هەمیشە گوتراوە، قسەکردن ئاسانە، بەڵام کارکردن و جێبەجێکردنی بەڵێن و گفتەکان و راستی وتن قورسە! سەردەمانی زوو، لەبەر ئەوەی ئامرازەکانی گەیاندن و پێراگەیشتن کەم بوو یان هەر نەبوو، خەڵک راستییەکانی نەدەزانی و ئەگەر بیشیزانیایە، یان کەم، یان زۆر درەنگ دەیزانی.
دەیان رووداو و بەسەرهات تێدەپەڕی، کەس نەیدەزانی، بەڵام ئێستا وانییە، ئامرازەکانی گەیاندن، بەکلاسیک و نوێوە وایلێهاتوە هیچ شتێک شاراوە نییە، بەتایبەت سۆشیال میدیا نهێنی و بابەتی شاراوەی نەهێشتوە، ئەگەرچی بابەتی ناڕاست و هەڵبەستراویشی تێدایە، بەڵام رۆڵێکی بەرچاو دەبینێت لە گەیاندنی هەواڵی هەمە جۆر. 34 ساڵ بەسەر راپەڕیندا و 33 ساڵیش بەسەر دامەزراندنی حکومەتدا تێپەڕیوە، بە ساڵانی شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەییشەوە. لەو ماوەیەدا کار و هەڵسوکەوت و هەڵوێستی هەموولایەک دیار و لەبەرچاو بووە، خەڵکی کوردستان هەموو شتێکیان بەچاو بینیوە، راستەوخۆش نەیاندیبێت، لە تەلەڤزیۆن بینیویانە، لەرادیۆ بیستوویانە، لە رۆژنامە و گۆڤار خوێندویانەتەوە، یاخود لە سۆشیال میدیا.
هەر حزب ولایەنێک بێ جیاوازی بە شان و باڵی خۆیدا هەڵبدات و خۆی گەورە بکات و ئەوانی تر بچووک بکاتەوە و هەرچییەک بووە و کراوە بیکا بە موڵکی خۆی، بۆی ناچێتە سەر و کەس بڕوا ناکات!
یەکێتی باسی حوکمڕانییەک دەکات کە خزمەتکاری هەموو خەڵک بێت و جیاوازی لەنێوان شارەکاندا نەکات و نادادپەروەر نەبێت، بەم هۆکارەشە کە تا ئێستا بەشداریی لە پێکهێنانی حکومەتی نوێدا ناکات
بێگومان هەموو کەسێک دەست خۆشی لە کار و هەڵوێستی باش دەکات. تەمەنی هەرێم و حکومەتەکەی و رووداوەکانی، هێندە کۆن نین بووبن بە بیرەوەری و کەس هیچی بیر نەمابێت. هەموومان خۆشیی و ناخۆشییەکانمان لە بیرە. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک حزبێکی سەرەکی لە کوردستان و عیراقدا، کار و هەڵوێستەکانی دیارن و شتی شاراوەی نییە و نەبووە و هەر هەنگاوێکی لەهەر بوار و ئاستێکدا نابێت، بە ئاشکرا و بێ ترس و دڵەراوکێ بووە. نموونە زۆرن، سەرۆک مام جەلال، بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە کوردستان، بە یەک ئۆتۆمبێل چووە سەری رەش و پاش ئەوە هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی دەستیپێکرد. یەکێتی لە دوو ئیدارەییدا، لە نەبوونی داهات و بودجەدا، نەیدەهێشت مووچەی مووچەخۆران دوابکەوێت و دەیان پرۆژەشی دەکرد، چونکە باوەڕی بە خزمەتکردنی خەڵک بووە و بەردەوامیشە.
لە پرۆسەی ئازادیی عیراقدا یەکێتی بێ دوودڵی، لەگەڵ هاوپەیمانان بەشدار بوو کە بە قازانجی گەلەکەمان کەوتەوە.
لەهەڵبژاردنی ساڵی 2009ی پەرلەمان، یەکێتی بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵک و بەرقەرارکردنی سەقامگیری، لەگەڵ پارتی بە یەک لیست بەشداریی هەڵبژاردنی کرد. لە شەڕی داعشدا، درێژترین و قورسترین بەرەی شەڕ ئەو بەرەیە بوو کە سەنگەری هێزەکانی یەکێتی لێ بوو، زیاتر لە هەزار شەهیدیشی بەخشی.
لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوتدا، سەرۆک مام جەلال بڕوای وابوو کە لەڕێی کۆمپانیای فرۆشتنی نەوتی عیراقەوە ساغ بکرێتەوە تا هەرێم لەبری ئەوە بەشە بودجەی تەواوی خۆی وەربگرێت.
لەو بارەیەوە لە کۆبونەوەیەکیدا لەگەڵ فراکسیۆنی سەوزی پەرلەمان لە هەولێر لە ساڵی 2011، وتی: ئەگەر هەرێم نەتوانێت پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ بەغداد بەپێی دەستوور رێکبخات و هەنگاوی لابەلا بنێت، مەترسیی زۆرە کە بەغداد بودجەی هەرێم ببڕێت، سەرەنجام هەرواش بوو.
یەکێتی وتی: باشترین چارەسەر رێککەوتنە
لەگەڵ سەرهەڵدانی کێشەی مووچە و بودجە، یەکێتی راشکاوانە وتی، باشترین چارەسەر رێککەوتنە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، کۆتاییەکەشی هەروا کەوتەوە.
لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، ئەوە سەرۆک مام جەلال بوو ساڵی 1993 لە سەردەمی سەرۆکایەتی تورگوت ئوزال، دەستپێشخەریی کرد و بەردی بناغەکەیان پێکەوە دانا و ئێستا وا وردە وردە تەلاری ئاشتی بنیات دەنرێت. ئەوە یەکێتی بوو هەر لە شاخەوە بە بڕیار و پشتگیری و چاودێری سەرۆک مام جەلال ئازادیی رادەربڕین و کاری ئازادیی سیاسی و رێکخراوەیی، وەک دروشمێکی کارپێکراو و سەرپێخراو هەڵگرت و کاری پێدەکات و دەڤەری دەسەڵاتی یەکێتی شاهیدی ئەو راستییەن، تەنانەت لەم سنوورە وەکیلەکانی دابەشکردنی خۆراک، کە فۆرمی خۆراکیان لا ساغ دەبێتەوە، رێکخراوی خۆیان هەیە! کە یەکێتی باس لە رۆڵی گرنگی ژنان و گەنجان لە پێشخستنی کۆمەڵگە و لەنێو کایەی حزبیدا دەکات، ئەوە بەراستێتی و ئەوە سەرکردایەتی حزبەکە و ئۆرگانەکانی و نوێنەرەکانی لە حکومەتدا، ئەو راستییە دەسەلمێنن.
کاتێک یەکێتی باسی کوردستانیبوون و چوار پارچەی کوردستان دەکات، هەڵوێستەکانی لەبەرامبەر هەموو بەشەکانی کوردستان هەڵوێستی بەرزی نەتەوەیی و نیشتمانین و لەسەر ئەوەش باجی زۆری داوە.
یەکێتی باسی حوکمڕانییەک دەکات کە خزمەتکاری هەموو خەڵک بێت و جیاوازی لەنێوان شارەکاندا نەکات و نادادپەروەر نەبێت، بەم هۆکارەشە کە تا ئێستا بەشداریی لە پێکهێنانی حکومەتی نوێدا ناکات.
کاتێک سەرۆکی یەکێتی لە بەغداد وەک ئەرکی خۆی هەوڵی چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد دەدات، ئەوە سەلمێنەری ئەوەیە کە بەغداد سەنتەری چارەسەری کێشەکانە بەپێی دەستوور.
بۆیە هەر چییەک بوترێ لە دژی یەکێتی، کەس نە بڕوای پێدەکات و نەڕەواجیشی دەبێت و خەڵکی کوردستان باش دەزانن یەکێتی کە بە لیستی 222 بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقە، هەڵوێست و بەرنامەکانی واقعین و لەبەرژەوەندیی خەڵکن و دروشمی زل و بریقەداری بێبنەما هەڵناگرێت.
بەشداریی جەماوەری یەکێتی لە کەرنەڤاڵەکاندا، مژدەی سەرکەوتنی لیستەکەیەتی