سەرۆک مام جەلال لە ماوەی حەوت دەیەی تەمەنی سیاسیی خۆیدا، دەیان هەڵوێستی گەورەی لەبواری جیاجیادا هەبووە، کەسێکی کەم وێنە بووە، بەندە باسی دوو هەڵوێستی دەکەم کە پەیوەندیی بە بڕوای پتەوی مام بوو بە ئازادی هونەرمەند و روناکبیرانەوە، لە ساڵی 1982 تیپی مۆسیقای شەهید کارزان لە شاخ دامەزرابوو، لە رووی پەیوەندیی ئورگانیی حزبییەوە سەر بە ناوەندی راگەیاندن بوو، ئەگەرچی بەشی زۆری ئەندامەکانی لە ئۆرگان و بارەگاکانی تر پێشمەرگە بوون.
 لەڕێی راگەیاندنەوە داوای کارێکیمان لێکرا، تیپ رازی نەبوو بیکات، لەسەر ئەو هەڵوێستە بە بڕیاری هەڤاڵ جیگری سکرتێری گشتی و لەسەر ئەوەی تیپ لە قسەی حزب دەرچووە! مامۆستا دلێر ئیبراهیم سەرپەرشتیاری تیپ و کاک ئاراس ئیبراهیم، دەستبەسەرکران و لەسەر ئەو هەڵوێستە، ئەندامانی تری تیپ بڕیاری هەڵپەساردنی کارەکانی تیپیاندا.
 پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستبەسەرکرنەکە، ژمارەیەک ئەدیب و نووسەر کە ئەوانیش هەندێکیان پێشمەرگە بوون و هەندێکیشیان هەر لە شاخ بوون، سەردانی هەڤاڵ جێگری سکرتێری گشتییان کرد و کێشەکە چارەسەرکرا و پاش چەند سەعاتێک کاک دلێر و کاک ئاراس گەڕانەوە بارەگای تیپ، سەرۆک مام جەلال بەم رووداوەی زانیبوو بڕیاریدا کە کۆبوونەوە لەگەڵ ئەندامانی تیپ بکات، ئەوەبوو رۆژی دواتر هەموومان لە زەڵێوە بەرەو بارەگای مام لە خڕی نێوزەنگ کەوتینە رێ و بەلای ناوەندیی کۆمەڵەدا رۆیشتین، رەحمەتیی مامۆستا جەمال تاهیر لەبەردەم بارەگاکەدا وەستابوو، لای ئەو وەستاین و پاش چاک و چۆنی وتی: خێر بۆ کوێ دەچن؟، وتمان دەچین بۆلای مام، داوای کردووین بۆ کۆبوونەوە بۆ ئەو مەسەلەیە، وتی زۆر چاکە منیش دێم و لە تەرەفی ئێوە دەبم، نێوان بارەگای ناوەندیی و ماڵی سەرۆک مام سی مەترێک بوو، گەیشتینە ئەوێ، مام وەک پیشەی هەمیشەیی میواندۆستانە لەناو دەرگاکەدا پێشوازی لێکردین و دانیشتین، پاش بەخێرهاتن وتی: باش بوو مامۆستا جەمالیش هاتووە با ئەو حەکەم بێت (مام بە زیرەکیی و وریایی خۆی زانیی کە مامۆستا جەمال لەتەرەفی ئێمە ئەبێت).
 ئێمە بڕیارمان دابوو وەک پەیرەویش مامۆستا دلێر لەجیاتی هەموومان قسە بکات، هەرچەندە هەندێکمان هەر سەرنج و رای خۆمان دەربڕی، کاک دلێر قسەی کرد، دواتر مام قسەی خۆی کرد و رای خۆی راشکاوانە دەربری، لەکۆی گفتوگۆ و راگۆڕینەوەکاندا هەندی گرژی دروست بوو، سەرۆک مام دوو جار توڕەبوو، سەرەنجام مام دوو سێ وەرەقەی بەردەم خۆی کە شتی لەسەر نوسیبوو دڕاندنی و وتی: لێرەوە لاپەڕەیەکی سپی هەڵدەدەینەوە، ئێوە هونەرمەندن، ئازادبن، دڵنیاین کە هونەرەکەتان لە خزمەت نەتەوەکەمان و مەسەلە رەواکەیدا دەبیت، مامی خۆتان و یەکێتیش پشتگیر و هاوکارتان دەبین، دەشزانم هەمووشتان پیشمەرگەی دلسۆز و بەئەمەکن، بڕۆن بە ئازادی کاری خۆتان بکەن. ها ئەوە سەد دیناریش سبەینێ لە لای خۆتان دەعوەتی ئێوە دەبم و چەند کەسێکی تریش دێنم، دوایی وتی: ئەو پارەیە کەمە ها ئەوە بیست و پینج دیناری تریش. هەرواش بوو بۆ سبەی خۆی و چەند بەڕێزێک هاتن و بوونە میوانمان. 
ساڵی 1983 سرودەکەی یەکێتی - مەشخەڵان - تازە ئاوازی بۆ دانرابوو، مام لەڕیی یەکێتیی هونەرمەندانی کوردستانەوە داوای کردبوو کە تیپی مۆسیقای شەهید کارزان تۆماری بکەن، ئەو داوایە لەڕێی کاک فەرەیدون دارتاشەوە کە سەرۆکی یەکێتیی هونەرمەندانی کوردستان بوو - زۆربەی زۆری ئەندامانی تیپیش ئەندامی یەکیتیی هونەرمەندان بووین - گەیشتە تیپ. تیپ دوای گفتوگۆیەکی چڕ لەبەر سێ هۆکار رازی نەبووین تۆماری بکەین و وەڵامەکەمان دایەوە بە کاک فەرەیدون، لەو سێ هۆکارە دوو هۆکاری بە سەرۆک مام جەلال گوترا، مام نە توڕە بوو، نە هیچ قسەیەکی وایکرد کە ئێمە دڵگران بین و ئەو هەڵویستەی خۆی جارێکی تر دووپات کردەوە، کە وتی ئێوە ئازادبن لە کارکردندا، بە پێچەوانە هاوکاری و پشتگیری بۆ تیپ زیاتر بوو.
 هەزاران سڵاو لە گیانی سەرۆک مام جەلال، رابەری کوردایەتی و سونبولی ئازادی و دیموکراسی.
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە
شوان کەریم کابان
سەروەریی وەری
شوان کەریم کابان
پێشــــمەرگــــە
شوان کەریم کابان
وەرزی خۆ کۆکردنەوەیە!

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved