سەرەوەریی لەمانا سادەکەیدا، دەسەڵاتی باڵای رەهای تەواوەتی دەوڵەتە لەسەر وڵات و هاووڵاتیان، لە بەرێوەبردنی کاروبارەکان بە ئازادی و بێ دەستتێوەردانی دەرەکی.
گرنگترین مەسەلە بۆ هەر وڵاتێک، سەروەرییە، هەر پایەیەک یان بنەمایەکی نەبێت، ئەو وڵاتە وەکو کورسییەک دەبێت کە قاچێکی شکابێت! بۆنموونە: سنوور، ئەگەر سنوور بەدەست دەوڵەتەوە نەبێت، ئەوا دەرگای وڵات کراوەیە و هەر چییەک، هەرکەسێک، هەر هێزێک بیەوێت بە ئاسانی دێت و دەچێت. ئاسمان، ئاسمانی وڵات گرنگە، چەتری پاراستنە کە لەدەست خۆتا نەبێت، ئەوە کارەساتە. دەسەڵاتی جموجۆڵی سوپا و هێزی چەکدار، ناکرێت دەوڵەت نەتوانێت هێز بجوڵێنێت و پرس بەلایەکی تر بکات!
ئاو: ئاو سەرچاوەی ژیانە کە لەدەست خۆتا نەبوو، ترسناکە و بەزەحمەت دەتوانیت ئاوی پیویست دابین بکەیت. 
داهات و پارە: گەورەترین مەترسی بۆ سەر وڵات ئەوەیە، پارەو داهاتی خۆی دەوڵەتێکی تر لای خۆی گلیباتەوە و چکە چکە بە ویست و ئارەزووی خۆی بتداتێ. بڕیاری سیاسی، ناکرێت دەوڵەت نەتوانێت بڕیارێک بدات بێ پرسی لایەک و رازی بوونی، ئەگەر وابکات تووشی سزا ببێت.                                                                            ئەم پێشەکییە درێژەم، بۆ ئەوەبوو بێمە سەر ئەسڵی مەبەست و بڵیم: هەموو ئەوەی گوتم عیراق دەگرێتەوە! عیراق نەئەرزی نە ئاسمانی نە ئاوی نە سنووری نە بڕیاری، نە پارەی بەداخەوە هیچی بەدەست خۆی نییە!                                         پارەی فرۆشتنی نەوت دەچێتە بانکی فیدراڵی ئەمریکا و ئەمریکا نەیەوێت، پارەی ناداتێ. 
ئاسمانی عیراق بەدەست ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەتی، هیچ فڕۆکەیەکی عیراق ناتوانێت بفڕێت ئەمریکا رازی نەبێت ، ئەمریکا چۆنی بوێت ئاوا ئاسمان بەکار دێنێت. 
لەشەڕی 12 رۆژەی ئەمریکا - ئیسرائیل و ئێران و قۆناغی دووەمی شەڕەکەش، ئاسمانی عیراق رێڕەوی ئەو فڕۆکانە بوون کە دەچوون بۆ بۆردومانی ئێران، تەنانەت ئەو فڕۆکانەی بەنزینیان دەدا بە فڕۆکە بۆمب هاوێژ و شەڕکەرەکان، لە ئاسمانی عیراق دەسووڕانەوە. 
لەبارەی بڕیاری سیاسییەوە، دوو نموونەی زۆر دیار و زەق هەن، یەکەم،  بۆ دانانی سەرۆک وەزیران، دەبێت لانیکەم ئەمریکا و ئێران رازی بن! دووەم، کاتێک عادل عەبدولمەهدی سەردانی چینی کرد و بڕیاربوو رێککەوتنی 20 ساڵەیان لەگەڵدا ئیمزا بکات، بە پیلانی نەیارانی عەبدولمەهدی هەڵایەکیان لە بەغداد و شارەکانی تری عیراق دروستکرد بۆ گوشار خستنە سەر عەبدولمەهدی بۆ دەست لەکارکێشانەوەی و سەرەنجام دەستی لەکار کێشایەوە و رێککەوتنەکەی چینیش نەکرا. ئاوی عیراق ئەگەر دراوسێکانی خێری پێنەکەن بەتایبەتیش تورکیا، بێ ئاو دەبێت. 
جگە لە ئەمریکا هێزی تورکیا لەناو خاکی عیراقدا جێگیربووە،  هەندێک دەوڵەتی کەنداو بەزەقی دەستیان لە نێو عیراقدایە. ئێستاش کە عەلی ئەلزەیدی سەردانی فەرنسا و ئەڵمانیا دەکات و چەندین رێککەوتن لە بوارە جیاجیاکاندا ئیمزا دەکات، بەدڵنییاییەوە رێنمایی کراوە، ئەی بۆ نەچۆوە بۆ چین؟ بەم پێیە سەروەریی عیراق وەریوە! بەداخەوە ئەم سەروەرییە لەدەستچووەی عیراق، بۆ هەرێمیش وایە!
وتارەکانی تری ئەم نوسەرە
شوان کەریم کابان
پێشــــمەرگــــە
شوان کەریم کابان
وەرزی خۆ کۆکردنەوەیە!

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved