ئەمریکا لەپاش کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانی، وەک گەورە هێزێکی سەربازی دەرکەوت. هێزەکانی ئەم وڵاتە، لەنێو دەریا و لە ئاسمان و سەر زەوی، رۆڵێکی گەورەیان گێڕا، بەتایبەت لە خۆرهەڵاتی ئاسیا لە رووبەڕووبوونەوەیدا لەگەڵ ژاپۆن و لە باکووری ئەفریقا و دواتریش پاش شەڕی نۆرماندی لە ئەوروپادا. لەهەموو ئەوانەش دیارتر و بەناوبانگتر، بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی بوو لە دژی ژاپۆن لە هەردوو شاری هیرۆشیما و ناکازاکی کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی سەدان هەزار کەس و بەوەش ژاپۆنی ناچارکرد خۆ بەدەستەوە بدات.
ئەمریکا ئێستا هێزێکی سەربازیی گەورە و بەهێزی جیهانییە. لە رووی ئابووری و زانست و تەکنۆلۆژیا و هونەرەوە لە پێشەوەی وڵاتاندایە. هەموو سەرۆکەکانی ئەمـــــــــریکا و ســـــــــیاسەتمەدارەکانی، بەرژەوەندیی وڵاتەکەیان لەپێش هەموو شتێکەوەیە لایان.
ئەمریکا لەپاش کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانی، وەک گەورە هێزێکی سەربازی دەرکەوت، هێزەکانی ئەم وڵاتە، لەنێو دەریا و لە ئاسمان و سەر زەوی، رۆڵێکی گەورەیان گێڕا
هیچ سڵناکەنەوە لەوەی کە بڵێن ئەمریکا لە پێشەو و ئەمەش مافی خۆیانە. ئێستاش ئەمریکا ئەم سەرەتایە بە ئاشکراو بێ پێچ و پەنا و بێ سڵکردنەوە ئەگەر بە رێی دیپلۆماسی بۆی جێبەجێنەکرێت، بە هەڕەشە و هێز جێبەجێی دەکات.
حوسنی موبارەکی سەرۆکی پێشووتری میسر، قسەیەکی بەناوبانگ و پڕ مانای هەیە، بە کوردییەکەی دەڵێت: ئەوەی خۆی بە ئەمریکا داپۆشێت، یان ئەوەی ئەمریکا بەخۆیدا بدات، بە رووتی دەخەوێت! ئەم قسەیەی موبارەک زۆر لەجێی خۆیدایە، چونکە وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، ئەمریکا بەرژەوەندیی خۆی لەسەروو هەموو شتێکەوە دەبینێت، نموونەش زۆرن شۆڕشی کورد 1975، شای ئێران 1979، حوسنی موبارەک لەو فەوزایەی ناونرا بەهاری عەرەبی، ڤێتنامی باشوور لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا، ئێستاش قەتەر! ژمارەی دانیشتوانی رەسەنی قەتەر لەساڵی 2022 نزیکەی 400 هەزار کەس بووە، بە خەڵکی دەرەوەی قەتەر دەگاتە نزیکەی سێ ملیۆن کەس، لە رووی رووبەرەوە زۆر بچووکە، لە وڵاتە هەرە دەوڵەمەندەکانی کەنداوە، بەهۆی ئەو دەوڵەمەندییەوە، رۆڵێکی کاریگەر دەگێڕێ لە ناوچەکەدا و پەیوەندییەکی فراوانی هەیە. جگە لە پەیوەندییە ئاساییە نێودەوڵەتییەکانی، لە دەستتێوەردانی دەرەکیش سەنگی خۆی هەیە، لەوەی لە ماوەی دەیە و نیوێکدا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەگوزەرێ، قەتەر کارەکتەرێکی کاریگەربووە و بەتایبەتیش لەو فەوزایەی ناونرا بەهاری عەرەبی!
لەم بارەیەوە وەزیری پێشووتری دەرەوەی قەتەر حەمەد بن جاسم بن جەبر ئال سانی دەڵێت: وڵاتانی کەنداو دوو ترلیۆن دۆلاریان لە بەهاری عەرەبیدا سەرف کرد! بەهۆی ئەو پێگە و رۆڵەی هەیەتی، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ئەمریکا هەیە و لەم دوو ساڵەی پێشووشدا، بەهۆی شەڕی غەززەوە، رۆڵی قەتەر لە میانگیریی نێوان ئیسرائیل و حەماس، پتەوتر بوو.
لەدوای جەنگی رزگارکردنی کوێت (گەردەلوولی بیابان)وە، گەورەترین بنکەی سەربازیی ئەمریکا بەناوی (عیدید) لە قەتەرە.
هەموو چەکی سوپای قەتەر بە مووشەکە دژە ئاسمانییەکانی پاتریۆت و پادیشەوە، ئەمریکین. لەدوا سەردانی دۆناڵد ترەمپ بۆ قەتەر، میری قەتەر تەمیم بن حەمەد ئال سانی، یەک فڕۆکەی پێشکەش بە ترەمپ کرد!
جگە لەو پارەیەی وەک سەرمایەگوزاریی تەرخانی کرد بۆ خەرجکردنی لە ئەمریکا. ئاوهاش بە بەرچاوی ئەمریکاوە، ئیسرائیل بە رۆژی نیوەڕۆ دۆحەی پایتەختی قەتەری بۆمباران کرد! بە رەحمەت بێ موبارەک، قەتەر نەیزانی بە رووتی خەوتووە!.