لە کۆتایی ساڵدا، لەهەر مرۆڤێکی سەر رووی ئەم زەوییە بپرسیت، ئۆمێدت چییە؟ دەڵێت: ئاواتەخوازم ساڵی نوێ ساڵی ئارامی و سەقامگیری و خۆشی بێت، ئەمە هەردەم ویست و خواستی مرۆڤەکان بووە.
لە دێرزەمانەوە هەوڵی کەسەکان بۆ ژیانێکی ئارام و بێ کێشە و سەقامگیر بووە، بەڵام دیارە ئەم ویستە هەروا بە ئاسانی و بێ ئاستەنگ نایەتەدی.
ئەم قسەیە بۆ ئەمساڵ لە هەموو کاتێک زیاتر راستە! سەرەتای ساڵی 2026 بە رووداوێکی سەیر و مەترسیدار دەستیپێکرد، ئەویش پەلاماردانی ڤەنزوێلا بوو لەلایەن ئەمریکاوە و بەزمەکەش بە گرتنی نیکۆلاس مادۆرۆی سەرۆکی ئەو وڵاتە و خانمی یەکەم و گواستنەوەیان لەڕێی دەریاوە بۆ ئەمریکا، قۆناغی یەکەمی کۆتایی هات، هەرچەندە شێوازی پرۆسەکە وەک فیلمەکانی هۆلیودە و گومانی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.
قوناغی دووەم بە دانیشتنی یەکەمی دادگاییکردنی مادۆرۆ و ژنەکەی دەستیپێکرد و رووبەڕووی تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و کوژرانی ئەمریکییەکان بە بەکارهێنانی ئەو ماددانە کرانەوە! ئەمە تۆمەتەکەیان بوو، لەکاتێکدا پێشتر ئەمریکا لە دژایەتیکردنی نیکۆلاس مادۆرۆدا، مەسەلەی نەبوونی دیموکراسی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤی باس دەکرد.
ئەوەی سەیرە و دوناڵد ترەمپ و بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا نەیانتوانی بیشارنەوە، باسکردنی نەوتەکەی ڤەنزوێلایە، کە کۆمپانیا ئەمریکییەکان لێی بێبەشن! ترەمپ رۆژێک دوای رفاندنی مادۆرۆ بە روون و ئاشکرا وتی: کۆمپانیا ئەمریکییەکانی بواری نەوت، رۆڵێکی بەرچاویان دەبێت لە پیشەسازیی نەوتی ڤەنزوێلادا! لەلایەکی ترەوە ترەمپ هەڕەشەی لە خاتوو ديلسی رودريگیز کرد و وتی: ئەگەر بە قسەی ئەمریکا نەکەیت، چارەنووست لە چارەنووسی مادۆرۆ خراپتر دەبێت! مانای وایە مەسەلەکە مادۆرۆ نییە، بەڵکو نەوتەکە و کانزا بە بەهاکانی تری ڤەنزوێلایە! لە نوێترین هەواڵیشدا، ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، کە چەند بەرپرسێکی ئەمریکی و ڤەنزوێلی، گفتوگۆ لەبارەی ناردنی نەوتی خاوی ڤەنزوێلا بۆ ئەمریکا دەکەن! لە لایەکی ترەوە، ترەمپ رایگەیاند کە ئەمریکا بە نیازە 30 بۆ 40 ملیۆن بەرمیل نەوتی دەستبەسەرداگیراوی ڤەنزوێلا بفرۆشێت و خۆشی سەرپەرشتیی بەڕێوەبردنی داهاتەکەی دەکات.
هاوکات لەگەڵ رووداوەکەی ڤەنزوێلادا، جارێکی تر دۆناڵد ترەمپ و لێپرسراوانی ئەمریکا کەوتوونەتەوە باسکردنی داگیرکردنی گرینلاند! لەکاتێکدا گرینلاند هەرێمێکی خاوەن حوکمی زاتیی سەر بە مەملەکەتی دانیمارکە و نە مادۆرۆ سەرۆکێتی و نە حوکمەکەشی دیکتاتۆرییە! لەبارەی سەرلەنوێ باسکردنی گرینلاند، لەلایەن ترەمپەوە، میتە فریدریکسن سەرۆک وەزیرانی دانیمارک رایگەیاند: پەلاماردانی گرینلاند لەلایەن ئەمریکاوە دەبێتە هۆی لەناوبردنی ناتۆ و ئەو سیستمەی ئاسایشی ئەوروپا کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانەوە پیادەکراوە و هیچ شتێک نامێنێ! ئەم هەڵوێستانەی ئەمریکا هەقە لەلای ئەوانەی پێیانوایە ئەمریکا دۆستیانە و بەرژەوەندیی ئەوانی دەوێت و لەخەمیاندایە، جوان لێکبدرێتەوە و بۆیان روونبێتەوە، ئەمریکا جگە لە بەرژەوەندیی خۆی، هیچ و کەس ناناسێ و ئەوەی بەتەمای ئەمریکا بێت، بێ شێو سەردەنێتەوە !
بابەتی زیاتر