گەلێکی ژێر دەستەی ماف خوراوی وەک ئێمە، مەعلومە ژیانیشمان جیاوازە لەو میللەتە خودا بێداوانەی کە 55 هەزار کەسن و دەوڵەتیان هەیە وەک دورگەکانی فارو! 
ئەمە بەکەم سەیرکردن نییە، بەڵام وەک نموونە هێنراوەتەوە. عیراق 100 ساڵە دەوڵەتیشە، هێشتا لە زۆر لایەنەوە ئێمە لەو باشترین جگە لە مووچە! باشی و خراپی بەرهەمی کرداری مرۆڤەکانن، لە هەموو سوچێکی ئەم دونیایەش هەروایە و ئەم حاڵەتە تایبەت نییە بە جێگایەکی دیاریکراوەوە.
با بێینە سەر ئەسڵی مەسەلەکە، لێرە دیموکراسییەکەمان ناخۆش کردووە، لەهەرێمێکی بچووکدا، دەیان حزب و بزووتنەوە و گروپ دروستبوون و بەشدارن لە هەڵبژاردنەکان، راستە ئەمە مافێکی رەوای سیاسییە و هەم دەستووری عیراق و هەم رەشنووسی دەستوورەکەی خۆمان کە پەتای دیموکرسییەکەمان نەیهێشت لە دایک ببێت، ئەو مافەیان سەلماندووە. 
هەندێک هەن پێشتر پەرلەمانتاری لایەنێک بوون، ئێستاش لەشوێنی تر پاڵێوراون!
یان چەند خولێک پەرلەمانتار بووە و بۆ ئەم خولەش پاڵێوراوە! 
بزووتنەوە هەیە لە رقدا دروستبووە، هەیە بە هاندانی لایەنی تر، هەیە هەر بۆ ناو، هەشە لەو ئەندامانە دروستبووە کە لەم حزب و لە و بزوتنەوەیە جیابوونەتەوە، بزووتنەوەش هەیە بۆ کاسبی !                                  
ئەوەی جێی داخ و دڵگرانییە، ئەم حزب و بزووتنەوە و گروپانە، لەکاتی هەڵبژاردندا، لەگەڵ رێزدا، هەم دروشمی قەبە هەڵدەگرن، هەم قسەی زلیش دەکەن و ئەگەر قەراریش بێت دەنگ بهێنن، کورسییەک یان دوان یان شتێ زیاتر! باشە ئەم بەڕێزانە چییان پێدەکرێت؟ هەندێک بەڕێز هەن لە ساڵی 2008 ەوە قسە دەکەن، سێ خولە پەرلەمانتارە، هێندەی باریکیی موویەک قازانجی نە بە هەرێم گەیاندووە نە بە خەڵکەکەی! ئێستاش بەشدارە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقدا! 
هەشە کورد وتەنی دەستەکەی هەم لە هەرێم، هەم لە بەغداش  کەشف بووە، کەچی واز ناهێنێ و رۆژانە تۆمەت
بە ملا و ئەولادا دەبەخشێتەوە.
لەلایەکی ترەوە، هەندێک هەن پێشتر پەرلەمانتاری لایەنێک بوون، ئێستاش لەشوێنی تر پاڵێوراون! بەڕێز هەیە چەند خولێک پەرلەمانتار بووە ئەم خولەش پاڵێوراوە! لایەن هەیە پاڵێوراوەکانی خزم و کەسی یەکترن! 
بەداخەوە ئەمە بارودۆخی دیموکراسییەکەی لای خۆمانە، مەعلومیشە ئەو لایەن و بەڕێزانە خەڵک هەیە لەبەر هەر هۆکارێک بێت دەنگیان پێ دەدات و سەرەنجام دەنگەکانیان دەفەوتێت، چونکە ئەو چەند بەڕێزەی دەردەچن، لە بەغداد جگە لە بوونیان لە پەرلەمان، ناتوانن هیچ کاریگەرییەکیان هەبێت.      
ئەوەی پێویستە لەسەر هاووڵاتیانی کوردستان، بەدیقەت و بە وردی نوێنەرەکانی خۆیان هەڵبژێرن و بزانن ئەوە کاندیدی چ لایەنێکە کە دەنگی پێ دەدەن و لە بەغداد دەبێتە دەنگی ئەوان و داکۆکی لە مافەکانی ئەوان و خەڵکی کوردستان دەکات و دەبێتە نوێنەرێکی راستەقینەیان.
 راستییەکەی ئەوەیە، بێ پێچ و پەنا بڵێین: باشترین بژاردە بۆ جەماوەری گەلەکەمان ئەوەیە، دەنگ بدەن بە پاڵێوراەرکانی لیستی 222، لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە دەبێتە دەنگی هەموو گەلەکەمان لە بەغداد و لەسەنگەری هەرە پێشی پێشەوەی تێکۆشاندا دەبێت بۆ دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان .

بابەتی زیاتر

Copyright © 2024. Hoshyary.com. All right reserved