پێش 35 ساڵ، بەر لە چەند رۆژێک لە کۆتایهاتنی مانگی شوبات، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە سەرکردایەتیی فەرماندە و هێزی پێشمەرگە و رێکخستنەکانی ناو شار و مەفرەزە پارتیزانەکان و سەرجەم ئۆرگانەکان، سەرقاڵی جێبەجێکردنی هەنگاو بە هەنگاوی پلانی راپەڕین بوون، ئەو کاتانە سەرقاڵی خۆئامادەکردنی تەواوەتی و چاوەڕوانی سەعاتی سفر بوون.
راگەیاندن هەموو کادرەکانی ببونە کادر و کارمەندی ئێزگەی دەنگی گەلی کوردستان. ئێزگە کە کرابوو بە دوو تیم، 41 مەترییەکە و  75 مەترییەکە، ئەم ناونانەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دوو فریکوانسییەی ئەو دوو ئامێری پەخشە کاریان لەسەر دەکرد. 
ستافی 41 مەترییەکە کەمتربوون کە نزیکەی 10 کەس دەبوون و ستافەکەی تر دوو هێندە دەبوون.  بەر لە نزیکەی 10 رۆژ لە راپەڕین، هێزی پێشمەرگە نزیک شارەکان لە ئامادەباشیدا بوو، رێکخستنەکان و سوپای رزگاریی کوردستان سرک، لەناو شارەکان بەتایبەتیش سلێمانی، ئەرکی خۆیان پێسپێردرا بوو ، مەفرەزە پارتیزانەکان، ئەرکی خۆیان دەزانی، ئێزگەش بە هەردوو گروپەکەیەوە لەکاردا بوو. 41 مەترییەکە چووبووە گوندی زەڵێ لە نزیک بارەگاکەی رەحمەتی کاک نەوشیروان بارگەی خستبوو،  75 مەترییەکە لەسەقز پەخشی دەکرد، هەردوو ئێزگەکە بەدوای یەکدا رۆژانە نزیکەی 10 سەعات پەخشیان دەکرد، 41 مەترییەکە بە رۆژ و 75 مەترییەکە لە ئێوارەوە. 
بەرنامەکانی هەردوو ئێزگەکە بریتی بوون لە: بانگەواز بە کوردی بۆ خەڵکی کوردستان، بۆ چەکدارەکانی سەر بە رژێم، بانگەواز بە عەرەبی بۆ ئەفسەر و سەرباز و پیاوانی رژێم و خەڵکی عیراق، رێنمایی بۆ خەڵک تا لەکاتی پێویستدا چۆن هەڵسوکەوت بکەن، گوتاری جۆراوجۆر، هەواڵی ناو کوردستان و عیراق، بروسکەی جفرە کراو بۆ مەفرەزە پارتیزانەکان و رێکخستنەکان و مەفرەزەکانی سرک ، سروود و گۆرانی. هەموو ئەمانە رۆژانە پەخش دەکران. لەهەمووی گرنگتر پەخشی هەردوو ئێزگەکە راستەوخۆ بوو، لەکاتێکدا پێشتر بەرنامەکان تۆمار دەکران و ئەمجا پەخش دەکران.
ئەو رۆژانە هەموو بە گوڕ و تینێکی لەرادەبەدەرەوە، بە ئۆمێدێکی گەورەوە بە سەرکەوتن، بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە ئەرکەکانمان جێبەجێدەکرد و بڕوای تەواویشمان بە بەرنامە و پلانی حزبەکەمان هەبوو، لەوەی راپەڕین بە هاوکاریی جەماوەری کوردستان و حزبەکانی نێو بەرەی کوردستانی، دەستپێدەکات وسەریش دەکەوێت. هەرواش بوو رۆژی 5-3-1991، راپەڕین لە رانیەی دەروازەوە چەخماخەی لێداو و هەموو گوتمان: سڵاو راپەڕین .

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved