کێشــەی کەســــایەتیی یاســایی نێونەتەوەیی گــــەلی کــــورد
د.مارف عومەر گوڵ
ئۆرگانەکانی بەرجەستەکردنی کەسایەتی یاسایی نێونەتەوەیی گەلی کورد
لە جەنگی یەکەمەوە تا ڕۆژگاری ئیمڕۆ، کێشەیەکی ئاڵۆز لە چارەسەرکردنی مەسەلەی کورددا، دیاریکردنی کەسایەتی یاسایی نێونەتەوەیی بووە، چونکە پرۆسەکردنی ئەو کەسایەتییە دەبێتە هۆی جێ بەجێکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس. کەواتە، ناتوانین مافی چارەنووس دیاری بکەین هەتا کەسایەتی یاسایی نێونەتەوەیی بەرجەستە نەکرێ. بەداخەوە زۆربەی ئەو لێکۆڵینەوەو بابەتانەی لەسەر دیاریکردنی مافی چارەنووسی گەلی کورد نوسراون، مەسەلەی کەسایەتی یاسایی نێونەتەوەییان پشتگوێ خستووەو نەیانکردووە بەهۆی جێ بەجێکردنی ئەو پرنسیپە. لێرەدا بەپێویستی دەزانین ئاوڕێکی مێژوویی لەو ئۆرگانانە بدەینەوە کە گەلی کورد هەوڵی داوە بیانکاتە ئامڕازی جێ بەجێکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس و ببنە زەمینەی پەیوەندیی گەلی کورد بەجیهانی ناوەوەو دەرەوە، کە ئەویش دەبێتە دەزگای نوێنەرایەتی کردنی کەسایەتی یاسایی نێونەتەوەیی.
لەڕووی میژووییەوە دەتوانین خەباتی گەلی کورد بۆ پێکهێنانی ئۆرگانی بەرجەستەکردنی کەسایەتی یاسایی نێونەتەوەیی بکەین بەسێ قۆناغەوە:
قۆناغی یەکەم: هەردوو حکومەتەکەی شێخ مەحموودی حەفید لە ١٩١٨ و ١٩٢٢دا لە باشوری کوردستان.
قۆناغی دووەم: کۆماری کوردستان لە مهاباد، ساڵی ١٩٤٦ .
قۆناغی سێ یەم: پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ١٩٩٢دا (پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران) .
لە زانستی یاسای نێونەتەوەییدا دانی پێدانراوە، کە مەرجی پێویست لە پەیوەندی یاسایی – نێونەتەوەییدا بۆ ئەوەی دانی پێدابنرێت کە گەل کەسایەتی یاسایی نێونەتەوەیی هەیەو وەکو لایەنێک بەشدارە لە پەیوەندییە یاساییەکانی نێوان دەوڵەتاندا، پێویستە ڕێکخراوێک یا ئۆرگانێکی سیاسی هەبێت لەپێش پێکهێنانی دەوڵەتەوە، تاکو ئەو گەلەی لە خەباتدایە، بەهۆیەوە ژیانی خۆی رێک بخات لەبەر ئەوە گرنگی ئەو سێ قۆناغەی بزوتنەوەی رزگاریی کورد لە پێکهێنانی حکومەتی کوردیدا،جگە لەڕووی مێژوویی و سیاسیەوە، دیارە لەڕووی قانوونیشەوە وەکو قۆناغەکانی بەرجەستەکردنی کەسایەتی یاسایی نێونەتەوەیی سەیر دەکرێن.
قۆناغی یەکەم : یەکەم حکومەتی شێخ مەحموودی حەفید لە باشووری کوردستاندا لەپێش پێکهێنانی دەوڵەتی عێراقەوە، لە ١٩١٨دا بوو. کاتێک سوپای بەریتانیا لەسەردەمی لەشکرکێشیەکانیدا لەجەنگی یەکەمی جیهانیدا هێرشی کرد بۆ باشووری کوردستان، پاشماوەی هێزەکانی تورکیای عوسمانی ناچار بوو سلێمانی چۆڵ بکات، ئیتر شێخ مەحمودی حەفید بواری ئەوەی بۆ رەخسا زیاتر دەسەڵاتی خۆی لەناوچەکەدا فراوان بکات، بۆ ئەو مەبەستەش کاتەکەی بەهەل زانی بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی کوردی، ئینگلیزەکانیش دەیانویست خۆیان لەشێخ مەحموود نزیک بکەنەوە. بۆ ئەم مەبەستەش لە ١/١١/١٩١٨دا ئینگلیزەکان مێجەرنوئێلی نوێنەری خۆیان ناردە سلێمانی تاکو بەڕێوەبەرایەتیەک رێک بخات. لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا هەمان ڕۆژ مێجەر نوئێل رایگەیاند کە شێخ مەحموود حوکمداری کوردستانە. ئەم دان پێدانانە وەکو نوێنەرایەتی حکومەتی بەریتانیا لە بەغدا ئەنجام درا. حکومەتی بەریتانیا بەڕەسمی دانی نا بە حکومەتەکەی شێخ مەحمودداو مانگانەی (١٥) هەزار روپیەی هیندی بۆ بڕیەوە. ئیتر لە زابی گەورەوە تاکو ناوچەکانی دیالە خەڵکی باشووری کوردستان لەچوارچێوەی دەسەڵاتی حوکمدارێتی شێخ مەحمووددا بوون. دیارە بەریتانیا مەبەستی سیاسی خۆی هەبوو بۆ ئەو کارەی، بەڵام ئەوەی گرنگە بۆ ئەو رۆژە دان پێدانانێکی رەسمی بوو بە دەسەڵاتێکی کوردیدا، لە لایەکی تریشەوە شێخ مەحموود هیوای بەوە بوو کە بەریتانیا گفتەکانی خۆی جێ بەجێ بکات و پشتگیریی تەواوی بکات بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێک کە دەسەڵاتی سیاسی فراوان بکات، بەڵام کە بەریتانیا لەو مەبەستەی شێخ مەحموود گەیشت، کەوتە کەمکردنەوەی مەودای کارو دەسەڵاتەکەی و هەوڵی جێگیرکردنی خوارووی کوردستان وەکو ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمدار لەچوارچێوەی عێراقدا کە لە هەوڵی پێکهێنانیدا بوون. ئەنجامی ئەو ناکۆکیەش گەیشتە شەڕو پێکدادان، هاوکات شێخ مەحموود ئاڵای حکومەتەکەی هەڵکردو پولی پۆستەی چاپکردو پارەی تایبەتی دروستکرد. دوای ئەوەی شێخ مەحموود رازی نەبوو بچێتە بەغدا، شەڕ دەستی پێکردو بەریتانیا بەڕەسمی شەڕی ڕاگەیاند.
یەکەم فەرمانی حوکمدار لەبارەی شەڕەوە لەلایەن حکومەتەکەی شیخ مەحموودەوە لە ٢٢/٥/١٩١٩دا بە ناوی (مەحموود /حوکمدار و فەرماندەی گشتی)یەوە دەرچوو، کە ڕۆژی ٢١/٥/١٩١٩ی بە یەکەم رۆژی راگەیاندنی شەڕ لە دژی بەریتانیا دیاریکرد. دووەم فەرمان هەر لەڕۆژی ٢٢/٥/١٩١٩دا دەرچووە، کە پێکهێنانی لیژنەیەکی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری خواردەمەنی و ئازوقەی سوپای کوردستان دیاریکردووە، سێ یەم فەرمانیش هەمان ڕۆژ بڵاوکرایەوە، دەربارەی پێکهێنانی بەڕێوەبەرایەتییەکی تازە لە دەستەیەک لە باوەڕپێکراوان بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری حکومەتی کوردستان و گەلەکەیان، چونکە حوکمدار لەبەر کاروباری شەڕ لەشاری سلێمانی دوور دەکەوتەوە. ئیتر فەرمان و بەیانەکانی تر لەمەیدانی شەڕدا دەرچوون. تا شێخ مەحموود بەبرینداری لە دەربەندی بازیان بەدیلی گیراو لە بەغدا درایە دادگا. دادگاش حوکمی ئیعدامەکەی گۆڕی بە ڕەوانەکردنی بۆ هیندستان، شێخ مەحموود لەکاتی دادگایکردندا پشتی بەبەندی دوانزەیەمینی راگەیاندنەکەی ویلسنی سەرۆکی ئەمریکا بەست کە دەربارەی مافی گەلان بوو.
بەمجۆرە، لەباشووری کوردستان ئۆرگانێک پێکهات وەکو قۆناغی پێش پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ.
لە ٢٣/١٠/١٩٢٠دا بەسەرپەرشتی مەندوبی سامی بەریتانیا پیرسی کوکس لە بەغدا یەکەم ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێکهات.
لەکۆنگرەی قاهیرە لە ٢٢/٣/١٩٢١دا فەیسەڵ وەکو مەلیکی عێراق لەلایەنی ئینگلیزەکانەوە پێشنیارکرا. لە ١١/٧/١٩٢١یشدا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا کە ئەمیر فەیسەڵ بکرێت بە مەلیکی عێراق.
لەبەرئەوەی شەڕو پێکدادان لەنێوان کوردو هێزەکانی بەریتانیادا بەردەوام بوو، ئینگلیزەکان بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە بۆ رێگەگرتن لە تورکەکان، ناچاربوون کە شێخ مەحموود بگەڕێننەوە بۆ کوردستان. لە ٣٠/٩/١٩٢٢دا لەگەڵ هاتنی شێخ مەحمووددا، نوێنەری ئینگلیزەکانیش مێجەر نوئێل، گەیشتنەوە سلێمانی. بەریتانیا شێخ مەحموودی کردەوە بە حوکمدار، کابینەیەکی وەزیرانی پێکهێنا، کە بریتی بوو لە:
١- رئیس الرؤساء : شێخ قادری حەفید (سوپاسالاریش بوو).
٢- رئیس داخلیة : شێخ محەمەد غەریب .
٣- رئیس مالیة : عبدالکریم عەلەکە
٤- رئیس معارف : مستەفا پاشا
٥- رئیس محاکم و شرع (عدلیة) : حاجی مەلا سەعیدی کەرکوکلی زادە.
٦- رئیسی نافعە : محەمەد ئاغای عبدالرحمن ئاغا
٧- رئیس گومرگ : ئەحمەد بەگ فەتاح بەگ (حەمدی صاحێبقڕانی شاعیر)
٨- رئیس امنیت عمومیة : سید ئەحمەد بەرزنجی.
٩- مفتش عموم حکومت کردستان : میر لیوا صدیق قادری پاشا .
شێخ مەحموود لەمانگی ١١/١٩٢٢ دا خۆی وەک مەلیکی کورستان ڕاگەیاند. حکومەتی دووەمی شێخ مەحموود پوولی پۆستەی چاپ کرد، باجی کۆکردەوە، پارەی چاپ کرد، زمانی کوردی کرد بە زمانی رەسمی و زمانحاڵی حکومەتەکەش "ڕۆژی کوردستان" بوو، کە هەر لە یەکەم ژمارەیەوە لە ١٥/١١/١٩٢٢ ەوە، بە مەبەستی حکومەتەکەی وا راگەیاند کە بەرگریی لە نیشتمان و رێزگرتنی پەیوەندیی دۆستانەو برایانە لەگەڵ هاوسێکانیدا. د.کەمال مەزهەر ئەحمەد، بیروڕای وایە کە بەڕێوەبەرایەتییەکەی شێخ مەحموود بەری خەباتی گەل بووەو هەر مەبەستی تاکە کەسێک نەبووە.
حکومەتەکەی شێخ مەحموود لەلایەن بەریتانیا، عێراق و تورکیاوە دانی پێدانراوە. بەریتانیا بەرەسمی و بە نوێنەری تایبەت سەرپەرشتی راگەیاندنی حوکمدارێتی شێخ مەحموودی کردووە. هەروەها مەلیکی بەریتانیاش لە ٣/١٢/١٩٢٢دا وەکو دان پێدانانێک بە حکومەتی شێخ مەحمووددا بروسکەی پیرۆزبایی ناردووە:
لەندەن – بە واسیتەی سەفارەتی بەریتانیای گەورە
(ئێمە تەبریکی سەعادەت و ئیستیقلالیەتی کوردستان ئەکەین ئومێد ئەکەین دۆستایەتیمان هەر لە زێدەیی بێت) .
ئیمزا : مەلیکی بەریتانیای گەورە
جۆرجی پێنجەم
لە وەڵامی پیرۆزباییەکەی مەلیکی بەریتانیادا، شێخ مەحموودی مەلیکی کوردستانیش بەمجۆرە وەڵامی داوەتەوە:
(سلێمانی – لە بەرانبەری ئەو لوتف و مەرحەمەتەی کە حکومەتی بەریتانیای گەورە لەگەڵ ئەم میللەتە بچکۆلەی کردووە، عەرزی تشکرات و مەمنونیەتی حکومەتی فەخیمەی بەریتانیا ئەکەین، وە ئومێدو ئیسترحام ئەکەین کە لەمەولاش لە هەموو خصوصێکەوە بۆ ترەقی تەعالیمی کوردستان و مەهرامیی و موعاوەنەتمان بفەرمویت.)
مەلیکی کوردستان: مەحموود
حکومەتەکەی عێراق و بەریتانیاش لە ٢٤/١٢/١٩٢٢دا بەیاننامەیەکی رەسمی و هاوبەشیان دەرکرد، کە هەردوو لایان دان بەوەدا دەنێن ئەو کوردانەی کە لە سنووری عێراقدا دەژین، تا حکومەتێکی سەربەخۆ لەو نێوچانەدا کە زۆربەیان کوردن دابمەزرێنن. بۆ ئەو مەبەستەش کوردەکان نوێنەری خۆیان بنێرنە بەغدا. ئەم بەیاننامەیە ئەگەرچی دان پێدانانێکی هاوبەش و رەسمی یە، بەڵام هەوڵدانە بۆ جێگیرکردنی خوارووی کوردستان لەچوارچێوەی عێراقدا، چونکە حکومەتەکەی شێخ مەحموود، وەکو حکومەتێکی سەربەخۆ رەفتاری دەکردو تاکو ئەوکاتەش باشووری کوردستان نەلکێندرابوو بە عێراقەوە. پێشتر لە ٢٩/١٢/١٩٢٠دا لە یاسای ئینتیدابی (ماندێت Mandste)، بەریتانیادا لەسەر عێراق لە بەندی شازدەهەمدا باس لە مافی کورد کرابوو کەڕێگەی ئەوە لە دەوڵەتی خاوەن ئینتیداب ناگرێت ئەگەر بە چاکی بزانێت، رژێمێکی ئیداریی سەربەخۆ لە نێوچە کوردییەکاندا دابمەزرێت .
لەبەشی سێیەمی یاداشتەکانی ڕەفیق حیلمی دا باسی دروستکردنی موختاریەتی کوردو بەستنی پەیمانێک کراوە لەداهاتوودا ئەنجام بدرێن، لەنێوان حکومەتی شێخ مەحموودو دەوڵەتی تورکیادا، بەڵام هیچ ئەنجامێک یا دەقێکی نوسراو بڵاونەکراوەتەوە. لە سەرچاوەیەکی رووسیدا (کە زۆر سەرنج ڕاکێشە) سێ بەندی رێکەوتننامەیەک بڵاوکراوەتەوە لەنێوان شێخ مەحموودی حەفیدو دەوڵەتی تورکیای کەمالی دا. دیارە کەمالیستەکان بەمەبەستی راکێشانی کورد بەلای خۆیاندا، (بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە)، رێکەوتننامەیەکیان گرێداوە لەنێوان خۆیان و شێخ مەحموودا. بەگوێرەی ئەو رێکەوتننامەیە:
بەندی یەکەم : حکومەتی تورکیا بەڵێنی داوە بە سەربەخۆیی خوارووی کوردستان و زامنیشی کردووە کە دەست نەخاتە کاروباری ناوخۆیەوە.
بەندی دووەم : دان بە شێخ مەحموودا دەنرێت وەکو سەرداری کوردستان لە سلێمانی، کە ئەنجومەنێکی لێ پێکهێنراوە.
بەندی سێیەم : هێزە چەکدارەکانی باشووری کوردستان، لە حاڵەتی شەڕدا لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بەکاردەهێنرێن.
هیچ سەرچاوەیەکی ترمان دەست نەکەوت کە دەقی ئەو رێکەوتننامەیەی تێدا بێ، یا باسی کرابێت. جا ئەگەر ئەو رێکەوتننامەیە نوسراو بێت یا سەرزارەکی، ئێمە نامانەوێت لەلایەنی سیاسی و جۆری پێوەندییەکە بدوێین کەهێزی چەکداری حکومەتی شیخ مەحموود لەکاتی شەڕو پێویستدا لەلایەن تورکیاوە بەکاربهێنرێت. بەڵام لەڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتانەوە، بەستنی رێکەوتننامەیەک یا پەیماننامەیەک، بەڵگەی یاسایی دان پێدانانێکی دیفاکتۆیە (defacto) . کەواتە حکومەتی شیخ مەحموود لەلایەن تورکیاوە وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ رەفتاری لەگەڵ کراوە، ئەمەیش وەکو دەوڵەتێکی بەشدار لەیاسای نێودەوڵەتاندا حکومەتەکە دیاری دەکات. دیارە ئەو جۆرە پەیوەندییەی حکومەتی شێخ مەحموود بۆ ئەو سەردەمە زیاتر لەدژی ئینگلیزەکان بەکاردەهێنرا لەڕووی ئامانجی سیاسی تورکیاوە.
حکومەتی بەریتانیا، هەموو هەوڵێکی دەدا چالاکی حکومەتەکەی شێخ مەحموود کەم بکاتەوەو سنووری دەسەڵاتی مەودای کورت بێت و وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ پێ نەگرێت تا باشووری کوردستان بە عێراقەوە بلکێندرێت. هەر بۆیەش لەگەڵ عێراقدا بەیاننامەی هاوبەشیان لەکۆتایی ساڵی ١٩٢٢دا بڵاوکردەوە، کە دان بە حکومەتێکی کوردیدا دەنێن لەچوارچێوەی عێراقدا. ناکۆکی نێوان شێخ مەحموود و ئینگلیزەکان گەیشتە ئەوەی کە هێزەکانی بەریتانیا شاری سلێمانی بۆمب باران بکەن. شێخ مەحموود نامەو بانگەوازی ئاراستەی سەفارەتخانەی وڵاتان کرد لە تاران. لە نامەی شێخ مەحموودا هاتووە ''هەر لەکاتی شەڕی جیهانیەوە، ئێمەی دانیشتووی باشوری کوردستان، بەردەوام داوامان لە ئینگلیزەکان کردووە کە دان بە مافی نەتەوایەتیماندا بنێت، هێزەکانی ئینگلیز نیشتیمانەکەمان وێران دەکەن و خەڵکی دەکوژن. ئینگلیزەکان رێگەمان نادەن ناڕەزایی و داوای خۆمان بەرزبکەینەوە. دەسەڵاتدارانی ئینگلیز بەزەبری هێزی سوپایی خۆیان، هەموو توانایەک بەکاردێنن تاکو باشووری کوردستان بلکێنن بە عەرەبستانەوە'' .
مەبەستیش لە عەرەبستان لێرەدا،عێراقە .
حکومەتی شێخ مەحموود وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ کاروباری خۆی هەڵدەسووڕاند، چونکە : یەکەم / بەریتانیا هەر لە سەرەتاوە بە نوێنەری ڕەسمی خۆی رایگەیاندو پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتەکەدا بە دان پێدانان دادەنرێن . دووەم / بەیاننامەی هاوبەشی عێراق و بەریتانیا دان پێدانانێکی رەسمی یە بە حکومەتێکی کوردیدا لەچوارچێوەی عێراقدا، لەو سەردەمەشدا هەر ئەو حکومەتە هەبووە کە عێراق و بەریتانیا ویستوویانە سنوورەکانی بدەنە پاڵ عێراق، سێیەم / پەیوەندیی لەگەڵ تورکیادا وەکو حکومەتێکی سەربەخۆ بووە. چوارەم / کورد، وەکو گەلێکی سەربەخۆ مافی ڕەوای خۆی بوو هەوڵ بدات تاکو دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێت، تاکو ئەو کاتەش، هێشتا باشووری کوردستان بە ڕەسمی بەعێراقەوە نەلکێندرابوو.
هەر لەبەر ئەم هۆیانە باوەڕمان وایە، کەشەڕی نێوان حکومەتی شێخ مەحموودی حەفید و هێزەکانی حکومەتی بەریتانیا وەکو شەڕی نێوان دوو دەوڵەت دیاری دەکرێت. ئێمە پشتگیریی ئەو ڕایەی د. محەمەد هەمەوەندی دەکەین، کە پێی وایە ئەو شەڕانە وەکو شەڕی نێوان دەوڵەتان سەیردەکرێن و نیشانەو دیاردەکانی شەڕێکی ناڕەوایەو مەرجەکانی شەڕی نێوان دەوڵەتانی تێدایە وەکو بەیاننامەو شەڕ راگەیاندن و پێوانەی ماددی و مەعنەوی. بەبڕوای ئێمەش ئەو شەڕە لەلای حکومەتی شێخ مەحموودەوە رەوایە، چونکە ناچار بووە لەسەر خاکی گەلی خۆی داکۆکی لە نیشتمان و مافەکانی بکات، بەڵام لەلای حکومەتی بەریتانیاوە شەڕێکی ناڕەوایە، چونکە سەپاندوێتی بەسەر گەلی کورداو ویستویەتی ژێر دەستی بکات تا بەشێکی نیشتیمانەکەی بە عێراقەوە بلکێنێت، هەروەکو ئەنجامی دا.
بناغەی یاسایی نێونەتەوەییش بۆ ئەوەی کە ئەو شەڕە بەشەڕی نێوان دوو دەوڵەت پێناسە بکەین، ئەوەیە کە:
١- بەریتانیا لە ٢٨/٥/١٩١٩دا بەڕەسمی شەڕی ڕاگەیاندووە لە دژی حکومەتی شێخ مەحموود .
٢- بەریتانیا لە ٢٤/٢/١٩٢٣دا بەڕەسمی بەیاننامەی بڵاوکردۆتەوە کە وەکو بەڵگەنامەی شەڕ ڕاگەیاندن دادەنرێت.
٣- سوپای بەریتانی بەگوێرەی راگەیاندنی رەسمی باش قوماندانی هێزی هەوایی بەریتانیا لە عێراق لە ٢٨/٣/١٩٢٣دا بڕیاری هێرشی سەربازیی داوە.
٤- راگەیاندنی حکومەتی شێخ مەحموود لە ٢٨/٣/١٩٢٣دا بەناوی (باش قوماندان و ملک کوردستان / محمود)ەوە کە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، شەڕ لەگەڵ کەسدا ناکات، بەڵام بۆ مافی رەوای میللەت دەست درێژیی کەسیش بەڕەوا نابینێت .
ئیتر لە ئەنجامی شەڕو هێرشی بەریتانی و لەشکری عێراقەوە، شاری سلێمانی لە ١٩/٧/١٩٢٤دا داگیرکراو خرایە پاڵ عێراق .
بەمجۆرە قۆناغێکی گرنگ لە مێژووی حکومەتی کوردی کۆتایی هات. ئەگەرچی چەند ساڵیک دواتریش خەباتی شێخ مەحموودو نیشتمان پەروەرانی باشووری کوردستان هەر بەردەوام بوو، بەڵام جارێکی تر ئەو حکومەتەی شێخ مەحموود پێک نەهاتەوەو گەلی کورد نەیتوانی ئۆرگانێک یا بەڕێوەبەرایەتیەک دروست بکات بۆ ڕێکخستنی کاروباری ژیانی خۆی. ئەمە وەکو قۆناغی یەکەمی پێکهێنانی حکومەتی کورد بۆ دیاریکردنی چارەنووس و پاشەڕۆژی خۆی، کە سەرجەم کارو پەیوەندییەکانی ئەو حکومەتە وەکو قۆناغێک لە بەرجەستەکردنی کەسایەتی یاسایی نێونەتەوەیی دیاری دەکرێت، چونکە لە ناوچەیەکی نیشتمانداو دوور لە دەسەڵاتی بێگانە گەلی کورد ویستویەتی دەزگایەکی سیاسی و بەڕێوەبردنی هەبێت و پەیوەندی بەوڵاتانەوە بکات.
قۆناغی دووەمی دامەزراندنی ئۆرگانێک کە لەمێژووی گەلی کوردا وەکو هەنگاوێکی گرنگ دیارەو دەتوانین ئەوە بڵێین کە ئەو ماوەیە ئەگەرچی ماوەیەکی کەم بوو، بەڵام وەکو قۆناغێک لە بەرجەستەکردنی کەسایەتی یاسایی نێونەتەوەیی گەلی کوردا جێگەی خۆی گرتووە، ئەگەرچی ئەو پەیوەندییەی بەدەرەوەی وڵاتەوە هەیبوو کەم و دیاریکراو بوو، بەڵام لەرووە قانوونیەکەوە دەتوانرێت وەکو سەردەمێکی دیاریکردنی چارەنووس پێناسە بکرێت. ئەوەش قۆناغی دووەمی خەباتی رزگاریی نەتەوایەتی گەلی کوردە لە پێکهێنانی حکومەتێکی کوردیدا کە دامەزراندنی کۆماری کوردستان بوو لە مهاباد لەساڵی ١٩٤٦دا. کۆماری کوردستان حکومەتی بەدیهێنانی مافی چارەنووسی گەلی کورد بوو لە خۆرهەڵاتی کوردستاندا. خاڵێکی گرنگ لەژیانی ئەو کۆمارەدا، پێوەندیی دەرەوە بوو. ئێمە مەبەستمان نیە لەنیازو سیاسەتی ئەو سەردەمەی یەکێتی سۆڤیەت بدوێین بەرانبەر بەو کۆمارە، بەڵام ئەوەی بەلامانەوە گرنگەو دەبێ بیڵێین، لەمەسەلەی پشتگیریی پەیداکردندا، هەموو گەلێک ئەو مافەی هەیە هەوڵ بدات یارمەتیی و پشتگیریی نێونەتەوەیی بۆ پێشکەوتنی خۆی بەدەست بێنێ، جا جۆری ئەو پێوەندییە لەبواری دیبلۆماسی و یاساییدا، چۆنیەتی دان پێدانان دیاریی دەکات. ئەو پێوەندییە لەو ڕۆژگارەدا، بۆ گەلێکی چەوساوەو بێدەرەتانی وەکو کورد لەڕووی یاسای نێونەتەوەییەوە، پرۆسەکردنی کەسایەتی یاسایی نێونەتەوەییە، ئەگەرچی ئەو کۆمارە لەناوخۆی ئێراندا وەکو کۆمارێکی ئۆتۆنۆمی دار پێوەندیی لەگەڵ حکومەتی تاراندا دەکرد، بەڵام لە کردەوەدا وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە پێوەندیی دەرەوەدا رەفتاری دەکرد .
کۆماری کوردستان لە ٢٢/١/١٩٤٦، لەبەردەم جەماوەرێکی زۆری خەڵکی ناوچەکانی کوردستان، لەشاری مهاباد ڕاگەیاندرا. قازی محەمەد لەڕاگەیاندنی کۆماردا ووتی: ''کورد گەلێکە زاتیەتی تایبەتی خۆی هەیە، ئەرزی تایبەتی خۆی هەیە وەکو هەموو گەلان مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆی هەیە، کورد لە نوستنێکی دوورو درێژ ڕاپەڕیوەو دۆستی بەهێزیشی هەیە ''ئینجا بڵاویشی کردەوە کە ئیتر وڵاتی سابڵاغ لە حکومەتی تاران جیابووەوە لەئێستا بەدواوە رایدەگەیەنێت کە سەربەخۆیە . لەڕۆژی راگەیاندنی کۆماردا ئەم داوایانە لە کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکرات کراوە :
١- سەربەخۆیی ئەو جێگایانەی کوردی تێدا دەژین.
٢- هەڵبژادنی ئەنجومەنی شورا.
٣- حکومەتی میللی کوردستان و ئەنجومەنی وەزیران و ئیدارەکانی پێک بهێنرێن.
٤- هێزی چەکدار پێک بهێنرێت.
٥- پێوەندیی بازرگانی و ئابووری لەگەڵ دەوڵەتانی هاوسێدا دابمەزرێت.
٦- هاوکاری و دۆستایەتی لەگەڵ برا ئازەربایجانیەکاندا هەبێت .
پاشتر لە ١١/٢/١٩٤٦دا ئەنجومەنی وەزیران لە سەرۆک و (١٣) وەزارەت پێکهات.
قازی محەمەد لە وتارەکەی خۆیدا پێی لەسەر ئەوە داگرت کە کوردستان لەڕووی جوگرافیەوە تایبەتمەندی خۆی هەیەو کوردی تێدا جێگیرەو هیچ میللەتێکی تر لەگەڵ سنووری خۆیدا جیای ناکاتەوە، کورد تایبەتمەندیی نەتەوەیی مێژوویەکی دێرینی هەیە، کولتوورو داب و نەریتی نەتەوەیی خۆی هەیەو رۆژگار نەیتوانیوە بیفەوتێنێت .
قازی محەمەد کرا بەسەرۆکی کۆمارو رێبەرانی تری حیزبی دیموکراتی کوردستان، وەکو سەرۆکایەتی حکومەت ئیش و کاریان بەسەردا دابەشکرا. ئەگەرچی پەرلەمان پێک نەهێنرابوو بەڵام بڕیارەکان بەناوی سەرۆکی کۆمارەوە دەردەچوون.
ئەو حکومەتە کوردیە بەناوی (کۆماری کوردستان) راگەیەندرا، بەڵام حکومەتی ئێران شاهنشاهی بوو، لەبەرئەوە ناتوانین لەڕووی قانوونیەوە سیستمی کۆماری جێگە بکەینەوە لەچوارچێوەی دەوڵەتێکدا کە سیستمەکەی ئیمپراتۆری شاهنشاهی بێت .
قسەکانی قازی محەمەد، جەخت کردنە لەسەر ئەوەی کورد وەکو گەلێکی سەربەخۆی خاوەن زەوی و تایبەتمەندیی، مافی خۆیەتی بەخواستی خۆی چارەنووسی دیاری بکاو لەژێر دەستەیی و چەوساندنەوە رزگاری بێت. پێوەندیی نێوان کۆماری کوردستان و کۆماری ئازربێجانی ئێران لە ئەنجامدا دوو رێکەوتننامەی لێ وەبەرهەم هات. لە ٢٣/٤/١٩٤٦دا رێکەوتننامەیەکی هاوبەشی هەردوولا مۆرکرا. لە ١٦/١٠/١٩٤٦یشدا پەیمانی سەربازی نێوان هەردوو کۆمار مۆرکرا. مۆرکردنی ئەو دوو رێکەوتننامەیەو پێوەندیی لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت، رەنگدانەوەی هەڵوێستی حیزبی دیموکرات بوو لە بەڕێوەبردنی کاروباری کۆماردا. هەروەکو لە فەسڵی سێ یەمی مەرامنامەی حیزبی دیموکراتدا ئەوە دیاریکراوە : ((حکومەتی میللی بە لەبەرچاوگرتنی قازانجەکانی خۆی پێوەندی فەرهەنگی و ئابووری لەگەڵ دەوڵەتانی تر، لەپلەی یەکەمدا لەگەڵ دەوڵەتی گەورەی یەکێتی سۆڤێتی، دائەمەزرێنێت . ))، ((حکومەتی ناوچەیی کوردستان لەهەموو کۆنفرانسە جیهانییەکاندا کە بۆ ژیانی مرۆڤایەتی ئەبەسترێن، بەپێی ژمارەی خۆی داوای بەشدار بوون ئەکات . ))
((حکومەتی خودموختاری کوردستان ئەبێ دەسەڵاتی هەبێ کە ئیمتیازی دەرهێنانی کانە دەرهێنراوو دەرنەهێنراوەکانی کوردستان بدات بە هەرکەسێ ک بیەوێ )) .
ئەم سێ خاڵەی مەرامنامەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی – ئێران، پێ لەسەر سەربەخۆیی کۆمارەکە دادەگرێ. پێوەندیی لەگەڵ وڵاتاندا، بەشداری کردن لە کۆنفرانسە جیهانییەکانداو دەسەڵات و سەربەخۆیی ئابووری ئەم خاڵانە پێچەوانەی فەسڵی دووەمی مەرامنامەکەیە کە ئامانجی پاراستنی مافەکانە لەچوارچێوەی ئێراندا. لە ڕاستیدا ئەم سێ خاڵە لەیاسای تازەی نێونەتەوەییدا بناغەن بۆ پرۆسەکردنی کەسایەتی یاسایی نێونەتەوەیی تاکو مافی دیاریکردنی چارەنووس جێ بەجێ بکرێ. هەربۆیەش ئێمە پێمان وایە مەسەلەی پرۆسەکردنی کەسایەتی یاسایی نێونەتەوەیی دەبێتە زامنی جێ بەجێ کردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس. ئیتر لەو پێوەندییە یاساییە دیبلۆماسیەدا ئەو کەسایەتیە رەنگ دەداتەوەو گەل لەڕێگەی ئۆرگانی بەڕێوەبردنەوە دەتوانێ زەمینەی مانەوەو پاراستن و پێشکەوتنی خۆی بپارێزێ .
کۆماری کوردستان چەند هەنگاوێکی گرنگی نا کە لە کردەوەدا نیشانەی سەربەخۆیی بوون :
١- ئاڵای ئێران داگیراو ئاڵای کوردستان هەڵکرا .
٢- زمانی کوردی بووە زمانی حکومەت .
٣- سنوور بۆ بەشەکانی تری کوردستان کرایەوە، بەتایبەتی لەخوارووی کوردستانەوە ئەفسەران و هێزی چەکدار بەڕابەرایەتی خوالێخۆشبوو مستەفا بارزانی دەورێکی دیاریان لە کاروباری پێشمەرگایەتی کۆمارەکەدا بینی و نیشانەی هاوکاری رۆژهەڵات و باشووری کوردستان بوون .
٤- پێوەندی لەگەڵ دەرەوەی کۆمارەکەدا :
بەتایبەتی لەرووی سیاسی و ئابووریەوە، کە گرنگی یەکی زۆری هەبوو بۆ بوژاندنەوەی ژیانی ئابووری کۆمار. لەماوەی (١١)مانگ حوکمڕانی کردنی کۆماری کوردستاندا تووتنێکی زۆری ناوچەکانی کوردستان فرۆشرانە یەکێتی سۆڤیەت و کەرەستەو پێویستی پی کڕدرا.
٥- لەرووی ئاسایشەوە: کۆمار سەرکەوتنێکی باشی بەدەست هێنابوو کە لەماوەی حوکمڕانیدا بەقسەی د.قاسملۆ تەنیا یەک کەس کوژراوە، لەکاتێکدا هەزاران کەس چەکدار بوونە.
٦- گەلی کورد لەو بەشەی کورستاندا بۆ یەکەمجار دەسەڵاتی حکومەتی ئێرانی بەسەرەوە نەما، خۆی دەسەڵاتی گرتە دەست.
کۆماری کوردستان، بەکردەوە سەربەخۆ بوو، ئەو هەنگاوانەشی کە هاوێشتنی نیشانەی سەربەخۆیی کۆمارەکە بوون، بەتایبەتی وەکو کۆمارێکی نەتەوەیی کورد لە دیاریکردنی چارەنووسدا دیاری دەکرێت. کۆمەڵێک فاکتەری ناوەکی و دەرەکی بوونە هۆی کەوتنی کۆمارەکە،کە بە تایبەتی کشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت و رێکەوتنی لەگەڵ ئێراندا.
پێش ئەوەی بێینە سەر قۆناغی سێ یەمی خەباتی گەلی کورد لەپێکهێنانی حکومەتی کوردیدا، پێویستە ئاوڕ لە رووداوێکی مێژوویی بدەینەوە لەباشووری کوردستاندا، ئەویش بەیاننامەی ١١ ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠یە .
دەڵێین بەیاننامەو ناڵێین رێکەوتننامە یا پەیماننامە، چونکە هیچ دەقێکی نوسراومان لەبەردەستدا نیە کە بەناوی رێکەوتننامەوە بە ئیمزاو مۆری دوو لایەنەوە بڵاوکرابێتەوە. بەیاننامە ئەگەر دوولایەن ئیمزایان لەسەر کردبوو، ئەوا دەبێتە رێکەوتننامەو نیشانەی دان پێدانانە بەیەکتریدا، بەڵام ئەگەر یەک لایەن بڵاوی کردەوە، ئەوا ئەو لایەنە بۆ خۆی حوکم بەچۆنیەتی جێ بەجێ کردنیشی دەکات. راگەیاندنەکە خۆی بەناوی بەیانەوە بڵاوکراوەتەوە، لەخاڵی چواردەهەمدا، خۆی ئەوە دیاری دەکات کە ئەو راگەیاندنە بەیاننامەیە، وەکو دەڵێت : ((اتخاذ الاجراءات اللازمة بعد اعلان البیان بالتشاور مع اللجنة المشرفة العلیا )) .
لەڕاستیدا بەیاننامەی ١١/ی ئازار وەرچەرخانە لە سیاسەتی حکومەتی عێراقدا بەرامبەر بە مەسەلەی کورد، هەروەکو لە بەیاننامەکەشدا بەگوێرەی بڕیارەکانی کۆنگرەی هەرێمایەتی حەوتەمی حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی دان بە بوونی شەرعی نەتەوەیی کورد لەعێراقدا دەنرێت و بڕیار دراوەو لە دەستووری کاتی عێراقیشدا جێگیرکراوە کە گەلی عێراق لە دوو نەتەوەی سەرەکی عەرەب و کورد پێک دێت و مافە نەتەوەییەکانی گەلی کوردو کەمینەکان لە چوارچێوەی یەکێتی عێراقدا دانی پێدا دەنرێت .
ئەم وەرچەرخانە لە سیاسەتی حکومەتی عێراقدا، لە ئەنجامی خەباتی بەردەوام و خوێناوی گەلی کوردەوە روویداوە، کورد لە رووی نەتەوەییەوە دیارە کە نیشتمانی خۆی هەیەو تایبەتمەندیی وەکو هەر نەتەوەیەکی دیکە، جیاوازی هەیە لەڕووی زمان، میژوو، کولتوورو کۆمەڵایەتییەوە. بۆیە ئەو دان پێدانانەی یانزەی ئازار بەشێوەی ئۆتۆنۆمی ناوخۆ کەمترین و سەرەتاترین مافە بەرانبەر ئەو خەباتە دوورو درێژەی کە گەلی کورد کردویەتی .
دیاریکردنی مافی نەتەوەیی بەشێوەی ئۆتۆنۆمی پەیوەندیی بەدیموکراتیەتەوە هەیە لەناوخۆی هەر وڵاتێکدا کەبڕیاری لەسەر بدرێت، بۆیە لەسایەی ڕژێمی دیکتاتۆریدا مەحاڵە دابین کردنی مافە نەتەوەییەکانی گەلی ژێر دەست جێ بەجێ بکرێت بەو ئەندازەی کە خواستی میللەتی دان پێدانراو جێ بەجێ بکات. بۆیە بەیاننامەی ١١/ی ئازار لەئەنجامی پرۆسەیەکی دیموکراتیانەوە نەهاتۆتە دی. بەڵکو لەئەنجامی سەرنەکەوتن و تێکشکانی توانای سەربازیی و ئاڵۆزبوونی باری ئابووری عێراقەوە لەلایەک و ناچاربوونی رژێم لەبەر فشاری دەرەکی، حکومەتی عێراق ناچار بووە گۆڕانێک لەسیاسەتی خۆیدا بکات، وەکو تاکتیک بۆ زاڵبوون بەسەر بزووتنەوەی رزگاریی نەتەوەیی گەلی کورددا. ئەگەر هێرشەکانی سوپای عێراق لەپێش یانزەی ئازاردا سەریان بگرتایەو رژێم بیتوانیایە بەسەر هێزی پێشمەرگەدا زاڵ بێت. ئەوا هیچ قسەیەک لە ئۆتۆنۆمی نەدەکرا. ئەگەرچی ئەو بەیاننامەیە لەئەنجامی گفتوگۆی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتی عێراقەوە دروست بووە، بەڵام ڕاگەیاندنەکەی بەناوی یەک لایەنەوە کە (ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش)بوو لە عێراقدا، ئەگەر وەکو تاکتیکی ڕژێمیش سەیربکرێت، ئەوا هەروەکو رووداوێکی دیارو مێژوویی لەمێژووی گەلی عێراق بەگشتی و گەلی کورد بەتایبەتی سەیر دەکرێت. بەڵام ئەندازەی چارەسەرکردنی مەسەلەی نەتەوایەتی کورد بە بەیاننامەیەکی لەو جۆرە کە گەلی کورد خۆی ڕێگە نەدرێت رۆڵی هەبێ لە جێ بەجێکردنەکەیدا، نیشانەی پرسیارەو گومان لەسەر ڕاستگۆیی حکومەتی عێراق پەیدا دەکات! هەر لەدوای بەیاننامەی ئازارەوە یەکێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی هەرێمایەتی پارتی بەعس لە عێراقدا، رایگەیاند کە دەتوانن بەهۆی بەیاننامەی یانزەی ئازارەوە (خوالێخۆشبوو) مستەفا بارزانی لە هێزەکانی داببڕن. پارێزگاری کەرکوکیش لەلێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسێکی میسری، دیاردەی پێکهاتەی نەتەوەیی ناوچە کوردییەکان بگۆڕێت کە بەهۆی سەرژمێری دانیشتووانەوە ئەنجام دەدرێت. جا بۆیە مەبەستی ڕژێم لە بەیاننامەی ئازاردا شاراوەیە کەناوچەی ئۆتۆنۆمی دیاری نەکردووەو هەر ئەوە وتراوە کە سەرژمێری دانیشتوان دەکرێت و ژمارەی زۆربەی دانیشتوانی کورد ڕەچاو دەکرێت بۆ دیاریکردنی ناوچەکانی ئۆتۆنۆمی. دیارە مەبەستێکی گرنگیش لێرەدا هەیە کە ئەو ناوچانەی بەلای حکومەتەوە زۆر گرنگی ئابووری و ستراتیجیان هەیە نەخرێنە سەر ناوچەکانی ئۆتۆنۆمیەوە، کە بەتایبەت کەرکوک و ناوچە ئابووریە دەوڵەمەندەکانی تر مەبەست بوونە. جا سیاسەتی تەعریب کردنی کوردستان بەتایبەتی لەناوچەو شارە ستراتیژییەکاندا زەق و دیارە، کە ڕژێم بەتەواویی هەوڵی داوە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کورد لەکەرکوک و دابڕینی گەلێک ناوچەی دەوروبەری ئەو شارەو ئەو سیاسەتەشی جێ بەجێ کردووە.
یەکێک لەو هەوڵە نیاز خراپانەی رژێم بۆ تێکدانی دۆخی ئاسایی دوای بەیاننامەی یانزەی ئازار پیلانی کوشتنی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان (خوالێخۆشبوو) مستەفا بارزانی بوو.، کە ڕژێم لە ٢٩/٩/١٩٧١دا بەهۆی کۆمەڵێک پیاوی ئاینی یەوە پیلانێکی ڕێکخست بۆ کوشتنی رێزدار مستەفا بارزانی لەحاجی ئۆمەران، پیلانەکە ئەنجام دراو هەموو ئەوانەی بەشداربوون تێیدا بەبۆمبی تەوقیت کراو تەقینەوەو بارزانی بەرنەکەوت .
هەر بەماوەیەکی کەم لەدوای بەیاننامەی یانزەی ئازارەوە ناکۆکی نێوان حکومەتی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستان دەستی پێکردو بەردەوامیش لەزیادبووندا بوو، لەلایەکەوە ڕژێمی عێراق سیاسەتی توندو پروپاگەندی خراپی لەدژی پارتی بڵاودەکردەوەو سیاسەتێکی ناڕەوای بەرانبەر بەگەلی کورد پیادە دەکرد، وەکو گرتن، کوشتن، پروپاگەندە لەبواری سیاسی – سەربازی و راگەیاندندا، ڕاگواستنی کوردو سیاسەتی تەعریب و تەبعیس .
لەلایەکی تریشەوە سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان زیاتر بەرەو ئێران و ئەمریکا دەچوو. کە ئەو سەردەمە یەکێتی سۆڤیەت پشتگیریی حکومەتی عێراقی دەکرد. ئەمەش زیاتر کێشەکەی ئاڵۆز دەکرد، تا ئەنجام گەیشتەوە شەڕو لە ئازاری ١٩٧٤دا شەڕ دەستی پێکردەوەو کوردستان کەوتەوە بەر شاڵاوی سوپای عێراق و بۆمباباران کردن. سیاسەت و شەڕی حکومەتی عێراق وەکو لە پاشتردا زیاتر هێڵەکانی روون بۆوە، وەکو سیاسەتی جینۆساید پێناسە دەکرێت. ئیتر باسکردنی دابین کردنی مافەکانی گەلی کورد بەگوێرەی ئۆتۆنۆمی حکومەتی عێراق چووە ئاست و پلەیەکی دیکەوە، کەنابێت باس لەمافی دیاریکردنی چارەنووسی تێدا بکرێت. نووسەری فەرەنسی کریس کۆچیرا بیروڕای وایە کە بەگوێرەی سیاسەتی حکومەتی عێراق، ئەو ئۆتۆنۆمیە دانی نەدەنا بەکەسایەتی کوردی عێراقدا، بەڵکو تاکتیکێک بوو بۆ هەڵفریواندنی کوردەکان بەبیروڕای ئێمەش، بەو شێوازی دان پێدانان و سیاسەتەی حکومەتی عێراق، سیستمی ئۆتۆنۆمی ناتوانێت رێگە بەگەلی کورد بدات بۆ دیاریکردنی چارەنووسی، ئەگەرچی ئەو بەیاننامەیە بڵاوکرابۆوە، بەڵام لەڕاستیدا:
١- هیچ ڕێکەوتننامەیەک لە ئارادا نەبوو کەپشت بە پرنسیپەکانی یاسای نێونەتەوەیی ببەستێ لەبارەی مافی مرۆڤ و مافی گەلانەوە، بۆ دیاریکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کورد، چونکە ئەوە پابەندێتی دەخاتە ئەستۆی حکومەتی عێراق .
٢- لە بەیاننامەکەدا دان بەوەدا نەنرابوو کە بزووتنەوەی رزگاریی نەتەوەیی کورد نوێنەرایەتی گەلی کورد دەکات لەعێراقدا .
٣- سنوورەکانی ناوچەو دەڤەرەکانی ئۆتۆنۆمی دیاری نەکرابوون. مەسەلەی زۆرایەتی کورد لەناوچەکاندا بەگوێرەی سەرژمێری رەسمی وەکو پاشتر دەرکەوت، سیاسەتێک بوو رژێم بەکاری هێناو گەلێک ناوچەی لە کوردستان دابڕی و نەیخستە سنووری ئەو ئۆتۆنۆمییەوە کە یەک لایەنە لە ١٩٧٤دا راگەیاندرا .
٤- دەبوایە لەماوەی چوار ساڵی نێوان ١٩٧٠ و ١٩٧٤دا گیروگرفتەکان چارەسەر بکرانایە، بەتایبەتی بەگوێرەی سەرژمێری دانیشتوان ناوچەکانی ئۆتۆنۆمی دیاری بکرێت، بەڵام لەڕاستیدا هەر دە ساڵ جارێک سەرژمێری دانیشتوانی عێراق دەکرێت !
٥- بەگوێرەی خاڵی (١٤)ی بەیاننامەکە بەکارهێنانی سامانی سروشتی بەدەستی دەسەڵاتدارانی کۆماری عێراقەوە دەبێت. کە ئەمەش دەسەڵاتی ئابووری گەلی کورد نادات و هیچ رۆڵێکی نابێت لە نەخشەی ئابووری نە خۆی و نە عێراقدا، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە رۆڵی نەبێت لە نەخشەی سیاسی و یاسایی ناوخۆی نە کوردستان و نە سەرجەمی عێراق. دەسەڵاتی ئابوری لە یاسای تازەی نێونەتەوەییدا وەکو پێگەیەکی دیارو گرنگ بۆ بەدیهێنانی مافی چارەنووس دیاریکراوە .
سیستمی ئۆتۆنۆمی ناوخۆ وەکو لەعێراقدا راگەیاندرا، نەیتوانی چارەسەری کێشەی نەتەوایەتی گەلی کورد بکات، لە تاقیکردنەوەکانی دونیادا زۆر زەحمەتە دان بەوەدا بنرێت کە لەناوخۆی وڵاتێکدا سیستمی ئۆتۆنۆمی سەرکەوتن وەدی بێنێت ئەگەر پەیوەند نەبێت بەیاسای نێودەوڵەتانەوە ئەمەش شکستێکی گەورەی بزووتنەوەی کوردە کە هەتاکو ئێستا لەو لایەنەوە دەسکورت و بێ نەخشەیە. سیستمی ئۆتۆنۆمی لەیاسای نێودەوڵەتاندا گەلێک بیروڕای لەسەرە کە بەهۆی سیاسەتی کۆلۆنیالیزمەوە سەری هەڵداوە. د.محەمەد هەمەوەندی لەو بارەیەوە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە، ئەو سیستمە لە سەردەم و لەدوای جەنگی یەکەمی جیهانیەوە لە ساڵانی ١٩١٤-١٩١٨دا لەڕاستیدا وڵاتانی کۆلۆنیالی وەکو ئامرازێک بەکاریان هێنا بۆ دیاریکردن و ڕێکخستنی پەیوەندی خۆیان لەگەڵ ئەو هەرێمانەی کرانە کۆلۆنی، هەربۆیەش چ لە سەردەمی کۆمەڵەی گەلان (عصبة الامم) و چ لە سەردەمی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئۆتۆنۆمی لە سیاسەتی کۆلۆنیالیانە دانەبڕاوە، شێوەی حوکمڕانی کردنی ناوچەی ئۆتۆنۆمیش لە بەرژەوەندی ئەو گەلانەدا نیە کە بۆیان دیاری دەکرێت .
بەڵام سیستمی ئۆتۆنۆمی لە یاسای ناوخۆی وڵاتدا، بەشێوەیەکی تر بۆتە کێشەی ئەو وڵاتانەی کە فرە نەتەوەیین. ئەگەرچی وڵاتان هەوڵیان داوە لە دەستووری خۆیاندا دان بەو دۆخە تازەیەدا بنێن و لەڕووی قانوونیەوە رەوایی پێبدەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەو ئاڵۆزی ناوخۆ، بەڵام لە پراکتیکدا نەتوانراوە سەرکەوتن بەدەست بێنیت و دۆخی سیاسی وڵاتەکە ئارام بکاتەوە. چونکە دەسەڵاتی حکومەتی سێنتڕاڵ زاڵە بەسەر نەخشەو سیاسەتی ناوخۆو بەگوێرەی بەرژەوەندی یەک لایەنە حوکمی پێدەکات، چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیی وڵاتانی فرەنەتەوە، پەیوەندە بەدیاریکردنی مافی چارەنووسەوە، نەک بە داسەپاندنی دەسەڵاتێکی جیاواز بەسەر نەتەوەیەکی تردا. د.کامەران ساڵەیی-یش لەو بارەیەوە بڕوای وایە کە ئۆتۆنۆمی لەیاسای نێونەتەوەییدا گرێدراوی ئەو پرنسیپانەیە کە پەیوەندییەکی دیالەکتێکی بەسەربەخۆیی نیشتمان و ماف و دیاریکردنی چارەنووسەوە هەیە کە پشت بەڕێکەوتننامە یا پەیماننامەی نێونەتەوەیی دەبەستێت. بەڵام ئۆتۆنۆمی ناوخۆ پشت بە قانوونی دەستوری دەبەستێ بۆ حوکمڕانی و پاراستنی یەکێتی قانوونی و سیاسی دەوڵەت. هەربۆیە هەرێمی ئۆتۆنۆم هیچ پلەیەکی قانوونی جیاوازی نابێت لەناوخۆی دەوڵەتەکەدا، کە ئەمەش پێچەوانەی ئۆتۆنۆمی یە کە لە قانوونی نێودەوڵەتاندا بێت. بەبیروڕای ئێمەش، هەر چارەسەرێکی قانوونی ئەگەر نەبێتە هۆی پێکهێنانی پلەیەکی قانوونی و کەسایەتیەکی دیاریکراو لە دابینکردنی مافی تەواوی گەلاندا، ئەوا ئەو چارەسەرە ناتوانێت بەردەوام بێ و ئەنجام دەبێتە هۆی دواخستنی ئەو هەرێمەی کە ئۆتۆنۆمی بۆ دیاریکراوە، لەڕووی سیاسی، ئابووری، کولتووری و، قانوونی و کۆمەڵایەتییەوە. ئەمەش ئەنجامی خراپی لەسەر پەیوەندی نێوان ئەو گەلەو گەلی دەسەڵاتدار دەبێت .
عیسمەت شەریف وانلی، لەباسکردنی وڵاتی فرەنەتەوەییدا، جەخت لەسەر ئەوە دەکات کە جێ بەجێکردنی ئۆتۆنۆمی زۆر زەحمەتە، تەنانەت لەو وڵاتانەشدا کە تا ئەندازەیەک کەم و زۆر دیموکراسیان تێدا هەیە.
پشتیوان عەلی عەبدولقادر لەنامەی دکتۆراکەیدا پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە تاقیکردنەوەی ئۆتۆنۆمی ساڵی ١٩٧٤ لەعێراقدا دەریخست، مافی دیاریکردنی چارەنووس. بەمجۆرە گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە سیستمی ئۆتۆنۆمی ناتوانێت چارەسەری مەسەلەی نەتەوایەتی گەلی کورد بکات، بە تایبەتیش کێشەی کورد بە دابەشکراوی بەسەر چەند وڵاتێکدا هەر لە ئاڵۆزبووندایە، چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە لەهەر بەشێکی کوردستاندا بێت، راستەوخۆ کاردەکاتە سەر سیاسەت و رەفتاری ئەو حکومەتانەی دیکە کە دان بە چارەسەری کێشەی کورددا نانێن، بۆیە ئەو کێشەیە هەریەک لایەنە نیەو پەیوەندە بەیەکترەوە، هەروەکو سیاسەتمەداری ناسراوی عەرەب لەعێراقدا، عەزیز شەریف پێی وایە کە مەسەلەی کورد لەعێراقدا هەر بە تەنیا کێشەی عێراق نیە، بەڵکو بەشێکە لەسەرجەمی مەسەلەی کورد لەسەرانسەری کوردستاندا. هەر لەبەر ئەم هۆیە بەردەوام هەموو وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان دەبنە کۆسپ لەبەردەم هەر پێشکەوتن و سەرکەوتنێکی مەسەلەی کورددا لەهەر جێگەیەکی کوردستان بێت، یان لە ئاستی جیهانی بێت.
کەواتە، سیستمی ئۆتۆنۆمی لەعێراقدا نەیتوانی چارەسەری مەسەلەی نەتەوایەتی کورد بکات، چونکە دەسەڵاتی نەتەوەیی کوردی لە سنورەکەی نیشتمانی خۆیدا لەبەرچاو نەگرتبوو، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە گەلی کورد بەشدار نەبێت لە ئۆرگانەکانی دەسەڵاتی سیاسی، ئابووری و قانوونی ناوخۆی عێراقدا. تاقیکردنەوەکەش دەریخست کە ڕژێمی عێراق فۆرمی ئۆتۆنۆمی لەدژی گەلی کورد بەکارهێنا، چونکە سیاسەتی ڕۆژانەی حکومەت و کۆمەڵیک یاساو بڕیارەکانی دەربارەی گەلی کورد لەچوارچێوەی سیاسەتی جینۆسایددا جێگیر دەبن. دیارترین کاری ڕژێم بۆ ئەو مەبەستە تێکدانی تایبەتمەندیی نەتەوەیی ناوچەکانی کوردستان بوو. هەربۆیەش ئێمە ئۆرگانی ئۆتۆنۆمی کە بەگوێرەی یاسای ژمارەی (٣٣) لە ١١/٣/١٩٧٤دا دامەزرا، وەکو ئۆرگانی بەدیهێنانی مافی چارەنووس سەیر ناکەین، چونکە سیستمی ئۆتۆنۆمی ناوخۆ، ناوچەی ئۆتۆنۆمدار بەشدار ناکات لەشێوەی دەسەڵاتی ناوخۆو لەپێوەندیی یاسایی نێونەتەوەییدا، کەواتە نابێتە هۆی پرۆسەکردنی کەسایەتی یاسایی نێونەتەوەیی .
قۆناغی سێیەمی خەباتی رزگاری نەتەوایەتی گەلی کورد لە پێکهێنانی ئۆرگان (دەزگا)ی بەرجەستەکردنی کەسایەتی یاسای نێونەتەوەییدا، حکومەتی باشووری کوردستانە کە پێی دەوترێت حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق. لەدوای شکستی سوپای عێراق لەبەر هێرشی هێزەکانی وڵاتانی هاوپەیمان، بۆ دەرکردنی سوپاکە لەکوێت و ئازادکردنی، لەئەنجامی زوڵم و زۆری بەردەوامی حکومەتی عێراقەوە لەسەرجەمی گەلی عێراق بەگشتی و پیادەکردنی سیاسەتی جینۆساید لەدژی کورد، راپەڕینی شارەکانی عێراق دەستی پێکرد. لە ناوچەکانی کوردستاندا سەرجەم دەزگاو سوپاکەی عێراق خۆیان لەبەردەم راپەڕیندا نەگرت، دووبارە سوپا هێرشی هێنایەوەو کۆچ و ڕەوی ملیۆنی خەڵکی کوردستان دەستی پێکردو سنووری بەزاندو گەیشتە ناو خاکی تورکیاو ئێران. ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرگرتنی تاوانەکانی عێراق لە ٥/٤/١٩٩١دا بڕیاری ژمارە (٦٨٨)ی دەرکرد. لەو بڕیارەشدا ئەنجومەن چەوساندنەوەی خەڵکی عێراق بەگشتی و کورد بەتایبەتی مەحکوم دەکات. ئەنجامی ئەو چەوساندنەوەیەش بەگوێرەی بڕیاری (٦٨٨) ((هەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایشی جیهان دەکات لە ناوچەکەدا)) . ئیتر بەگوێرەی ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی ئاسایش، هەروەکو پرۆفیسۆری فەرەنسی خاتوو بریجیت ستێرن ئاماژەی بۆ کردووە، کێشەی کوردستان بووە بەکێشەیەکی جیهانی و بەگوێرەی دەستووری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئەگەر ئاشتی لەناوچەکەدا بشێوێت، ئەوا هێز بەکارهێنان بۆ پاراستنی ئاشتی، ڕەوایی وەردەگرێت.
بەهۆی ڕاپەڕینی جەماوەری کوردستانەوە، حکومەتی عێراق ناچار بوو لەزۆربەی ناوچەکانی کوردستاندا دام و دەزگا رەسمیەکانی خۆی بکشێنێتەوە. بۆ یەکەم جاریش لەمێژوودا شاری کەرکوک بۆچەند ڕۆژێک ئازاد کرا، بەڵام سوپای عێراق دەسەڵاتی بەسەردا گرتەوە، لەو ناوچانەی کە حکومەتی عێراق ناچار بوو چۆڵیان بکات، گەلی کورد هەلێکی مێژوویی بۆ ڕێکەوت تاکو دەزگایەکی حکومەتی کوردی پێک بێنێ بۆ کاروباری خۆی و دابین کردنی مافە سەرەکییەکانی. بەبڕیاری بەرەی کوردستانی عێراق، کە پێکهاتبوو لە هێزەکانی بزووتنەوەی رزگاریی نەتەوەیی لە کوردستانی (عێراقدا)، هەڵبژاردن ڕێکخرا بۆ دیاریکردنی ئەندامانی پەرلەمانی کوردی بەمەبەستی پێکهێنانی حکومەتێک بۆ هەڵسوڕان و ڕێکخستنی ژیانی گەلی کوردو خەڵکی کوردستان بەگشتی. لەبەرئەوەی زۆنی ئاسایش لەناوچەکانی کوردستاندا لەدوای بڕیاری (٦٨٨)ەوە پێکهاتبوو، چاودێرانی (UN) و ڕێکخراوەکانی جیهانی و نوێنەرانی هەندێ پەرلەمانی وڵاتان پارێزگارییان لە جەماوەری کوردستان کرد لەپێکهێنانی پەرلەمان و دامەزراندنی حکومەتی کوردیدا. ئەوەبوو ڕۆژی ١٩/٥/١٩٩٢ هەڵبژاردن ئەنجام دراو نوێنەرانی جەماوەر بۆ پەرلەمان بەناوی (ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستانی عێراق)ەوە لە (١٠٥) کورسیدا دیاریکران.
لەشاری هەولێر لەدوای پێکهێنانی پەرلەمان ، لە ٥/٧/١٩٩٢ دا ئەنجومەنی وەزیران لە سەرۆک و (١٤) وەزارەت پێکهات. لەیاسای ژمارەیەکی ١٩٩٢ی پەرلەمانی کوردستاندا، ئەوە دیاری کراوە کە ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستان دەست بەکاردەبێت لە مەسەلە چارەنووس سازەکانی گەلی کوردستانی عێراق و دیاری کردنی پەیوەندیی قانوونی لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەنددا لەعێراق.
ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستان (پەرلەمان)، لە ٤/١٠/١٩٩٢دا پەیوەندیی حکومەتی کوردستانی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا بەشێوەی یەکێتی فیدڕاڵی لەعێراقدا ڕاگەیاند. لە بەیاننامەی ڕاگەیاندنی یەکێتی فیدڕاڵی دا پشت بەو بنەماو بڕیارە قانوونیانە بەستراوە کە ڕێگە بە گەلی کورد دەدەن چارەنووسی خۆی دیاری بکات، لەوانە :
١- بڕیاری ٦٨٨/ی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.
٢- بڕیاری ٧١/ی لیژنەی مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان. لە ٥/٣/١٩٩٢دا.
٣- بەیاننامەی ڕەسمی حکومەتی عێراق و بەریتانیا لە ١٩٩٢دا بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کوردی لە چوارچێوەی عێراقدا.
٤- ڕاگەیاندنی ڕەسمی عێراق لە ٣٠/٥/١٩٣٢دا کە مەرجی رێزگرتنی مافی کوردو کەمینەکانی تێیدا دانراوە بۆ ئەوەی عێراق ببێتە ئەندام لەڕێکخراوی کۆمەڵەی گەلاندا. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش جێگرو میراتگری قانوونی ڕێکخراوی کۆمەڵەی گەلانە. بۆیە عێراق لەسەریەتی دان بە مافەکانی گەلی کورددا بنێت.
٥- پرنسیپ و بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتان لەبارەی ڕێزگرتنی مافی مرۆڤ بەگشتی و مافی گەلانەوە، بەتایبەتی، دەستووری UN، هەردوو پەیمانی ساڵی ١٩٦٦ دەربارەی مافی (ئابوری، کولتوری و کۆمەڵایەتی) و (مافی مەدەنی و سیاسی)گەلان. کە جەخت لەسەر مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلان دەکەن.
٦- سیاسەتی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، کە سەرجەمیان تاکو ئێستا بەتەواوی مافەکانی گەلی کوردیان پێشێل کردووەو نیشتمانەکەیان وێرانکردووە. ئەمەش رێگە بە گەلی کورد دەدات وەکو مافی ڕەوای خۆی بۆ پاراستنی خۆی و داکۆکی لەمێژوو لە داهاتووی بڕیاری چارەنووسی خۆی بدات.
لەبەر ئەو هۆیانە، پەرلەمانی کوردستان لەم قۆناغەدا بڕیاری یەکێتی فیدڕاڵی لە چوارچێوەی عێراقدا ڕاگەیاند. تاکو بتوانێت مافەکانی خۆی دابین بکات و ئەرکەکانیش جێ بەجێ بکات.
بەیاننامەی ڕاگەیاندنی یەکێتی فیدڕاڵی، هەنگاوێکی پێشکەوتووانەیە لەمێژووی سیاسی و قانوونی کوردستاندا، بۆ ئەوەی ببێتە بناغە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوایەتی گەلی کورد لەعێراقدا، چونکە سیستمی ئۆتۆنۆمی نەیتوانی ئەو چارەسەرە دابین بکات و نەیتوانی رێگە لە تاوانەکانی حکومەتی عێراق بگرێت لەدژی گەلی کورد، بەڵام پێکهێنانی حکومەتێکی کوردی و ڕاگەیاندنی یەکێتی فیدڕاڵ لە عێراقدا، دەبێتە هۆی دابینکردنی دەسەڵاتی گەلی کورد بەسەر سنووری سیاسی و قانوونی خۆیدا، تاکو بتوانێت نەخشی هەبێت لە دیاریکردنی چارەنووسی گەلان لەلایەکەوە. لەلایەکی دیکەوە پەیوەندی قانوونی چ لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەنددا لەبەغدا یا بەدەرەوەی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دونیا، دەبێتە هۆی جێ بەجێکردنی کەسایەتی یاسایی. ئەگەرچی لە دەستووری UNدا شێوەیەکی دیاریکراو روون نەکراوەتەوە بۆ دابین کردنی مافی گەلان لەدیاریکردنی چارەنووسدا. بەڵام تاقیکردنەوەی میللەتان دەریخستووە کە ریفراندۆم چاکترین رێگەیە بۆ دیاریکردنی خواستەکانی گەلان لەدیاریکردنی چارەنووسیاندا، کە چ شێوەیەک هەڵدەبژێرن.
حکومەتی عێراق، نە دان بە حکومەتی کوردیدا دەنێت، نە ڕازیش دەبێت ئەو حکومەتە پەیوەندی بکات بە وڵاتانی جیهانەوە، هەر لەسەرەتاوە حکومەتی عێراق گەمارۆیەکی ئابووری خستە سەر کوردستان کەحکومەتی کوردی لەشاری هەولێر بوو. لەعێراقدا رژێمێکی دیکتاتۆری حوکمڕانی دەکات، تاوانەکانی عەرەب،کورد، تورکمان و ئاشووری گرتۆتەوە، بەتایبەتیش سیاسەتی بەرانبەر بەگەلی کورد دەچێتە خانەی تاوانی جینۆسایدەوە. هەر لەبەر نەبوونی دیموکراسی لەعێراقدا بۆ دابین کردنی مافەکانی گەلی کورد، دەستێوەردانی کۆمەڵگەی جیهانی بۆ پشتگیریی کردنی مافەکانی گەلی کوردو بەرگرتنی حکومەتی عێراق لە تاوان و ناڕەوایی، دەبێتە پێویست. بۆیە بڕیاری (٦٨٨)ی ئەنجومەنی ئاسایشی UN لە ٥/٤/١٩٩١دا، بۆ یەکەم جار لەدوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە، وەکو بەڵگەنامەیەکی جیهانی ناوی کوردی تێدا بێت و باس لە پاراستن و پشتگیریی دەکات. ئەنجومەنی ئاسایش '' زۆر نیگەرانە لەو سەرکوتکردنەی کە دانیشتوانی مەدەنی سیڤیل، لەزۆر ناوچەی عێراقدا تووشی بوونە، لەم دواییەشدا ناوچە کوردنشینەکانی گرتۆتەوەو بۆتە هۆی ئەوەی بەشێوەیەکی بەربڵاو پەنابەران سنووری نێودەوڵەتی ببەزێنن، بەشێوەیەک کە هەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە دەکات. نیگەرانیشە بە قەوارەی ئەو کارەساتە مرۆییەی کە دروست بووە.
بڕیاری ٦٨٨ دوو لایەنی هەیە:
- لایەنی مرۆیی (مرۆڤایەتی) : کە بریتیە لە داکۆکی کردن لە هاوڵاتیانی عێراق بەگشتی و کورد بە تایبەت.
- لایەنی یاسایی – نێونەتەوەیی : بریتیە لەوەی عێراق ناچاردەکات پابەندێتی خۆی بپارێزێت بەیاسای نێونەتەوەییەوە لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤداو ناچاریشی دەکات هاوکاری کۆمەڵگەی جیهانی بکات بۆ ئەو مەبەستە.
بڕیاری (٦٨٨) کوردی وەکو گەلێکی سەربەخۆ دیاری نەکردووە، هەربۆیە رێگە نادات بە پێکهێنانی دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ، چونکە سەرجەمی سنووری عێراقی وەکو سنورێکی یەکگرتوو دەستنیشان کردووە.
بەڵام دەبێتە هۆی ئەوەی گەلی کورد لە چوارچێوەی عێراقدا بتوانێت بەو شێوەیەی ئەو چوارچێوە بپارێزێت داکۆکی لە مافەکانی خۆی بکات،. بۆ ئەمەش هەڵبژاردن چارەسەرێکی قانوونی و ڕەوایە بۆ دیاریکردنی نوێنەران بۆ پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەتی کوردی. هەربۆیەش ئەو پەرلەمانە لەو چوارچێوەیەدا بڕیاری یەکگرتنی لەگەڵ عێراقدا بەشێوەی فیدڕاڵی پەسەند کردووە. پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە ئەو حکومەتە کوردیە تایبەتمەندی تەواو سەربەخۆی هەیە، وەک بوونی: هەرێم، گەل، دەسەڵات و دەزگای بەڕێوەبردن. بەڵام لەڕووی قانوونیەوە دەستورێکی دانەناوە بۆ حکومەتەکە، ئەمەش گومان دروست دەکات لەسەر چارەنووسی قانوونی ئەو حکومەتە لە داهاتوودا. چونکە بوونی دەستوورێک بۆ حکومەت پێویستەو دەبێ ببێتە بناغەی پەیوەندی بە ناوەوە دەرەوەی حکومەتەکە.
لەلایەکی دیکەوە، هەندێ لە ناوچەکانی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقدان، بەتایبەتیش ئەو ناوچانە کە کانگای نەوتن، وەکو شاری کەرکوک، بۆیە گرفتێکی سەرەکی لەبەردەم ئەو حکومەتە کوردیەدا ئەوەیە کە سەرچاوەی ئابووری لاوازبێت و نەتوانێت بەچاکی خۆی رابگرێت، چ لەبەر سیاسەتی عێراق یا سیاسەتی وڵاتانی دەوروبەر. جا ئەگەر پەیوەندی ئەو حکومەتە کوردیە بە وڵاتانی دونیاوە بەردەوام بێت و پشتگیریی بکرێت، ئەوا دەتوانین بڵێین بۆ ئەم قۆناغە مەسەلەی نەتەوایەتی کورد لەعێراقدا هەنگاوێکی باش چۆتە پێشەوە بەرەو چارەسەرکردن و دابین کردنی مافەکانی و جێ بەجێکردنی ئەرکەکانی.
لێرەدا پێویستە خاڵێکی گرنگمان لەبیر نەچێت، کە پێکهێنانی حکومەتی کوردستان لە هەولێر، لە ناچارییەوە نەبوو.
بەڵکو لە دروستبوونی دۆخێکی تایبەتەوە بوو، کە فاکتەرێکی ناوەکی و دەرەکی زەمینەیان بۆ خۆشکرد، بۆیە گەلی کورد لەو بەشەی کوردستاندا مافی ڕەوای خۆیەتی لە نیشتمانی خۆیدا ئۆرگانێک پێک بێنێت، تاکو بتوانێت مافی چارەنووسی خۆی دیاری بکات و بکەوێتە بەدیهێنانی (پرۆسەکردنی)کەسایەتی یاسایی نێونەتەوەیی، بەبەشداربوونی لەگەڵ وڵاتانی دونیادا لەجێگیرکردنی ئاشتی و ئاسایشدا. دیارە هەروەکو لە بەشەکانی رابردوودا باسمان کرد، بەدیهێنانی مافی چارەنووس بەبێ بەرجەستەکردنی کەسایەتی یاسایی نێونەتەوەیی سەرناگرێت. چونکە بەرجەستەکردنی ئەو کەسایەتیە لەسەر زەمینەی ئۆرگانی نەتەوەیی و بەشداربوونی لە پێوەندیی دەرەوەدا پێگە دادەنێت.
ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق (١٩٩٢) لە حکومەتی شێخ مەحموودی حەفید (١٩١٨-١٩٢٢) و کۆماری کوردستان لە مهاباد (١٩٤٦) جیادەکاتەوە، ئەوەیە، کە ئەم حکومەتە:
١- هەڵبژاردنێکی جەماوەری لەسەرجەم ئەو ناوچانەدا بۆکرا کە لەژێر دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردا بوون، کە زۆربەی ناوچەکانی باشووری کوردستان دەگرنەوە.
٢- بەشداریکردنێکی باشی چاودێرانی نێوەنەتەوەیی بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان.
٣- پەیوەندی راستەوخۆی ئەو حکومەتە بە وڵاتانی دەرەوەو ڕێکخراوەکانی دونیاوە.
٤- پەیوەندی ئەو حکومەتە بەڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.
٥- ڕێکخستن و ئیمزاکردنی ڕێکەوتننامە لەشێوەی (کۆنتراکت Contract)دا لەگەڵ ڕێکخراوەکانی جیهاندا، کە هەندێ لەو ڕێکخراوانە کەسایەتی یاسایی نێونەتەوەییان هەیە، واتە ڕێکخراوی رەسمی دەوڵەتانن.
٦- تا ئەندازەیەک لەڕووی ئابوریەوە پشتگیریی جیهانی دەکرێت .
٧- ژمارەیەکی زۆر ڕێکخراوی جیهانی نوسینگەیان لە شارەکانی کوردستان ، دهۆک، هەولێرو سلێمانی کردۆتەوەو بەشدارن لەڕێکخستنی کاروباری خەڵکی کوردستاندا.
لە گۆڤاری سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجی کوردستان وەرگیراوە
بابەتی زیاتر