سالی 1938 لە شاری میونشنی ئەڵمانیا کۆبوونەوەیەک لە نێوان ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا و ئیتالیادا کرا، بە ئامادەبونی ئەدۆلف هێتلەر و ئیدوارد دالادیە و نیڤیل چامبرلن و بینیتۆ مۆسۆلۆنی، بەمەبەستێ گوێگرتن لە داواکارییەکانی ئەڵمانیای نازی و بەرگرتن لە تەماعکارییەکانی هێتلەر و رێگری لە هەڵگیرسانی ئاگری جەنگ! دەرەنجامی کۆبوونەوەکە بەخشینی ناوچەی سۆدێتی سەر بە چیکسلۆڤاکیا بوو بە ئەڵمانیا کە پێشتر سەر بە نەمسا بوو، ئەم کۆبوونەوەیە بە خیانەتی -میونشن- ناوی دەرکرد لەبەر ئامادە نەبوونی خاوەن مافەکە و نەشبووە هۆی بەرگرتن لە جەنگ و بگرە لە ساڵی 1939دا، ئەڵمانیا چیکی داگیرکرد و چووە پۆڵەنداشەوە و جەنگی دووەمی جیهان هەڵگیرسا.
ساڵی 1963، کۆنگرەی ئاسایشی میونشن بەسترا! بیرۆکەی بەستنی ئەم کۆنگرەیە لەلایەن ئیڤان فۆن کلایس - ی ئەندامی ئەو شانەیەی هەوڵی تیرۆرکردنی ئەدۆلف هێتلەری دا و زانای ئەتۆمیی ئەمریکایی ئیدوارد تیلەرەوە داڕێژراو لە هۆتیلی - باریشاهۆڤ - لە میونشن کۆبوونەوە و بووە سەرەتایەک بۆ دەستپێکردنی ئەم کۆنگرەیە. کۆنگرەی ئەمساڵی میونشن 2026، شەست و دووهەمین بوو، بەناوەکەیدا دەبوو لە 1963ەوە ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری بهێنێت بۆ جیهان، بەڵام بە پێچەوانەوە! لە بەستنی کۆنگرەی یەکەمدا، چەند ساڵێک بوو جەنگی فەرەنسا و ڤێتنام هەبوو لە ساڵی 1965، کاتێک فەرەنسا بە شکستخواردویی لە ڤێتنام پاشەکشەی کرد، ئەمریکا پەلاماری ڤێتنامی داو تا 1975 لە ڤێتنامدا مایەوە و بە شکست پاشەکشەی کرد.
لەماوەی دەیان ساڵ شەڕی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش بووە، لەگەڵ شۆرشەکانی خەڵکی کوردستان، جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و بەریتانیا لەلایەک و میسر لەلایەکی تر لەساڵی 1956، دوو جەنگی گەورە لە نێوان وڵاتانی عەرەب و ئیسرائیلدا روویدا (1967 و 1973)، جەنگی نێوان فەلەستینییەکان و ئیسرائیل ئەگەر بە پچر پچریش بووبێت، جەنگی یەکێتی سۆڤیەت و ئەفغانستان، جەنگی عیراق - ئێران، جەنگی داگیرکردنی کوێت و دواتر رزگارکردنی کە بە جەنگی دووەمی کەنداو ناسراوە، جەنگی ئەمریکا بەناوی ناتۆوە دژی یۆگسلاڤیا، جەنگی ئەمریکا و ئەفغانستان کە 22 ساڵی خایاند، جەنگی بۆسنە و هێرزۆگۆڤینا، جەنگی روخاندنی رژێمی سەدام، جەنگی فۆکلاند، شەڕ و ئاژاوە و نائارامییەکانی بەناو بەهاری عەرەبی لە میسر و تونس و لیبیا و سوریا، جەنگی یەمەن لەنێوان سعودیە و ئیمارات و بەهاوپەیمانێتی ئەمریکا و بەریتانیا و میسر و کوێت و سودان و پاکستان لەگەڵ حوسییەکانی یەمەن، شەڕی حەماس و ئیسرائیل و حوسییەکان، شەڕی 12 رۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، شەڕی ئازربایجان و ئەرمینیا، شەڕی روسیا و توندڕەوەکانی چیچان و جەنگی ئێستای روسیا لەلایەک و ئۆکراین و ناتۆ لەلایەکی ترەوە و چەند وردە شەڕێکی تر.
ئەم جەنگ و شەڕانە کە روویانداوە و هەن، چەندین ملیۆن کەسی تێدا کوژراو و برینداربووە و سەدان ملیار دۆلار زەرەریان گەیاندووە و ناسەقامگیری و نائارامییان بەدوای خۆیاندا هێناوە و لەکاتێکدا بوون کە ساڵانە کۆنگرەی ئاسایشی میونشن بەستراوە.
ئەوەی جێی سەرنج و پرسیار و سەر سوڕمانە، کۆنگرەیەک کە ناوەکەی ئاسایشێکی گەورە و گرانی پێوەیە و سەرکردەی وڵاتانی جیهان تێیدا بەشدارن، ناتوانێت بەر لە شەڕ و جەنگ بگرێت و سەقامگیری بەرقەرار بکات، ئیتر پێویستیی بوونی لە چیدایە؟