یەکێک لە هەرە سیما جوان و تەندروستەکانی دیموکراسی، بوونی حزب و بزووتنەوەی جیاواز و ئۆپۆزسیۆنە. لەو وڵاتانەی لە مێژە دیموکراسییان دەستەبەر کردووە، حزب، یاخود هاوپەیمانیی ناو دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، هەردووکیان بە ئاراستەی خزمەتی وڵات کاردەکەن، بێ ئەوەی دەستبەرداری بەرنامە و دیدی خۆیان ببن. ئەمە جگە لەوەی لە زۆر وڵات، حزب و بزووتنەوە رکابەرەکان، هێندە زۆر نین گرفت بۆ یەکتر و وڵاتیش دروستبکەن. لە ئەمریکا دوو حزب رکابەرن، لە بەریتانیا جاران هەر دوو حزب بوو، ئێستا بووە بە سیان. سوید و ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەشێکی تری وڵاتانی ئەوروپا، هەر چەند حزبێک رکابەری یەکتری دەکەن بۆ وەرگرتنی دەسەڵات.
ئەمە لە کوردستان زیاترە و لە عیراق زیاتر لە 250 حزب بەشداربوون لە دوایین هەڵبژاردندا. دیارە هەمووشیان ناچنە نێو دەسەڵاتەوە و دەبنە ئۆپۆزسیۆن و بەشێکیشیان ئۆپۆزسیۆنێکی سلبی- نێگەتیڤ دەبن کە لەجیاتی چاککردن خراپی دەکەن. بەداخەوە ئەزموونی هەندێک لە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستان، ئەزموونێکی تاڵە، لەگەڵ رێزمدا بۆیان، لەبری ئەوەی بەشداربن و ببنە گوشار لەسەر حکومەت و دامودەزگاکانی بۆ نەهێشتنی کەموکوورتییەکان، خۆیان بوونەتە گرفت و کێشە.
هەندێک لەو ئۆپۆزسیۆنانە پێیانوابوو بە ئاژاوە نانەوە و گرفت دروستکردن، دەسەڵات دەگرنە دەست، 17ی شوباتی 2011 بە نموونە، وەختێک 60 رۆژ ژیان و کاسبییان لە شاری سلێمانی پەکخست، لە کاتێکدا بارەگای حکومەت و وەزارەتەکان لە هەولێر بوون، بەشێک لە ئۆپۆزسیۆن شێوازێکی سەیر و نوێی ئۆپۆزسیۆنبوونی پیادە دەکرد، بۆ نموونە: پەرلەمان لە گفتوگۆی بودجەی ساڵی 2012دا پرۆژەی دروستکردنی چەند وێستگەیەکی گواستنەوەی تەزووی کارەبای تێدا بوو، پەرلەمانتارێکی ئۆپۆزسیۆن لە قسەکردنەکەیدا وتی: ئەو وێستگانە بۆ تەندروستیی مرۆڤ خراپن، نابێ دروستبکرێن! کەسێکی سەر بە ئۆپۆزسیۆن لەبەردەم مایکرۆفۆنی یەکێک لە کەناڵەکاندا وتی: بە منداڵەکانمم وتووە نە کارەبا بکوژێننەوە و نە ئاو بگرنەوە، بەڵکو ئەم حکومەتە بڕوخێ!
لەهەمووی سەیرتر، ناڕەزایی و بایکۆت و کەمپین و خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ئەو ئۆپۆزسیۆنانە، هەمووی تەنها لە سنووری شاری سلێمانی و راپەڕین و گەرمیان و هەڵەبجە و شارەزوور و چەمچەماڵ و دوکان بوو!
تەنانەت جارێک چەند پەرلەمانتارێکی ئۆپۆزسیۆن، لە شاری هەولێری پایتەختەوە کە پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم و ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتەکانی لێیە، هاتنەوە بۆ سلێمانی بۆ بەشداریی لە خۆپیشاندان لە دژی دواکەوتنی مووچە.
بەدرێژایی 13 ساڵ، ئەو ئۆپۆزسیۆنە بەڕێزانە دەیان خۆپیشاندانیان لەو شوێنانە دروستکرد کە پێشتر ئاماژەمان پێدان، نەیانتوانی یەک گردبوونەوە لە پایتەخت یان لە دهۆک بکەن! ئەو ئۆپۆزسیۆنانە، بەداخەوە لەم سنوورە لە خۆپیشاندانەکانیاندا بوونە هۆی دروستبوونی دۆخی نەخوازراو و قوربانییان لێکەوتەوە، ئەمە وێڕای زیان گەیاندن بە ماڵ و گوزەرانی خەڵک و دامودەزگا حکومییەکان و پەکخستنی ژیان و گوزەرانی خەڵک. هەندێک لە پەرلەمانتارەکانیان، تا جارێک بەرێکەوت باسی پارتییان دەکرد، 100 جار ناوی یەکێتییان دەهێنا و هەندێکیان هەر بە سنووری یەکێتییەوە گرتبوویان! سەیر لەوەدایە پاش چوار ساڵ لە دژایەییکردنی دەسەڵات، یەکێک لەو ئۆپۆزسیۆنانە خۆی بەشداریی کرد لە دەسەڵاتدا و تا ئێستاش بەردەوامە!
ئێستا هەندێک لە ئەندامی ئەو ئۆپۆزسیۆنە کۆنانە، بە بەرگ و ناوی ترەوە هاتوونەتەوە مەیدان و دەیانەوێت وەک جاری جاران ئەو رۆڵە ببینن کە جگە لە زیانگەیاندن بەم دەڤەرەی باسمان کرد، هیچ قازانجێکیان نابێ و بەپێچەوانەوە قازانج بە ئەجێندای لایەنی تر دەگەیەنن کە نایانەوێت ناوچەکە بە ئارامی و سەقامگیریی بمێنێتەوە.
وەک لەسەرەتادا گوتمان، بوونی ئۆپۆزسیۆن، حاڵەتێکی پێویست و تەندروستە، بەڵام ئەم جۆرە ئۆپۆزسیۆنەی ئاماژەمان پێدا، ئۆپۆزسیۆنیش و حزبایەتی و حوکمڕانی و دیموکراسییش ناشیرین دەکات و جگە لەزیان هیچی لێ سەوز نابێت.