کاتێک سەرۆک مام جەلال، بیرۆکەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستانی لا گەڵاڵە بوو، لای هەڤاڵەکانی درکاندی، ئەو ژمارە تێکۆشەرە بیرۆکەکەیان پەسەند کرد و یەکێتی بەیاننامەی دامەزراندنی راگەیاند و پاش ساڵێک لە یادی دامەزراندنیدا، شۆڕشی نوێی هەڵگیرساند.
یەکێتی بە حزبی رەنجدەرانی بیر و بازوو ناسرا بوو و ئێستاش هەروا ناسراوە.
بازوو، وەک کرێکار و جووتیار و کاسب، بیریش، وەک خوێندەوار و نووسەر و رووناکبیر و هونەرمەند و خوێندکار و مامۆستا و هتد...
لە شارەکان رێکخستنەکان، کوڕ و کچ و ژن و پیاو بوون، لە هەموو چین و توێژەکان، سەدانیشیان لە زیندانەکانی بەعسدا بەهۆی یەکێتیبوونەوە، قایم کران و گیانی خۆیان بەخشی. لە شاخیش، پێشمەرگەکانی، نوێنەری هەموو چین و توێژەکان بوون. هەزاران کرێکار و جووتیار و دەرچووی زانکۆ و پەیمانگە و مامۆستا و ئەندازیار و دکتۆر، لە ریزەکانیدا بوون، هەزارانیشیان شەهیدبوون.
لیستی 222 نوێنەری هەموو خەڵکە و ئامانجی سەرەکیی داکۆکیکردنە لە مافە رەواکانی خەڵکی کوردستان لە بەغداد
ئێستاش هەر لەسەر هەمان رەوتە، سەدان هەزار ئەندام و لایەنگری ئەم حزبە، نوێنەری سەرجەم چین و توێژەکانن و لە هەموو ئاستەکاندان، لە هەڵبژاردنیشدا نوێنەرەکانی کچ و کوڕ و ژن و پیاوی ئەو چین و توێژانەن.
کە لە وێنەی کاندیدەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ورد دەبیتەوە کە بە لیستی ژمارە 222 بەشدارە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقدا، لە رۆڵە و نەوەی شەهیدانەوە تیایەتی تا کچان و ژنان و دکتۆر و ئەندازیار و یاساناس و ئابووریناس و کەسانی ئیداری و پیاوانی ئایینی و کەسایەتی کۆمەڵایەتی.
ئەمەش جارێکی تر سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە لیستی 222 نوێنەری هەموو خەڵکە و ئامانجی سەرەکیی داکۆکیکردنە لە مافە رەواکانی خەڵکی تەواوی کوردستان لە پەرلەمانی عیراق لە بەغداد.