کتێب هێندە گرنگە جگە لەوەى رۆحمان تێردەکات، ئەقڵیشمان خاوێن دەکاتەوە لەبەرئەوەى خوێندنەوە تەنیا چالاکییەک نییە بۆ کات بەسەربردن، بەڵکو پرۆسەیەکی بەردەوامە بۆ گەشەپێدانى فکری
وەختێک میسرییە کۆنەکان یەکەمین کتێبخانەیان دامەزراند، لەسەر دیواری کتیبخانەکە نوسیبوویان: (ئەمە خۆراکی رۆح و پاڵفتەی ئەقڵەکانە)، واتە کتێب هێندە گرنگە جگە لەوەی رۆحمان تێردەکات، ئەقڵیشمان خاوێن دەکاتەوە. لەبەرئەوەی خوێندنەوە تەنیا چالاکییەک نییە بۆ کات بەسەربردن، بەڵکو پرۆسەیەکی بەردەوامە بۆ گەشەپێدانی لایەنی فکری و پەروەردەی دەروونی؛ سەرچاوەی ئاگایی و هۆشیارییە کە وادەکات مرۆڤ بەهێز و
بەشدار بێت لە پێشخستنی کۆمەڵگە.
لەسەردەمی هیچوپووچیدا (ئالان دۆنۆ) گووتەنی: چۆن بزانین کەسێک هیچوپووچە؟ وەڵامەکە ئەوەیە، ئەو کەسە دەگەڕێت هیچوپووچەکانی وەک خۆی لە چواردەوری کۆدەکاتەوە. مادام وایە لەم سەردەمە پڕ نیگەرانی و پووچگەرایەدا، وەکو بەرگریی و بەرخودانی فکریی پێویستە خوێندنەوە بە کەلتور بکرێت و کەسێکی خوێنەر، خەڵکانی خوێنەر لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە، تەنیا لابردنی ئەو وێنەیەی کە پێیوایە هەموو شتێک هیچە و هیچ شتێک جێناگرێت بەسە بۆ ئەوەی حورمەت بۆ خوێندنەوە بگێڕینەوە.
یەکێک لە پایە گرنگەکانی کەلتوری خوێندنەوە ئەوەیە، هاندەری مرۆڤە بۆئەوەی بتوانێت بیربکاتەوە، نەک هەر بیربکاتەوە بەڵکو بتوانێت باش بیربکاتەوە، یان رەخنەییانە بیربکاتەوە، چونکە لەم سەردەمەدا، مرۆڤەکان بە رادەیەک تەمبەڵ بوون کە زۆرینەی خەڵک، خۆیان حەشارداوە لەژێر سایەی ئیگۆیەکی گەورەتر لە خۆیان، تاوەکو بیریان بۆ بکاتەوە. لە کاتێکدا خوێندنەوە شکێنەری ئەو تەمبەڵییەیە.
خوێندنەوە لە سەردەمی دیجیتاڵییدا، رووبەڕووی چەندان ئاڵنگاریی دەبێتەوە بەهۆی تەکنۆلۆجیای مۆدێرنەوە، کە زۆرجار لە رێگەی سۆشیال میدیاوە بە زانیاری رووکەش خەڵک فریودەدرێ، بەڵام خوێندنەوەی جددی وەک ئامرازێکی گرنگ دەمێنێتەوە بۆ بنیاتنانی کەلتورێکی قووڵ و بەردەوام. هاوکات دەتوانین سوودمەندبین لە تەکنۆلۆجیا و لە رێگەی کتێبی ئەلیکترۆنی و کتێبی دەنگییەوە دەستمان بە چەندین زانیاری گرنگ بگات و ئاسانکاریی بکات بۆ خوێندنەوە، چونکە یارمەتی تاکەکەس دەدات لە هەرکات و شوێن و هەلومەرجێکدا بێت بخوێنێتەوە، بەڵام خوێندنەوەی قووڵ ئەوەیە کە خوێنەری رۆشنبیر، لە بەکارهێنەرێکی ئاسایی بۆ بەدەستهێنانی زانیاریی دروست جیا بکاتەوە. هەرچۆنێک بێت، دەبێت هاوسەنگییەک لە نێوان خێرایی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری لە رێگەی تەکنۆلۆجیا و کوالێتی ناوەڕۆکی پێشکەشکراوەوە دروست بکرێت.
بابەتی زیاتر