«ئێمە لە سەردەمێکی زۆر نامۆدا دەژین، بە سەرسوڕمانەوە تێبینییمان کردووە؛ کە پێشکەوتن هاوپەیمانێتی هەمیشەیی هەیە لەگەڵ دڕندەیی و بەربەرێتی».
سیگمۆند فرۆید
ریشەی توندوتیژیی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی شارستانییەت و مرۆڤایەتی، تەنانەت لەوەش دوورتر دەگەڕێتەوە بۆ جیهانی ئاژەڵەکان و شانشینی ئاژەڵان، کە پێش سەرهەڵدانی هۆمۆساپیێنس هەبووە. رەنگە ئێمە زیادەڕۆیی نەکەین کاتێک دەڵێین مێژووی زەبروزەنگ لەگەڵ مێژووی مرۆڤایەتیدا تێکەڵ بووە. هیچ نموونەیەک لە نموونەی شەڕە ئایینی و سیاسی و ئابوورییەکان باشتر نییە، کە هەموو مرۆڤایەتی بەبێ جیاوازی ئەزموونیان کردووە و باجەکەی ملیۆنان قوربانیی بووە.
بابەتی زەبروزەنگ و شەڕانگێزی، مشتومرێکی زۆری لەنێو بیریار و فەیلەسوف و زاناکاندا دروستکردووە. هەندێکیان لەو باوەڕەدان زەبروزەنگ و فۆڕمەکانی پەیوەندیی راستەوخۆی بە بایۆلۆجیا و سروشتی مرۆڤەوە هەیە و هەندێکی تر لەو باوەڕەدان بابەتێکی کەلتوری و کۆمەڵایەتییە و ئیمکانی ئەوەی هەیە مرۆڤ لەنێو ژیانی کۆمەڵایەتی و شارستانیدا فێری ببێت. ستیڤن جەی گۆڵد، زانای بایۆلۆجیای پەرەسەندن دەڵێت: (لەکاتێکدا زەبروزەنگ وەڵامێکی رەفتاریی ئەگەرییە بۆ مرۆڤەکان، بەڵام حەتمی نییە، هۆکارە کەلتوری و کۆمەڵایەتییەکان رۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن لە دیاریکردنی راددەی توندوتیژیی یان کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی، بۆیە زەبروزەنگ تەنیا غەریزەیەکی سروشتی نییە، بەڵکو دەرەنجامی کارلێکی ئاڵۆزی نێوان تاک و کۆمەڵگەیە). ئەمەش ئەو دەرگای گفتوگۆیەی لەسەر کردینەوە کە زەبروزەنگ دیاردەیەکی ئاڵۆزە لەگەڵ فاکتەرە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتورییەکاندا تێکەڵ بووە.
جیهانی ئەمڕۆش وەک جیهانی رابردوو، ململانێ خوێناوییەکان بەشێکن لە واقیعی رۆژانەی، توندوتیژییەکان زۆرتربوون کەمتر نەبوونەتەوە. لەم بارەیەوە رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی کە داکۆکی لە مافی زیندانیانی سیاسی دەکات، دەڵێت: (پێشووتر هیچ کات مێژووی مرۆڤایەتیی توندوتیژیی خوێناوی لەو جۆرەی بەخۆیەوە نەبینیوە».
رەنگە هەمووان ئەو پرسیارەمان بە مێشکدا بێت کە جیهان زەبروزەنگ و توندوتیژیی قورستری لەمەی ئێستای بەخۆیەوە بینیووە، بە تایبەتی دوو دانە جەنگی جیهانی و کوشتنی ملیۆنان مرۆڤ، بەڵام لە راستیدا ئەمەی ئێستا دەگوزەرێت، لە هەمووان مەترسیدارترە و چارەنووسی مرۆڤی خستووەتە بەردەم تونێلێکی تاریکەوە. هەر ئەوەندە نا، ئەوەتا دی مۆریس، زانای بەناوبانگی زیندەوەرزانی، نووسیویەتی: «کەمترین شت کە ئەمڕۆ دەتوانرێت بگوترێت ئەوەیە کە ئێمە تووشی کێشەیەکی ترسناک بووینەتەوە و ئەگەری زۆریش هەیە لەم ساتەوەختەوە تا کۆتایی ئەم سەدەیە، یەکتر لەناو ببەین».
توندوتیژی، رەگێکی قووڵی لە مرۆڤایەتیبوونی ئێمەدا داکوتاوە، شەڕانگێزییش لە دەرکەوتەکانی بوونی کۆمەڵایەتیماندا چەسپاوە. هەردووکیان لە پەیوەندییمان لەگەڵ یەکتر و لە قسە و کردارمانەوە دیارن. زۆرجار توندوتیژیی بە چەندان شێوە دەردەکەوێت، لەوانە سووکایەتیکردنی دەوڵەمەندەکان بە هەژارەکان، بێڕێزیکردنی گەورەکان بە هەرزەکارەکان، داشۆرینی خەڵکی گوندەکان لەلایەن شارییەکانەوە. جیا لەوەش کۆمەڵناسەکان، پێیانوایە کۆمەڵگە سەرچاوە و لانکەی توندوتیژییە و هۆکارەکانی زەبروزەنگ و شەڕانگێزیی لە هەناوی هەلومەرجە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کێبڕکێ چینایەتییەکاندایە.
هەندێک لە تیۆرەکان لەو باوەڕەدان کە شەڕانگێزی غەریزەیەکی زگماکیی سروشتییە. لایەنگرانی وا گریمانە دەکەن کە مرۆڤ مەحکومە بە غەریزەی ژیان و مردن و بە ململانێی نێوان غەریزەی ژیان و مردنەوە لەدایک دەبێت. لەبەرئەوەی غەریزەی شەڕانگێزی زگماکییە، کەواتە ناتوانین لێی قوتار ببین، هەروەها ناتوانرێت دەستکاریی بکرێت، تێر بکرێت، یان جێگەی بگیرێتەوە. جگە لەوەش، تیۆری تێکشکان-شەڕانگێزی هەیە، کە ئەم تیۆرییە لەسەر ئەو بنەما گرنگە دامەزراوە، هەروەک چۆن تێکشکان هەمیشە دەبێتە هۆی شەڕانگێزی، شەڕانگێزیش هەمیشە وەک دەرەنجامێک روودەدات؛ واتە شەڕانگێزی، دەرەنجامێکی سروشتی و حەتمیی تێکشکان و شکستە، بەڵام تیۆری فێربوونی کۆمەڵایەتی، پێچەوانەی تیۆری غەریزە و تیۆری تێکشکانە، بەوپێیەی رەفتاری شەڕانگێزی وەک رەفتارێکی فێربوون سەیر دەکات. بۆیە تاکەکان بەهۆی ئەوەی فێری ئەو جۆرە رەفتارانە بوون، رەفتارێکی شەڕانگێزانە دەکەن، نەک لەبەرئەوەی خاوەنی غەریزەیەکی تایبەتن، یان لە ئەنجامی شکستدا بووبن بە شەڕانگێز.
دواتر هابرماس جەخت لەسەر رۆڵی کەلتور و ئایدیۆلۆجیا دەکاتەوە لە داڕشتنەوە و پراکتیزەکردنی توندوتیژییەکان. لەو باوەڕەدایە بیرۆکە و باوەڕە باوەکان لە کۆمەڵگەیەکدا دەتوانن بەشداربن لە پاساوهێنانەوە و هاندانی خەڵک بۆ توندوتیژی.
دواجار دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان توندوتیژییان وەک کێشەیەکی تەندروستی گشتی ناساندووە.
لە ساڵی (1996)ەوە، ئەنجومەنی تەندروستیی جیهانی توندوتیژیی وەک مەترسییەکی پەرەسەندوو بۆ سەر تەندروستیی گشتی راگەیاند. چەندان توێژینەوە، بەشدارییان کردووە لە هۆشیارکردنەوەی خەڵک لەم بابەتە و دانانی لەنێو پێشینەی کارەکانی تەندروستیی جیهانیدا.
بۆ نووسینی ئەم وتارە، سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
1. https://shorturl.at/h3dBM
2. https://shorturl.at/PqZNu
3. https://shorturl.at/mKdwZ
4. https://shorturl.at/GoL4C
5. https://shorturl.at/ln8p0
6. https://short-url.org/1qW20