پرۆژەی پردی وشکانی سعودیە رێگەیەکی جێگرەوەی وشکانی بۆ گواستنەوەی کاڵا و بەرهەمە نەوتییەکان دابین دەکات، بەمەش پشت بەستنی جیهان بە گەرووی هورمز کەم دەکاتەوە
بەرایی
پرۆژەی هێڵی ئاسنی (پردی وشکانی سعودیە)، یەکێکە لە پرۆژە ژێرخانییە گەورە و ستراتیژییەکانی جیهان، وەك بەشێکی سەرەکی لە پرۆژەی (ڤیژن 2030)، كە ئامانجی گۆڕینی شانشینی سعودیەیە بۆ ناوەندێکی لۆجستی جیهانیی.
پرۆژەكە کە تێچووی خەمڵێنراوی 7 ملیار دۆلاری ئەمریکییە، بریتییە لە دروستکردنی تۆڕێکی هێڵی ئاسنی نوێ بە درێژایی 1500 کیلۆمەتر، کە راستەوخۆ کەناراوەکانی دەریای سوور لە خۆرئاوا (لە شاری جەددە)ەوە بە کەناراوەکانی کەنداوەوە (لە شاری دەمام) دەبەستێتەوە.
گرنگیی ئەم پرۆژەیە تەنها لە قەبارە ئەندازیارییەکەیدا نییە، بەڵکو لەو کاریگەرییە ستراتیژی و جیۆپۆلەتیکییە قووڵەیدایە کە لەسەر جوگرافیای بازرگانی، ئاسایشی وزە و هاوکێشە سیاسییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەجێی دەهێڵێت، ئەویش بە تێپەڕین بە ناوچە سەختەکانی وەك بیابانی روبع ئەلخالی، ئەم پرۆژەیە نەك تەنها رێگەیەکی گواستنەوەی خێرا دابین دەکات، بەڵکو دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە خاڵە ستراتیژییە مەترسیدارەکانی وەك گەرووی هورمز و کەناڵی سوێس.
لێکەوتە ئابوورییەکان و گۆڕینی نەخشەی لۆجستی ناوچەیی
پرۆژەكە لە بنەڕەتدا وەك پرۆژەیەکی ئابووری و لۆجستی دیزاین کراوە، کە ئامانجی سەرەکی گۆڕینی شانشینەکەیە بۆ ناوەندێکی لۆجستی جیهانی، ئەم پرۆژەیە چەندین سوودی ئابووریی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی هەیە، کە کاریگەریی لەسەر ناوچەکە دەبێت ئەویش:
یەكەم: شۆڕش لە کات و تێچووی گواستنەوەدا
یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکانی ئەم پرۆژەیە، کەمکردنەوەی کاتی گواستنەوەی کاڵایە، لە نێوان دەریای سوور و کەنداودا ئێستا گواستنەوەی کاڵا بەڕێگەی دەریایی، پێویستە بە دەوری نیمچەدوورگەی عەرەبیدا بسووڕێتەوە، یان بە کەناڵی سوێسدا تێپەڕێت، نزیکەی 5 بۆ 10 رۆژ دەخایەنێت. بەڵام هێڵی ئاسنی پردی وشکانی، ئەم کاتە بۆ تەنها 18 کاتژمێر کەم دەکاتەوە، ئەم خێراییە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر زنجیرەی دابینکردنی جیهانی (Global Supply Chain) دەبێت، بەپێی راپۆرتە رەسمییەکان، پرۆژەکە بەشێوەیەکی بەرچاو تێچووی لۆجستی کەم دەکاتەوە، ئەم کەمکردنەوەی تێچووە، بەپێی هەندێک سەرچاوە دەگاتە %40 بۆ گواستنەوەی کاڵا لە سەرانسەری شانشینەکەدا.
دووەم: دروستکردنی ناوەندی لۆجستیی و هەلی کار
پرۆژەکە تەنها هێڵێکی ئاسن نییە، بەڵکو تۆڕێکی لۆجستییە کە حەوت بەندەری وشکانی لەسەر رێڕەوەکەی دادەمەزرێنێت، ئەم بەندەرە وشکانییانە دەبنە ناوەندی کۆکردنەوە و دابەشکردنی کاڵا، ئەمەش دەبێتە هۆی گەشەکردنی ناوچە پیشەسازی و بازرگانییەکان، ئەم ناوەندە نوێیانە بزوێنەری گەشەی ئابووری ناوچەیی دەبن و یارمەتی هەمەچەشنکردنی ئابووری سعودیە دەدەن، بەپێی داتاکانی کۆمپانیای هێڵی ئاسنی سعودیە (SAR)، پێشبینی دەکرێت پرۆژەكە زیاتر لە 200.000 هەلی کاری نوێی لە کەرتی لۆجستی، پیشەسازی و خزمەتگوزارییەکاندا دروست بکات.
سێیەم: بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان بەندەرەکان
پرۆژەکە بەندەرە گەورەکانی وەك جەددە لە دەریای سوور و دەمام و جوبەیل لە کەنداو بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش توانای بەندەرەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەبارەیەکی گەورەتری بازرگانی نێودەوڵەتی بەرزدەکاتەوە، ئەمە چ جای گواستنەوەی خێرای کاڵا لە نێوان ئەم بەندەرانەدا، سعودیە دەکاتە خاڵێکی سەرەکی بۆ گواستنەوەی کاڵا لە نێوان ئاسیا و ئەوروپا، بەتایبەتی لە کاتی قەیرانەکاندا کە رێگە دەریاییەکان مەترسیدار دەبن.
کاریگەرییە جیۆپۆلەتیکییەکان و کەمکردنەوەی كاریگەریی گەرووی هورمز
لێکەوتە ستراتیژییەکانی پرۆژەكە تەنها لە چوارچێوەی ئابووریدا قەتیس نابن، بەڵکو کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر هاوکێشە جیۆپۆلەتیکییەکانی ناوچەکە و ئاسایشی وزەی جیهانیی دەبێت، لەوانە:
یەكەم: کەمکردنەوەی کاریگەریی گەرووی هورمز
گەرووی هورمز، یەکێکە لە گرنگترین خاڵە ستراتیژییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی نەوت و گاز، بەڵام بەهۆی گرژییە سیاسییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی خۆرئاوا، هەمیشە وەك خاڵێکی مەترسیدار و هەڕەشە ئامێز سەیر کراوە. پرۆژەی پردی وشکانی سعودیە رێگەیەکی جێگرەوەی وشکانی بۆ گواستنەوەی کاڵا و بەرهەمە نەوتییەکان دابین دەکات، بەمەش پشت بەستنی جیهان بە گەرووی هورمز کەم دەکاتەوە، ئەمە وادەکات سعودیە و وڵاتانی هاوپەیمانی لە کەنداو، لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە، سەربەخۆیی زیاتر بەدەستبهێنن و گوشارە جیۆپۆلەتیکییەکانی ئێران کەم بکەنەوە.
دووەم: بەهێزکردنی پێگەی سعودیە وەك هێزێکی ناوچەیی
دروستکردنی ئەم رێگە ستراتیژییە، پێگەی سعودیە وەک هێزێکی لۆجستی و سیاسی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهێز دەکات، پرۆژەکە وڵاتەکە دەکاتە دەروازەیەکی سەرەکی بۆ بازرگانی نێوان ئاسیا، ئەفریقا و ئەوروپا. ئەمەش تەنها سوودی ئابووری نییە، بەڵکو قورسایی سیاسی سعودیە لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی زیاد دەکات، بەتایبەتی لە مامەڵەکردن لەگەڵ زلهێزەكانی وەك چین و ئەمریکا.
سێیەم: کاریگەری لەسەر لایەنی جیۆئیكۆنۆمی دراوسێكان
پرۆژەی پردی وشکانی دەتوانێت کاریگەرییەکی نەرێنی بەرچاوی لەسەر ئابووریی ئێران هەبێت، بە گواستنەوەی بەشێکی بەرچاو لە بازرگانی ناوچەیی و جیهانیی بۆ رێگەی وشکانی سعودیە، پێشبینی دەکرێت ئێران لە کورتخایەندا زیانێکی ئابووری بە بڕی نزیکەی 15 ملیار دۆلار بکات، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە هەناردەکردنی نەوت و گاز پشت بە رێگە دەریاییەکانی کەنداو دەبەستێت، ئەم پرۆژەیە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کێبڕکێیەکی ئابووری و ستراتیژی نوێ دروست دەکات، کە لە درێژخایەندا دەتوانێت هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا بگۆڕێت
وردەکاریی تەکنیکی و تێپەڕین بە دڵی بیاباندا
یەکێک لەلایەنە سەرنجڕاکێشەکانی پرۆژەكە، ئەو ئاستەنگە ئەندازیارییە گەورانەیە کە لە کاتی دروستکردنیدا رووبەڕووی بووەتەوە، بەتایبەتی بەهۆی تێپەڕینی بەناو بیابانی روبع ئەلخالیدا، هەربۆیە پرۆژەکە وەك «موعجیزەیەکی بیابانی» پێناسەكراوە، بەوپێیەی رێڕەوی هێڵی ئاسنەکە بەناو دەشتە وشکەکان، بیابانە بەردەڵانەکانی روبع ئەلخالیدا تێدەپەڕێت، ئەم ناوچانە بە گۆڕانی بەردەوامی لمی بیابان و با و زریانە بەهێزەکان ناسراون، بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە، کۆمپانیا ئەندازیارییەکانی وەك (Idrostudi) و (Italferr) لێکۆڵینەوەی ستراتیژی تایبەتیان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی لم داڕشتووە، لەوانە: شیکردنەوەی جیۆتەکنیکی چڕ بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیریی خاك لەژێر هێڵی ئاسنەکەدا، هەروەها مۆدێلکردنی با و لم، بۆ پێشبینیکردنی جووڵەی لم و دیزاینکردنی بەربەست و شێوازی تایبەت بۆ رێگریکردن لە داپۆشینی هێڵەکە بە لم، پاشان دیزاینکردنی پێکهاتەی بەهێز و خۆڕاگر و بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای نوێ بۆ دروستکردنی ژێرخانێکی بەهێز کە بەرگەی گۆڕانکارییە سەختەکانی کەشوهەوا بگرێت.
جیا لەوانە، وردەکاریی تەکنیکی و پێکهاتەی هێڵەکە بۆ دوو بەشی سەرەکی دابەش دەبێت، ئەوانیش هێڵی نوێی ریاز-جەددە یە، ئەم بەشە نزیکەی 950 کیلۆمەتر هێڵی ئاسنی نوێیە کە بە ناوەڕاستی نیمچە دوورگەی عەرەبیدا تێدەپەڕێت، هەروەها نوێکردنەوەی هێڵی ریاز- دەمام، ئەم بەشە بریتییە لە نوێکردنەوە و بەرزکردنەوەی توانای هێڵە ئاسنییەكە.
لەسەر ئەو بنەمایانە هێڵەکە بەشێوەیەك دیزاین کراوە کە شەمەندۆفێرەکانی گواستنەوەی نەفەر بتوانن بە خێرایی 250 کم/ کاتژمێر بڕۆن و شەمەندۆفێرەکانی گواستنەوەی کاڵاش بە خێرایی 140 کم/کاتژمێر، ئەم خێراییە بە بەراورد لەگەڵ هێڵە ئاسنییەکانی دیکەی ناوچەکە کارایی گواستنەوەکە زۆر زیاد دەکات.
کاریگەریی پرۆژەكە لەسەر ئاسایشی وزە
پرۆژەكە تەنها بۆ گواستنەوەی کاڵای بازرگانی نییە، بەڵکو رۆڵێکی سەرەکی لە ئاسایشی وزەی سعودیە و جیهاندا دەبینێت، بەتایبەتی لە گواستنەوەی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان، لەوانە:
یەكەم: دابینکردنی رێگەیەکی ئارام بۆ وزە، سعودیە یەکێکە لە گەورەترین هەناردەکارانی نەوت لە جیهاندا و زۆربەی هەناردەکردنی نەوتەکەی بەڕێگەی دەریایی و بەناو گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت، دروستکردنی هێڵی ئاسنی پردی وشکانی، رێگەیەکی وشکانی پارێزراو بۆ گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکان لە نێوان کەناراوەکانی دەریای سوور و کەنداودا دابین دەکات، ئەمەش مانای وایە، سعودیە دەتوانێت بەشێك لە هەناردەکردنی نەوتەکەی لەڕێگەی دەریای سوورەوە ئەنجام بدات، ئەمەش رێگەیەکی خێراتر و پارێزراوترە بۆ گەیشتن بە بازاڕەکانی ئەوروپا و ئەفریقا.
دووەم: بەهێزکردنی توانای هەناردەکردن
بەهۆی کارایی هێڵی ئاسنەکە، سعودیە دەتوانێت توانای هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بکاتەوە، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ جێگیرکردنی بازاڕی وزەی جیهانیی و دابینکردنی پێداویستییە بەردەوامەکانی وڵاتانی بەکاربەر، پرۆژەکە رێگە بە سعودیە دەدات کە بە خێرایی وەڵامی گۆڕانکارییەکانی بازاڕی جیهانیی بداتەوە و بەرهەمەکانی بە کەمترین کات بگەیەنێتە بەندەرەکانی دەریای سوور بۆ گواستنەوە بۆ ئەوروپا و ئەفریقا، یان بەندەرەکانی کەنداو بۆ گواستنەوە بۆ ئاسیا، هەروەها، پرۆژەکە بە ناوەندە پیشەسازییە گەورەکانی وەک یەنبووع و جوبەیل بەستراوەتەوە، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو و بەرهەمە پاڵێوراوەکان بەشێوەیەکی کارا لە نێوان ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و بەندەرەکانی هەناردەکردن، ئەمەش گەشەیەکی گەورە بە کەرتی پیشەسازی و پترۆکیمیایی سعودیە دەدات.
بابەتی زیاتر