بەندە لە هەر بابەتێکدا کە نووسیبێتم و مەسەلەکە ئەمریکا بووبێ، جەختم لەوە کردووەتەوە ئەمریکا وڵاتێکی پێشەنگە لە زانست و هونەر و تەکنۆلۆجیا و بواری تر، لەهەمان کاتیشدا عەقڵییەتێکی داگیرکارییانەی ئیستیعماری و فراوانخوازی هەیە و لەو پێناوەشدا سڵ لەهیچ ناکاتەوە.
لە راگەیاندندا لە شاخ، چ لە بابەت و بەرنامەکانی ئیزگەی دەنگی گەلی کوردستان، چ لە چاپ و بڵاوکردنەوە، جگە لە بابەتە سیاسییەکانیی پەیوەست بە عیراق و کوردستان، گرنگییەکی زۆر دەدرا بەو دەستەواژە و وشانەی کە بۆ خەباتی گەلەکەمان هەم گرنگ بوو بزانرێن و هەم خەونمان پێوە ئەدی و لە دونیای رۆژئاوا بەتایبەت گرنگی زۆریان هەبوو، وەک دیموکراسی و مافی مرۆڤ و مافی گەلان و ئاشتی و ئازادی و تا دوایی. دوای راپەڕینیش بەهۆی گەشەکردنی میدیا و ئامرازەکانی، قسەکردن لەسەر ئەم بابەتانە و گرنگییان و پابەندبوون پێیانەوە، پانتاییەکی گەورەی لە بابەت و بەرنامەی کەناڵە جیاوازەکانی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا داپۆشی، بەتایبەتیش کە دروشمی سەرەکی یەکێتیی: ئاشتی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ، مافی چارەی خۆنووسینە. لە راستیشدا سەرۆک مام جەلال و سەرکردایەتی یەکێتیی و کادر و فەرماندە و جەماوەرکەشی بڕوای تەواویان بەم دروشمە مەرکەزییە هەبوو و هەیە، بەڵام ئایا ئێستا لەم دونیایەدا، لەم سەردەمە نوێیەدا لە سیاسەتکردن و پاراستنی بەرژەوەندییەکان بە هەموو رێگایەکی نایاسایی، ئەم وشە و دەستەواژانە، لەو رۆژئاوا و ئەمریکایەی کە دەیان ساڵە بە نەتەوە و میللەتانی فەقیر و بێدەسەڵاتی وەک ئێمەی ئەفرۆشنەوە، مانایەکی ئەوتۆیان ماوە؟ نەخێر! لە ڕێڕەوی جێبەجێکردنی سەروەریی خۆیان و پاراستنی بەرژەوەندی خۆیان، هیچ بەهایەکیان نەماوە و هەموویان رۆژانە پێشێل دەکرێن. نموونە زۆرن و مرۆڤ نازانێت لەکوێوە دەست پێ بکات.
لەو هەڵایەوە دەست پێدەکەین کە ناونرا بەهاری عەرەبی و بە پیلانی ئەمریکا و ئەوروپا و بەپارەی وڵاتانی عەرەبیی کەنداو و هەندێ وڵاتی تر نرایەوە. تونس کە بە نموونەی وڵاتێکی عەرەبیی پێشکەوتووی باکووری ئەفریقیا ئەژمێردرا، رووداوێکی ناخۆشی خۆکوشتن کرا بە بیانوو بۆ دەستپێکردنی خۆپیشاندان، بەهاندانی دەرەکی و دواتر بە رۆیشتنی زین ئەلعابدین بن عەلی قۆناغی یەکەم کۆتاییهات و کابرایەکی ئیسلامی سیاسی کە لە فەرەنسا دادەنیشت، هێنایانەوە بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات، بەڵام خەڵکی تونس لەوە وریاتربوون، وڵاتەکەیان تەسلیمی دیموکراسیی بە زۆر نەکرد. دوای ئەوە نۆرەی میسر و لیبیا هات. لە میسر بە پشتیوانی دەرەکیی، ئیخوانەکان کەوتنە نمایش و کەناڵی ئەلجەزیرە ببووە قسەکەری رەسمیی و پاش زنجیرەیەک خۆپیشاندان و توندوتیژی، حوسنی موبارەک دەستی لەکار کێشایەوە و دواتر هەڵبژاردنێک کرا و محەمەد مورسی بووە سەرۆکی میسر. لێرەش میسرییەکان لە مەسەلەکە تێگەیشتن و مورسییان لادا و خستیانە زیندانەوە و وڵات چووەوە سەر سکەی خۆی. لە لیبیا، حکومەتەکەی موعەمەر ئەلقەزافی، بەپلانی ئەمریکا و فەرەنسا و هەندێ وڵاتی تر، خۆپیشاندان و پشێوی دروست کرا – لە فیلمی 13 سەعات، سەربازە نهێنییەکانی بەنگازی – بە ئاشکرا باس لە رۆڵی ئەمریکا دەکات، ئەگەر چی دواتر کونسولخانەکەی ئەمریکا لە بەنگازی دەکەوێتە بەر هێرشی چەکدارە ئیسلامییەکان و دەسووتێنرێ و کونسلیش دەکوژرێ. لەم وەزعەی لیبیادا، سوپای وڵاتانی ئەوروپا - هێزی ئاسمانی و کۆماندۆ - بەئاشکرا بەشداربوون و دەگوترێ موعەمەر قەزافی لەلایەن مەفرەزەیەکی کۆماندۆی فەرەنسییەوە گیراوە و دراوەتە دەست ئەو لیبیانەی کوشتیان. گوناهی لیبیا وەک هەموو سەرچاوە و چاودێران و راستییەکان دەیسەلمێنن ئەوەبوو کە قەزافی دەیویست یەکێتییەکی ئەفریقایی هاوشێوەی ئەوەی ئەوروپا پێک بهێنرێت و پارەی تایبەتی خۆی هەبیت و لە دەست ئەوروپا و ئەمریکا رزگاری بێت. ئێستاش بارودۆخی لیبیا دیارە کە بووەتە چەند ناوچەیەکی دەسەڵات و پڕ لەئاژاوە. لە سوریا، پرۆفیسۆر جیفری ساکس کە ئابووریناس و شیکەرەوەیەکی شارەزا و مامۆستای زانکۆی کۆلومبیایە، لە دیداری دیپلۆماسی ئەنتالیا دوو ساڵ لەمەو پێش، گوتی: ئەوەی لە سوریا 2011 دەستی پێکرد و دواتر بە راکردنی ئەسەد کۆتایی هات، شۆڕش نەبوو. بڕیاری پێشوەختە درابوو لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیل و بڕیارەکەش لە ئۆرشەلیم درا. لەم بەناو شۆڕشەی سوریادا، زیاتر لە 40 گروپی ئیسلامیی چەکدار بەشداربوو، بەشێکی زۆریان لە دەرەوەی سوریا هێنرابوون. ئەمریکا 11 بنکەی سەربازی لەنێو سوریا هەبوو. تورکیا چەند شارێکی باکووری سوریای گرتبوو. دەیان ئەفسەری چەند وڵاتێکی لێبوو کە مەشقیان بە چەکدارەکان دەکرد. سەرەنجام ئەم دەوڵەتەی ئێستای سوریا دروست بوو کە ئەحمەد ئەلشەرع سەرۆکێتی و لە عیراق لە زیندانەکانی سوپای ئەمریکا زیندان بوو، دواتریش چووەوە سوریا و بووە سەرۆکی گەورەترین گروپی چەکدار. ئەمریکا 10 ملیۆن دولاری بۆ سەری دانابوو! لەهەموو ئەو رووداو و ئاژاوانەی ناونرا بەهاری عەرەبی، دەیان هەزار کەس بوونە قوربانی و زەرەر و زیانێکی گەورە بە ژێرخانی ئابووری ئەو وڵاتانە کەوت. لەو بارەیە حەمەد بن جاسم بن جەبر ئال سانی وەزیری پێشووی دەرەوەی قەتەر کە وڵاتەکەی و سعودییە و ئیمارات دەورێکی ترسناک و تێکدەرانە دەبینن لە ناوچەکەدا، دەڵێت: وڵاتانی کەنداو دوو ترلیۆن و سێسەد ملیار دۆلاریان لە بەهاری عەرەبیدا سەرف کرد! دیار و مەعلومە بە فەرمانی کێ ئەمەکرا.
لە ئەوروپا کە زۆر لەسەر دیموکراسی و ئازادی و مافی مرۆڤ قسە دەکرێت، دوو سێ نموونە دەهێنمەوە. یەکەمیان: هەڵاکەی ویکلیکس نایەوە لە بڵاوکردنەوەی هەزاران بەڵگەی نهێنی کە پەردەی لەسەر کاری نایاسایی ئەمریکا هەڵدایەوە، ئەمەش دەچووە چوارچێوەی مافی هاووڵاتیان لە بە دەستهێنانی زانیاری، بەڵام جۆلیان ئاسانج خاوەنی پێگەی ویکلیکس تۆمەتێکی بۆ دروستکرا و لەسوید گیرا. دواتر نێردرایە لەندەن و ئێستا لە باڵوێزخانەی ئوکوادۆرە لە لەندەن. لە فەرەنسای شۆڕش و ئازادییەکان، لەبەر ئەوەی حزبەکەی ماری لوپپین - حزبی کۆمەڵەی نیشتمانیی راستڕەو، خەریکە دەبێتە رکابەری حزبی دەسەڵات، حکومەتی فەرەنسا خەریکی دوزینەوەی رێگایەکە بۆ رێگرتن لەو حزبە. لە ئەڵمانیا کە هۆکاری هەڵگیرسێنەری هەردوو جەنگی یەکەم دووەمی جیهانە و بوونە هۆی کوژرانی دەیان ملیۆن کەس و وێرانبوونی دەیان وڵات و زیانی ئابووری دەیان ترلیۆن دۆلار، حزبی جێگرەوە لەپێناو ئەڵمانیا کە هەفتەی پێشوو لە هەلبژاردنی ناوخۆیی ویلایەتی ساكسونيا ئینهالت زیاتر لە ٪43 دەنگەکانی بەدەست هێنا، فریدریتش میرتس راوێژکاری ئەڵمانیا، لەبەردەم کامێرا و رۆژنامەنووساندا رایگەیاند: دەکرێت حزبی جێگرەوە لەپێناو ئەڵمانیادا قەدەغە بکەین لەبەر ئەوەی توندڕەوە!.
لە ئەمریکا، نموونە زۆرە و تەنیا بەشێکی باس دەکەین، ئەمریکا لەساڵی 2001 ەوە بە بیانووی جیاجیاوە چووتە پێنج جەنگەوە، تەنیا لە ئەفغانستان 22 ساڵ مایەوە، لەهەموو ئەو جەنگانەدا دەیان ترلیۆن دۆلار زەرەری لەخۆی و ئەوانیتر داوە، سەدان هەزار کەس بوونەتە قوربانی و خۆشی تووشی زەرەری گیانیی زۆر بووە. لە هەموو ئەو جەنگانەدا پاراستنی مافی مرۆڤ لە مۆڵەت بووە! لەهەمووی سەیرتر سوپاکەی خۆی بەدەر کردووە لە لێپرسینەوەی یاسایی لەلایەن دادگا نێودەوڵەتییەکانەوە لەسەر تاوانی جەنگ. سەیرتریش ئەوەیە ئەمریکا دژی دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکانە و سزای بەسەر چەند دادوەرێکیدا سەپاندووە! لەبەرئەوەی ئەمریکا بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان تومەتبار کردبوو. لەناو ئەمریکاش لە هەڵبژاردنی پێشووی سەرۆکایەتی ئەمریکا کە جۆ بایدن سەرکەوت، لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ پەلاماری بینای کۆنگریسیان دا و داگیریان کرد و لە رووبەڕووبوونەوەکاندا چەند کەسێک کوژران و پۆلیس سەرانی پەلامارەکەیان گرت و پاش دادگاییکردن، بەندکران. کاتێک دوناڵد ترەمپ لەم خولە نوێیەی سەرۆکایەتیدا بردییەوە، پاش ماوەیەک بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ تاوانبارەکان دەرکرد!
لەپاش بڕیاری داخستنی سنوورەکانی ئەمریکا و دەرکردنی ئەو پەنابەرانەی نایاسایین، خۆپیشاندان لە ژمارەیەک ویلایەتی ئەمریکا دەستی پێکرد، ترەمپ فەرمانی دا بە پۆلیس کە بەتوندی رووبەڕووی خۆپیشاندەران ببنەوە و دواتر سوپا چووە نێو ئەو شارانە و لە رووبەڕووبوونەوەکاندا چەندین کەس کوژران. دوا نموونە لەسەر دیموکراسیەتەکەی ئەمریکا، ئەو بانگەوازەی ترەمپە کە لە گردبوونەوەی حزبەکەیدا بۆ ئامادەکاری هەڵبژاردنی تەواوکاری کۆنگریس وتی: هەر کەس دەنگمان پێبدات پێنج هەزار دۆلاری دەدەینێ! هەر بەڕاستی نموونەی دیموکراسییەت ئەمەیە! بەداخەوە هەموو ئەو دەستەواژە گرنگ و پیرۆز و جوانانە ئاوها لەبەر بەرژەوەندی ئەو زلهێزانە بێ ئەهمییەت و ناشیرین کراون.