ئەم کتێبە لە نووسینی (عوسمان حەسەن شاکر)ە، لە ساڵی ٢٠١١ چاپ کراوە ، یەکێکە لە بڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای هۆشیاری و پێگەیاندنی کادیران. کتێبەکە لە سێ بەشی سەرەکی پێکدێت باس لە جیهانگیری دەکات لەسەر دەوڵەت پرۆسەی جیهانگیری بەهۆی ئەو کاریگەرییە گەورانەی کە لەسەر بوارە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کلتورییەکان دروستی کردووە، دۆخی خوڵقاندووە کە بۆتە هۆی سەرلەنوێ پێداچوونەوە بە گەلێک لەو پرەنسیپ و چەمک و بەهایانەی کە تا ئەو کاتەی بە شتێکی پیرۆزو قابیلی دەستکاری نەکردن و نەگۆڕ دانرابوون. یەکێک لەو چەمکانەش کە گۆڕانێکی بنەڕەتی بەسەرداهات، چەمکی سەروەری دەوڵەتان یاخود سەروەری نیشتمانییە.
بەشی یەکەم - ماهیەتی سەروەری
ئەم بەشە بەسەر سێ باسدا دابەش کراوە:
باسی یەکەم - چەمکی سەروەری
شارەزایانی قانون لەو باوەڕەدان گەیشتن بە پێناسەیەکی گشتی و دیاریکراو سەبارەت بە چەمکی سەروەری، کارێکی قورس و ئەستەمە، لەبەر ئەوەی چەمکی سەروەری دەکەوێتە ژێر کاریگەری دوو فاکتەری سەرەکییەوە کە بریتین لە (فاکتەری کەسێتی و فاکتەری بابەتی).
نوسەری روسی (لیفی) دەڵێ: "سەروەری سیاسی جگە لە دەسەڵاتی باڵای چینی دەسەڵاتدار شتێکیتر نییە، کە رووی راستەقینەی دەردەکەوێ، جا رووپۆشی یاسایی لە خۆی بپۆشێ یاخود نا یاسایی، کە گوایە بریتین لە دەسەڵاتی باڵای دام و دەزگاکانی دەوڵەت کە لە دەقە یاساییەکاندا هاتوون و بە گەلێک شێوازی یاسایی جیاواز جێبەجێ کراون".
باسی دووەم - تیۆرەکانی سەروەری و رووخسارەکانی
سەروەری پرەنسیپێکی بنەڕەتی رێکخستنی دەوڵەت و دەسەڵاتەکانێتی، لەبەر ئەوە ئەم چەمکە پەیوەستە بە کۆمەڵێک بەهاو بیرۆکەی سیاسی و یاساییەوە. دیاریکردنی چەمکی سەروەری بەشێوەیەکی ووردو دیاریکراو،پێویستی بە لێکۆڵینەوە هەیە لە رەگ و ریشەی فیکری و فەلسەفییەکانی. بیرۆکەی سەروەری لەسەردەمی نوێدا بە کۆمەڵێک قۆناغدا تێپەڕیوە، هەروەها چەندین بیروڕاو تێڕوانین کە لەسەر سەروەری قسەیان کردووە دەرکەوتن، بەڵام کۆی ئەو تێڕوانینانە لە دوو تیۆرەی بنەڕەتیدا کورت دەبنەوە، کە بریتین لە :(تیۆری سەروەری رەها ، سەروەری کۆتکراو (ناڕەها)).
باسی سێهەم - تایبەتمەندییەکانی سەروەری
سەرباری ئەوەی لە نێوان شارەزایانی قانوندا لەسەر پێناسەکردنی چەمکی سەروەری جیاوازی لە بیروڕاو بۆچوونەکانیان هەیە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی کۆدەنگییەکانیان لەسەر دیاریکردنی خاڵە گرنگ و سەرەکییەکانی تایبەتمەندێتی سەروەری هەیە، کە بریتین لە:
١-سەروەری دەوڵەت سەروەرییەکی رەسەن و سەرەکییە.
٢-سەروەری دەوڵەت نابەخشرێت.
٣-سەروەری دەوڵەت سەروەرییەکی گشتگیرە.
٤-سەروەری دەوڵەت هەمیشەیی و بەردەوامە.
٥-سەروەری دەوڵەت قابیلی دابەشکردن نییە.
٦-سەروەری قابیلی دەستبەرداربوون نییە. لە لاپەڕە ٢٥ ئەم کتێبەدا بە وردی باسی لە خالەکان کردووە.
بەشی دووەم - جیهانگیری و جۆرەکانی
ئەم بەشە بەسەر سێ باسدا دابەشکراوە:
باسی یەکەم - پێناسەی جیهانگیری لە رووی زمان و زاراوەوە
جیهانگیری یەکێکە لە قۆناغەکانی گەشەکردنی سیستمی سەرمایەداری و بیری لیبڕاڵی، کە لە دوای رووخانی کامپی سۆسیالیستی بە شێوەیەکی مۆدێرن و بە ئاشکرا خۆی راگەیاند، ئەگەر پێشتر چەندین کۆسپ و تەگەرە لەسەر رێگای جیهانگیری هەبوبن ئێستا لە هەموو کاتێکدا زیاتر زەمینە بۆ جیهانگیری لەبارترە. جیهانگیری وەک زاراوەیەک لەناو زمانی کوردیدا پەیدابووە و بە زمانە ئەوروپییەکان لە وشەی گڵۆبالەوە هاتووە بە مانای جیهانی.
باسی دووەم - گەشەکردنی مێژوویی جیهانگیری
سەرەتا و رەگ و ریشەی سەرهەڵدانی جیهانگیری دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دروستبوون و دەرکەوتنی سیستمی سەرمایەداری لە سەدەی ١٥ی زاینیدا. لەم سەدەیەدا لە لایەن چەند وڵاتێکی ئەوروپاییەوە بزوتنەوەیەکی بەهێز دەستی پێکرد لە پێناو ناسین و دۆزینەوەی جوگرافی جیهاندا کە مەبەست و ئامانجی ئابووری و سیاسی لە پشتەوە بوو.
باسی سێهەم - جۆرەکانی جیهانگیری
بەرجەستە بوونی ناوەڕۆکی جیهانگیڕی یاخود دەرکەوتنی دەرەنجامی کرداریی کاریگەرییەکانی جیهانگیری لە چەند بوارێکدایە کە پێیان دەوترێ رەهەندەکانی یاخود جۆرەکانی جیهانگیری و لەم باسەدا ئاماژەیان پێدەدەین (١- جیهانگیری ئابووری، ٢- جیهانگیری سیاسی،٣- جیهانگیری کلتوری).
بەشی سێیەم - کاریگەری جیهانگیری لەسەر سەروەری دەوڵەت بۆ زانینی دەرئەنجامە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم پرۆسەیە
ئەم بەشە بەسەر دوو باسدا دابەشکراوە:
باسی یەکەم- سەروەری لەسەردەمی جیهانگیریدا
کۆتایی هاتنی جەنگی دووەمی جیهان، کۆمەڵێک گۆڕانکاری قوڵی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا هێنایە ئاراوە، چ لە رووی سیاسی و چ لە رووی هاوسەنگی نێوان هێزەکانەوە، بە تایبەتی لە دوای دەرکەوتنی یەکێتی سۆڤیەت و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک دوو زلهێزی جیهانی.
باسی دووەم- دامەزراوەکانی جیهانگیری و کاریگەرییان لەسەر سەروەری دەوڵەت
جیهانگیری لەڕێگەی چەند کۆمپانیاو دامەزراوەیەکی ئابووری و پیشەسازی و نەختیەوە، تێڕوانین و دنیابینی و سیاسەتەکانی خۆی لە بوارەکانی سیاسی و ئابووری و کلتوریدا پیادە دەکات.
ئەم کۆمپانیاو دامەزراوە ئابوورییانە بەهۆی خواست و ئارەزوویان بۆ سوودو قازانجی خێرا، هەستاون بە دامەزراندن و کردنەوەی هەندێ کارگە یان لقی کۆمپانیا پیشەسازییەکانیان لە ووڵاتانی تازە پێگەیشتوودا، ئەویش بەهۆی بوونی بازاڕکاری هەرزانەوە، لەبەر ئەوەی کاڵاو شمەکی بەرهەمهێنراو لەم وڵاتانەدا ئاستی تێچوونی نزمەو ئەمەش بڕی قازانج دەباتە سەرەوە. لەم باسەدا هەوڵدەدەین بە کورتی تیشکێک بخەینە سەر سێ دانە لە دیارترین و گرنگترین دامەزراوەکانی جیهانگیری ئەوانیش کە بریتین لە : هەردوو دامەزراوەی بریتۆن وودز (بانکی نێودەوڵەتی بۆ بیناسازی و ئاوەدانکردنەوەو سندوقی دراوی نێودەوڵەتی)، رێکخراوی بازرگانی جیهانی کۆمپانیا فرە رەگەزەکان.