ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانیی (NSS) بەڵگەنامەیەکی رەسمییە کە بەپێی یاسای گۆڵدوۆتەر-نیکۆڵس (Goldwater-Nichols Act) سەرۆکی ئەمریکای پابەند كردووە بە بڵاوكردنەوەی، ئەم بەڵگەنامەیە دیدگا و فەلسەفەی كابینەی ئیداریی و سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نیشتمانیی دەخاتەڕوو، وەک نەخشەڕێگایەک بۆ سەرجەم دەزگا فیدراڵییەکان، بەڵام بەڵگەنامەكە یاسایەكی پابەندكار نییە بۆ ئیدارەکانی داهاتوو، بەڵکو تەنها رێنماییەکی ستراتیژییە بۆ ماوەیەكی كاتی.
لە 4ی کانوونی یەکەم، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانيی 2025ی بڵاوکردەوە، ئەم ستراتیژە نوێیە، کە بە «ئەمریکا یەکەم» (America First) ناوزەد کراوە، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە دیدگای واشنتۆن بۆ جیهان بەگشتی و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی نیشان دەدات، ستراتیژەکە بەشێوەیەکی روون، ئاماژە بەوە دەکات کە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست چیتر لە لووتکەی ئەولەویەتە ستراتیژییەکانی ئەمریکادا نییە، ئەمەش پێچەوانەی سیاسەتی دەیان ساڵەی رابردووی ئەمریکایە.
بنەما سەرەکییەکانی ستراتیژی نوێی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا
ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی 2025 لەسەر سێ بنەمای سەرەکی دامەزراوە، کە دیدگای ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دیاری دەکات، ئەوانیش بریتین لە:
ئەمریکا یەکەم (America First): دۆکتۆرینی سەرەکییە کە جەخت لەسەر دانانی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئەمریکا لە سەرووی هەموو ئەگەرێك دەکاتەوە، لەم چوارچێوەیەدا، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەبێت خزمەت بە ئابووری، ئاسایشی سنوورەکان و بەهێزکردنی دۆخی ناوخۆی ئەمریکا بکات.
ئاشتی لەڕێگەی هێزەوە (Peace Through Strength): ستراتیژەکە پێیوایە هێز باشترین رێگرە، ئەمە بە واتای بەهێزکردنی توانای سەربازی و ئابووری ئەمریکا دێت، بەڵام لە هەمان کاتدا کەمکردنەوەی دەستتێوەردانی سەربازیی راستەوخۆ لەو ناوچانەی کە بە گرنگ دانانرێن، وەک خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
ریالیزمی نەرم (Flexible Realism): واتە فەلسەفەی مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتانی تر، بە واتای مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و مامەڵەی بازرگانی (Transactional Diplomacy)، بەبێ هەوڵدان بۆ سەپاندنی دیموکراسی یان گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی، لە ناوەڕۆكی ئەم ستراتیژەدا دۆناڵد ترەمپ بەڵێن دەدات، کە چیتر «سەرکۆنەی» (hectoring) هاوپەیمانەکانی لە کەنداو لەسەر پرسەكانی مافەکانی مرۆڤ نەکات».
هۆکاری بڵاوکردنەوە و ئامانجەکانی دۆناڵد ترەمپ
ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی (NSS) بەڵگەنامەیەکی سیاسییە کە بە فەرمانی سەرۆک کۆمار دەردەچێت و لەلایەن کۆنگرێسەوە داوادەكرێت، لەم بارەیەوە سەرۆکی نوێی ئەمریکا، هەرکاتێک دەستبەکاربێت، دەتوانێت دەستبەجێ ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانیی نوێی بڵاوبکاتەوە و بە تەواوی ستراتیژی پێشوو بگۆڕێت یان دەستکاری بکات، بۆ نموونە: ئیدارەی جۆ بایدن لە ساڵی 2022 ستراتیژی خۆی بڵاوکردەوە، بەمەش ستراتیژەکەی پێشووی ساڵی 2017ی دۆناڵد ترەمپی گۆڕی، بە هەمان شێوە، سەرۆکی داهاتوو دەتوانێت ستراتیژی 2025ی ترەمپ بگۆڕێت و كارنامە ستراتیژییەكەی بگوازێتەوە.
لەم قۆناغەدا بڵاوکردنەوەی ئەم ستراتیژە لە ماوەی گواستنەوەی دەسەڵات بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ، چەند ئامانجێکی ستراتیژی تێدا بەدی دەكرێت، لەوانە:
یەكەم: بە رەسمیکردنی دۆکتۆرینی «ئەمریکا یەکەم»، واتە دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت پێش دەستپێکردنی خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی، دیدگا و فەلسەفەی سیاسەتی دەرەوەی خۆی بكاتە نەخشەڕێگەیەک بۆ سەرجەم دامەزراوەکانی حکومەت و ناوەڕۆكەكەی بە رەسمی بکات.
دووەم: گواستنەوەی سەرنجی نیشتمانیی، واتە ئامانجی سەرەکی دۆناڵد ترەمپ، گواستنەوەی سەرنجی ستراتیژی ئەمریکایە بۆ کێشە ناوخۆییەکان و هەڕەشەکانی نیوەگۆی خۆرئاوا (وەک دۆسییەكانی کۆچ و ماددە هۆشبەرەکان)، بەمەش دەیەوێت خۆرهەڵاتی ناوەڕاست چیتر نەبێتە «سەرچاوەی بێزاری بەردەوام» بۆ ئەمریکا.
سێیەم: پەیامێکە بۆ هاوپەیمانان، بەتایبەت بۆ هاوپەیمانانی کەنداو کە پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای بازرگانی و وەبەرهێنان بەردەوام دەبێت، نەک سەرکۆنەکردن، هەروەها پەیامێکە بۆ عیراق کە دەبێت زیاتر پشت بەخۆی ببەستێت.
خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، کەمکردنەوەی گرنگی و گۆڕینی رۆڵ
ستراتیژی نوێی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بریتییە لە راگەیاندنی کۆتاییهاتنی سەردەمی باڵادەستیی ناوچەکە لە ئەولەویەتەکانی ئەمریکادا، ئەمە هەوڵێکە بۆ گواستنەوەی سەرچاوە و سەرنجی ئەمریکا بۆ ناوچەکانی تر، بەتایبەتی نیوەگۆی خۆرئاوا، ستراتیژی نوێی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا بە روونی وا نیشاندەدات کە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست چیتر ئەولەویەتی ستراتیژی ئەمریکا نییە و هۆکارەکانی کەمکردنەوەی گرنگییەكەی بەو جۆرە خستووەتەڕوو:
وزە: ستراتیژەکە دەڵێت، بەهۆی زیادبوونی بەرهەمهێنانی وزە لە ناوخۆی ئەمریکا، «هۆکاری مێژوویی ئەمریکا بۆ سەرنجدانە سەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو کەمبوونەوە دەچێت».
ململانێ: ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، بانگەشەی ئەوە دەکات کە ململانێ و توندوتیژی لە ناوچەکەدا بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، وەک ئاماژەدان بە ئاگربەستی غەززە و هێرشەکەی سەر ئێران لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا.
دۆسییەی کەنداو
ستراتیژیی سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ وڵاتانی کەنداو وەك (سعودیە و ئیمارات)، لەسەر بنەمای دیپلۆماسی و بازرگانی و هاوبەشیی ئابووری و پاراستن و بەرگریی دامەزراوە، ستراتیژەکە جەخت لەسەر ئەو رێککەوتنە گەورانە دەکاتەوە، کە دۆناڵد ترەمپ لە گەشتەکانی ساڵی 2025دا لەگەڵ وڵاتانی کەنداو ئیمزای کردوون، دەرفەت دەداتە قەبارەیەكی مەزن لە وەبەرهێنانی دەرەكیی بە تێچووی ملیارەها دۆلار، بەتایبەتی لە بواری تەکنۆلۆژیا و بەرگریدا.
کۆتاییهێنان بە سەرکۆنەکردن، یەكێكە لە گرنگترین ئەو هەنگاوە نوێیانەی كە ستراتیژی نوێی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا رەچاوی كردووە، واتە دۆناڵد ترەمپ بەڵێن دەدات کە چیتر وڵاتانی کەنداو لەسەر پرسی مافەکانی مرۆڤ و شێوازی حوکمڕانی «سەرکۆنە» نەکات، بەمەش پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی راستەوخۆ و بازرگانی چڕ دەکاتەوە.
زیاتر لەوە پاراستنی رێڕەوی کەشتیوانی خاڵێكی گرنگی ناو ستراتیژەكەیە كە پابەندبوونی ئەمریکا بە پاراستنی رێڕەوی کەشتیوانی و گواستنەوەی وزە لە گەرووی هورمز و دەریای سوور وەك بەرژەوەندییەکی ستراتیژی جیهانیی دووپات دەکاتەوە.
دۆسییەی عیراق
ســــــــتراتیژەکـــــە بـــــەشـــــێوەیـــــەکی چاوەڕواننەكراو دۆسییەی عیراق پشتگوێ دەخات، ئەمە بەواتای گۆڕانکارییەکی گەورە لە ستراتیژی نوێی ئەمریكا دێت، لەم بارەیەوە ستراتیژە نوێیەكە جەخت لە کۆتاییهێنان بە دەستتێوەردان دەكاتەوە، بەم پێیە ستراتیژەکە کۆتاییهێنان بە سەردەمی دەستتێوەردانی سەربازی و گۆڕینی رژێم لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست رادەگەیەنێت. ئەمە ئاماژەیەکی روونە بۆ کەمکردنەوەی بەرپرسیارێتی ئەمریکا لە ئاسایشی ناوخۆی عیراقدا، لە لایەكی ترەوە پاشەکشەی ستراتیژیی هەنگاوێكی ترە، بەو واتایەی لەبری تێوەگلان لە کێشە ناوخۆییەکانی عیراق، ئەولەویەتی ئەمریکا دەبێتە رێگریکردن لە کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە و سەرچاوەکانی لەلایەن هێزە دوژمنكار و ركابەرەكانەوە، ئەمە دەکرێت ببێتە هۆی پاشەکشەیەکی بەرچاو لە هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق و گواستنەوەی بەرپرسیارێتی ئاسایش بۆ حکومەتی عیراق و هێزە هەرێمییەکان.
دۆسییەی ئێران و ئیسرائیل
ستراتیژەکە بە شێوەیەکی بەرچاو هەڕەشەی ئێران کەم دەکاتەوە و بە کێشەیەکی کۆن وەسفی دەکات، کە بە شێوەیەکی گشتی پەراوێزخراوە، لە پرسێكی وەها هەستیاردا ستراتیژە نوێیەكە بەتەنها جەخت لە پاراستنی رێڕەوی کەشتیوانی گەرووی هورمز دەکاتەوە.
لەلایەكی ترەوە پابەندبوونی ئەمریکا بە دڵنیابوون لە «پارێزراوی ئیسرائیل» وەک بەرژەوەندییەکی سەرەکی دەمێنێتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، ستراتیژەکە، ئیسرائیل وەک بەشێک لە هاوبەشییە ئابووری و تەکنۆلۆژییەکانی ناوچەکە دەبینێت، نەک وەک خاڵی سەرەکیی تێوەگلانی سەربازیی ئەمریکا.
رەخنە و خاڵی لاواز
ســـــتراتیژی نوێی ئاســــــــــایشی نیشتمانیی ئەمریكا سەرەڕای روونی و جەختکردنەوەی لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە، چەندین خاڵی لاواز و رەخنەی لەسەرە بۆ كێشە ئاڵۆز و هەستیارەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لە سەرەتاوە بانگەشەی دابڕان لە واقیع و بانگەشەی ستراتیژەکە بۆ کەمبوونەوەی ململانێ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست سەرەكیترین ئەو رەخنانەیە كە رووبەڕووی بووەتەوە، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە گرژییەکان لە دەریای سوور و لوبنان بەرزن.
دروستکردنی بۆشایی ئەمنی و سیاسیی لە عیراق «لابردنی فایلی عیراق» و کەمکردنەوەی بەرپرسیاریی ئەمریکا لەم وڵاتەدا، دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی بۆشاییەکی ئەمنی، کە رکابەرەکانی ئەمریکا یان گروپە توندڕەوەکان پڕی بکەنەوە.
لاوازکـــــردنی هـــــاوپەیمـــــانییەکـــــان، جەختکردنەوەی زۆر لەسەر «ریالیزمی نەرم» و کەمکردنەوەی گرنگی هاوپەیمانان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، رەنگە ببێتە هۆی لاوازبوونی هاوپەیمانییە مێژووییەکان و دروستبوونی بۆشاییەک کە رکابەرەکانی ئەمریکا وەک چین و روسیا پڕی بکەنەوە.
جێبەجێکردنی سیاسەتێکی دیپلۆماسی بازرگانی (Commercial Diplomacy) کە کەمتر بایەخ بە بەهاکان و زیاتر بایەخ بە بەرژەوەندییە راستەوخۆکان دەدات، سەرەڕای ئەوەی ئەم ستراتیژە رەنگە بۆ ماوەیەکی کورت ئارامی بۆ ئەمریکا بهێنێت، بەڵام رەخنەگران پێیانوایە کە دابڕانە لە واقیعی ناوچەکە و رەنگە لە درێژخایەندا ببێتە هۆی سەرهەڵدانی هەڕەشەی گەورەتر بەهۆی پشتگوێخستنی دۆسییە هەستیارەکانەوە.