هیوادارم ئەم بۆچوونەی بەندە، پێش رووداوەکان کەوتن نەبێت و بۆچوونەکەم بێتەدی.
لەم ناوچەیەی ئێمە، هاوپەیمانیی دوو قۆڵی و سێ قۆڵی و چەند قۆڵی زۆر کراوە و هیچیان نەک مەبەستی پێکهێنانەکەیان جێبەجێ نەکرد و نەپێکاوە، بەڵکو دواییش بوونەتە گرفت و کێشەش! بۆنموونە، حیلفی بەغداد کە بە حیلفی سەنتۆ ناسرا بوو لە نێوان عیراق و تورکیا و بەریتانیا و پاکستان و ئێران، دژی یەکێتیی سۆڤییەتی جاران بوو، پاش سێ ساڵ کودەتاکەی عەبدولکەریم هەڵیوەشاندەوە!
وەحدەی عەرەبی: ئەم یەکێتییە نموونەی زۆرە، پاڵەوانەکانی عیراق، سوریا، میسر، لیبیا، ئوردن و چەند وڵاتێکی تری عەرەبی بوون. ئەمانە دوو دوو یان سێ سێ یەکێتییەکیان دادەمەزراند و دوای دوو سێ ساڵ هەڵدەوەشایەوە و دەکەوتنە وێزەی یەکتر.
دروستکردنی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداویش کە لە ترسی جەنگی عیراق - ئێران دامەزرا. تا ئێستا دوو رۆڵی دیارە، یەکەمیان: یارمەتیدانی عیراق لە جەنگی ئێراندا، دووەمیان خەرجکردنی زیاتر لە دوو ترلیۆن دۆلار لەو فەوزایەی ناونرا بەهاری عەرەبی و تێکدانی لیبیا و میسر و سوریا و عیراق و دروستکردنی چەندین گروپی ئیسلامیی توندڕەوی چەکدار لە ناوچەکەدا.
ئەنجومەنی هاریکاری عەرەبی کە لەکاتی جەنگی عیراق ئێراندا لە نێوان عیراق و میسر و ئوردن و یەمەندا دامەزرا، بەرهەمی ئەم هاوپەیمانێتییە بەکوشتدانی چەند هەزار میسرییەک بوو لە بەرەکانی جەنگ و تەقاندنی تۆپ بوو لەلایەن مەلیک حسێنی رەحمەتییەوە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا!
ئەوەی ئێمە مەبەستمانە هاوپەیمانییەکەی نێوان پاکستان و سعودیە و تورکیایە کە هاوپەیمانییەکی سەربازییە، گومانی تێدا نییە هەم پاکستان لە رووی سەربازییەوە بەهێزە و خاوەنی چەکی ئەتۆمییە، هەم تورکیاش ئەندامی ناتۆیە و وڵاتێکە خاوەنی پیشەسازییەکی پێشکەوتووی سەربازییە و بەهێزیشە.
ئەسڵی هاوپەیمانییەکە بۆ پاراستنی سعودیەیە گوایە دیفاعییە. ئەوەی جێی سەرنجە چەند هەفتەیەکە جەنگ هەڵگیرساوە لە نێوان سعودیە و هاوپەیمانەکانی لەلایەک و حوسییەکان لەلایەکی ترەوە لە یەمەن، پاش بوردومانکردنی فڕۆکەخانەی سەنعا لەلایەن سعودیەوە دەستیپێکردووە، پاش شکاندنی ئاگربەستی نێوان هەردوولا دوای شەش ساڵ شەڕ، لەنێو یەمەندا حوسییەکان سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە و گەرووی بابولمەندەبیان گرت و تا نووسینی ئەم بابەتە سێ چوار کیلۆمەتریان ماوە بگەنە نێو شاری تەعز پاش گەمارۆدانی، لەنێو سعودیەشدا زەرەر و زیانێکی زۆریان بە دامەزراوە نەوتی و فرۆکەخانە و سەربازگەکان گەیاندووە و تەنانەت بۆری نەوتی رۆژهەڵات - رۆژئاوا کە دەچێتە بەندەری یەنبوع و بە ستراتیژیترین بۆری نەوتی سعودیە دادەنریت، مووشەک باران کرد و لە کاریان خست و بەشێکی بەرچاوی فرۆکەخانەکانی سعودیە کەوتوونەتە بەر رەحمەتی مووشەک و درۆنی حوسییەکان.
ئەمە وایکردووە، سعودیە هاواری لێهەستێت و هاوپەیمانییەکەش جگە لە ناڕەزایی، هیچ هەڵوێستێکی کرداریی لێ نەبینراوە، دیارە هاوپەیمانییە سێ قۆڵییەکەی جەماعەت وەک خەنجەرەکەی کابرا وایە، بۆ کاتی تەنگانەیە!