لەنێو تەپوتۆز و بۆنی بارووتی جەنگێکی نەگریسی ماڵ وێرانکەر لە ناوچەکە، لەم رۆژانەدا یادێک دەکەینەوە کە لە ئاست یادەکانی دروستبوونی دەوڵەتەکەی شێخ مەحمود و کۆمارەکەی کوردستانی شەهید قازیدایە، یادێک سیلەی رەحمی هەموومان دەچنەوە سەری، جگە لە خائینان و دوژمنانی ناوخۆی گەلەکەمان.
راپەڕین جگە لەوەی بەرهەمی یەکگرتوویی و رق و حەزی تۆڵەی پەنگخواردووی دەیان ساڵەی گەلەکەمان بوو لەبەرامبەر ئەو هەموو زوڵم زۆر و کوشتار و ناهەقییەی دەرهەقی کرابوو، لە هەمانکاتدا بەرنامە و پلانی حزبێکی دووربین بوو کە سەرۆک مام جەلال رابەرایەتی دەکرد و یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی حزبەکانی بەرەی کوردستانی بوو لە کاتێکی چارەنووسسازدا. 
لەوانەیە هەندێک کەس هەبن بڵێن، جا چی هاتۆتەدی لەو هەموو ویست و خواستەی گەلەکەمان لەپێناویدا راپەڕی؟ ئەی ئەو هەموو کەموکوڕییەی لە کوردستاندا هەن؟ زۆر راستە، زۆر شتی گرنگ ماوە بێتەدی، بەڵام یادکردنەوە و پەند و عیبرەت وەرگرتن لە رووداوە گرنگ و بەرجەستەکانی مێژووی گەلەکەمان، سوودی خۆی هەیە. 
بۆ نموونە: یەکگرتویی ئەوسای حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە بەرەی کوردستانیدا، بۆخۆی دەستکەوتێکی گەورەبوو، لەویش مەزنتر، یەکدەنگی و یەک هەڵویستیی جەماوەری  گەلەکەمان و گردبوونەوە لە دەوری بانگەوازی راپەڕین لە پاڵ حزبەکاندا. 
ئێستا گەلەکەمان یەک هەڵوێستییەکی وەک سەردەمی راپەڕینی لە حزبەکانی کوردستان دەوێ بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخەی ئێستا، بێ زیان، یان هیچ نەبێت بە کەمترین زیان. 
دەبێت هەنگاو بە هەنگاو ئەو متمانەیە بنیاتنرێتەوە کە جەماوەری گەلەکەمان بە حزبەکانی ئەو کاتەی بەرەی کوردستانییان هەبوو، دواتریش بە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بەرهەمی راپەڕین بوو، راستە ئەرکێکی قورسە، بەڵام بە بەخۆدا چوونەوە و بە دەستنیشانکردنی کێشە و کەموکووڕییەکان و چارەسەرکردن و نەهێشتنیان و پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزاری خزمەتکار و بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و نەمانی خۆسەپاندن، دەتوانرێت بهێنرێتەدی.
ئەو رۆحییەتی لەخۆبوردەییەی سەردەمی راپەڕین لەنێو جەماوەری گەلەکەماندا هەبوو، بەهۆی کێشە و گرفتەکانی چەند ساڵی رابردووەوە، کەمتەرخەمی حکومەتی هەرێم لە بەدیهێنانی خواستەکانی خەڵک و کێشەی نەبوونی مووچە و شەفافییەت و نادادی، ئێستا لاواز بووە، یاخود هەر نەماوە. 
ئێستا پێویستە هەموومان بگەڕێینەوە بۆ ئەو رۆحییەتە، بۆ هەستی قووڵی خۆشەویستیی کوردستان، بۆ پەیوەندییەکی پتەو لەگەڵ نیشتماندا، بۆ ئەو رایەڵەیەی بە توندی گرێمان دەداتەوە بەیەکەوە و ئەو بڕوایەی کە هەموومان یەک چارەنووسمان هەیە.                                               دەبێت هەردەم یادی راپەڕین، یادی یەکبوونی گەلەکەمان بەرز و پیرۆز بمێنیتەوە. لەم یادەدا، سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی راپەڕین و سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان .

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved