی لە داڕمانی ئابووری، کۆچی بە کۆمەڵ و تێکچوونی دۆخی دیموکراسیدا دەبینێتەوە، بووەتە یەكێک لە ئاڵۆزترین ئاڵنگارییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە نیوەگۆی خۆرئاوادا، ئەم قەیرانە، کە ریشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هۆگۆ چاڤێز و لەژێر دەسەڵاتی نیکۆلاس مادورۆدا گەیشتە لوتکە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی هاندا بۆ گرتنەبەری ستراتیژێک کە دەتوانرێت بە «ریالیزمی نەرم» پێناسە بکرێت. ئەم ستراتیژە، تێکەڵەیەک بوو لە (بەرزە گوشار /Maximum Pressure) كە لەڕێگەی سزای ئابووریی توند و هەوڵی دیپلۆماسی بۆ گۆشەگیرکردنی رژێمی مادورۆ، ئامانجی گۆڕینی رژێمەكەی لە ئەستۆگرتبوو، ئەویش بەبێ پەنابردنە بەر دەستێوەردانی سەربازیی راستەوخۆ، ئەم وتارە، شیکارییەکە بۆ ئەم ستراتیژە، باس لەهۆکارەکانی شکستهێنانی و گواستنەوەی لە ناکاو بۆ «ریالیزمی رەق» دەکات.
ستراتیژی «بەرزە گوشار» و لێکەوتەكانی
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ستراتیژی «بەرزە گوشار»ی وەک ئامرازێكی سەرەکی بۆ رووبەڕووبوونەوەی رژێمی مادورۆ گرتەبەر، ئەم ستراتیژە بە ئاراستەی سەپاندنی سزای ئابووریی خنکێنەر هەڵدەسوڕا، بەتایبەتی گەمارۆخستنە سەر کەرتی نەوتی ڤەنزوێلا (PDVSA) لە ساڵی 2019، کە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی وڵاتەکەی وشک کرد، هەمان كات ستراتیژەكە بە ئاراستەی گۆشەگیرکردنی دیپلۆماسی و پشتیوانیکردنی ئۆپۆزسیۆن كاری كرد، زیاتر لەوە بە داننان بە خوان گوایدۆ وەك سەرۆکی کاتیی و شەرعی بووە دیمەنێكی پشتی سیاسەتێكی ئاراستەكراوی ئەمریكایی.
 ئەم ستراتیژە لێکەوتەی دوو لایەنەی هەبوو؛ لەلایەك، زیانێکی گەورەی بە ئابووریی رژێم گەیاند و توانای مانۆڕکردنی دارایی سنووردار کرد، بەڵام لە لایەکی دیکەوە، بووە هۆی قووڵبوونەوەی قەیرانی مرۆیی، کە ملیۆنان کەسی ناچار بە کۆچکردن کرد و ژیانی دانیشتووانی ناوخۆی خستە مەترسییەوە، ئەمەش وایکرد کە سزاکان وەک سزای بە کۆمەڵ تەماشا بکرێن و شەرعییەتی سیاسەتی ئەمریکا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لە زۆنی خۆرئاوادا لاواز بکەن.
فەلسەفەی پشت ئەم ستراتیژە لەسەر گریمانەیەكی ریالیزمی وەستابوو، ئەگەر سەرچاوەی دارایی رژێمی مادورۆ، کە بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی بە داهاتی نەوت بەستبوو، ببڕدرێت، ئەوا رژێمەکە توانای کڕینی وەفاداریی سوپا و بەرپرسە باڵاکانی نامێنێت و لە ئەنجامدا لەناوخۆدا دەڕووخێت، سزاکان بە وردی دیزاین کرابوون بۆ ئەوەی زیان بە کۆمپانیای PDVSA و بانکە ناوەندییەکەی ڤەنزوێلا بگەیەنن، هەروەها رێگری لە بازرگانیی زێڕ و کانزا بەنرخەکانیش کرا، لەڕووی تیۆرییەوە، ئەمە دەبوو مادورۆ بخاتە گۆشەیەکی تەنگەوە کە یان دەبوو دەستبەرداری دەسەڵات بێت یان رووبەڕووی کودەتایەکی ناوخۆیی ببێتەوە. لەڕووی دیپلۆماسیشەوە، دروستکردنی «هاوپەیمانییەک بۆ دیموکراسی» لە دەوری خوان گوایدۆ، هەوڵێک بوو بۆ پێشکەشکردنی ئاڵتەرناتیڤێکی شەرعی و رێخۆشکردن بۆ گواستنەوەیەکی ئاشتیانەی دەسەڵات، بەڵام ئەم گریمانەیە چەندین فاکتەری گرنگی لەبەرچاو نەگرتبوو وەکو: سزاکان کاریگەریی یەکسانیان لەسەر هەموو کەرتەکانی رژێم نەبوو، لە کاتێکدا داهاتی گشتیی وڵات داتەپیبوو، بەرپرسە باڵاکان و ئەڵقەی دەسەڵات توانیان لەڕێگەی تۆڕە نهێنی و نایاساییەکانی وەک بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان، کانزای نایاسایی و فرۆشتنی نەوت لە بازاڕی رەشدا، داهاتی تایبەت بۆ خۆیان دابین بکەن، ئەمەش وایکرد کە وەفاداریی ئەوان زیاتر بە مانەوەی سیستمە گەندەڵەکە ببەسترێتەوە نەک بە داهاتی گشتیی وڵات. جیا لەوانە، لێکەوتە مرۆییەکان زۆر خێراتر و بەرفراوانتر بوون لەوەی پێشبینی دەکرا، داڕمانی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، کەمیی خۆراک و دەرمان، و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، بووە هۆی ئەوەی کە خەڵکی ئاسایی ببنە قوربانیی سەرەکیی ململانێکە، ئەم دۆخە نەک هەر شەرعییەتی ئۆپۆزسیۆنی لە ناوخۆدا لاوازکرد (کە وەک هاوکارێکی سزاکان سەیر دەکرا)، بەڵکو بەهۆی شەپۆلی کۆچبەرانەوە گوشاری لەسەر وڵاتانی دراوسێش زیاد کرد.
هۆکارەکانی شکستی ستراتیژی ریالیزمی نەرم
سەرەڕای گوشارە زۆرەکان، ستراتیژی ریالیزمی نەرم نەیتوانی ئامانجە سەرەکییەکەی، واتە لابردنی مادورۆ، بپێکێت، هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم شکستە فرەڕەهەند بوون، لەلایەك گوشاری دەرەکی بووە هۆی یەکڕیزیی ناوخۆیی رژێمەكە، بەتایبەتی لەنێو سوپا و دامەزراوە ئەمنییەکاندا، کە لە دەوری مادورۆ کۆبوونەوە و مانەوەی خۆیان بە مانەوەی ئەو بەستەوە، هەربۆیە رژێمەكە توانی گوتارێکی ناسیۆنالیستیی «دژە-ئیمپریالیستی» بۆ پاساودان بە دۆخەکە و تۆمەتبارکردنی ئەمریکا بەکاربهێنێت، هەروەها گرنگترین هۆکار، پشتیوانیی ستراتیژیی هێزە دەرەکییەکان بوو، روسیا و چین وەک هێڵێکی ژیان (lifeline) بۆ رژێمی مادورۆ کاریان کرد، روسیا پشتیوانیی سەربازی، دیپلۆماسی و ئابووری پێشکەشکرد، لە کاتێکدا چین وەک کڕیاری سەرەکیی نەوت و قەرزدەرێکی گەورە مایەوە، ئەم پشتیوانییە نێودەوڵەتییە هاوسەنگیی هێزی لە بەرژەوەندیی مادورۆ گۆڕی و کاریگەریی سزاکانی ئەمریکای کەمکردەوە.
هۆکارەکانی شکست دەریدەخات کە ستراتیژی ئەمریکا لەسەر خوێندنەوەیەکی هەڵە بۆ دینامیکییەتی ناوخۆیی ڤەنزوێلا و هاوکێشە جیۆپۆلەتیکییە نوێیەکان بنیات نرابوو، لە ئاستی ناوخۆدا، رژێمی مادورۆ تەنها سیستمێکی سیاسی نەبوو، بەڵکو تۆڕێکی ئاڵۆزی «دەوڵەتی مافیایی» بوو، کە تێیدا بەرژەوەندییەکانی بەرپرسانی باڵای سەربازی و سیاسی لەگەڵ مانەوەی سیستمەکەدا گرێ درابوو، ئەم بەرپرسانە دەترسان لەوەی لە ئەگەری رووخانی رژێمدا، نەک هەر سامان و ئیمتیازاتەکانیان لەدەست دەدەن، بەڵکو رووبەڕووی دادگاییکردن  دەبنەوە لەسەر گەندەڵی و پێشێلکاریی مافی مرۆڤ. بۆیە، گوشاری دەرەکی لەبری ئەوەی هانیان بدات بۆ کودەتا، زیاتر پاڵی پێوەنان بۆ ئەوەی یەکبگرن و بەرگری لە سیستمەکە بکەن. 
 لەم نێوەندەدا، ئۆپۆزسیۆنیش بێ کێشە نەبوو؛ پارچەپارچەیی، نەبوونی دیدگایەکی یەکگرتوو، و شکست لە بەدەستهێنانی پشتیوانیی سوپا، وایکرد کە ئۆپۆزسیۆن نەتوانێت ببێتە ئەڵتەرناتیڤێکی کاریگەر، لە ئاستی جیۆپۆلەتیکیشدا، سیاسەتی ئەمریکا بە تەواوی گرنگیی رۆڵی روسیا و چینی کەم نرخاندبوو، بۆ روسیا، ڤەنزوێلا تەنها هاوپەیمانێک نەبوو، بەڵکو پێگەیەکی ستراتیژی بوو لە «حەوشەی پشتەوە»ی ئەمریکا، کە دەیتوانی وەک کارتی گوشار لە ململانێکانی تریدا (وەک ئۆکرانیا و سوریا) بەکاری بهێنێت، مۆسکۆ بە ناردنی راوێژکاری سەربازی و فرۆشتنی چەک و دابینکردنی تەکنیکی وزە، پەیامێکی روونی نارد کە رێگە نادات هاوپەیمانەکەی بە ئاسانی بڕوخێت، بۆ چین، بابەتەکە زیاتر پرەنسیپی بوو؛ پەکین دژی هەر گۆڕانکارییەکی رژێم بوو کە لەلایەن هێزی دەرەکییەوە بسەپێنرێت، چونکە ئەمە دەیتوانی ببێتە پێشینەیەک کە لە داهاتوودا دژی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە شوێنەکانی تری جیهان بەکاربهێنرێت، جگە لەوەش، چین دەیان ملیار دۆلاری وەک قەرز و وەبەرهێنان لە ڤەنزوێلا هەبوو و دەیویست دڵنیابێتەوە کە ئەم سەرمایەیە نافەوتێت، ئەم دوو هێزە بە هاوبەشی توانیان بۆشاییە ئابووری و سەربازییەکانی رژێمی مادورۆ پڕ بکەنەوە و بە کردەوە سزاکانی ئەمریکایان بێ کاریگەر کرد.
وەرچەرخان بۆ ریالیزمی رەق و
داهاتوویەکی نادیار
لە رووداوێکی چاوەڕواننەکراودا لە 3ی کانوونی دووەمی 2026، هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا، نیکۆلاس مادورۆی سەرۆکی ڤەنزوێلایان دەستگیر کرد، ئەم هەنگاوە، کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە وەک «لێدانێکی مێژوویی لە تیرۆریزمی ماددە هۆشبەرەکان» ناسێندرا، لێرەوە ئەمریكا کۆتایی بە ستراتیژی ریالیزمی نەرم هێنا و گواستنەوەیەکی راستەوخۆ بوو بۆ «ریالیزمی رەق». ئەم کارە دانپێدانانێکی ناڕاستەوخۆ بوو، بەوەی کە گوشاری ئابووری و دیپلۆماسی بە تەنها نەیانتوانیبوو ئامانجەکە بپێکن، هەرچەندە مادورۆ لابرا، بەڵام ئەم دەستێوەردانە راستەوخۆیە دەرگای بەڕووی داهاتوویەکی نادیار و ئاڵۆزدا کردەوە.، کاردانەوەی توندی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لەلایەن روسیا و چینەوە، گرژییەکانی نێوان زلهێزەکانی زیاتر کرد. لە ناوخۆشدا، بۆشاییەکی دەسەڵاتی مەترسیداری دروست کرد و نیگەرانیی لەبارەی دووبارەبوونەوەی سیناریۆی «گۆڕینی رووخسارەکان بەبێ گۆڕینی سیستم» وروژاند، کە ئەمریکای خستە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورەترەوە. 
ئەم گواستنەوەیە لە ریالیزمی نەرمەوە بۆ ریالیزمی رەق، دەرخەری قووڵایی بێئومێدیی واشنتۆن بوو لە سیاسەتەکانی پێشووی، دوای چەندین ساڵ لە گەمارۆی ئابووری و گوشار، روون بووەوە کە رژێمی مادورۆ لەوە خۆڕاگرترە کە پێشبینی دەکرا، پەنابردن بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی راستەوخۆ، هەرچەندە لە رواڵەتدا وەک سەرکەوتنێکی تاکتیکی و نمایشێکی هێز دەردەکەوت، بەڵام لە بنەڕەتدا دانپێدانان بوو بە شکستی ستراتیژی گەورەتر، ئەم هەنگاوە ئەمریکای لە رۆڵی «پشتیوانیکەری دیموکراسی»یەوە گۆڕی بۆ رۆڵی «داگیرکەر»، کە ئەمەش شەرعییەتی ئەخلاقیی سیاسەتەکانی لەق کرد، کاردانەوەی نێودەوڵەتی زۆر توند بوو؛ روسیا و چین نەک هەر ئیدانەیان کرد، بەڵکو هەنگاوی کردارییان بۆ زیادکردنی بوونی سەربازی و ئابووریی خۆیان لە ناوچەکە دانا، وڵاتانی ئەمریکای لاتینیش، تەنانەت ئەوانەی دژی مادورۆش بوون، بە گومانەوە سەیری ئەم دەستێوەردانەیان کرد، چونکە مێژوویەکی تاڵیان لەگەڵ دەستێوەردانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا هەیە، لە ئاستی ناوخۆی ڤەنزوێلاشدا، دۆخەکە زۆر ئاڵۆزتر بوو، لابردنی مادورۆ بە تەنها کێشەکە چارەسەر ناکات، چونکە سیستمی «چاڤیزمۆ» و تۆڕە مافیاییەکانی دەسەڵات هێشتا لە جێی خۆیان ماون، ئاماژەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ دانوستان لەگەڵ کەسایەتییەکانی ناو رژێمی پێشوو (وەک دێلسی رۆدریگێز) و پشتگوێخستنی سەرکردە راستەقینەکانی ئۆپۆزسیۆن، نیگەرانیی ئەوەی دروست کرد کە ئەمریکا تەنها بەدوای رێککەوتنێکی خێرا و رواڵەتییەوەیە بۆ دەرچوون لە قەیرانەکە، نەک گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی، ئەمەش مەترسیی ئەوەی لێدەکەوێتەوە کە ڤەنزوێلا بکەوێتە ناو گێژاوێکی شەڕی ناوخۆ یان دروستبوونی رژێمێکی دیکتاتۆریی نوێ بە رووخسارێکی جیاوازەوە، کە لە کۆتاییدا ئەمریکا ناچار بە مانەوەیەکی درێژخایەن و بە تێچووی زۆر دەکات.
دەرئەنجام
ئەزموونی ڤەنزوێلا وانەیەکی گرنگە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیی هاوچەرخدا، ستراتیژی ریالیزمی نەرمی ئەمریکا، سەرەڕای ئەوەی توانی زیانێکی گەورەی ئابووری بە رژێمی مادورۆ بگەیەنێت، بەڵام لە گەیشتن بە ئامانجی کۆتایی، سەرکەوتوو نەبوو، هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم شکستە بریتی بوون لە توانای خۆڕاگریی رژێمەکە، قووڵبوونەوەی قەیرانی مرۆیی و لە هەمووی گرنگتر، پشتیوانیی ستراتیژیی رکابەرە جیۆپۆلەتیکییەکانی ئەمریکا. گواستنەوە بۆ ریالیزمی رەق، هەرچەندە وەک سەرکەوتنێکی تاکتیکی و نمایشێکی هێز وێناکرا، بەڵام دەرخەری سنووردارییەکانی هێزی ئابووری بوو لە جیهانێکی فرە جەمسەریدا، ئەم کەیسە دەریخست چارەسەری قەیرانە قووڵەکان پێویستی بە هاوسەنگییەکی وردتر هەیە لە نێوان گوشار، دیپلۆماسی و لەبەرچاوگرتنی لێکەوتە مرۆییەکاندا.

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved