پۆلیسی ئەخلاق و پرۆسەی گەشەی ژیاریی
ئەگەرچی لە كۆماری میللی چین دامەزراوەیەکی نیشتمانیی بە ناوی پۆلیسی ئەخلاق نییە، كە چاودێریی پەیوەندیی کەسی، یان شێوازی ژیانی تاک بكات، بەڵام دەوڵەت کاریگەریی لەسەر رەفتاری رۆژانەی خەڵک هەیە. لە وڵاتی چین، یاسا و رێسای شارەوانی، رێنمایی گشتی و پڕۆگرامەکانی بەشارستانیكردنی كۆمەڵگە بەشێکن لە شێوازی حوکمڕانی. بەم پێیە پۆلیسی ئەخلاق وەسفێکی گشتییە بۆ ئەو جۆرە چاودێری و رێکخستنەی وڵاتەكە گرتوویەتیەبەر. لە نموونەیەكی زیندوودا رێسای بەرەوپێشبردنی رەفتاری شارستانی كە بە رێسای پێکینگ لە 2020دا ناسراوە، رەفتارەكانی وەك تفکردن، خۆڵ فڕێدان، خواردن لەناو میترۆ، فڕێدانی شت لە بەرزاییەوە بە رەفتاری ناپەسەند ناودەبات و هەندێکیان سزای یاساییان بۆ دیاریکراوە و هەندێک رەفتاری ئەخلاقییان کردووەتە ماددەی یاسایی.
لێرەدا ئەگەرچی هەندێک رێسا بە تەندروستی و پاکوخاوێنیی گشتی پەیوەستن، بەڵام پرسیارەكە لێرەدایە کە کێ بڕیار دەدات کام رەفتار شارستانییە و سزاکە چۆن و كێ دەریدەكات؟ دەزگای (چێنگوان)، كە ئەركی جێبەجێکردنی یاسای کارگێڕیی شارە و ئەرکیان جێبەجێکردنی هەندێک رێسای کارگێڕیی ناتاوانکارییە، وەک رێکخستنی فرۆشتن، پاکوخاوێنی، ژینگە و هاتووچۆ. هەرچەندە لە کاری رۆژانەدا سنووری نێوان رێکخستنی شار، سزادان و چۆنیەتیی مامەڵە لەگەڵ خەڵک روون نییە. ئەم سیاسەتانە پەیوەندییان بە چەمکی چینیی (دەژ)، واتە حوکمڕانی بە رەوشت هەیە. لە فەلسەفەی کۆنفوشیۆسیدا رەوشتی باش پەیوەندیی بە ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگە و نموونەی فەرمانڕەواییەوە هەیە. سوزان ترڤاسکەس لە توێژینەوەیەكدا ساڵی 2024 باس لە هاوکاریی سێ شێوازی حوکمڕانی دەکات: حوکم بە یاسا، حوکم بە رەوشت و خۆڕێکخستن. ئەم تێکەڵکردنە بەڵێنی کۆمەڵگەیەکی رێکوپێک دەدات، لە هەمانکاتدا دەرفەتی دەوڵەت فراوان دەکات بۆ ئەوەی پێناسەی مەترسی و رەفتاری ناپەسەند دیاریی بکات.
سنووری نێوان ئاسایش، رەوشتی گشتی و ئازادیی تاک
بۆ هەڵسەنگاندنی فەلسەفی ئەم جۆرە سیاسەتە، پرسیار ئەوە نییە کە پاکوخاوێنی، ئارامیی شەقام و پاراستنی خەڵک شتێکی باشن یان نا؛ بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە کە تاوەكو چەند دەسەڵات دەتوانێت بە ناوی چاكەی گشتی لە ژیانی تاکەکاندا دەستێوەردان بکات. رێسای قەبارەیەکی سنووردار، وەک فڕێنەدانی خاشاک، یان پاراستنی سەلامەتیی خەڵک لە شوێنی گشتی، دەتوانێت بەرگرییەکی ئەخلاقی و یاسایی بكات؛ چونکە زیانەکە راستەوخۆیە و رێساکە بۆ هەمووان دیارە، بەڵام کاتێک پێناسەی رەفتاری باش لە کردەوەیەکی زیانبەخشەوە دەگوازرێتەوە بۆ بیرکردنەوە، باوەڕ، پەیوەندیی کەسی، یان جیاوازیی کەلتوری، ئەوا دەسەڵات لە پاراستنی خەڵکەوە دەگوازرێتەوە بۆ داڕشتنی شێوازی ژیانیان. لێرەدا بیرۆکەی میشێل فوکۆ یارمەتیدەرە، لە شیکارییەکانی ئەودا، چاودێری تەنیا سزادانان نییە؛ کاتێک مرۆڤ هەست بکات هەمیشە چاودێری دەکرێت، وردە وردە خۆی رێکدەخات و رەفتاری خۆی دەگونجێنێت. لەم روانگەیەوە، رێسای شارستانی و لیستی رەفتاری دروست دەتوانن خەڵک بەبێ هێزی راستەوخۆش بخەنە ژێر فشاری گشتی و چاودێریی ناوخۆیی. ئەمە خۆی بە تەنیا بەڵگەی سەرکوت نییە؛ بەڵام هۆشدارییەکە لەوەدایە کە هێڵی نێوان رەزامەندیی کۆمەڵگە و ناچارکردنی سیاسی باریک دەبێت، بەتایبەتی ئەگەر پێناسەی ناڕەوشت لە گفتوگۆی گشتی و دادگای سەربەخۆدا نەخاتە بەر پشکنین.
لەگەڵ ئەوەشدا راپۆرتی هیومان رایتس وۆچ لە 2019دا سیستمی دیجیتاڵی پۆلیسی شینجیانگی تاوانبار دەكات بەوەی زانیارییە کەسییەکان کۆدەکاتەوە و هەندێک رەفتاری ئاسایی، یان یاسایی، وەک بەکارهێنانی هەندێک ئامرازی پەیوەندیی پارێزراو، بەخشینی پارە بە مزگەوت، یان وانەوتنەوەی قورئان بە بێ مۆڵەت، وەک نیشانەی گومانلێکراو تۆمار دەکات. راپۆرتەکە دەڵێت ئەم دۆخە بە تایبەتی لەسەر موسڵمانانی دیکەی زمانی شینجیانگ کاریگەریی هەبووە و مافەکانی تایبەتمەندیی، جووڵە و ئایین دەخاتە مەترسییەوە. ئەمە چاودێریی ئاسایش و کۆنترۆڵی سیاسییە، نە تەنیا چاودێری کردەوەکانی رۆژانە؛ بۆیە تێکەڵکردنی ئەم دوو شتە هەم وردیی شیکاری لەناودەبات و هەم رەنجی ئەو کۆمەڵگەیانە بە کەم دەگرێت.
لە هەمانکاتدا، هەر قسەیەک لەسەر چین نابێت بە یەک پێوەر بڕوات. رێسای شارستانیی پێکینگ، ئەرکی چێنگوان و چاودێریی دیجیتاڵیی شینجیانگ جیاوازن لە رووی یاسا و ئامانجەوە، بەڵام لە هەموویاندا پرسیاری ئەوەش هەیە: دەسەڵات چۆن سنووری نێوان رێکخستنی پێویستی ژیانی هاوبەش و چاودێریی زیاتر دیاری دەکات؟ بۆ وەڵامدانەوە، تەنیا تەماشای ناوی یاسا، یان ئامانجی فەرمی ناکرێت؛ پێویستە بزانرێت سزا چۆن جێبەجێ دەکرێت، کەس چۆن دەتوانێت بڕیارێک تاقی بکاتەوە، داتا تا چەند دەپارێزرێت و گروپە لاوازەکان بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت یان نا.
لە کۆتاییدا، (پۆلیسی ئەخلاق لە چین) باشترە وەک کێشەیەکی گەورەی حوکمڕانیی کۆمەڵگە تێبگەین، نەک ناوی هێزێکی تاک و یەکگرتوو. لە لایەکەوە رێکخستنی هاتووچۆ، پاکوخاوێنی و سەلامەتیی گشتی بەرژەوەندیی هاوبەشە، لە لایەکی دیکەوە ئەگەر دەوڵەت خۆی بێ پشکنین دیاریی بکات کە چی رەوشتە، کێ مەترسیدارە و کام جیاوازییە نابەجێیە، رێکخستن دەکرێت ببێتە ئامرازی خۆسەپاندن. پێوەری دادپەروەری ئەوەیە کە رێسا روون، سنووردار و بۆ هەمووان یەکسان بێت؛ سزا لەگەڵ زیانەکە بگونجێت؛ تاک مافی سکاڵا و پاراستنی تایبەتمەندیی خۆی هەبێت و دەوڵەتیش لەبەرامبەر ئەو خەڵکەی حوکمیان دەکات بەرپرسیار بێت. ئەگەر ئەم پێوانانە نەبن، بانگەشەی ئەخلاق دەتوانێت بەجێی رەوشتی هاوبەش، ببێتە زمانێک بۆ دەرخستنی دەسەڵات.